قەبارەى زیانەکان لە هاوکارییەکان گەورەترن؛ زیانلێکەوتووانى لافاوەکەى چەمچەماڵ لەبەرداشى پێدانى هاوکاریی و ململانێی میدیاییدا
- بەپێی راپۆرتى ناوەندى هاوبەشى هەماهەنگى قەیرانەکان، لە چەمچەماڵ 600 ماڵ، لە شۆڕش 600 ماڵ و لە تەکیە 400 ماڵ بەهۆى لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە، زیاتر لە 100 دوکان و کۆگا ئاو چووەتە ناویان، هەشت قوتابخانە زیانیان بەرکەوتووە لەگەڵ 200 ئۆتۆمبێل و 400 حەوزى ماسیش ژێر ئاو کەوتوون.
قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى لافاوەکەى چەمچەماڵ و تەکیە و شۆڕش، شەڕێکى میدیایی لەنێوان پارتى و یەکێتى لێکەوتووەتەوە، لەکاتێکدا بەرپرسانى شارەکە دەڵێن هێشتا قەبارەى زیانەکان لە هاوکارییەکان گەورەترن.
شەپۆلى باران بارینى بەخوڕى هەفتەى رابردوو، لافاوى لەچەندین ناوچەى هەرێمى کوردستان لێکەوتەوە بەتایبەتى لە چەمچەماڵ و تەکیە و شۆڕش، کە بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکى دیکەش برینداربوون و ناوچەکان زیانێکى ماددى گەورەیان بەرکەوت.
ئەو سێ ناوچەیە وەک کارەساتبارترین ناوچەى زیانلێکەوتوو بەهۆى کاریگەرى لافاوەوە دیاریکران و لیژنەى تایبەت بۆ خەمڵاندنى زیانەکان پێکهێنرا، چەندین رێکخراو و دەزگاى جیاجیاش هاوکارییان گەیاندە زیان لێکەوتووان.
بەپێی راپۆرتى ناوەندى هاوبەشى هەماهەنگى قەیرانەکان، لە چەمچەماڵ 600 ماڵ، لە شۆڕش 600 ماڵ و لە تەکیە 400 ماڵ بەهۆى لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە، زیاتر لە 100 دوکان و کۆگا ئاو چووەتە ناویان، هەشت قوتابخانە زیانیان بەرکەوتووە لەگەڵ 200 ئۆتۆمبێل و 400 حەوزى ماسیش ژێر ئاو کەوتوون.
هەرزوو پێدانى هاوکارییەکان شەڕى میدیایی لەنێوان پارتى و یەکێتیدا لێکەوتەوە، بەو پێیەى هەردوو حزب لەسەر ئاستى حکومەت و حزبەکانیان لەرێگەى ئاژانس و رێکخراوەکانى سەر بە خۆیانەوە و بەجیا هەڵمەتى پێدانى هاوکارییان بە زیانلێکەوتووان راگەیاند.
رۆژى هەینى پڕۆسەى دابەشکردنى هاوکارییەکان کێشەى تێکەوت، کاتێک کەسێک کە دواتر وەک پێشمەرگە ناسێنرا تەقەى لەژمارەیەک کارمەندى ئاسایش کرد و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون و یەکێکیان رۆژى شەممە بەهۆى سەختى برینەکەیەوە گیانى لەدەستدا.
رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ لە لێدوانێکیدا بۆ “سبەى” نەیشاردەوە کە دروستبوونى ململانێ لەبارەى هاوکارییەکان کاریگەری هەیە لەسەر هاوڵاتییانى چەمچەماڵ، بەڵام وتى ململانێکە کاریگەری لەسەر ئیدارە و تیمەکان نەبووە و هەماهەنگی تەواو لە نێوان ڕێکخراوەکان و دام و دەزگاکان لەڕێگەی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی مرۆی چەمچەماڵدا هەیە.
رەمک رەمەزان وتیشی “ئەو هاوکارییانەی کە تاکو ئێستا گەیەندراون بە زیانلێکەوتووان لە ئاست زیانەکان نین و زیانەکان زۆرترن بەڵام هاوکارییەکان جێگەی خۆیان گرتووە، لە ئێستادا لیژنەکان لە کاردان بۆ تۆمارکردنی زیانەکان و چەندین لیژنە پێکهاتووە وەک لیژنەی ناوبازاڕ و لیژنەی ئۆتۆمبێل و لیژنەی خەمڵاندنە زیانەکانى هاوڵاتییان”.
بەپێی بەدواداچوونى “سبەى”، زیاتر لە 10 رێکخراو و ئاژانس بەجیا هاوکارییەکانیان گەیاندووەتە سنورى چەمچەماڵ. تا ئێستا ئامارێکى فەرمى لەبارەى کۆى ئەو هاوکارییانەى کە کۆکراونەتەوە و گەیەنراون بە سنورەکە نەخراوەتەڕوو، هەرچەندە هەندێ لە ئامارە نافەرمییەکان ئاماژە بە کۆکردنەوەى نزیکەى دوو ملیار دینار هاوکارى دەکەن.
وریا عەبدولخالق، ئەندامى گروپی ڕا لە چەمچەماڵ بۆ سبەى ئاماژەى بەوەدا، ئەوان لە شێوازى دابەشکردنى هاوکارییەکان رازى نین “دڵنیان خەڵکانێک هەیە ئەگەر زیانیشی بەرکەوتبێت لە ڕووی نایات بێتە بەردەم کامێرا و داوای یارمەتی بکات و دەربکەوێت”.
وتيشى “داوامان کردووە لیژنە و ڕێکخراوەکان بچنە ماڵەکان و لە نزیکە و زیانەکانیان ببینن، نەبوونى هەماهەنگی لەنێوان لیژنە و لایەنەکانیش کاریگەری هەیە لەسەر خەڵک و بووەتە هۆى دروستکردنی جیاوازی و قەرەبونەکردنەوەی هاوڵاتییان وەک یەکتر”.
“پارتی و یەکێتی میدیاکانیان کارێکی زۆر خراپ دەکەن و دەیانەوێت لە ڕێگەی ڕوماڵکردنەوە تۆڵە لە یەکتر بکەنەوە چەمچەماڵ بۆتە سەکۆی ململانێی حزبی و چەمچەماڵ وەک سواڵکەر پیشاندراوە”، وریا عەبدولخالق وایوت.
سبەى-هانا مەحمود
