57
ساڵیادی تیرۆری کاوەکەی گەرمیان
ئەمڕۆ ١٢ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تاوانی تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم (کاوە گەرمیانی).
کاوە ئەحمەد محەمەد، ڕۆژنامەنووسێکی گەرمیانی بوو. سەرەتا کارەکانی بە پەیامنێریی دەستپێکرد و پاشان بوو بە سەرنووسەری گۆڤاری ‘گەڕان’ و دواتر گۆڤاری ‘ڕایەڵ’ـی دامەزراند.
یەکێک بو لەو ڕۆژنامەنووسانەی کە بنکۆڵکاریی دەکرد بۆ بابەتەکانی گەندەڵی و خراپبەکارهێنانی دەسەڵات و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ.
خاوەنی کتێبێکە بەناوی “گەرمیان لەنێو بەڵگەنامە رەشەکان دا”.
چەند جارێک بەهۆی کاری ڕۆژنامەوانییەوە ڕووبەڕووی ڕێگری و دەستگیرکردنی نایاسایی و گرتن و توندوتیژیی بووەتەوە.
لە شەوی ٥ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣، لەناو حەوشەی ماڵی باوکی لە گەڕەکی سەرکەوتنی کەلار، دەستڕێژی گولەی لێکرا و بەوهۆیەوە گیانی سپارد.
لەسەر ڕووداوەکە کەسێک بەناوی (توانا خەلیفە) دەستگیرکرا و بە زیندانی هەتاهەتایی سزادراوە.
خێزان و کەسوکار و هاوڕێیانی پێیانوایە سزادراوەکە تەنها جێبەجێکار بووە، ئەگینا تۆڕێکی بەرفراوانتر لەپشت هەوڵی تیرۆرکردنەوەکەوە بوون، بەڵام کەسیان دەستگیرنەکراون.
کاوە کە کوڕی گەورەی خێزانەکەی بوو، بەو هۆیەی باوکی زوو کۆچی دوایی کردووە، بە دۆخێکی سەختی ژیاندا تێپەڕیون.
ئەو خێزانداربوو و لەپاش تیرۆرکردنی بەچەند ڕۆژێک کۆرپەکەی “ئامەد” هاتە دونیاوە.

