کاسەی بەتاڵ: ئەزموونی ماڵ ژانەر : یاسایی
محەمەد فەرهاد عەزیز: 
لەنێو هەموو کۆمەڵێکدا دۆخی نەداری بوونی هەیە، کەمیی ئاستی هۆشیاری و نەبوونی دەرفەتیش، گرفتەکە قووڵتر دەکەنەوە. وێڕای ئەوەی نەداری ئاستەنگێکی فرە دژوارە، بەڵام یاسا و هۆشیاربوونی هاووڵاتیان، ڕێگەی کەمکردنەوەی ئەو بارودۆخە و گێڕانەوەی هاوسەنگی بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی، ڕۆشن دەکەنەوە.
لە جەنگەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم بارودۆخە، خێزان وەک یەکەم دامەزراوەی کۆمەڵایەتی، ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لەو چاکسازییەدا. چونکە لە بازنەی خێزاندایە، تاک لەسەر بنەماکانی هۆشیاربوون و ڕێزگرتن لە خۆی و ئەوانی دیکە، پەروەردە دەبێت.
بێگومان نەبوونی و نەداری، تەنیا تاقیکردنەوەیەکە بۆ ئەو هاوسەرانەی، دەبن بە تاکە پاڵپشت و پەنا بۆ یەکتری؛ بە تایبەت لەو ژینگەیەدا کە ڕۆڵەکانیان لەسەر بنەمای ئارامگری و هاوبەشیی ڕاستەقینە پەروەردە کردووە و بە دیاریکراوی لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا، کە ژن هەردەم پشتوپەنای پیاو بووە و لە جەنگەی دارایی و نەداریدا، دەستی هاوژینی خۆیانیان بەر نەداوە.
بەڵام سەرەڕای ئەوەش، ناکرێت چاو لە ئاستی کاریگەرییە نەرێنییەکانی نەداری بپۆشین بەسەر خێزانەوە، بۆیێ کاتێک نەداری لە دەرگە دەدات، لە سێ ڕووەوە پاڵەپەستۆ بەسەر خێزانەوە دروست دەکات:
1. دروستبوونی دڵەڕاوکێ لەنێو خێزاندا: بە هۆی نەبوونی و کەمدەستییەوە، تووڕەیی و هەڵچوون زیاد دەبێت و گرفتە بچووکەکان لەڕادەبەدەر گەورە دەکرێن.
2. لاوازبوونی پەیوەندیی هاوسەران: لەبەر کەمیی کات و گرنگیپێدان، هەریەکەیان وا گومان دەکات، ئەوەی دیکە لە بارودۆخی تێ ناگات.
3. کاریگەریی ڕاستەوخۆ بەسەر منداڵەکانەوە: کەمبوونەوەی ئاستی فێربوون و چاودێریکردنیان و زیادبوونی هەستکردن بە کەمی و دڵەڕاوکێ.
کاتێکیش هاوبەشیی نێوان هاوسەران وەکوو پێویست نابێت، نەداری، لە دۆخێکی ئابوورییەوە دەگۆڕێت بۆ ناکۆکی و گەیشتنە بەردەم دادگە. بەڵام ئەگەر هۆشیاری و لێکتێگەیشتن هەبێت، نەداری دەبێت بە قۆناغێکی ڕاگوزەر، نەوەک هۆکاری پەرتەوازەبوونی خێزان.
یەکەم: سەرنجێکی یاسایی:
لە ڕوانگەی یاساییـیەوە، ڕاستییەکان بە بەڵگە دەسەلمێنرێن و گریمانەش بە تەنیا نابێتە بنچینەی تۆمەتبارکردن و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی. بەڵام لە ژیانی خێزانیدا، گۆڕانی گومان بۆ بڕیار و بڕیاریش بۆ ناکۆکی و ناکۆکییش بۆ بەرزکردنەوەی داوا، چاوەڕوانکراوە.
لێرەوە، پرسێکی یاسایی دەورووژێت: کەمتەرخەمی لە کوێوە دەست پێ دەکات و کێ هەڵگری بەرپرسیارێتییەکەیە؟
لە بنەڕەتدا یاسا لەسەر نەداری سزا ناسەپێنێت، بەڵام ڕۆڵی خۆی دەبینێت ئەو کاتەی نەداری دەگۆڕێت بۆ:
• پشتگوێخستنی بژێویکێشان (نەفەقە).
• کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکان.
• تووندوتیژی لە دەرەنجامی پاڵەپەستۆی دەروونییەوە.
هەر بۆیە لە یاسادا، نەداری تاوان نییە، بەڵام پشتگوێخستن، خراپمامەڵەکردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی، کردەگەلێکن یاسا لەسەریان لێپرسینەوە دەکات و سزا دەسەپێنێت.
دووەم: سەرنجێکی کۆمەڵایەتی:
لەناو کۆمەڵدا، نەداری تەنیا وەک دۆخێکی ئابووری نابینرێت، بەڵکوو زۆر جار دەگۆڕێت بۆ ئەو ئاوێنەیەی تێیدا سرووشتی پەیوەندییەکانی ناو خێزانیش نیشان دەدات.
لە ڕاستیدا، نەداری دۆخێکی کۆمەڵایەتییە، نە سیفەتێکی کەسییە و نە بەڵگەیشە لەسەر شکستخواردوویی. کاتێکیش هەردوو لا، دەکەونە ژێر کاریگەریی پاڵەپەستۆی دەوروبەر و کۆمەڵ، لەجیاتیی تێگەیشتن لە واقیع و چارەسەرکردن، بۆشاییـیەک دەکەوێتە نێوانیانەوە. ئاشکرایە سەروەت نابێتە پێوەری ڕادەی دروستیی ئەو پەیوەندییە، چونکە نەداری تاقیکردنەوەی لێکتێگەیشتن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانە، نەوەک تاقیکردنەوەی دیاریکردنی ئاستی خۆشەویستی؛ بۆیە دەبێت ئەوە ڕوون ببێتەوە: نەداری، بارودۆخە نەوەک سیفەت وە هاوسەریگیرییش، هاوبەشییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەختی و ئاستەنگەکان و بنیاتنانی پاشەڕۆژ، نەوەک گرێبەستی دابینکردن.
سێیەم: ڕۆڵی سیستەمی یاسایی لە چاکسازیدا:
یاسا، ڕۆڵی خۆی دەبینێ لەو چاکسازییەدا، لە ڕێی:
1. پابەندبوونی دەوڵەت بە چاودێریکردنی توێژە کەمدەستەکان، لە ڕێگەی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانێکی شکۆمەندانە، دڵنیاکاریی بیمەی کۆمەڵایەتی، پاڵپشتیی دارایی، دابینکردنی هەلی کار و خزمەتگوزارییە بنچینەییـیەکان.
2. ئەو یاسایانەی خێزان لە پەرتەوازەبوون دەپارێزن، گرتنەبەری ڕێکاری ڕێکخستنی ئاستی بژێوی، پاراستنی ژن لە پشتگوێخستن و تووندوتیژی، پاراستنی مافەکانی منداڵ لە دابینکردنی چاودێری و ماڵ و بژێوی و…
3. بەتاواندانی قۆستنەوەی نەداری: کاتێک نەداری دەکرێتە ئامرازی خۆسەپاندن، سووکایەتی و زیانگەیاندن… یاسا دەبێتە قەڵغانی پاراستنی لایەنی لاواز.
چوارەم: چاکسازی لە تێگەیشتن لە ڕاستییەکانەوە دەست پێ دەکات:
ئەو پیاوەی درک بە نەداریی خۆی دەکات، چونکە لە حاڵی خۆی تێگەییوە، نیوەی ڕێگەی بڕیوە بۆ گۆڕینی حاڵی خۆی. ژنێکیش بە هۆی نەدارییەوە، گومانی ئەوەی لا دروست بووبێت کە لە بڕیاری هەڵبژاردنی هاوسەردا هەڵەی کردووە، زۆربەی کات قوربانیی پاڵەپەستۆی دەورووبەر و کۆمەڵگەیە، نەوەک هەڵە لە بڕیار و نەشیاویی پیاوەکەی.
چارەسەر لە تۆمەتبارکردندا نییە، بەڵکوو لە گۆڕینی گۆشەنیگاکاندایە. نەداری نەنگی نییە، سەرکەوتنیش بەسەریدا بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە. ئەو پەیوەندییە پتەوەی چاوەڕێ دەکرێت داهاتوو بنیات بنێت، بارودۆخ لەناوی نابات و لێکتێگەیشتن بەهێزتری دەکات.
لە کۆتاییدا:
وەک “مارتن لۆسەر کینگ” گوتوویەتی: «نەداری نەنگی نییە، بەڵکوو نەنگی ئەوەیە کەسی نەدار لە بیابانی نەداریدا پشتگوێ بخەین.» دەکرێت نەداری لە دەرگە بدات، بەڵام ناتوانێت ئاکامی پەیوەندییەکە دیاری بکات، مادام هەردوو لا بڕیاری کۆتاییـی بۆ جێ نەهێڵن. کاتێک لێکتێگەیشتن هەبوو، ماڵ بەهێزتر دەبێت لە دژواری، ئەودەم یاساش دەبێت بە پاڵپشت و چاکساز، نەوەک ئامرازی سزادان و کۆتکردن.
تەنیا بەم شێوەیە تێگەیشتن بەسەر ئاستەنگ، خێزان بەسەر لێکترازان، گفتوگۆ بەسەر گوماندا سەر دەکەوێت.
پارێزەر: محەمەد فەرهاد عەزیز
