دیمانەی بۆپێشەوە لەگەل هاوڕێ عوسمان حاجی مارف، سکرتێری کۆمیتە ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بەچۆنیەتی بەڕێوەچوون و ئاکامی هەڵبژاردن و پێکهاتنی حکومەتی نوێی عێراق…
ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ئەوەمان نیشان ئەدات، کە نەک هیچ لایەنێک ناتوانێ بە تەنها حکومەت پێک بهێنێت، بەڵکو بەڕێكەوتنی چەند لایەنێکیش ئاسان نییە بەرەو ئاراستەی پێکهێنانی حکومەت هەنگاو بنێن!.
بۆپێشەوە: هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق تەواو بوو، ئەم هەڵبژاردنە و ئاکامەکانی چ ئاڵوگۆڕێکی لە باڵانسی نێوان هێزو لایەنە سیاسیەکانی عێراق دا پێكهێنا؟
عوسمانی حاجی مارف: ئاڵوگۆڕ لە باڵانسی نێوان هێزو لایەنە سیاسیەکانی عێراق و کوردستان، پێش ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانی بەخۆیەوە دیوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری ئاڵوگۆڕ لەدۆخی سیاسی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەدوای شەڕی ئیسرائیل و ئێران و بەردەوامی ململانێی ئەمریکاو ئێران، بەتایبەتی کە ئەم دۆخە تائێستا یەکلایی نەبۆتەوەو هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەرامبەر ئێراندا ماوە، لە هەمانکاتدا فشاری ئەمریکا لەسەر عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و هەوڵدان بۆ تەریک کردنەوەی دەوری ئێران لە عێراقدا، بەمانایەکە دەمەوێت بڵێم کە ئەم هەڵبژاردنەی ١١ی نۆفەمبەر، نەیتوانی کاریگەرییەکانی ئەو دۆخە تێپەڕێنێت، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ئەوەمان نیشان ئەدات، کە نەک هیچ لایەنێک ناتوانێ بە تەنها حکومەت پێک بهێنێت، بەڵکو بەڕێكەوتنی چەند لایەنێکیش ئاسان نییە بەرەو ئاراستەی پێکهێنانی حکومەت هەنگاو بنێن!.
سەرەڕای ئەوەی لیستەکەی سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق زۆرینەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەدەستهێنا، بەڵام ئەمە گەرەنتی خولی دووەمی بۆ ناکات. هەروەها هەموو ئەوانەش کە زۆرینەی دەنگیان بەدەست هێناوە لەو ئاستەدایە کە ناتوانن بە لیستی چەند لایەنێک بگەنە لوتکەی دەسەڵات، چونکە پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە زۆرینەی بەرچاو هەیە کە نزیکەی دوو لەسەر سێی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانە.
هیچ کام لە لیستە کێبڕکێکارەکان نەک نەیانتوانی زۆرینەی پێویست بەدەستبهێنن، بەڵکو بەچەند لیستێکێشەوە ڕێگەی ئەوەیان نییە بتوانن حکومەت رێکخەنەوە، بۆیە پێکهێنانی هاوپەیمانیەکی بەرفراوان بووەتە پێویستیەکی سیاسی، کە ئەمەش بەبێ ڕێکەوتنی ئەمریکاو ئێران و دەخالەتیان لەسەر ئایندەی عێراق کارێکی ئاسان نییە، کە لەم بارەیەوە تائێستا ڕۆشناییەک دەرناکەوێت و لایەنەکان لە سەوداو مامەڵەدان.
بۆپێشەوە: هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، چ ئاڵوگۆڕێک بەسەر هاوسەنگی هێزی بەغداو هەرێمدا دەهێنێت؟
عوسمانی حاجی مارف: بەبۆچونی من ئەو ناهاوسەنگیەی بۆتە کێشەیەکی درێژخایانی نێوان بەغداو هەرێم، وەک خۆی دەمێنێتەوە و پێشبینی ئاڵوگۆڕێکی جدی ناکرێت، بە تایبەتی کە ئێستا جارێ دۆخەکە بەدەوری پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا دەخولێتەوە، لە هەمان کاتدا خودی هەرێمیش، لەسەر پێکهێنانی حکومەتی هەرێم قەتیس بووە، واپێدەچێت هەرێم چاوەرێی پێکهێنانی حکومەتی عێراق دەکات، تا ئەو ئاستەی کێشەکەیان گەیاندووە بەوەی باس لە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن دەکەن. لە هەمان کاتدا هێزو لایەنە عێراقیەکان بە تایبەتی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەوە باش دەزانن کە کێشەکانیان لە پەیوەند بە هەرێم و لایەنە کوردییەکان، نایانگەیەنێتە ئاراستەی پێکهێنانی حکومەت.
هەر دوای سەردانی سودانی بۆ هەولێر، لیستی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتن کە سودانی ڕێکخەریەتی کێشە کەوتە نێوانیانەوە، چونکە نە ئێران و نە هێزەکانی شیعە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا ئایندەی حکومەتی عێراق نابەستنەوە بە پارتی و بارزانیەوە، بەجیا لەوەی بارزانی بانگەشەی ملیۆنە دەنگ دەکات، بەڵام ئەو دەنگانە تائێستا بارزانی ناتوانێ مامەڵە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی عێراقی پێبکات. بەڵکو وەک هاوسەنگیەک لەبەرامبەر یەکێتی و تاڵەبانی بۆ باڵا دەستی زیاتر بەسەر هەرێمدا بەکاری دەهێنێت.
بۆپێشەوە: “قوڵایی ستراتیژی کورد” لە بەغدایە، ناوەرۆکی بانگەشەی پارتی و یەکێتی بوو لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدا، ریشەی ئەم ئاڵوگۆڕە لە گوتاری کورددا بۆچی دەگەڕێتەوە؟
عوسمانی حاجی مارف: گومانی تیا نییە کە هێزە کوردییەکان بە تایبەتی بارزانی و تاڵەبانی، تەواوی چارەنوسی هەرێمیان گرێداوە بە بەغداوە، نەیان توانی و نەیان ویست حکومەتێکی سەربەخۆی بێ پاشکو بوون دامەزرێنن، ئەمەش جۆرێکە لە شکستی ناسیونالستی کورد لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و دەوری لە کایە سیاسیەکان و مامەڵەی لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسیە هەرە دواکەوتوەکان لە عێراقدا، کە هاوبەشن لە پێکهاتەیەک کە بە هاوپەیمانی تائیفی و قەومی دامەزراوە، بەردەوام لە چاوەڕوانی ڕوداوەکان و ئاڵوگۆرەکاندا هەوڵیانداوە پشکێک بە قازانجی هێزەکانیان بەدەست بهێنن، ئەمەش بەو مانایەی هەمیشە ویستویانە سودمەندبن لەسەر مەسەلەی کورد و بەقوربانی کردنی ژیان و گوزەران و چارەنوسی خەڵکی کوردستان.
هەڵبەتە لەم هەڵبژاردنەشدا، درێغیان نەکردووە لەوەی بەهەر بەهایەک بێت بەدوای ئەوەدان کە چۆن هەرلایەنێکیان لە لایەنە کوردییەکان چۆن پارێزگاری لەبەرژەوەندی پێگەو نفوزی سیاسی خۆیان دەکەن، لە نێو گەمە سیاسیەکاندا جێگایەک بۆ هێزەکانیان دژبەیەک پەیدا بکەن.
بۆپێشەوە: بەدوای هەڵبژادرنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق و هێنانی زیاتر لە “ملیۆنێک دەنگ” لەلایەن پارتییەوە، بەرپرسانی پارتی لەبەرامبەر نائامادەیی یەکێتی نیشتیمانی بۆ پێکهێنانی حکومەت و کابینەی دەهەم، باسی دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردن، یان پێکهێنانی حکومەت دەکەن بەبێ یەکێتی، چۆن دەڕوانە ئەو لێدوانانەی پارتی؟ ئایا حکومەت بەبێ یەکێتی دەتوانرێت پێک بهێنرێت؟
عوسمانی حاجی مارف: وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا دۆخی ناوچەکە ئاڵوگۆڕی جدی بەسەر هاتووە، لەم دۆخەدا دەتوانین بڵێین، بەجیا لە بەدەستهێنانی زیاتر لە ملیۆنێک!! دەنگ لەلایەن پارتییەوە، لەهەمان کاتدا پێش هەڵبژاردن بارزانی توانیویەتی یاریزانێکی باشتر بێت لە تاڵەبانی کە بۆ نفوزو باڵادەستی خۆی پێشرەوی زیاتربکات و دەستکەوتی زیاتری هەبێت، بەمانەیەک هاوسەنگی هێزی پارتی و یەکێتی، لەگۆڕانێکدایە بەقازانجی پارتی باڵانسەکەی گۆڕدراوە، ئەمەش لە ململانێی پارتی و یەکێتیدا، پارتی مەرجەکانی بەسەر یەکێتیدا زیاتر دەکات، تا ئەو ئاستەی وەک وتمان لە هەوڵی دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردندایە، چونکە پارتی ئەوە باش دەزانێت گەر هەڵبژاردن بکەنەوە، گورزێکی تر لە یەکێتی ئەداتەوە، بەمەش گەر پارتی بەبێ یەکێتی نەتوانێت حکومەت دروست بکات، بەڵام یەکێتیەکی زۆر لاواز لە شانوی سیاسی کوردستاندا دەخاتە بەرامبەر بەخۆی.
بۆپێشەوە: بەرپرسانی پارتی مەرجیان بۆ بەشداری لە حکومەتی نوێی عێراق، پابەند بوون و جێبەجێکردنی دەستورە…. ئایا جێبەجێکردنی دەستور لە سودی پارتی و ناسیونالیزمی کوردە؟
عوسمانی حاجی مارف: ئەوەی راستی بێت تا ئێستا دەستورێکی جێگیر بەدوور لە دەورو دەسەڵاتی باڵادەستی هێزە تائفی و قەومی و ئیسلامییەکان لەدەوڵەتی عێراقدا واقعیەتی نییە و ماناو جێگایەکی نییە، لەدوای ٢٠٠٣وە پێکهێنانی حکومەتەکانی عێراق، باڵادەستی ئەو هێزە شیعانە بووە کە پاشکۆی سیاسەتەکانی ئێرانن، لایەنە کوردیەکانیش بەبێ هیچ مەرجێک ئەم واقعیەتەیان قەبوڵ کردووە و ژیانی سیاسی و پەیوەندیان لە پەیوەست بە حکومەتی هەرێمەوە رێکخستووە، کەلەم بارەیەوە نەک هیچ ناڕەزایەتیەکیان نەبووە، بەڵکو لایەنێک بون لە بەرجەستەکردنەوەی ئەم جۆرە دەسەڵاتە و پێکهێنانی هاوپەیمانی لەدامەزارندنی حکومەتێک کە بە باڵادەستی چوارچێوەی هەمانگی بەرێوە چووە، واتە مەرجی پارتی بۆ جێبەجێکردنی دەستور، پێش هەموو شتێک پابەند بونیانە بەدەسەڵاتی شیعە وەک لایەنێک کە بە زۆرینە لە عێراقدا حسابی لەسەر دەکەن.
بۆپێشەوە: ئێستا کە هەڵبژاردن تەواو بووە دەتوانرێت حکومەتی نوێ لە عێراقدا بەشێوەی ئاسایی پێک بێت، یان وەکو هەڵبژاردنی کوردستان، پیکهێنانی حکومەت قورس و پڕ گرێ و کێشە دەبێت و دوا دەکەوێت؟
عوسمانی حاجی مارف: ئەوە ڕۆشنە کە نوێنەرایەتی پەرلەمان فاکتەری یەکلاکەرەوە نابێت بۆ پێکهێنانی حکومەت و داڕشتنی قۆناغی داهاتوو. بەڵکو دانوسانەکان و رێکەوتنی لایەنەکان، بەهاوتەریبی و خۆگونجاندن لە نێوان ململانێی ئەمریکاو ئێراندا، ئەمەش تەواو سروشتیە بە لەبەرچاوگرتنی واقیعە سیاسیەکانی عێراق و پێداویستیەکانی سیستمی پەرلەمانی لە وڵاتێکدا کە هێزە تائفی و قەومیە میلیشیاکان چارەنوسی عێراقیان خستۆتە ژێر ڕەحمەتی هێزەکانیانەوە،
سەرەڕای بەدەستهێنانی لیستەکەی سودانی بەزۆرترین ژمارەی کورسی لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی پەرلەمانی عێراق، بەڵام پێدەچێت سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ خولی دووەم پڕ بێت لە تەحەددا و مەترسی سیاسی ناوخۆیی و دەرەکی.
هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان واتە لیستەکەی سودانی ئەو سەرکەوتنە بەرجەستەیەی لە باشووری عێراق بەدەستیهێنا، بنکەی دەنگدەرانی تەقلیدی خۆیەتی، بەڵام ئەم دەستکەوتە بۆ سودانی مانای ئەوە نییە کە ئەتوانێت کۆنترۆڵی تەواو بەسەر پەڕلەماندا بکات، هەروەها زامنی توانای پێکهێنانی حکومەتێکی سەقامگیریش ناکات، بەبێ ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگی بەرچاو کە لەلایەن بلۆکه گەوره شیعەکان و پارتەکانی ناوچەکانەوه کێبڕکێ دەکەن، بە تایبەتی کە مالکی ڕکابەرێکی مەترسیداری سودانییە بەوەی کە هەوڵ ئەدات بەر بەوە بگرێت جارێکی تر سودانی ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران. واتە بەجیا لەوەی لایەنەکان لە ژێر ناوی هەر پەردەیەکدا هەوڵی پێکهێنانەوەی حکومەت بدەن، ئەم کێشانەیان بەرەو ڕوو دەبێتەوە یەکەم: رێکەوتن لەسەر ساغ بونەوەی سەرۆک وەزیران. دووەم: خۆگونجاندن لەگەڵ ململانێی ئەمریکاو ئێران، لەهەمانکاتدا هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانێک کە بتوانێ هاوسەنگی دەخالەتی ئەمریکاو ئێران لە عێراقدا ڕاگرێت. سێیەم: کێشەی سەرۆک کۆمارو سەرۆکی پەرلەمان، بەمانایەک دوبارەکردنەوەی ڕێکەوتنی بەشداری هێزە کوردییەکان و سونەکان، بەتایبەتی کە لەم هەڵبژاردنەدا باڵانسی هاوسەنگی هێزەکانی گۆرانێکی وەهای بەسەر هاتووە، ئاسان نییە ئەو کێشانە بە سادەیی تێپەڕێت. چوارەم: جگە لەوانەش ناسەقامگیری و ئاڵۆزی دۆخەکە بە جۆرێکە فرسەتی پێکهێنانی حکومەت بە ئاسانی نادات بەدەستەوە، لە هەمانکاتدا مەگەر بە دەخالەتی رێکەوتنی ئەمریکاو ئێران حکومەتێکی لاواز بۆجارێکی تر لە پێکهاتەی چوارچێوەی هەماهەنگی پێکبهێننەوە.
لەلایەکی ترەوە ئەنجامەکان دەریانخست کە پارتە تەقلیدییە شیعەکان، وەک هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی و بلۆکی سادقون کە سەر بە عەسائیب ئەهلی حەقن، پشتگیری لە پێدانی خولی دووەم بە سودانی ناکەن، ئەمەش ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو ئاڵۆزتر دەکات. ئۆپۆزسیۆن لەم بلۆکانە سیمایەکی پارچەپارچە بە پەرلەمان دەبەخشێت، واتە سەرکەوتنی ڕێژەیی لە هەڵبژاردنەکاندا گەرەنتی کۆنترۆڵی کاریگەر ناکات. ئەمەش تەحەدایەکی دوولایەنە دەخاتە بەردەم سودانی، ئەویش پاراستنی جەماوەری خۆی لە باشوور و ڕاکێشانی پشتیوانی لە بلۆکەکانی دیکەی بەغدا بۆ دڵنیابوون لە پێکهێنانی هاوپەیمانیەک کە توانای دەرکردنی یاسای سەرەکی هەبێت!.
بۆپێشەوە: ململانێی نیوان ئەمریکا و ئیران لە عێراقی دوای هەڵبژاردنەکان چۆن دەبینین، بەتایبەتی کە بەشێک نوێنەرانی سیاسی میلیشاکانی سەر بە ئێران، ٥٧ کورسی پەرلەمانیان مسۆگەر کردووە؟
عوسمانی حاجی مارف: ئەوەی جێگای سەرنجە لەم هەڵبژاردنەدا، بەشێک لەو هێزە میلیشیایانەی هەڕەشەی ئەمریکایان لەسەرە کە داوادەکات هەڵوەشێەوە، دەنگی زیاتریان هێناوە و ژمارەی کورسیەکانیان لەچاو هەڵبژاردنەکانی پێشوتردا زیاترە، ئەمەش بەجۆرێک بەسەرکەوتن بۆ ئێران بە هەند وەردەگیرێت، یان بەمانایەک هەڵبژاردنی ئەم جارە دەخالەتی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی کاریگەری داناوە، لە کاتێکدا کە ئەمریکا لەو بارەیەوە زیاتر دەوری چاودێری دیووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، گرفت و کێشەکانی لایەنەکانی بەشدار لە هەڵبژاردن و گۆرینی باڵانسی هاوسەنگیان پێم وایە بەبێ ڕێکەوتنی ئەمریکاو ئێران، زەحمەتە بتوانن حکومەتێک بەویست و خواست و ڕێکەوتنی چەند لایەنێک یەکلایی بێتەوە. ئەوەش لە ئێستادا زیاتر ئێران جەختی لەسەردەکات، لە هەوڵی پاراستنی دەسەڵاتی چوارچێوەی هەماهنگیە، کە خودی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ خۆیان پەرت و پەرش و بڵاو یەک دەست نین، لەهەمان کاتدا دەبێت حکومەتێک پێکبهێنین کە بتوانێت هاوسەنگی ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێران بکات. لەم نێوەدا ئەگەری ئەوە هەیە کە بەدەورو دەخالەتی ئێران، تەواوی لایەنەکانی هەڵبژێردراوی چوارچێوەی هەماهەنگی بە لیستی گەورەو بچوکەوە کە دەتوانن ١٨٠ کورسی زیاتر پێشنیاری پێکهێنانی حکومەتێک بڕەخسێنن، کە نادیارە چۆن دەتوانن دۆخەکە لەو گێژاو و ناجێگیریەدا ڕاگرن!.
بۆپێشەوە: ناکۆکی و ململانێی نیوان پارتی و یەکێتی، پیکهێنانی حکومەت!! و کابینەی دەهەمی هەرێمی پەک خستووە، بێگومان ئەم ناکۆکیانە لەسەر پۆست و بەشیان لە حکومەتی عێراقدا، قوڵتر دەبێتەوە، لاتان وایە حکومەتی هەرێم بەم زوانە پێک دێت؟ وە کیشەی بناغەیی نیوان پارتی و یەکێتی لە روانگەی ئێوەوە چییە، کە ناتوانن حکومەت پیک بهێنن؟
عوسمانی حاجی مارف: هەڵبەتە لەم بارەیەوە قسەمان کردووە، کەکێشەی سەرەکی کاریگەری ئەو ئاڵوگۆڕانەیە کە لە ناوچەکەدا ڕویانداوە، ناکۆکیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی چونەتە ئاستێکی تر، بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا، دەبینین پارتی لەهەوڵی فراوانکردنی نفوز و باڵادەستی دەسەڵاتی زیاتری خۆیەتی لە هەرێمدا، بەجۆرێک خەریکە یەکێتی دەخاتە مەوقعیەتی ئۆپۆزیسیۆنەوە، بەتایبەتی دوای ئەم هەڵبژاردنە پارتی پۆزی زیاتر بەسەر یەکێتدا ئەبەخشێتەوە، گەر بڵێین ئاستی باڵانسی هێز زیاتر بەلای پارتیدا لاربۆتەوە، ئەوە ئێستا کێشەیەکی جدیە کە ڕێکەوتنی پارتی و یەکێتی لەجاران سەختر کردووە، پێم وایە لە ئێستادا زیاتر هەردولایان چاوەڕێی پێکهێنانی حکومەتی بەغدا دەکەن، ئەمەش کەی کۆتایی دێت؟، پرسیارێکە وەک باسمان کرد چەندین هۆکار و پێشهات دەور دەبین.
سەبارەت بەچۆنیەتی بەڕێوەچوون و ئاکامی هەڵبژاردن و پێکهاتنی حکومەتی نوێی عێراق…
115
