Home بیروڕا“تەکنۆلۆژیا، هەلی نوێ یان ڕێگریی نوێ؟”

“تەکنۆلۆژیا، هەلی نوێ یان ڕێگریی نوێ؟”

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 28 بینینەکان

ڕۆزا دڵشاد مەریوانی 

تەکنۆلۆژیا و دنیای سۆشیال میدیا چەکێکی دوو سەرە، واتا دەکرێت سوودی هەبێت بۆ بابەتە گرنگەکانی ژیان و دەکرێت کێشە و بابەتە ئاڵۆزەکان خراپتر بکات، بەتایبەتی بۆ ژنان و پرسەکانی ژنان. ئەگەر بە لایەنە ئەرێنیەکەدا تەماشای تەکنۆلۆژیا و ئامێرە زیرەکەکان و زیرەکیی دەستکرد بکەین، دەبینین سوودی زۆرە بۆ نموونە: هۆشیارکردنەوەی ژنان، چونکە دەکرێت پەنجەرەیەک بێت بۆ ژنە بە تواناکان بۆ دەربڕینی رای خۆیان و بەشداری پێکردنی ئەزموونی خۆیان لە هەر بوارێکدا بێت لەگەڵ ژنانی دیکەدا، وروژاندنی رای گشتی دەربارەی ئەو تاوانانەی دژ بە ژنان دەکرێن وەک تاوانەکانی توندوتیژیی بە هەموو جۆرەکانییەوە، گەیشتنی خێرای ژنان بە زانیارییەکان و پەرەپێدانی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا، جگە لەوە لە دنیادا بەگشتی تەکنۆلۆژیا دەرفەتی کاری نەرمی بۆ ژنان دەستەبەر کردووە و یارمەتی زۆرێک لە ژنان دەدات بۆ کارکردن لە ماڵەکانی خۆیانەوە، بەبێ ئەوەی ناچار بن ماڵ و منداڵەکانیان بەجێبهێڵن کاردەکەن و مووچە و داهاتێکی سەربەخۆ بۆخۆیان دەستەبەر دەکەن، هەروەها سوودی هەیە بۆ خاوەن پرۆژە بچووکەکان لە ژنان، بۆ بە بازاڕکردنی ئەو کاڵا و بابەتانەی بەرهەمی دەهێنن و لەو رێیەوە دەتوانن مارکێتینگ بۆ بەرهەم و کارەکانیان بکەن و زۆری دیکە.

بە بارە نەرینەکەدا ئەو دنیا گریمانەکراوە دەکرێت بۆ ژنان و کچان زۆر مەترسیدار بێت، ئەگەر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا نەکەن و بەکاری نەهێنن، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی ئاستی زانستیی و رۆشنبیرییان کەمە، تا بەهۆی ئەو ئامێرانەوە نەکەونە کێشەوە درک بە مەترسییەکانی ناکەن، هاوکات لە دنیای گریمانەکراودا ژنان وەک بەکارهێنەری ئەو ئامێرە زیرەکانە دەکرێت مەترسیی نوێ و رێگریی نوێیان بۆ زیاد ببێت، وەک زیادبوونی توندوتیژیی و گێچەڵپێکردن و هەڕەشە لێکردنی ئەلیکترۆنی، جگە لەوە گۆڕانی دنیای کار بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی و بەکارهێنانی داتا دیجیتاڵییەکان وادەکەن ئەو ژنانەی ئاستی زانستییان کەمە یان لە تەمەنێکدان ناتوانن فریای ئەو پێشکەوتنە خێرایانە بکەون، لە دنیای کار دوابکەون و نەتوانن ئەو بۆشاییەی لەنێوان ئەوان و ئەو دنیا زیرەکە نوێیەدا درووست دەبێت پڕبکەنەوە، بۆیە زۆرجار ئەوە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئەرکەکانیان، هەروەها هێشتا ژنان لەو ئەرکانەی پشت بە داتا و تەکنیکە زیرەکەکان دەبەستن کەمینەن و کەمتر دەرفەتی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێت لەو بوارانەدا پەرە بەخۆیان بدەن.

دواجار ڕاستە تەکنۆلۆژیا کەرەستەیەکی بەهێزە و دەتوانێت هێزی ژنان و دەنگی ژنان بەرزتر و کاریگەرتر بکات، بەڵام ئەگەر سیاسەت و یاسای گونجاو نەبێت بۆ پاراستن و پاڵپشتی لێکردنیان بەرامبەر هەموو کۆت و بەند و ئاڵنگاری کۆمەڵایەتی و کولتووریی و زانستییەکان، ئەو کەرەستە زیرەکانە دەکرێت ببن بە ئامێری زیاتر چەوساندنەوە و کۆت و بەندکردن و رێگرییکردن بۆ ژنان، بە تایبەتی لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا، واتا تەکنۆلۆژیا دەبێت هێزی پاڵنەر و پاڵپشتیکەر بێت بۆ ژنان نەک ئامێری سەرکوتکردن و توندوتیژیی و پەراوێزخستن بێت.

لێدوانێک بەجێ بهێلە