موحسین کەریم: 
دوو رۆژ دوای روخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەدو بەدەسەڵاتگەیشتنی گروپی ئیسلامی تەحریری شام بەسەرۆکایەتی (محمد جولانی- ئەحمەد شەرع)، لە سەروتاری ژمارە ٩٨ی بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەری رۆژی ١٠ی کانونی دووەم/ دێسمبەری ٢٠٢٤دا لەژێرناونیشانی “داهاتووی سوریا بەرەو کوێ!؟ ، نوسیبووم: “هەڵبەتە دڵخۆشی خەلكی سوریا بە رۆشتنی ئەسەد و کۆتایی رژێمە خوێنرێژەکەی، بە ئازادبوونی زیندانیە سیاسیەکان، بە هەستکردن بە ئازادی و نەمانی ترس و سەرکوت و داپڵۆسینی شەبیحەو دەزگا ئەمنیەکانی بەشار ئەسەد و..تاد مایەی دڵخۆشییە، بەڵام بەداخەوە کەوتنی ئەسەد ئاکامی شۆڕشی خەڵکی سوریا نەبووە، ئاکامی ئامادەیی سیاسی و رێکخراوەیی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازی سوریا و کارو کردەوەی شۆڕشگێڕانەی ئەوان نەبووە، بەڵکو ئاکامی هێرشی دەولەتانی کۆنەپەرستی جیهانی و ناوچەیی و هێزە ئیسلامیە کۆنەپەرستەکانی هاوپەیمان و خزمەتکاری ئەوان و بەندوبەستی نیوانیان بووە. بۆیە دوور نیە کە هەموو خۆشیەکانی ئێستای خەڵك بگۆڕێت بۆ ناخۆشی و مەینەتی زیاتر!”
دوای ساڵێك لەو ڕوداوە، ئێستا دۆخی سوریا چۆنە؟ دەبێ خەڵكی ناڕازی و شۆڕشگێر چ جۆرە پەندێك لەو جۆرە ئەزمونە وەربگرن؟
ئەوەی روویداوە؛ زاڵکردنی دەسەڵات و یاساو نەریتە ئیسلامیەکانە بەسەر کۆمەڵگای مۆدێرنی سوریادا، داسەپاندنی دەسەڵاتی گروپێکی ئیسلامی تیرۆریستە بەسەر دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەتی سوریادا، سەپاندنی دەستورێکی کۆنەپەرستانەی عروبی- ئیسلامی بەبێ هیچ جۆرە بەشداریەکی جەماوەری خەڵکی سوریا و رەسمیەتدان بە دەسەڵاتی تاقانەی کۆنەسەرکردەیەکی تیرۆریست بەسەر تەواوی جومگەکانی دەسەڵات و مەشهەدی سیاسی سوریادا، پڕکردنەوەی سوپاس و دامودەزگاکانی سەرکوتی دەورانی ئەسەد لەژێرناوی تازەدا بە جیهادیە ئیسلامیە تیرۆریست و مرۆڤکوژەکان، ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی عەلەویەکان لەژێرناوی بەرەنگاربونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد، کۆمەڵکوژی دروزەکان لەژێرناوی پاراستنی یەکپارچەیی سوریا، هەڕەشەی کوشتاری خەڵکی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە و ئامادەسازی بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە بەهاوکاری دەوڵەتی تورکیا، بێدەنگکردنی هەرجۆرە دەنگێکی نارازی و مۆدێرن و کپکردنەوەیان…وە سەرەنجام خزمەتکردن بە هەر دەوڵەتێكی وەکو ئەمریکاو تورکیاو بگرە ئیسرائیل و روسیاش تەنها بەوەی کە ئەوانیان وەکو حاکمی دیمەشق قبوڵ بێت!
دەسەڵاتەکەی جۆلانی، کە بوونی سوپای ئیسرائیل لە٢٠ کیلۆمەتری دیمەشق قبوڵ دەکات، کە دەسەلاتەکەی بەتەواوی گوێلەمستی تورکیایەو ئەجندا سیاسی و ئەمنیەکانی جێبەجێدەکات، لەژێرناوی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریادا، شمشێری ناسیۆنالیزمی عەرەبی- دەمەزەردکراو بە ئیسلامی سیاسی سونە دژی ئەو بەشەی دانیشتوان بەرزدەکاتەوە کە ئامادەنین دەسەڵاتێکی تاكڕەوی کۆنەپەرستی- تیرۆریستی ئیسلامی- نەتەوەپەرستی عەرەبی قبوڵ بکەن و هەر رۆژە لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە فەرمانی جیهادیان دەردەکات!
ئەم دەسەڵاتە کۆنەپەرستە، کە بەناهەق وەکو نوێنەری سەرکەوتی خەڵکی سوریا بەسەر رژێمەکەی بەشار ئەسەدا و نەهێشتنی “دیکاتۆریەت!” ناوزەد دەکرێ لەلایەن ئەمریکاو دەوڵەتانی رۆژاوا و ناوچەکەوە، گەورەترین زەبری دا لە ئاواتەکانی خەڵکی سوریا بۆ ئازادی و رزگاری و ژیانێکی ئارام و دوور لە سەرکوت و داپڵۆسینی (٥٠) ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد، ژیانێك کە دوای ئەو هەموو قوربانی و زیندان و هەژاری و بێمافیە، دەبوایە خۆشبەختی و ئازادی بۆ خەڵکی سوریا لە هەناویدا هەڵبگرتایە نەك هەمان دەسەڵاتی دڕندانەی شەبیحەکانی ئەسەد بە باندە ئینساکوژە ئیسلامیەکانی محمد جولانی جێگای بگیرێتەوە!
خەڵکی سوریا، نەك دوای زیاتر لە ١٤ ساڵ ئاوارەبوونی ملیۆنی و کوشتاری سەدان هەزار کەس و زیندانیکردن و روداوە دڵتەزێنەکانی زیدانەکانی(سیدنایا)، ئازادییان بەدەست نەهێنا، نەك ژیانیان بەرەو باشتر نەچوو، نەك زیندان و کوشتار کۆتایی پێنەهات، نەك مافەکانی ژنان بەرەو باشتر گۆڕانکارییان بەسەردا نەهات، نەك هاوڵاتیان مافی هاوڵاتیبوونی یەکسانیان بەدەست نەهێنا، و .. تاد. بەڵکو ئاسۆیەکی تاریکی دیکە خراوەتە بەردەمیان کە کارەساتەکانی کەمتر نابن لەوانەی سەردەمی بنەماڵەی ئەسەد.
کاتێك گۆڕانکاریە سیاسیەکان لەرێگای هاتنەمەیدانی شۆڕشگیڕانەی جەماوەری ناڕازی و جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی هوشیارو رێکخراو لەدەوری حزبی سیاسی کۆمۆنیستی شۆڕشگێر و لەناو رێکخراوە جەماوەریە غەیرە حزبیەکاندا، روونادەن، ئەگەری دوبارەبوونەوەی دۆخی سوریا و میسر و تونس و یەمەن و لیبیا و سودان و… هەمیشە یەکێکە لە ئەگەرە ئامادەکان لە شکڵپێدانی دۆخی سیاسی و شێوازی حاکمیەت لەو ووڵاتەدا. ئەوەی لە سوریاو باقی ووڵاتانی عەرەبیدا لە دەورانی ناوبراو بە”بەهاری عەرەبی” ڕوویدا، دەبێ لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە وەکو ئەزمونێکی بایەخدار و جدی وەربگیرێت لەهەر هەوڵیکدا بۆ گۆڕانکاری لە دۆخی سیاسی و هەلومەرجی ژیان و ئازادیەکانیاندا.
