Home بیروڕائێران.. زۆرەملێ یان ئازادی!

ئێران.. زۆرەملێ یان ئازادی!

by admin
0 کۆمێنتەکان 73 بینینەکان

عەبدولڕەحمان گەورکی:   
پرسی حیجاب لە ئێران تەنیا پرسێکی فەرهەنگی یان مەزهەبی نییە؛ بەڵکو راستەوخۆ پەیوەستە بە مێژووی سیاسیی وڵات و خەباتی دەیان ساڵەی گەل بەرامبەر بە “دیکتاتۆرییەت” و “زۆرەملێ”. حیجاب بووەتە ئامرازێکی دەسەڵات لە هەردوو دیوی مێژووی هاوچەرخی ئێراندا. ئامرازێک کە جارێک بۆ “سەپاندنی بێ حیجابی” و جارێکی دیکە بۆ “حیجابی زۆرەملێ” بەکارهاتووە. لەم نێوەندەدا خەبات بۆ “ئازادی جل و بەرگ” بووەتە یەکێک لە دیارترین هێماکانی بەرخۆدان لە دژی هەر جۆرە دیکتاتۆرییەتێک لە ئێران.
بە گشتی لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی “حیجاب” لە ئێراندا، سێ رەوتی سەرەکی دەتوانرێت دەستنیشان بکرێت. ئەم سێ رەوتە، رەگ و ریشەی نەک هەر لە هەڵوێستە سیاسییەکان، بەڵکو لە هەڵوێستەکان بەرامبەر بە مافەکانی تاک و پێگەی مرۆڤ و بە تایبەتی “ژن” لە کۆمەڵگا و چەمکی ئازادیدا داکوتاوە.
1. رەوتی یەکەم: بەرگریکارانی سیاسەتەکانی سەردەمی پەهلەوی بە زۆرەملێ
لە سەردەمی رەزاشای پەهلەوی، سیاسەتی “کەشفی حیجاب” لەلایەن رەزاشاوە، وەک فەرمانێکی حکومەت جێبەجێ کرا، نەک وەک هەڵبژاردنێکی کۆمەڵایەتی و جەماوەری. ئەم هەنگاوە بە رواڵەت لە ژێر درووشمی “مۆدێرنیزاسیۆن” ئەنجامدرا، بەڵام بە کردەوە بووە یەکێک لە روونترین نموونەکانی دەستێوەردانی حکومەت لە ژیانی شەخسیی خەڵکدا. چەندین بەڵگەی مێژوویی (بیرەوەرییەکانی ژنانی ئەو سەردەمەدا و بەڵگەنامەکانی حکومەت و راپۆرتەکانی کۆمەڵناسەکاندا) نیشان دەدەن کە زۆرێک لە ژنان بە زۆرملێ، بە هەڕەشەکردن، یان گوشاری کۆمەڵایەتی ناچار بوون حیجابی خۆیان وەلا بنێن.
پشتیوانانی ئەم هەڵوێستە، چ ئەوکاتە و چ ئێستا، زۆرجار بە شێوەیەکی یەکلایەنە “ئازادی” پێناسە دەکەن: “واتا مۆدێرنیزاسیۆنی زۆرەملێ”. بەڵام (ئازادیی سەپێنراو) لە بنەڕەتدا دووفاقییەتە. ناچارکردنی مرۆڤ بۆ لابردنی حیجاب، ئەوەندەی پێشێلکردنی ئازادییە، ئەوەندەش پێشێلکردنی ئازادییە بۆ حیجابی زۆرەملێ.
2. رەوتی دووەم: لایەنگرانی حیجابی زۆرەملێ بە فەرمانی حکومەت
ئێران لەگەڵ شۆڕشی ١٩٧٩دا چووە قۆناغێکی جیاوازەوە، بەڵام لە رووی روانین تایبەت بە حیجابەوە، هاوشێوەی رابردوو بوو. جیاوازییەکە لەوەدا بوو کە ئەمجارە، “حیجاب” بوو بە “یاسایەکی ئیجباری”. لە ساڵی 1980 بەدواوە حیجابی زۆرەملێ بوو بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی سیاسەتی رژێمی بەناو ئیسلامی. یاساکانی تاوان، هێزی گەڕۆکی کۆنترۆڵکردنی جلوبەرگ، کار و هەنگاوەکانی پۆلیس، بێبەشکردنی ئیداری و ئەکادیمی و پێکهاتەی چاودێریکردنی، بەربڵاو ئاماژە بەوە دەکەن کە حیجاب بووەتە “ئامرازێکی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی”.
ئەم رەوتەش وەک رەوتی یەکەم، ئازادی لە روانگەی زۆرەملێیەوە پێناسە دەکات. جیاوازییەکە لەوەدایە کە ئەمجارەیان زۆرەملێ بە لێکدانەوەیەکی دیاریکراو لەمەڕ ئایین و ئەخلاق رەوا دەبینێت و پاساوی بۆ هەڵدەگرێت. ژنان گەورەترین قوربانی ئەم هەڵوێستە بوون و حیجابیش لە هەڵبژاردنی تاکەکەسیەوە گۆڕدراوە بۆ رەمزی دەسەڵاتی سیاسی.
پێویستە ئەوەش زیاد بکرێت کە حیجابی زۆرەملێ تەنها ژنانی سنووردار نەکردووە. قەدەغەکردنی هەندێک جۆری جلوبەرگ بۆ پیاوان و چاودێریکردنی شێوازی قژ و هەستیاری بە دەرکەوتنی گشتیی پیاوان، بەشێک بووە لە هەمان سیاسەتی کۆنترۆڵکردن. بۆیە پرسی ئازادبوونی جلوبەرگ لە ئێراندا تەنها بۆ ژنان نییە. هەرچەندە کاریگەرییەکانی لەسەر ئافرەتان زۆر توندتر بووە.
3- رەوتی سێیەم: پشتیوانانی ئازادبوونی جل و بەرگ؛ هەڵوێستی گەل و هەڵوێستی دیموکراتیک
بە پێچەوانەی ئەم دوو رەوتە، گروپ و تاک هەن کە “پرەنسیپی بنەڕەتیی ئازادی”یان قبوڵ کردووە. پێویستە تاک ئازاد بێت لە پۆشینی جل و بەرگدا. لەم روانگەیەوە نە حکومەت و نە هیچ بزووتنەوەیەکی سیاسی مافی ئەوەیان نییە جل و بەرگ بەسەر تاکدا بسەپێنن. چونکە هەڵبژاردنی جل و بەرگ، وەک هەڵبژاردنی شێوازی ژیان یان باوەڕێکی ئایینی، بەشێکە لە مافیی بنەڕەتی مرۆڤ.
ئەم هەڵوێستەیە ئەمڕۆ لە نێو چین و توێژە بەرفراوانەکانی کۆمەڵگای ئێراندا دەبینرێت. لە چالاکوانانی مافی ژنانەوە تا هێزە سیاسییەکانی نەیاری دیکتاتۆرییەت. لە نەوەی گەنجەوە بگرە هەتا ئەو کەسانەی ئەزموونی دەیان ساڵەی جیاوازیان بەسەر بردووە. لێکۆڵینەوە و راپرسییە کۆمەڵایەتییەکان لە ساڵانی رابردوودا دەریدەخەن کە زۆرینەی هاووڵاتیانی ئێرانی، چ ژن و چ پیاو، رقیان لە زۆرەملێیە و “ئازادیی جل و بەرگ” بە پێوەرێکی گرنگ بۆ کۆمەڵگایەکی دێموکراتیک دەزانن.
ئەم رەوتە بە پێچەوانەی دوو رەوتەکەی پێشوو کە باسمان کردن، نە لەگەڵ دەسەڵاتی پەهلەوی کۆکە و نە لەگەڵ رژێمی بەناو ئیسلامی. بەڵکو لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ و هەڵبژاردنی تاک و سەربەخۆیی مرۆڤ لە شێوازی ژیانی مرۆڤدا دامەزراوە.
کام رێگا، داهاتووی ئێران مسۆگەر دەکات؟
ئازادبوون لە هەڵبژاردنی جل و بەرگدا، بە رواڵەت بابەتی جل و بەرگە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا پەیوەندی راستەوخۆی هەیە بە بناغەی دیموکراسیەوە. کۆمەڵگایەک کە نەتوانێت لە سادەترین بابەتی شەخسی (جل و بەرگ)دا رێگە بە هاووڵاتیانی خۆی بدات، جل و بەرگ هەڵبژێرن و ئازاد بن، ناتوانێت ئیدیعای ئازادیی گەورەتر بکات. ئەزموونی مێژوویی ئێران دەریخستووە کە هەرکاتێک حکومەت دەستوەردان لە جلوبەرگدا بکات، هەنگاوێکی بەرەو ستەم ناوە نەک پێشکەوتن.
لە لایەکی دیکەوە، ئەوانەی ئەمڕۆ درووشمی “نەهێشتنی سەرپۆش بەتەواوی ” دەڵێنەوە، هەرچەندە رەنگە دژایەتیکردن بکەوێتە بەرچاو لە ئاست رژێمی بە ناو ئیسلامیدا، بەڵام لە راستیدا لەسەر هەمان رێبازی زۆرەملێدان. ئازادی واتە هەڵبژاردن. هەڵبژاردنێک کە دەتوانێت ببێتە هۆی لەبەرکردن جۆری جل و بەرگ یان لەبەرنەکردنی جۆری پۆشش، نەک بە یاساکردنی پرسێک بۆ هەمووان.
لە کۆتاییدا داهاتووی ئێران بەندە بە قبوڵکردنی ئەم بنەما سادەیە، بەڵام بنەڕەتییە:
“ئازادیی جل و بەرگ مافی هەموو کەسێکە (مێ یان نێر). هیچ کۆمەڵگایەک بەبێ رێزگرتن لەم مافە ناتوانێت پشت بە دیموکراسی و کەرامەتی مرۆڤ و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی ببەستێت”.

عەبدولڕەحمان گەورکی، نوسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

لێدوانێک بەجێ بهێلە