ماوەی چەند ڕۆژێکە کێشە و ناکۆکییەکان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی پەدەکە و دانیشتوانی گوندی لاجان لە سنووری هەولێر سەری هەڵداوە، بەجۆرێک پەدەکە گەمارۆی خستووەتە سەر هاوڵاتییانی گوندەکە و هێزێکی پێنج هەزار کەسی بە دەیان تانک و زرێپۆش و باجەر و چەکی قورس و سوکەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو گوندە.
کێشەکانی گوندی لاجان چۆن سەری هەڵدا؟
بەپێی ئەو زانیاریەکان لە چەند سەرچاوەیەکی گوندی لاجانەوە، دانیشتوانی گوندەکە نزیکەی ٢٥٠ ماڵ دەبێت و سەرجەمیان لە عەشیرەتی هەرکین و زۆرینەشیان ئەندام و لایەنگری پەدەکەن، چەند ڕۆژێک بەر لە هەڵبژاردن بەرزان قەساب بە نوێنەرایەتی پەدەکە سەردانی لاجان دەکات و داوایان لێدەکات کە دەنگ بدەنە کاندیدێکی پەدەکە، وە بەڵێنیشیان پێدەدات لە دوای هەڵبژاردن داواکانیان جێبەجێبکات و لەناو کۆمپانیاکەدا کاریان پێدەدرێت، بە پشتبەستن بەو بەڵێنەش دانیشتوانی گوندەکە ١٢٤ تانکەر دەکڕن.
وەک ئەو سەرچاوانەی رۆژنیوز باسی دەکەن، پەدەکە بەڵێنەکەی خۆی جێبەجێ ناکات، دانیشتوانی گوندەکە دەچنە کۆمپانیای لاناز بۆ ئەوەی بزانن داواکارییەکەیان بە کوێ گەشتووە، لە بەرامبەردا بەرپرسی کۆمپانیاکە دەڵێت،”بەگۆڕی مەلا مستەفا” جێبەجێی ناکەم، ئەوانیش دەڵێن “بە گۆڕی محێ” ئێمەش ناهێڵین ئیش بکەن ئیدی پێکدادان و ئاڵۆزی درووست دەبێت.
هاوکات هاوڵاتییەکیش بە تۆمەتی گواستنەوەی ئەو قسانە بۆ میدیایەکی دەرەوەی پەدەکە دەستگیر دەکرێت، دوای جێبەجێنەکردنی داواکاری هاوڵاتییان بۆ ئازادکردنی ئەو هاوڵاتییە گرژییەکان زیاتر دەبن، لە ئەنجامدا ١٠ هاوڵاتی بریندار دەبن و هاوڵاتییەکیش کە خەڵکی کەرکووکە کوژراوە.
پەدەکە زیاتر لە پێنج هەزار چەکداری ڕەوانەى گوندی لاجان کردوە و ماوەی سێ رۆژە بازگەیان داناوە و ڕێگری لە هاتووچۆی هاوڵاتییانی گوندەکە دەکەن، تەنانەت ژمارەیەک نەخۆشی زۆر بە پەلە هەبوون پێویستیان بە نەخۆشخانە و نەشتەرگەری بووە ڕێگەیان نەداوە ببرێن بۆ نەخۆشخانە.
لەئێستادا لەلایەن ئەو هێزانەی پەدەکەوە بە زۆر خەڵکی گوندە ڕادەگوێزرێن بۆ شوێنێکی دیکە کە تا ئێستا کەس نازانێت بۆ کوێ بە زۆر دەیانگوازنەوە.
کۆمپانیای لاناز کێ خاوەنداری دەکات و بۆ هاوڵاتییانی نیگەران کردووە؟
ئەو سەرچاوانە بۆ ڕۆژنیوز ئاماژەیان بەوەش کرد، ساڵانێکە کۆمپانیای لاناز کە لەسەر زەوییەکانی گوندی لاجان دروستکراوە، خاوەندارییەکەی بۆ ئەندامانی بنەماڵەى بارزانی دەگەڕێتەوە و لەو نێوەندەشدا ناوی مەنسور بارزانی و کوڕەکەی دەهێندرێت.
بەپێی زانیارییەکان، کۆمپانیای لاناز ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیاکانی بیلالی زاوای ئەردۆغاندا کاردەکات، زۆرترین کارمەندی کۆمپانیاکە تورکن و بە موچەی ١٥٠٠بۆ ٢٥٠٠دۆلار کاریان پێدراوە، لە بەرامبەردا ئەو هاوڵاتیانەی هەرێم کە لەناو کۆمپانیاکە کاردەکەن بڕی ٥٠٠ دۆلاریان وەک موچەی مانگانە پێدەدرێت کە ئەمەشیان وەک ناهەقی پێناسەکرد.
لەبەرامبەر داواکاری ئەو هاوڵاتیانەی گوندی لاجان بۆ زیادکردنی موچەکانیان، کۆمپانیای لاناز پێی وتون خەڵکی تر هەیە بەو بڕە پارەیە و کەمتریش کار دەکات، بۆیە لە دەرەوەی گوندەکەوە کارمەندیان هێناوە ئەمەش دانیشتوانی لاجانی توڕەکردووە.
لەکاتێکدا زۆرترین کێشەی تەندروستی و ژینگەیی بۆ ناوچەکە دروستکردووە، بەجۆرێک حاڵەتەکانی توشبوون بە شێرپەنجە و نەخۆشیەکانی چاو و کۆئەندامی هەناسە لەو گوندە بەرز بووەتەوە.
پەدەکە چۆن مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکەدا کرد؟
کێشەی نێوان عەشیرەتەکانی بادینان بە تایبەت هەرکی و پەدەکە مێژوویەکی دێرینی هەیە و بەردەوام پەدەکە هەوڵیداوە لەسەر حیسابی تەسفییەکردن و کۆمەڵکوژکردنیان بوونی خۆی بسەلمێنێت، ئەو سەرچاوانەی ناو گوندی لاجان بۆ ڕۆژنیوز جەختیان لەوەکردەوە کە پەدەکە دەیەوێت هەرکییەکان تەسفییە بکات و سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە جێبەجێبکات بۆئەوەی بەخواستی خۆی چی بوێت جێبەجێی بکات.
بە وتەی ئەو چەند سەرچاوەیەک تەواوی ڕێڕەوە بازرگانییەکانی وزەی نێوان بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی ئەردۆغان وەک، کێڵگەی خورمەلە، بەشێکی هێڵی گواستنەوەی غاز، کۆمپانیای لاناز و بۆری نەوتی هەولێر دهۆک و چەندین پرۆژەی گەورەتری بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە بە سنوری هەرکییەکاندا تێپەڕ دەبێت، بۆیە ئەمە تاڕادەیەک دەستی پەدەکەی گرتووە.
هاوڵاتییانی گوندی لاجان لە چی دۆخێکدان؟
ئەو سەرچاوانە بۆ ڕۆژنیوز ئەوەشیان پشتڕاستکردەوە لە ئێستادا زیاتر لە پێنج هەزار هێزی سەربازی پەدەکە لە ناو گوندەکە و دەوروبەری گوندەکەن و ڕاگواستنى خەڵکی لاجانیان دەست پێکردوە، هاوکات بەشێک لە گەنجەکانیش دەستگیر دەکەن.
ئەو هێزانەى سەرکووتى خەڵکی گوندەکە دەکەن پێکدێن لە (هێزی ١ی لەشکری گولان کە راستەوخۆ لە لایەن خودی مەنسور بارزانییەوە سەرپەرشتی دەکرێن و ئەو هێزەبوو کە لە شەنگال هەڵهات، هێزی زێرەڤانی، ئاسایش، بەرگری و فریاکەوتن) سەر بە پەدەکەش جێگیرکراون.
لە ئێستادا لەناو گوندەکە و دەوروبەریدا چوار بازگەیان داناوە، ڕێگری لە هەر هاتووچونێکی هاوڵاتیان دەکەن، هاوکات هەر بەوتەی ئەو سەرچاوانە، ئەو هێزانەی پەدەکە وەک دژبەر مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتییانی گوندەکە دەکەن و ڕێگەیان پێنادەن نەخۆشەکانیشیان بەرن بۆ نەخۆشخانە.
یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێت، ژنێک دووگیان بووە تەندروستی تێکچووە هاوسەرەکەی ویستوویەتى بیبات بۆ هەولێر، بەڵام ڕێگری لێکراوە بچێتە دەرەوەی گوندەکە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.
دەشڵێت: دایکێک لە مەراقی گرتنی کوڕەکەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی پەدەکەوە جەڵدە لێیداوە ، بەڵام ڕێگەیان نەداوە بیبیەنە نەخۆشخانە.
ئێستا پرسیارە سەرەکییەکان ئەوەیە:
ئایا ئەو گوندە کە چۆڵ دەکرێت بە خواستى خەڵکەکەیە یان هێزە ئەمنییەکان بە زۆر پێیان چۆڵ کردوە؟
لە کاتێکدا سامانی نەوت و گاز خاوەنە راستەقینەکەی هاولاتیانی باشوری کوردستانە، ئایا داهات و سودی ئەو سامانە بۆ کێیە؟
ئایا حکومەت بانگەشەی پاراستنی سەر و سامانی هاوڵاتییان دەکەن لە کوێی ئەم ڕوداوەدان و بۆچی بێدەنگە؟
کۆمپانیای لاناز بە ئامانجی دابینکردنی بەنزین و سوتەمەنی بۆ خزمەتی هاوڵاتیان دامەزرا، توانیویەتى خزمەتى هاوڵاتییان بکات یان بووەتە کارگەیەکی دروستکردنی دراو بۆ خزمەتی چەند کەس و بنەماڵەیەک؟
