Home هەواڵهۆکاری دروستبونی لافاو لە کوردستان چیە ؟

هۆکاری دروستبونی لافاو لە کوردستان چیە ؟

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 62 بینینەکان

شەپۆلی بەهێزی بارانبارینی ڕۆژانی 8و 9ی کانونی یەکەمی 2025ی سەرتاسەری هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە بەجۆرێک لە هەندێک ناوچە  لافاوی دروست کرد و زیانی بە هاوڵاتیان گەیاند، لەبارەی ئەو لافاوە  د. غالب محەمەد بۆ ئاوێنە دەدوێت. 

د. غالب محەمەد، پەرلەمانتاری رەوتی هەڵوێست لەپەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند،  لافاو کارەساتێکی سروشتی لە سەرجەم وڵاتانی جیهان روودەدات بەڵام ساڵانە دووبارەبوونەوەی لافاو لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی کوردستان هۆکارەکەی ئەوەیە کە دیزاینی شار گۆڕاوە، لەسەردەمی بەعسدا شارەکان کە دروست دەکرا ڕێرەوی ئاوی هەبوو، چەم و دۆڵ هەبوو بەڵام ئێستا لەسەردەمی حکومەتی هەرێمدا هەموو ئەو چەم و دۆڵانە دراوەتە کۆمپانیا ئیشی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن، دەکرێتە بینا و پرۆژەی نیشتەجێبون ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێگە لە ڕێرەوی ئاو بگیرێت، نەک لە چەمچەماڵ و سلێمانی لە هەولێریش بەم شێوەیەیە، دروستکردنی شەقام و بینا و پرۆژەی وەبەرهێنان بۆتە هۆی دروستبونی لافاو لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان. 

ڕاشیگەیاند، چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە زۆر ئاسانە لە رێگەی دروستکردنی بەنداو و پۆینت ئاو  کۆبکرێتەوە، بەڵام بەداخەوە حکومەتی هەرێم هیچ پلانێکی نیە جگە لەوە نەبێت زەوی لە ناو شارەکان و دەرەوەی شار بداتە وەبەرهێنەران  و بکرێتە پرۆژەی نیشتەجێبون لەم دیو یەکێتی سودمەند دەبێت و لەولاش پارتی ئەمەش بۆتە هۆکاری لافاو و زەرەرمەند بوونی هاوڵاتیان. 

ئاماژەی بەوەشکرد، قائیمقامی چەمچەماڵ لەبری ئەوەی   خزمەتی هاوڵاتیان بکات و کێشەکان چارەسەر بکات زوو زوو دێتە سەر شاشە و دەڵێت: سپاسی قوباد تاڵەبانی دەکەم نوسینگەکەی تەلەفۆنی بۆ کردم، بابە واز لە تەلەفون بهێنە قوباد تاڵەبانی چی کردوە بۆ زیان لێکەوتوانی لافاوەکە؟.

ئەوەشی خستەڕو، دوێنێ شەو قسەمان لەگەڵ نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و نوسراوی فەریمان ئاڕاستە کرد وەک ڕەوتی هەڵوێست، سەرجەم دیکۆمێنتەکانمان کردوە بە عەرەبی و ناردومانە بۆ سەرجەم سایت و میدیا عەرەبییەکان، پێویستە بەرپرسانی عێراق ئاگادار بن لەوەی لە چەمچەماڵ روویدا، ئەمڕۆش سەرۆک وەزیرانی عێراق داوایی لە وەزارەتی دارایی کردوە پارە تەرخان بکات، لەیاسای بودجە پارەیەک هەیە بۆ حاڵەتی کتوپڕ کە لە عێراق روودەدات ئەم پارەیە سیادییە و بەشی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە لەبەر ئەوە دەتوانرێت لەو پارەیە قەرەبوی زیانلێکەوتوانی لافاوەکە بکاتەوە ئێمە بەردەوام بەدواداچون بۆ ئەم بابەتە دەکەین. 

لەبارەی دەنگۆی ڕوخانی بەنداوێک لە سنوری چەمچەماڵ دکتۆر غالب محەمەد رایگەیاند، لە سنوری چەمچەماڵ بەنداو نیە، ئەوەی هەیە پۆینتی ئاوە کە لەلایەن هاوڵاتیان و حکومەتێکی فاشل دروست کراوە و هیچ بەنداوێکی گەورە نیە لەو سنورە.

لێدوانێک بەجێ بهێلە