تاهیر عیسا: 
ڕوداوەکانی چەند ڕۆژ لەمەوبەر، لە لاجان و “پاڵاوگەی لاناز ” کە لەلایەن بنەماڵەی بارزانیەوە خاوەنداری دەکرێت(مەنسوربارزانی)،.
سێ ساڵ لەمەو بەر لە٢٦ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۲ لە ڕێورەسمێکدا، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ئێکسپایەری ئەمڕۆی هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی کرایەوە.
پاڵاوگەکە، کە ئێستا ڕۆژانە، توانای بەرهەمهێنانی ۱۰۰ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەیە، لەکاتی کردنەوەیدا ئەوکاتە لەزاری مەسروربارزانیەوە، باسیان لەوەکرد پاڵاوگەکە، ڕۆژانە توانای پاڵاوتنی ٧٥ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەیە و یەك ملیۆن و ٧٠٠ هەزار لیتر بەنزین و پێنج هەزار تۆن قیر و چەندین جۆر بەرهەمی دیکەی سوتەمەنی لە گازوائیل و نەوتی سووک و قورس و گازی شل بەرهەمدێنێت.
هەروەها، ئاماژەی بە کاری سەرەکیی پاڵاوگەکە بۆ بەرهەمهێنانی سوتەمەنی بۆ سوود وەرگرتنی هاوڵاتیان کرد و ئاماژەشی بە دەستەبەرکردنی دوو هەزار لەهەلی کار بۆ دانیشتوانانی هەرێمی کوردستان کرد، کە بە قەولی خۆیان بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پشتگیری لە دابینکردنی دەرفەتی کار بۆ هاووڵاتییانی کوردستان.
لەسەروبەندی تەبلیغات و پڕوپاگەندە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گاڵتەجاڕانەی نوێنەرانی عێڕاق، کە لەیانزەی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو، وەک هەموو جارێک کەوتنە تەبلیغات و وەعدو وەعیدی پڕ لەدرۆ و فریودەرانە، بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک وفریودانیان. پاڵاوگەکان لەکوردستاندا و بەتایبەتی لەسنوری زۆنی زەرددا، وەک تەونی جاڵجاڵۆکە پانتاییەکی فراوانی ناوچەکانیان تەنیوە، کە لەهەر پاڵاوگەیەکدا ژیانی خەڵکی دەوروبەریان بەدو کەڵ وغازی ژەهراوی پاڵاوگەکە هەراسان کردووە، لاناز لەگوندی لاجان کە دەکەوێتە نێوان هەولێرو گوێڕ، لەبانگەشەی هەڵبژاردندا پارتی بەڵێنی بە خەڵکی گوندەکەدا کە سەدو پەنجا دەرفەتی کارو دامەزراندن، لەو پاڵاوگەیەدا دەدات بە خەڵکی بێکار، بەڵام دوای فش بوونەوەی باڵۆنی پڕ لەدرۆی بانگەشەی دەنگدان، ڕاستگۆ نەبوون لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەداو، ئەمەش بووە هۆی توڕەیی و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵک، بەڵام دەسەڵاتی دزو مافیای هەرێمی کوردستان، لەجیاتی وەڵامدانەوە بەداخوازیەکانی خەڵک وەک هەمیشە پەنایان بردە بەر سەرکوتکردنی دەنگی ناڕازی لەلایەن هێزەکانی سەر بەیەکەی تایبەتی لەشکری گوڵان کە مەنسوری کوڕی مەسعود بارزانی فەرماندەیی دەکات، بەگولەی دۆشکا ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەوە، کە لەو ڕوداوەشدا زەحمەتکێشێک کە سایەقی بارهەڵگرێک بوو بەناوی عیرفان بەهادین ئەحمەد ، بەگولەی دۆشکای هێزە ئەمنیەکانی پاڵاوگەکە کوژراوە، هەر ئەوڕۆژە لێدوانی باوکی کوژراوەکە لەئاوێنەدا بەم جۆرە بڵاو کرایەوە:-
کوڕەکەی خەریکی کاری رۆژانەی خۆی بووە کە شۆفێری بارهەڵگر بووە، کەوتووەتە ناو خۆپیشاندانەکەی لاجانەوە، لەوێ رایانگرتووە و نەیانهێشتووە بڕوات.
وتیشی، لە ترسی رۆحی خۆی، ویستوویەتی لە ئۆتۆمبێلەکە بێتەدەرەوە و بچێتە گوندەکە و خۆی رزگاربکات، بەڵام نەگەیشتووە و بە دۆشکە لێیان داوە.
ئەوەشی ئاشکراکرد، ڤیدیۆم لایە، کەسێک فەرمان بە ئاسایشەکە دەکات و دەڵێت، “لێیدە.. لێیدە..”.
دواتریش لەلایەن بنەماڵەی بارزانیەوە لە سولحی عەشایەریدا بەپارەیەک کە داهاتی بەتاڵانبردراوی خەڵکە، باوکی کوژراوەکە بێدەنگکرا، ئەمەش هۆکارێکە بۆئەوەی دەسەڵات و هێزە بەڵتەجیەکانیان سڵ لەڕژاندنی خوێنی خەڵکی زەحمەتکێش وکاسبکارنەکەنەوەو هەرکاتێک ناڕەزایەتی گەیشتە ئەو ئاستەی کە فشار بۆدەسەڵات و حیزبەکانیان دروست بکات، ئەفڕادی بەکرێگیراوی بەناو ئاسایش، دەست لەخەڵکی ناڕازی نەپارێزن وترسیش نەبێت لە یاسایەک بۆ لێپێچینەوەو دادگاییکرنیان و بەئارەزوی ڕقی کوێرانەیان خوێن بڕێژن!
وەنزیکەی سیانزە کەسی تریش هەر بەگولەی هێزەکانی یەکی گوڵان مەنسور بارزانی، لەو خۆپیشاندان و تێکهەڵچونانەدا بریندار دەبن.
پارتی و یەکیەتی وەک دەسەڵاتداری هەردوو زۆنی زەردو سەوز، کەلەژێر چەتری بەناو حکومەتێکدا خۆیان مەڵاسداوە، هەردەم وهەمیشە بەهرەبەرداری لەپێشێلکاریەکانیان دژی خەڵکی زەحمەتکێشی ناڕازی لەچوارچێوەی زۆنەکانیاندا، دەکەن، هەر لایەک ناڕەزایەتیەکان بەتۆمەتی لەپشتبوونی دەستی ئەوی تر سەرکوت دەکات، ئەوان لەدزی و تاڵانیەکانیان و دابەشکردنی داهاتی نەوت وداهاتی قاچاغی سنورەکان، وەک دوو براو شەریکی گەندەڵ، دەنگیان لێوەنایەت، بەڵام بۆ ئیدارەدان و فەرمانڕەوایی کردنی کۆمەڵگاو وەڵامدانەوە بەداخوازیەکانی خەڵک و ڕوداوەکانی پەیوەست بەکێشەکانی خەڵکەوە، هەردوولا یەکتر تۆمەتباردەکەن و لەم ڕێگایەشەوە توانیویانە هەریەکەی لەسنوری زۆنەکەیدا، سەرباری تەبایی و سازانیان لەگەڵ مەعادەلە ناوچەیی وجیهانیەکان، لەچوارچێوەی نفوزی دەسەڵاتیشیاندا شەرعیەت بەسەرکوتکاری و بەپێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها بەمانەوەی خۆشیان بدەن.
سەرباری ئەمەش، لەماوەی حوکمڕانی زیاتر لەسێ دەیەی دەسەڵاتدارێتیاندا، زۆر هەوڵیان لەسەر زیندوکردنەوەی خێڵ وعەشیرەت وتایفەگەری داوە، کەلەم ڕێگایەشەوە توانیویانە سەرکەوتن بەدەستبهێنن، چ لەپێناوی ململانێی هەڵبژاردن چ بۆ دەستەمۆ کردن و کۆنتڕۆڵکردنی دەنگە ناڕازیەکان، ئەوەی لەلاجان و پاڵاوگەی لانازدا ڕویدا، بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەم ڕاستیەیە، ڕوداوی لاناز، بەرەنجامی گەشەی سیستەمی سەرمایەداری و دزی تاڵانیەک کەلەچوارچێوەی ئەم سیستەمەدا دەڕواتە پێشەوە قڵشتی چینایەتی لەکۆمەڵگادا فراوانکردووەو ئەمەش ئەگەر لەلایەک بنەماڵەیەکی ئۆلیگارشی لەشەو ڕۆژێکدا لەم پاڵاوگەیەدا بەملیۆنان دۆلار دەخەنە تەنگەی قاسەکانیانەوە، ئەوا لەبەرامبەریشدا بەسەدان وهەزاران که س بێکارو هەژارترو نەدارتردەبن، ئەمە مەعادەلەیەکی ماتماتیکییەو کەس ناتوانێت ئینکاری بکات، بەڵام ڕوداوەکە دەبەسترێتەوە بە غەدر لەبنەماڵەیەک بەناوی هەرکیەکان، بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵک لەسەر قڵشت و ناکۆکی چینایەتیانە لەکوردستاندا لابدرێت و هەم بۆئەوەش کێشەکە لەڕێگای فڵان و فیسار دەمڕاستی عەشیرەتی بە پێدانی پارەو ئیمتیاز، کۆتایی پێبهێندرێت، هەڕوەک نمونەی خورشید هەرکی لەڕوداوی پێشترو ململانێی لەگەڵ پارتیدا لەپێناوی ئیمتیازی و پێگە وبەش لە دەسەڵات وحیزبداو لەم ڕوداوەشدا توانی دەوری زۆر سلبی لەهەمبەر خەڵکی ناڕازی ناو عەشیرەتدا ببینێت.
دواجار، ئایا خەڵکی ناڕازی کە مافی بێچەندوو چونیانە لەچوار چێوەی کۆمەڵگایەکدا کە بەناو حکومەتێک ئیدیعای فەرمانڕەوایی بەسەرسەری خەڵکەوە دەکات و بەرپرسیارە لەدابینکردنی ژیانێکی پڕ لەئاسایش و ئارام وخۆشگوزەرانی، لەیاسا دەرچوون، یان دەسەڵاتێکی دزو مافیای سەرو خەڵکی کەفیرعەونئاسا ژیان دەکەن، خاڵین لەمۆڕاڵ وئەخلاق و هەموو فەرهەنگ و ئادابێکی کۆمەڵایەتیانەی سەردەم؟
۹.۱۲.۲۰۲٥
