Home هەواڵزانیاری نوێ لەبارەی گیانی لەدەستدانی لۆنا شبل ئاشكرادەكرێت؛ سیخوڕە، كوژراوە و براكەشی دیار نەماوە

زانیاری نوێ لەبارەی گیانی لەدەستدانی لۆنا شبل ئاشكرادەكرێت؛ سیخوڕە، كوژراوە و براكەشی دیار نەماوە

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 50 بینینەکان

دوای بڵاوبونەوەی ژماریەك گرتەڤیدیۆی بەشار ئەسەدی سەرۆكی پێشوی سوریا، كە لۆنا شبلی ڕاوێژكاری تۆماریكردوە و لە ساڵی ڕابردودا و لە ڕوداوێكی تەمومژاویدا گیانی لەدەستدا، جارێكی دیكە دۆسیەی ئەو ڕاوێژكارەی هەڵدایەوە و بەگوێرەی ڕۆژنامەیەكی عەرەبیش، “قاسم سولێمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی ئێران هۆشداری داوە بە بەرپرسانی ئەوكاتی سوریا كە لۆنا سیخوڕە”. هەروەها ڕۆژنامەكە چەندین نهێنی دیكەی ژیانە ئەو ڕاوێژكارەی ئەسەد ئاشكرادەكات.  

ڕۆژنامەی “المجلە” كە لە لەندەن دەردەچێت و خاوەنداری بۆ سعودییەكان دەگەڕێتەوە لە نوێترین ڕاپۆرتیدا بڵاویكردەوە، لۆنا شبل دوای ئەوەی لە پێشكەشكارێكی دیاری كەناڵی جەزیرەوە ڕودەكاتەوە سوریا، سەرەتای کارکردنی لە نوسینگەی ئاسایشی نیشتمانی بوە و دواتر لە (شوبات/2)ـی 2012 دەچێتە سەرۆکایەتی کۆمار و دەبێتە بەرپرسی نوسینگەی ڕاگەیاندن کە بوزەینە شەعبان بەڕێوەی دەبرد. لەوێ ململانێیەکی توند لە نێوانیاندا دروست بو بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئەسەد و توانی شەعبان و زۆربەی كەسە نزیكەكانی لێ دوربخاتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ماهیر ئەسەدی برای بەشار ئەسەد و زۆربەی بەرپرسانی دیكەی سوریا هۆشداریان دابو لەو ڕاوێژكارە، بەڵام ئەسەد کردی بە ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن و مەرسومی سەرۆکایەتی بۆ پۆستەکەی دەرکرد، هەروەها ئەسماش کردی بە ئەندامی دەستەی ئەمینداری زانکۆی “مەنارە”ی تایبەت، پێش ئەوەی لێی توڕە بێت و لە سەرەتای 2023ـەوە دەست بە دورخستنەوەی بکات. كە داوایكرد لونا ببێتە ڕاوێژکاری “تایبەت”ی خۆی نەک بەشار، و لەمەوە پڕۆسەی “بچوککردنەوەی سیستماتیکی” لونا دەستیپێکرد کە دواجار بوە هۆی گیان لەدەستدانی.

بەگوێرەی ڕۆژنامەكە، لونا بە کەسە نزیکەکانی وتوە كە “دەبێت خانمی یەکەم بم”، کاتێکیش ئەسما بۆ جاری دوەم لە (ئایار/5)ی 2024 توشی شێرپەنجە بو، وتویەتی، “ان شاء الله دەمرێت”. ساڵێک پێش ئەوە، دەوڵەمەندی بە لونا-وە دیار بو لە ڕێگەی کڕینی موڵک و ماڵ بە بەهای هەشت ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە دوبەی، بەگوێرەی قسەی خۆی بۆ هاوڕێکانی، جگە لەوەی عەماری هاوسەری خاوەنی کۆمپانیایەکی کرێدانی ئۆتۆمبێل بو لە دوبەی و وێستگەیەکی سوتەمەنیش لە کەناراوەکانی سوریا.

ئەوەشیخستەڕو، لونا یەك بوە لەو كەسانەی كە دژایەتی ئێران و “حزبوڵا” و ڕێکخراوەکانی كردوە، و بە ئاشکرا لەبەردەم هەمواندا دەردەبڕیوە، ئەوەش بوە هۆی تۆمەتبارکردنیان لە ناوەندەکانی ڕژێم و هاوپەیمانە ئێرانییەکانیان لە دیمەشق بەوەی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەکات”، ئەوەش دوای زنجیرەیەک تیرۆرکردنی کەسایەتییە ئێرانی و لوبنانییەکان لە دیمەشق.

لونا لە 2ی (تەمموز/7)ی 2024 لەسەر ڕێگای دیماس توشی ڕوداوی هاتوچۆ بو لە کاتێکدا دەگەڕایەوە بۆ ماڵەکەی لە ناوچەی “گوندەکانی ئەسەد”، بەهۆیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا و دوای چوار ڕۆژ گیانی لەدەستدا. بەڵام وێنەی ئۆتۆمبێلەکە زیانێکی کەم نیشان دەدات كە جۆری “بی ئێم دەبلیو”ـێ گولـلەنەبڕ بوە و هاوسەرەکەی خاوەنی بو.

شایەتحاڵەکان بە “المجلة”ـیان ڕاگەیاندوە، ئۆتۆمبێلێک لێی نزیک بوەتەوە و لێی داوە، پێش ئەوەی عەماری پاسەوان دابەزێت، کەسێکی نەناسراو پەلاماری لونا-ی داوە و لە شوێنێکی دیاریکراوی پشت سەری داوە، کە بوەتە هۆی ئیفلیجی تەواو و دواتر گیان لەدەستدان. گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە كە ژمارەیەك بەرپرس لەوێبونە. یەکێک لە ئامادەبوان وتویەتی، “کاتێک پاسەوانەکە (عەمار) ویستی باسی ئەوە بکات کە چی ڕویداوە، دەستبەجێ و لەبەرچاوی پاسەوان و یاریدەدەرەکانی تر دەستگیرکرا”.

بەپێی بەڵگەنامەیەک کە “المجلة” ئاگاداری ناوەڕۆکەکەی بوە، ئەوە دەقی گفتوگۆیەکە کە بە زمانی عەرەبی لە نێوان قاسم سولەیمانی و عەلی مەملوک، بەڕێوەبەری نوسینگەی ئاسایشی نیشتمانی سوریا ڕویداوە، لە کاتێکدا لونا لە نوسینگەی مەملوک دەچوە دەرەوە و سولەیمانی دەهاتە ژورەوە لە کۆتایی 2019 و پێش كوژرانی بەرپرسە ئێرانیەكە لە هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكا لە سەرەتای 2020 لە بەغدا:

• سولەیمانی: ئەمە کێیە؟

• مەملوک: ئەوە لونا شبلە، ڕاوێژکاری جەنابی سەرۆک.

• سولەیمانی: دەزانم دەزانم، بەڵام لە ڕاستیدا کێیە؟ لە کوێ کاری دەکرد؟

• مەملوک: لە کەناڵی “الجزيرة”.

• سولەیمانی: موچەکەی چەند بو؟

• مەملوک: نازانم.

• سولەیمانی: من پێت دەڵێم، 10 هەزار دۆلار. و ئەمڕۆ موچەکەی چەندە؟

• مەملوک: نازانم.

• سولەیمانی: من پێت دەڵێم، 500 هەزار لیرەی سوری، ئایا مەعقولە کەسێک 10 هەزار دۆلار واز لێ بهێنێت لەپێناو 500 هەزار لیرەی سوری؟ ئەو سیخوڕە. 

بەگوێرەی ڕۆژنامەكەی، پێش مردنی لۆنا، براکەی (مولهەم) و هاوسەرەکەی (نەسرین محەمەد) لە 26ی (نیسان/4)ی 2024 دەستگیرکران بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل كە زۆربەی موڵەكەكانی لۆنا بەناوی نەسرینەوە بوە، بەڵام ڕاوێژكارەكەی ئەسەد باسی لەوەكردوە كە “ڕفاندنی” براکەی وەک تۆڵەسەندنەوە بوە لێی، چونکە لە پاییزی 2012 ڤیدیۆیەکی ئۆستن تایس، ڕۆژنامەنوسی ئەمریکی تۆمار کردوە کە لە سوریا دیار نەما. بەڵام لەدوای گیانلەدەستدانی لۆنا، مولهەم چیتر دەرنەکەوتەوە و ئەگەری زۆرە لە یەکێک لە لقە ئەمنییەکان کوژراوە.

لونا شبل لە سەرەتای (ئەیلول/9)ی 1974لە دیمەشق و لە خێزانێکی دروزی لەدایکبوە. باوکی بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ نایفەی دایکی جێی هێشتون، کە دایکی فەرمانبەر بوە لە حزبی “بەعس”ی دەسەڵاتدار لە سوریا و مامۆستاش بوە لە قوتابخانەیەکی حکومی. لونا بۆ ماوەی چەندین ساڵ تا کاتی مردنی باوکی پەیوەندی لەگەڵدا پچڕاندبو، ئەمەش چەند ساڵێک پێش مردنی خۆی لە (تەمموز/7)ی 2024 بو. ئەو لەگەڵ دایکیدا لە “بەرزە” لە گوندەواری دیمەشق دەژیا و ئەندامێکی حزبیی چالاک بو لە “تەڵایع بەعس”، کە ڕێکخراوێکی گەنجان بو سەر بە حزبی “بەعس”ی دەسەڵاتدار.

لونا لە کاتی خوێندنی زمانی فەرەنسی لە زانکۆی دیمەشق، لە دوکانێکی دیزاینی کارتەکانی ئاهەنگی هاوسەرگیری کاری کردوە. دوای دەرچونی چوەتە نێو تەلەفزیۆنی سوریا و وەک بێژەری هەواڵ کاری کردوە، پێش ئەوەی لە (ئاب/8)ی 2003 بچێتە کەناڵی “الجزيرة”، لەوێ هاوکارە میدیاییەکەی “سامی کلیب”ی ناسیوە و لە ساڵی 2008 هاوسەرگیری لەگەڵ کردوە و ڕەگەزنامەی لوبنانی وەرگرتوە.

هەواڵەکان سەبارەت بە چۆنیەتی ناسینی بەشار ئەسەد ناکۆکن، هەندێک دەڵێن لە ڕێگەی ئافرەتێکی قەتەرییەوه بوە و هەندێکیش دەڵێن دەستپێشخەرییەکی کەسیی خۆی بوە. لە ساڵی 2008 پەیوەندییەکی تایبەت لە نێوانیاندا دروست بو و بە نهێنی سەردانی دیمەشقی دەکرد بۆ بینینی، پێش ئەوەی لە (کانونی یەکەم/12)ی 2011 لە کەناڵی “دونیا”ی تایبەتی سوری دەربکەوێت و بڵێت کە لە مانگی (ئایار/5)ی 2010 دەستی لە کەناڵی “الجزيرة” کێشاوەتەوە و دەیەوێت “شارەزاییەکانی” بخاتە خزمەت ڕژێمی سوریا.

لێدوانێک بەجێ بهێلە