لەناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆنەوە: ژمارەیەك پەنابەری کوردی لەگرتووخانەیەك دەستبەسەرکراون بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوە.
بەریتانیا-گرتووخانەی هارمۆندسوۆرس-١٦/١٢/٢٠٢٥: ریبوار پەنابەرێکی کورد لەگرتووخانەی دەستبەسەری هارمۆندسوۆرس لە لەندەن بە ناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆنی ڕاگەیاند”زیاتر لە ٢٥ پەنابەری کورد لەم گرتووخایە راگیراون بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوە بۆ عێراق..” ئەوەشی راگەیاند “ماوەی ٢٥ساڵە لە ولاتی بەریتانیا ژیان بەسەر دەبەم خاوەنی خیزان و٧مناڵم”
هەروەها ئەوەشی ووت “دۆێنی یەكێك لەو پەنابەرانە کوردانەی ئەم گرتووخانەیەیان بردە فرۆکەخانەی هیسرۆ بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوە بەلام خۆشبەختانە ناردنەوەکەی راگیرا وگەڕینرایەوە..”
ئەم هەوڵانەی حکومەتی بەریتانیا لەچوارچێوەی واژوکردنی ڕێککەوتنێکی فەرمییە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بۆ گەڕاندنەوەی زۆرەملی ئەو هاووڵاتییە عێراقیانەی کە داوای مافی پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە. ئەمەش بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی پەڕینەوەی بەلەمی بچووك و سنووردارکردنی هاتنی پەنابەران.
دەشتی جەمال سکرتیری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی سەبارەت بەدەستگیرکردنی ژمارەیەك پەنابەری کورد لە بەریتانیا ووتی”دوای ئەوەی ئاگادارکراینەوە لەلایەن پەنابەرە دەستگیرکراوەکان هەولەکانی خۆمان دەستپێکردوە تا بەهانای ئەو پەنابەرانەوە بچین “
دەشتی جەمال ئەوەشی ووت” بە توندی دژی هاوکاری حکومەتەکانی بەریتانیا و عێراقم سەبارەت بە دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێ بۆ عێراق. گەڕانەوەی خەڵك بۆ وڵاتێك کە زۆرێکیان ڕووبەڕووی نائەمنی، گۆشەگیری، یان نەبوونی پاراستن دەبنەوە، پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و مافی پەنابەریە. بڕیارەکانی پەنابەری دەبێت مرۆڤانە و دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای سەلامەتی ڕاستەقینە بێت نەك گرێبەستی سیاسی”
دەشتی جەمال ووتیشی”دەسەڵاتدارانی بەریتانیا و عێراق هاوبەشن لە ناچارکردنی پەنابەران بۆ دیپۆرتکردنەوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی دەستبەسەرکردن و فشار و تۆقاندن. ئەو کەسانەی بەناچاری لە دەست دۆخی عێراق وهەرێم و میلیشیاکان هەڵهاتوون، ئێستا دەنێردرێنەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هەمان ئەو دەسەڵاتانە ببنەوە کە گۆشەگیرییان کردوون. ئەمە سزای بەکۆمەڵە نەك کۆنترۆڵکردنی کۆچ. گەڕانەوەی زۆرەملێ بۆ عێراق سەلامەتی نییە وپشتکردنەلە بریارەنامە جیهانیەکان لەبارەی مافی پەنابەریوە..”
حکومەتی بەریتانیا لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٥ چاکسازییە بەرفراوانەکانی پەنابەری ڕاگەیاند کە کاریگەری لەسەر هەموو هاتنی ناڕێك دەبێت، لەوانەش پەنابەرە عێراقییەکان وەك دۆخی پاراستنی کاتی، چاوەڕوانی درێژخایەن بۆ یەکلاکردنەوە، و چاکسازییەکی گشتی لە مافەکانی تانەدان.
شایەنی باسە لە کۆتایی مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥دا، نزیکەی ١٩٦٢ پەنابەر لە ژێر دەسەڵاتی کۆچبەری بەریتانیادا لەگرتووخانەکاندا دەستبەسەرکراون (ئەمە پەنابەران و ئەوانی دیکەش دەگرێتەوە کە کێشەیان بووە و مافی مانەوەیان نییە)
هەواڵەکان لە ناوەندی هەوالگری فیدراسیۆنەوە درێژەی دەبێت…
ژمارەیەك پەنابەری کوردی لەگرتووخانەیەك دەستبەسەرکراون بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوە
63
