بەهار مونزیر: 
زۆرجار پاتریارکی و توندڕەوی وەك دوو کێشەی جیاواز باس دەکرێن؛ یەکێک وەك نەریتێکی کۆمەڵایەتی و ئەوی تر وەک بیرۆکەیەکی ئایدیۆلۆژی یان ئایینی توند. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەم دووانە بە یەکەوە پەیوەستن و لە یەك بنەماوە سەرچاوە دەگرن. توندڕەوی لە شوێنێکی بەتاڵدا دروست نابێت، بەڵکو لە نێو سیستەمی پاتریارکی گەشە دەکات؛ سیستەمێک کە دەسەڵات، کۆنترۆڵ و بێدەنگکردنی ژنان ئاسایی دەکات.
لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەم پەیوەندییە تەنها بیرۆکەیەك نییە، بەڵکو لە یاسا، دامەزراوەکان و ژیانی ڕۆژانەدا دیارە پاتریارکی وەك بنەمایەکی توند ڕەگی دادەکوتێت، پێکەوە سەوز دەبنەوە..
پاتریارکی تەنها کێشەی نایەکسانی ژن و پیاو نییە، بەڵکو سیستەمێکی دەسەڵاتە کە کۆمەڵگا ڕێکدەخات لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات، پیاوەتی، پیرۆزکردنی خێزان لەم سیستەمەدا، ژنان دەبن بە ئامراز: ئامرازی ناموس، بەرپرسیاریەتی کاری بێ کرێ هتد
ئەم هەمان بنەمایانە بیرۆکەی توندڕەوانەش پێکدەهێنن. توندڕەوی پێویستی بە ڕۆڵی توندو دیاریکراوی ڕەگەزی هەیە، و هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئەم ڕۆڵانە، وەک مەترسی بۆ “خێزان”، “ئایین” یان “کۆمەڵگا” نیشان دەدرێت. بەم شێوەیە، توندڕەوی تێکچوونی نەریت نییە، بەڵکو پاتریارکییە لە شێوەیەکی توند و ڕێکخراو. کۆنترۆڵکردنی ژنان وەک ستراتیژی سیاسی، یەکێک لە ڕوونترین خاڵەکان لە پەیوەندی پاتریارکی و توندڕەوی، هەوڵی بەردەوام بۆ کۆنترۆڵکردنی جەستە، ژیان و بڕیارەکانی ژنانە. یاساکانی هاوسەرگیری، طەلاق، سەرپەرشتی منداڵان و میرات، هەرگیز بێلایەن نین؛ ئەوان ئامرازی دەسەڵاتن..
هەوڵەکان بۆ لاوازکردنی ژنان و گۆڕینی بۆ یاساکان وەك ئێستای عێراق، بە یاسای مەزهەبی ، تەنها گۆڕانکاری یاسایی نین؛ ئەوان هەوڵێکن بۆ دەرکردنی ژنان لە هاوڵاتیبوون و گەڕاندنەوەیان بۆ ژێر دەسەڵاتی پیاوان. ئەم بیرۆکەیە، هەمان بیرۆکەی توندڕەویە.
توندوتیژی، بێدەنگی و ئاساییکردنی ستەمە لە سەر ژنان کویلە کردنی ژنانە لە بەرگێکێ دیکەدا لە سەردەمێكی گەلێك جیاوازدا.
توندڕەوی پشت بە توندوتیژی دەبەستێت، بەڵام پاتریارکی کۆمەڵگا فێری قبووڵکردنی ئەو توندوتیژییە دەکات. توندوتیژی خێزانی، کوشتنی ژنان بە ناوی شەرف، و زۆرەملێ، زۆرجار وەک “کێشەی خێزانی” یان “نەریت” باس دەکرێن، نە وەک تاوانێکی سیاسی
کاتێک ژن لەلایەن خێزانەکەیەوە دەکوژرێت و سزاکە لاوازە یان هیچ نییە، ئەوا توندڕەوی پێویست ناکات خۆی نمایش بکات بکات؛ چونکە بیرۆکەکەی پێشتر لە کۆمەڵگادا جێگیر بووە.
فشاری سەر بزووتنەوە ژنان!
پاتریارکی و توندڕەوی هەردووکیان دژ بە بزووتنەوە ژنانن. ڕێکخراوەکانی ژنان زۆرجار تاوانبار دەکرێن بە “تێکدانی خێزان”، “هێنانی بیرۆکەی ڕۆژئاوا” یان “هەڕەشە بۆ کۆمەڵگا.
ئەم زمانە، هەمان زمانی توندڕەویە. کاتێک دەوڵەت و هێزە سیاسییەکان دەنگی بزوتنەوە یەکسانخوازەکان لاواز دەکەن، هۆشیارانه یارمەتی توندڕەوی دەدەن.
بۆچی بزوتنەوەی ژنان و دەنگی یکەسانیخوازان مەترسین بۆ سەر توندڕەوی؟
بزوتنەوەی ژنان و یەکسانیخوازان بنەمای دەسەڵات تێکدەشکێنێت کە لەسەر بنەمای پاتریارکی دروست بووبیت:. داوای یەکسانی، سەربەخۆیی و بەرپرسیارێتی دەکات. بۆیە هەردوو سیستەمی پاتریارکی و توندڕەوی لێی دەترسن.
تێکدانی توندڕەوی تەنها بە هێزی ئەمنی یان وتاری دژە توندڕەوی ناکرێت. ئەگەر یاسا، کۆمەڵگا و سیاسەت لەسەر نایەکسانی ڕەگەزی دامەزرابن، توندڕەوی هەمیشە شوێنێک بۆ گەشە دەدۆزێتەوە، بەتایبەتی لە ناو ڕووبەرێكدا کە توندوتیژی دژی ژنان تێدا بچێتەسەر .
پاتریارکی و توندڕەوی دوو کێشەی جیاواز نین؛ ئەوان دوو ڕووی یەك سیستەمن. تا کاتێک ژنان بێدەنگ، کۆنترۆڵکراو و لە هاوڵاتیبوونی تەواو دەرکراون، توندڕەوی بەردەوام دەبێت
مافی ژنان بابەتێکی لاوەکی نییە؛ ئەوە هێڵی بەرگرییەکی سەرەکییە دژ بە توندڕەوی…
– سەرچاوەکان:
ژنانی نەتەوە یەکگرتوەکان – ڕاپۆرت لەسەر پاتریارکی، نایەکسانی توندوڕەوی
-لیژنەی ژنان لە نەتەوە یەکگرتوەکان – سیداو
-پێناسەی ئەکادیمی پاتریارکی و ئیکستریمیزم- سیلڤیا واڵبی
٢١/١٢/٢٠٢٥
