توانا محەمەد نوری: 
لەکاتێکدا خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش هیچ هیوایەکیان بە پێکهێنانی کابینەی دەیەم نییە و لەژێر بارگرانیی بژێوی ژیانیاندا دەناڵێنن، لێدوانەکەی ئەم دواییەی (هوشیار زێباری)، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک خوێ کردن بوو بە برینی ئەم دۆخە چەقبەستووەدا. زێباری بەڕاشکاوی ڕایگەیاند: “ئەگەر یەکێتی نەیەتە پێشەوە بۆ دروستکردنی حکومەت، دەبێ هەڵبژاردن دوبارەبێتەوە.” ئەم دێڕە کورتە تەنها پەیامێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو هەڵگری کۆمەڵێک کۆدی سیاسی، هەرێمی و واقیعێکی تاڵی حوکمڕانییە کە دواجار باجەکەی هەر لەسەر شانی هاوڵاتییانی هەژار و کاسبکار دەشکێتەوە.
پێدەچێت ئەم لێدوانە لە ڕووکەشدا بەکارهێنانی “کارتی فشار” بێت بەرامبەر بە یەکێتی، بەڵام بۆ چینی کرێکار و هاوڵاتییەکی ماندوو، ئەمە تەنها شانۆگەرییەکی بێزارکەرە. بەپێی ئامارەکان، لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا مووچەخۆرانی هەرێم نزیکەی ٦٠ مانگ مووچەی تەواویان وەرنەگرتووە، کەچی پارتی وەک خاوەنی زۆرترین کورسی، وادەزانێت “مافی ڕەهای” هەیە مەرجەکانی یارییەکە دیاریبکات. پارتی دەیەوێت یەکێتی بخاتە بەردەم دووڕیانێکەوە، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە دواخستنی پێکهاتنی حکومەت واتە قوڵبوونەوەی کێشە و گرفتە ئابوریەکانی خەڵك و پرسی مووچەو خزمەتگوازاریەکان و بەرینبوونەوەی هەژاری و برسیەتی. تەنانەت ئەو ئامارە فەرمییانەی حکومەت کە دەڵێن ڕێژەی هەژاری لە هەرێم تەنها ٨.٦٪ـە، جۆرێکە لە گاڵتەجاڕی، چونکە پێوەرەکەیان بۆ “نەبوونی هەژاری” ئەوەیە کە داهاتی تاک لە ١٤٠هەزار دینار کەمتر نەبێت! لەکاتێکدا هەموو کرێکارێک دەزانێت کە بەو بڕە پارەیە تەنها خەرجی یەک هەفتەی خێزانێک دابین ناکرێت.
خاڵە هەرە ترسناکەکە بۆ سەر بژێوی خەڵک، پەیوەندی بەو مامەڵە ژێربەژێرە هەرێمییانەوە هەیە کە داهاتی ئەم وڵاتەی بەتاڵان بردووە. متمانە زۆرەکەی پارتی بەخۆی، لەو “قوڵاییە ستراتیژییەوە” سەرچاوە دەگرێت کە لەگەڵ تورکیادا هەیەتی. بەڵام ئەم پەیوەندییە هیچ خێرێکی بۆ خەڵک نەبووە؛ بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە پارێزگای دهۆک، کە بە قەڵای دەسەڵاتی پارتی دادەنرێت، بەپێی ڕاپۆرتەکانی پلاندانان هەژارترین پارێزگای هەرێمە و ڕێژەی هەژاری تێیدا ١٥٪ی تێپەڕاندووە. واتە بازرگانی لەگەڵ تورکیا تەنها گیرفانی کۆمپانیا حزبییەکانی پڕکردووە و خەڵکەکەشی لە هەژاریدا هێشتووەتەوە. پەیامەکەی زێباری واتە: “ئێمە پاڵپشتی دەرەکیمان هەیە و باکمان بە دۆخی ناوخۆ نییە.”
لەبەرامبەردا، یەکێتی یاری بە کارتەکانی بەغدا دەکات بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی، بەڵام ئەم یارییەش لەسەر پشتی زیاتر لە ملیۆنێک و دووسەد هەزار مووچەخۆر دەکرێت. پرسە هەستیارەکانی وەک “تەوتین”ی مووچە، لەلایەن هەردوو حزبەوە وەک چەکێک دژی یەکتر بەکاردەهێنرێن، بێئەوەی گوێبدەنە ئەوەی دواکەوتنی هەر ڕێککەوتنێک مانای برسیبوونی زیاتری خێزانەکانە.
لەم نێوەندەدا، ئەوەی بۆ چینی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان ڕوونە ئەوەیە کە جەوهەری ململانێکە هیچ پەیوەندییەکی بە خزمەتگوزاری و ژیانەوە نییە، لەکاتێکدا ڕێژەی بێکاری لەنێو گەنجاندا ٢٠٪ی تێپەڕاندووە و ساڵانە هەزاران گەنج هەرێم جێدەهێڵن. ئەوەی دەگوزەرێت شەڕی دوو هێزی میلیشیایی و بازرگانی سیاسییە لەسەر دابەشکردنی داهات و قۆرخکردنی بازاڕ بۆ خۆیان و سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکانی نزیك لەخۆیان.
هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتی برسیکردن، ترسناکترین دیاردە بریتییە لە بەرتەسکبوونەوەی مەترسیداری ئازادییەکان و خنکاندنی هەر دەنگێکی ناڕەزایی. هەرێمی کوردستان لەسایەی ئەم دەسەڵاتە حزبییە میلیشیاییەدا، بەرەو “دەوڵەتێکی پۆلیسی” هەنگاوی ناوە کە تابێت ئازادیە سیاسیەکان بەرتەسکتر دەکرێنەوەو رۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی و سیاسی زیندانی دەکرێن، وەک ئەوەی لە دۆسیەی “دەستگیرکراوانی بادینان”ـدا بینیمان کە چۆن دادگا و یاسا کرانە ئامرازێک بۆ تەسفیەی حساباتی سیاسی. دەزگا ئەمنییەکان لەبری پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیان، بوونەتە ئامرازێکی زەبروزەنگ بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و داخستنی دەمی خەڵک. بۆیە کاتێک باسی “هەڵبژاردن” دەکرێت لەکەشێکدا کە ترس باڵی کێشاوە بەسەر کۆمەڵگادا و ڕەخنەگرتن بە تاوان هەژمار دەکرێت، پرۆسەی دیموکراسی ناوەڕۆکەکەی لەدەستداوە و بۆتە نمایشێک بۆ درێژەدان بەم سەرکوتکارییە.
لە بەردەم ئەم چەقبەستووییە سیاسییە و بێباکییەی دەسەڵاتداراندا، ئیتر ڕوون بووەتەوە کە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش هیچ ئاسۆیەکی تریان لەبەردەم نییە جگە لە پشتبەستن بە ئیرادەی خۆیان. چاوەڕوانیکردنی “ڕەحمەتی” حزبەکان بۆ چاکسازی یان پێکهێنانی حکومەتێک کە خەمخۆری خەڵک بێت، تەنها خەیاڵێکی پووچە. تاکە ڕێگاچارە و ئەڵتەرناتیڤی ڕاستەقینە، بریتییە لە خۆڕێکخستنی جەماوەری و دروستکردنی فشارێکی بەردەوامی مەدەنی لەسەر ناوەندەکانی کارو خوێندن و خزمەتگوزاری و لەسەر شەقام؛ چونکە ئەزموون سەلماندوویەتی کە ئەم دەسەڵاتە تەنها لەژێر زەبری فشار و یەکگرتوویی دەنگی ناڕەزایەتیدا ناچار بە پاشەکشە و دابینکردنی مافە سەرەتاییەکان دەکرێت.
لە کۆتاییدا، سیناریۆی دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردن بۆ خەڵکی ڕەشوڕووت تەنها مانای درێژکردنەوەی قەیران و بەهەدەردانی پارەی گشتییە. ئەم لێدوانە پەردەی لەسەر دیمەنە ڕاستەقینەکە لابرد: هەرێمێک کە تێیدا بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ و تەماعکاری حزبەکان بۆ پۆست، هەموو شتێکی داگیرکردووە. لەم هاوکێشەیەدا، کرێکار و خەڵکی کەمدەرامەت و فەرمانبەر تەنها قوربانین؛ ئەوان دەبێت تەماشاکەری یارییەک بن کە تێیدا “میلیشیا و بازرگانە سیاسییەکان” براوەن و خەڵکیش دۆڕاو.”
٢١/١١/٢٠٢٥
