Home بیروڕائێران.. “تەشکیلات”، ئامێر و سەنگەری رووخاندنی دیکتاتۆرییەت!

ئێران.. “تەشکیلات”، ئامێر و سەنگەری رووخاندنی دیکتاتۆرییەت!

by admin
0 کۆمێنتەکان 95 بینینەکان

عەبدولڕەحمان گەورکی:   
بۆ گەیشتن بە ئازادی و دێموکراسی، یەکێک لە وانە بنەڕەتییەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران ئەوەیە کە خەباتی کۆمەڵایەتی بەبێ “ڕێکخستن” مەحکوومە بە شکست. ناکرێ بەتەنها لە بەرامبەر دیکتاتۆرییەتێکی رێکخراودا بوەستی کە هەموو ئامرازەکانی سەرکوتکردنی بە دەستە. هێزی راستەقینە لە دەستی لایەنێکدایە کە بە یەکڕیزی و یەک ئامانجەوە بۆ رووخاندنی رژێمی دەسەڵاتدار تێدەکۆشێ. ئەزموونی مرۆڤایەتی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە گۆڕانی کۆمەڵایەتی گەورە، هەرگیز لە کردەی تاکەکەسیەوە نەهاتووە، بەڵکو هەمیشە بەرهەمی بزووتنەوەیەکی بەکۆمەڵ و رێکخراو بووە.
بۆ ئەوەی هەر لایەنێک بتوانێت هەنگاو بەرەو ئامانجێکی هاوبەش بنێت، پێویستی بە رێکخستنێکی ورد و بەردەوام هەیە. بەبێ پێکهاتە و دیسیپلینی ناوخۆیی، هێزەکان بڵاودەبنەوە و وزەیان بەفیڕۆ دەچێت. ئەوانەی بەدوای ئەوەدا بوون کە ببنە “ئەستێرەی تاقانە” و ویستیان بە تەنیا پاڵەوانی گۆڕەپانەکە بن، لە راستیدا هەر لە سەرەتاوە خۆیان لە مەیدانی خەبات دوور خستووەتەوە. سەردەمی قارەمانێتی تاکەکەسی کۆتایی هاتووە؛ ئەمڕۆ سەرکەوتن بەندە بە کاری بەکۆمەڵ و رێکخراوەیی.
بزووتنەوەی رێکخراوەیی سەرکەوتوو ئەو بزووتنەوەیە کە لە یەک کاتدا دوو (بەرە) بەڕێوە دەبات: لە ناوخۆێدا، رووبەڕووی کێشە و ناکۆکی بێتەوە و بەرەو یەکگرتوویی زیاتر هەنگاو بنێت. لە رووی دەرەکیشەوە، لە ئامانجی سەرەکی، واتا رووخاندنی دیکتاتۆرییەت نزیک بێتەوە و لاوازی بکات. ئەوەی بەرخۆدانی رێکخراوەیی ئێرانی لە زۆر بزووتنەوەی دیکە جیاکردۆتەوە، ئەم هێز و توانایەیە لە ماوەی پێنج دەیەی رابردوودا لە یەک کاتدا و بەم دوو ئاراستەیەدا جوڵاندوویەتی. ئەم بەرخۆدانە نەک هەر توانیویەتی یەکگرتوویی ناوخۆیی خۆی بپارێزێت، بەڵکو دوژمنیشی لاواز کردووە. بێ هۆ نییە کە رژێمە دیکتاتۆرەکانی ئێران (دژە رێکخستن) بوون و هەن و بوون و مانەوەی خۆیان لە مەترسیدا دەبینن و پێکەوە کار بۆ رووخاندنی رێکخستنەکانی بەرەی بەرخۆدان دەکەن و بە شێوەی جۆراوجۆر هەوڵی بۆ دەدەن.
ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێراندا دەیبینین، دەرئەنجامی ئەم رێکخستنە بەردەوامەیە. تاک یان بزووتنەوەیەک کە خاوەنی رێکخستن نییە، سەرەنجام بە یەکێک لەم دوو رێگایە کۆتایی دێت: یان شکست دەهێنێت و کۆتایی دیت، یان بە ناچاری چاوی لە دەستی هێزی بیانییە و بەرەو وابەستەیی هەنگاو دەنێت. مێژووی هاوچەرخی ئێران پڕە لە نموونەی ئەمجۆرە بزووتنەوانە، کە بێ رێکخستن بوون و لە جیاتی دیموکراسی، خۆیان بوونەتە دیکتاتۆرییەکی بچووک و دواجار، یان لەناوچوون، یان بوونەتە کەرەستە و ئامێری دەستی زلهێزە بیانییەکان. ئەوان لە بیستنی وشەی “کۆمار” و “دیموکراسی” دەترسن. چونکە لە بنەڕەتدا بە رۆحی دیکتاتۆرییانە پەروەردە کراون و پێکهاتەیەکی دیموکراتییان پێ قبوول ناکریت.
یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی بەرخۆدانی ئێران، ئەم جەختکردنەوە بەردەوامەیە لەسەر رێکخستن و رێک و پێکی لە کاردا لە یەکەم رۆژەکانی خەباتەوە تا ئەمڕۆ. ئەم بەرخۆدانە هەمیشە لە سەر بنیاتنانەوە و پاراستنی پێکهاتەیەکی رێکخراوەیی، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات چڕ بووەتەوە. هەر لەبەر ئەمەشە رژێمە دیکتاتۆرەکان هەر لە سەرەتاوە دوژمنایەتی خۆیان بەرامبەر بە “رێکخستن”ەکەی راگەیاندووە و هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ لە ناوبردنی و دووبەرەکینانەوە و دابەشکردنی. بە شەیتانکردن، تیرۆرکردنی کەسایەتییەکان، بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و تەنانەت یارمەتی وەرگرتن لە هەندێک کرێگرتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، کە هەموویان بەشێک بوون لە شەڕی درێژخایەنیان لە دژی رێکخستنەکانی بەرخۆدان.
بەڵام ئەزموونەکان دەریانخستووە کە رێکخستنی راستەقینە خاوەن هێزی درێژخایەن و سەرکەوتووە بەسەر سەختییەکاندا. بەبێ رێکخستن، هەر بزووتنەوەیەک وەک “تراویلکە” دەمێنێتەوە کە بە خێرایی لە زلکاوی دیکتاتۆرییەتدا نوقم دەبێت. بەبێ رێکخستن، رێگا بۆ بە شەیتانکردن و کۆمەڵکوژی و تیرۆر و سەرکوتکردن خۆش دەکرێت. چونکە بزووتنەوەیەکی لەو شێوەیە، خاوەن پشتیوانیکردنێکی جەماوەری و رێکخراو نییە و بەرەو دواوە هەنگاو دەنێت.
بۆ لەناوبردنی رێکخستنەکانی هێزێکی بەرخۆدانی راستەقینە، رژێمی دیکتاتۆر تەنانەت داوای هاوکاری و یارمەتی دەکات لە هاوپەیمانان و بەکرێگیراوانی خۆی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات. هەموو ئەو پڕوپاگەندە نەرێنیە و بانگەشەی درێژخایەنبوونی خەبات بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەت و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی نائومێدی لە کۆمەڵگادا، بەرهەمی ئەم شەڕە دەروونی و ئۆپەراسیۆنەی رژێمی دیکتاتۆری ئێرانە. بەڵام بەرخۆدانی ئێران لە ژێر ئەو ئاگرباران و گوشارانەدایە کە بووەتە هێزی بێ رکابەر و پۆڵایین و لە هەموو کاتێکیتر بەهێزترە.
دوا وتە!
هێزی راستەقینە لە هەبوونی رێکخراوێکی یەکگرتوو و دیموکراتیدایە. رێکخراوێک کە لەسەر بنەمای بەشداریی بەکۆمەڵ و وڵامدانەوە و شەفافیەت بنیات نراوە، نەک هەر دەتوانێت رژێمی دیکتاتۆری بڕووخێنێت، بەڵکو رێگری بکات لە گەڕانەوەی دیکتاتۆرییەت بۆ وڵات. هەربۆیە پاراستنی ئەم رێکخستنە، پاراستنی ئایندەی ئێرانە. هەرکەسێک بیر لە رزگاری ئێران بکاتەوە، دەبێ لەم حەقیقەتە مێژووییە تێبگات کە بەبێ رێکخستن، ئازادی تەنیا وەک خەونێکی دەستنەکەوتوو دەمێنێتەوە.

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

لێدوانێک بەجێ بهێلە