Home بیروڕادیالێکتیکی کەڵەشێرو تاریکی

دیالێکتیکی کەڵەشێرو تاریکی

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 81 بینینەکان

د. ئەمیر حسێن:

عەلی شەریعەتی دەڵێت :”پرسیارم لە هاوڕێکەم کرد : بۆچی کەڵە شێرەکەتان بەیانیان ناخوێنێ یان ( ناقوقێنێ ) ؟  لە وەڵامدا وتی : دراوسێکان بەردەوام گلەیییان هەبو ، بەیانیان زو خەبەری دەکردنەوە ، بۆیە سەرمان بڕی!

لێرەوە تێگەیشتم بە درێژایی مێژوو هەر کەسێک بیەوێت خەڵکی لە خەو بەئاگا بهێنێتەوە ، هەمیشە کەسێک هەیە بیەوێت سەری بڕێ . لە ژیانی ئێمەدا خەڵک بەردەوام باسی مریشک دەکەن، کەس باسی کەڵەشێر ناکات. زیاتر بیر لەتێر کردنی گەدەیان دەکەنەوە، نەک بەئاگاهاتنەوەی عەقڵ و بیرکردنەوە”.

لەم دیالۆگە کورتەدا کەڵەشێر تەنها پەلەوەرێکی ناو کۆختەی لادێکان نیە ، بەیانیان بەدەنگە زوڵاڵەکەی بخوێنێ ، لەگەڵ تاریک و ڕوندا دانیشتوانی ئاوایی لە خەو هەڵسێنێ بۆ سەر کارەکانیان ، بەڵکو کەڵەشێر لێرەدا سیمبولی پەیوەندیەکی ئەزەلیە لە نێوان ئاگایی و دەسەڵات ، تاریکی و ڕوناکی ، بانگەوازو بێدەنگی ، لە نێوان سەرەتاو کۆتایدا . هەروەها تاریکی بەتەنها نەبونی ڕوناکی نیە ، بە قەد ئەوەی ئامادەییەکی چڕی ترسە ، لەم دیالێکتیکەدا تاریکی لە زۆنی پاسەوانی هێزێکدا خۆی مەڵاس داوە بوار بە هیچ پرسیارێک نادات ، تەنانەت بە چرپەش ، چونکە دڵنیایە دواجار هەر پرسیارە کورەی هەنگی ئاگامەندی فو پێدادەکاو دەجوڵێنێ ، لە مینبەری حەقیقەتەوە بانگەواز دەکات ؛ بەسە ئیتر دەست هەڵگرن ، تاریکی لەسەر تەوقیتی خەوی ئێوە سنوری ئیمپراتۆریەتەکەی داڕشتوە ، ئێوە دەزانن شەو قەدەرێکی ئەبەدی نیە ، هەر کەسێک جورئەت بکات ، دەتوانێ  سروشتی سیستەمی بێدەنگی تێک بشکێنێ ، تەنانەت چرپەیەک بەسە بۆ دەنگدانەوە ، تاڵێک گزنگی خۆر بەسە بۆ مژدەی ڕۆژێکی نوێ .

هەرهاوارێک بۆ بەئاگا هێنانەوە ، بەدرێژایی مێژو ، خاوەنەکەی توشی هەڕەشەو مەترسی سەر پەڕاندن کردوە، چونکە لەو کاتەوە مرۆڤ دەسەڵاتی وەک ئامرازی خۆ سەپاندن دۆزیوەتەوە، ستەمکاران قاعیدەیەکی پتەوی لە زێڕ هەڵکێشاویان داهێناوە، هەر دەنگێک کۆمەڵگا بە ئاگا بێنێتەوە ڕاستەوخۆ دژی دەسەڵاتدارانە، بۆیە دەسەڵاتداران هەمیشە ترسی ڕاستەقینەیان لە بە خەبەرەکانە، یان ئاگا مەندەکانە، نەک خەوتوەکان ، تەنانەت لە برسیەکانیش ئەوەندە ناترسن، چونکە زۆرجار برسیەکان بە ئەستوکێک هەڵدەخەڵەتێن، یان وەکو مارکس تیۆریزەی کردوە: ” ئەوە برسیەکان نین شۆڕش بەرپا دەکەن، بەڵکو ئەوانەن هۆشیاریان لە مەڕ هۆکارگەلی برسیەتی هەیە“. هۆشیارو بە ئاگاکان خۆیان لەسەر چرکە ژمێری ئازادی و خەونی دادپەروەری ڕێکخستوە ، چەپەرەکانی سەوداو مامەڵەیان خستۆتە ژێر پێیان و زۆر دەمێکە تێیان پەڕاندوە .

لێرەوە کەڵەشێر لە پەلەوەرێکی گوند نشینەوە ، لە کۆختەکەی دێتە دەرەوەو بەسەر قوچەکەکانی ڕەمزیەتەوە، بازدەداتە ناو فەلسەفەو مێژوی بیرکردنەوە ، سوکرات کەڵەشێرێک بو ، بە قوقە قوقی پرسیارەکانی ، خەوی لە هەمو دەوڵەتشاری ئەسینا زڕاندبو ، کاتێکیش بەسەریاندا سەپاندیان ، بێ دودڵی پیاڵە ژەهرەکەی نۆشی ، ئیبن ڕوشدیان نەفی کردو کتێبەکانیان سوتاند ، چونکە خەوخۆشەکانی حەرەم سەرای سوڵتانی بەئاگا دێنایەوە ، حەلاجیان بە خاچی بیروباوەڕەوە پارچە پارچەکرد کاتێک هاواری کردو دەیگوت (آنا الحق) ، کاتێکیش گالیلۆ بوێری ڕاستکرنەوەی هەڵە کوشندەکەی گەردونی ڕاگەیاند ”چیتر زەوی سەنتەری گەردون نیە“،  پێش ناوەندە زانستیەکان و گەردون ناسان ، قەشەو کەنیسەکان هاواریان لێ هەڵساو دەرگای زیندانیان بۆ خستە سەر پشت . جیل دولوز بە ” تێکدەری سیستەم “ تاوانبارکرا ، کاتێک هاواری دەکرد پێویستە عەقڵ باز بدات نەک وەکو کیسەڵ ڕێبکات . عبدوالرحمن کەواکبی ژەهرخواردکرا کاتێک دەیویست پێمان بڵێ :” ستەم و زۆرداری سێبەر نیە بە دوای چارەنوسەوە ، بەڵکو کابوسە کابوس “. مەنگوڕی دوای گەڕانەوەی لە گەشتی مەریخ ، بەحەسرەتی ئامێزی گۆڕ مریەم ، لە غەریبی سەری نایەوە ، سپینۆزا و فەرەج فۆدە و گرامشی و سهروردی و حسين مروة ، ئەحمد موختارجاف ، عبدوالخالق مەعروف و عەبدوالستار تاهیر شەریف تادەگاتە سۆرانی مامە حەمەو کاوە گەرمیانی و … دەیان و بگرە هەزاران دەنگی دلێرو زوڵاڵی تر .

 هەرگیز کەڵەشێر لەسەر بانگخوێنی و قوقاندن سەری ناپەڕێت ، بەڵکو هەمیشە لەسەر کاتی قوقاندن و پەیامی بانگخوێنیەکەی ، واتا خەبەرکردنەوەی ئاوایی ، ڕوبەڕوی مەترسی ومل پەڕاندنی دەکاتەوە ، چونکە لە دیدی دەسەڵاتداران ئەمە گەورەترین تاوانە ، ئاواییەک لە خەو هەڵسێنی و بە ئاگا بێنیەوە ، لە کاتێکدا ئەمان سیستەمەکەیان لەسەر سڕکردنی ئاگامەندی و سامفۆنیای پرخەو ، باوێشکی بەکۆمەڵ ڕێکخستوە ، دەسەڵاتداران دەیانەوێت کۆمەڵگا وەکو کێڵگەی پەلەوەری مریشک ، هێلکەیان بۆ بکاو جوچکەیان بۆ بەرهەم بێنێ و سکیان تێربکا ، بەڵام هەرگیز دەنگ هەڵنەبڕێ ، هیچ جۆرە داواکاریەک بەرز نەکاتەوە ، فێر نەبێت بڵێ : نەخێر .  بۆ ئەو مەبەستە مێدیایەکی زەبەلاحیان خستۆتە کار، بۆئەوەی بانگەوازی هەستانەوە وەربگێڕن بۆ سەر زمانی لایە لایەی درۆزنانە ، تا ئازارەکانی کۆمەڵگا بلاوێنێتەوە ، بیانخاتە دۆخی خەوی قورسی موگناتیسی ، لێرەوە تەنها دەسەڵاتدارانی ستەمکارنین ، چەقۆ لە کەڵەشێرەکان دەسون ، خودی کۆمەڵگاش کێشەیە ، کاتێک لە ناو پارادۆکسی هاوکێشەیەکی عەنتیکەدا ، ڕاهێنراوە لەسەر خەوی خۆش ، بۆیە بەردەوام  پێویستی بە تاریکی و لاواندنەوەیە ، نەک بانگەوازی بەئاگاهێنانەوە ، یان دەنگێک بە گوێیدا بچرپێنێ و بیری بخاتەوە : ژێر بەتانی و ناو پێخەفی خەوە قوڵەکەت ، جۆرێکی ترە لە زیندانی ئارەزو مەندانە ، باشترە هەرچی زوە لە خەو ڕاپەڕی و بە جێی بهێڵی .

لە کۆتایدا سیستەمە سیاسیە هاوچەرخەکان ، چیتر پێویستیان بە مل پەڕاندنی کەڵەشێرەکان نیە ، بەڵکو لە ئێستادا دەرفەتی ژیانیان بە باشترین شێوە بۆ دەڕەخسێنن ، لەبەرامبەر بێدەنگیاندا ، یان ڕاستتر بڵێم ، لەبەرامبەر فرۆشتنی دەنگیاندا ، ئەوەتا دایان دەمەزرێنن ، وەزیفەو موچەیان بۆ دەبڕنەوە ، پلەو پۆستیان بەسەردا دابەشدەکەن ، لەقەبی قەبەی زانستی و ئەکادیمیان پێدەبەخشن ، شاشەو مینبەری مێدیایی زەبەلاحیان دەخەنە بەردەست ، ئەوانیش لەبری ڕاچڵەکاندن و بەئاگاهێنانەوەی ئاوایی ، لایەلایەی خەوی سەرتاسەری ، لەسەر ڕیتمێکی ئامادەکراو بە تۆنێکی ڕێکخراو دەچڕن ، لێرەوە ڕۆشنبیرو بیرمەند مێدیاکارو ئەکادیمی و سیاسی ، لە کەڵەشێرەوە دەبن بە مریشکی ئومەهات ، ئەوەی پێداگریش بکات لەسەر ئەرکە سروشتیە ئەخلاقیەکەی ، ناڕازی بێ و ئازایانە هەر بقوقێنێ ، لە هەمو ڕویەکەوە پەلاماری دەدەن ، وێنەکەی ناشیرین دەکەن بە تۆمەتی ناڕەوا ، تەڵەی هەواڵگری نا ئەخلاقی بۆ دەنێنەوە ، مەدالیای خیانەت و جاسوسی بە گەردندا هەڵدەواسن ، لە هێڵی پێشەوەی بەرگریەوە فڕێی دەدەنە ناو تابوری پێنجەم ، لە ڕوی کۆمەڵایەتیەوە نابوتی دەکەن ، تا دەگاتە زیندان و ڕاونان و کوشتن . بۆ ئەوەی دەنگ و ڕەنگی وەک چۆن لای دەسەڵاتداران نەفرەت لێکراوە ، ئاوهاش لە ناو کۆمەڵگا و لاپەڕەکانی مێژودا بێزراو نەخوازراوبێت .

لێدوانێک بەجێ بهێلە