بە شکۆوە و وەفادارییەوە یادی ١٢ ساڵەی تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم (کاوە گەرمیانی)مان بەرز ڕاگرت.
ريبوار ياسين فتاح:
ئه ندام ريكخراوي داكؤك له شاري به ريتانيا
له شاري ليدز پەیامێک بۆ دەسەڵات: بە کوشتن و تیرۆر دەنگی ئازاد کپ ناکرێت
ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە و بە هەستێکی نیشتمانییەوە، وەک ئەندامێکی “ڕێکخراوی داكؤك “، لە شاری ليدز (Leeds)
بەشداریم کرد لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی فراواندا کە لەلایەن ڕێکخراوەکەمانەوە ئامادەکاری بۆ کرابوو.
ئامانجی سەرەکی ئەم گردبوونەوەیە گەیاندنی پەیامی ناڕەزایەتی بوو بەرامبەر دۆخی ئێستای ئازادی ڕا دەربڕین، کە لەژێر دروشمی: “نا بۆ کپکردنی ئازادیخوازان و دروستکردنی ئاستەنگ و ڕێگری لە ڕاگەیاندنی ئازاد لە عێراق و هەرێمی کوردستان” بەڕێوەچوو. ئێمە جەختمان لەوە کردەوە کە نابێت چیتر دەسەڵات بە زمانی هەڕەشە و زەبر و زەنگ وەڵامی وشەی ئازاد بداتەوە.
لە بەشێکی گرنگی چالاکییەکەدا، بە شکۆوە و وەفادارییەوە یادی ١٢ ساڵەی تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم (کاوە گەرمیانی)مان بەرز ڕاگرت. کاوە سیمبوڵی بوێری و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بوو، بۆیە بەڵێنمان دووپات کردەوە کە قەڵەمەکەی کاوە هەرگیز وشک نابێت و ڕێبازەکەی بەردەوام دەبێت.
هاوکات هەر لەم گردبوونەوەیەدا، بە توندی و بە دەنگێکی بەرز ئیدانەی شەهیدکردنی (عیرفان بەهادین)مان کرد، کە بە ناحەق لە خۆپیشاندانەکانی شارەدێی (لاجان)دا بە گولـلەی چەکدارانی پارتی شەهید کرا. ڕشتنی خوێنی خۆپیشاندەرێک تەنها لەبەر داواکردنی مافی خۆی، تاوانێکە کە لێخۆشبوونی نییە.
ئێمە لە ڕێکخراوی داكؤك ، لە بەریتانیاوە پەیامی خۆمان دەگەیەنین کە دژی هەموو جۆرە سەرکوتکاری، دەمبەستن و تیرۆرێکی سیاسی و فکری دەوەستینەوە و دەبینە دەنگی کپکراوی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان.
سەربەرزی بۆ شەهیدانی و ڕووڕەشی بۆ ستەمکاران.




