Home هەواڵپەرلەمانتارانی کوردستان ساڵێکە تەنها سوێندێکیان خواردووەو یەکی ٦٩ ملیۆن دیناریان وەرگرتووە

پەرلەمانتارانی کوردستان ساڵێکە تەنها سوێندێکیان خواردووەو یەکی ٦٩ ملیۆن دیناریان وەرگرتووە

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 52 بینینەکان

ئا: مەزهەر کەریم:

ماوەی زیاتر لەساڵێکە، پەرلەمانتارانی کوردستان سوێندی یاساییان خواردووە، بەڵام تا ئێستا یەک دانیشتینیشیان ئەنجام نەداوە، کۆی ئەو ٩٧ پەرلەمانتارەی سوێندی یاساییان خواردوەو دەوامی پەرلەمانیان نەکردووە، بە ٩ مووچە، ٦ ملیارو  ٧٢٢ ملیۆن دیناریان وەرگرتووە.

سەروەر عەبدوڕەحمان، سەرۆکی رێکخراوی پەی بۆ کاری پەرلەمان ئاماژە بەوە دەکات کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە٢٠/١٠/٢٠٢٤ ئەنجام دراو لە ٢/١٢/٢٠٢٤دا پەرلەمانتاران سوێندی یاسایان خواردو مووچەیان بۆ حساب کراوە تەنها موچەی مانگی ١٢یان وەرنەگرتووە، چونکە ھیچ فەرمانبەرێک وەرینەگرتووە، ئەو بەئاوێنەی وت “بەڵام لەمانگی یەکەوە ھەتا مانگی نۆ موچەیان وەرگرتووە، لەم مانگەشدا موچەی مانگی دە وەردەگرن، کە بۆ ھەر مانگێگ ٨ ملیۆن‌و ٢٠٠ ھەزار دینار وەردەگرن لەبنەڕەتدا، بەڵام دەرماڵەیەک ھەیە پێیدەڵێن دەرماڵەی لیژنە، کە ٥٠٠ ھەزار دینارە، بەھۆی ئەوەی ھیچ پەرلەمانتارێک ئەندامی لیژنە نیەو لیژنە پێکنەھاتووە وەریناگرن، واتە ٧ ملیۆن‌و ٧٠٠ ھەزار دینار وەردەگرن، بڕی سێ سەد ھەزار دینارییان لێوەردەگیرێت بەھۆی خزمەتگوزاریی ئەو شوقەو خانوانەی تێیدا دەژین وەک پەرلەمانتار”.

وتیشی “بۆ ھەر ئەندام پەرلەمانێک ٧ ملیۆن‌و ٧٠٠ ھەزار دینار وەربگرێت بۆ ٩ مانگ دەکاتە ٦٩ ملیۆن‌و ٣٠٠ ھەزار دینار کە لەم خولەدا وەریگرتووە بەبێ ئەوەی لەپەرلەمان بووبێت، ٩٧ پەرلەمانتار سوێندی یاساییان خواردوەو مووچە وەردەگرن واتە ٩٧ پەرلەمانتار لەماوەی نۆ مانگی رابردوودا، ٦ ملیارو  ٧٢٢ ملیۆن دینارو ١٠٠ هەزار دیناریان وەرگرتووە”.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبوو لە ماوەی ئەم ساڵەدا کە دەرگای پەرلەمان داخراوە، لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان سەرۆکەکەی ھەڵبژێرێت، پاشان ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ھەڵبژێرێت، پاشان لیژنەکانی پەرلەمان پێکبھێنرێت کە ئەندامەکان دەستنیشان بکرێت وەک سەرۆکی لیژنەو جێگرو ئەندامەکان، پاشان سەرۆکی ھەرێم ھەڵبژێردرێت. گەورەترین کوتلە ھەڵبژێردرێت بۆ پێکھێنانی حکومەت، ئەمانە هیچیان نەکراوە، سەروەر عەبدورەحمان وتی “ئەو ماوەیەی دەرگای پەرلەمان داخراوە قەرەبوو ناکرێتەوە، پەرلەمانێک دەرگاکەی داخرابێت‌و بەئەرکی یاسادانان ھەڵنەستێت‌و بەئەرکی پەسەندکردنی بودجە ھەڵنەستێت‌و بەئەرکی چاودێریی کردن ھەڵنەستێت، بەئەرک نەبێت ئەو پەرلەمانەمان و پەرلەمنتارانەمان بۆچییە؟ تەنھا بۆ ئەوە دانراون مووچە وەربگرن؟!”.

ئەمە لەکاتێکدایە کە سێ پەرلەمانتار مووچە وەرناگرن، ئەوانیش دوو ئەندام پەرلەمانی کۆمەڵی دادگەری‌و ئەندام پەرلەمانێکی بەرەی گەلە، کە سوێندی یاساییان نەخواردووەو مووچە وەرناگرن، لەبەرئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەیان رەتکردوەتەوە.

عومەر گوڵپی، یەکێکە لەو پەرلەمانتارانەی کۆمەڵی دادگەری کە سوێندی یاسایی نەخواردووە، ئەو بەئاوێنەی وت “ساڵی رابردوو کە پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد، بەشەداری ئەو کۆبونەوەیەمان نەکرد، ئەمەش رەتکردنەوەی ھەموو ئیمتیازاتێکی پەرلەمانییە، بەڵام ئەو پەرلەمانتارانەی سوێندی یاساییان خواردووە بەرپرسیارێتی گەورەیان لەسەر شانە، دەبوو لەماوەی ئەو ساڵەدا ھەوڵی جدی بدەن بۆ ئەوەی پەرلەمان بەداخراویی نەمێنێتەوە، بەبڕوایی ئێمە ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان ناتوانێت نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بکات”.

وتیشی “پێویستە پەرلەمان بەزوویی کارابکرێتەوە، چونکە داخستی پەرلەمان بەبێ بوونی پاساوێک بۆتە عەیبە، ھیچ شوێنێک نیە پەرلەمانەکەی بەبێ بوونی پاساو داخرابێت، بۆ ئەمەش بەرپرسیارێتی گشتی لەئەستۆی پەرلەمنتاراندایە، دەبێت وەڵامی خەڵکی کوردستان بدەنەوە کە بونەتە خاوەنی ئیمتیازاتی مادیی‌و مەعنەویی لەپەرلەمانی کوردستان، لانیکەم ھەوڵەکانیان چین بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستانی روونکەنەوە کە چییان کردووە یان چییان پێدەکرێت”.

بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان کە خاوەنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستانە، ئۆباڵی کارانەکردنەوەی پەرلەمان دەخاتە ئەستۆی یەکێتی‌و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن.

مەرد عەلی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی پارتی بەئاوێنەی وت “وەک پارتی لەئێستادا لەدانوستانداین لەگەڵ یەکێتی، وەک براوەی یەکەم‌و حیزبی یەکەم لەگەڵ ھەموو لایەنەکان مامەڵەمان کردووە تا پەرلەمان کارابکرێتەوەو حکومەت پێکبھێنین، بەڵام دەبوو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن‌و یەکێتیش هەمان پەرۆشی ئێمەیان هەبوایە بۆ پێکھێنانی حکومەت، ئەوە ئێمە نین پەرلەمانمان پەکخستووە، لەھەمووشیان باشتر تێدەگەین ھەناسەیەکی زیندووی ھەر کۆمەڵگەیەک پەرلەمانەکەیەتی، ماوەی سێ ساڵە پەرلەمان داخراوە کاریگەری لەسەر ژمارەیەک پڕۆژەیاسای کۆمەڵایەتی‌و ئابوری‌و سیاسی ھەیە، بەھیچ جۆرێک پێمان خۆش نیە وەک پارتی دەرگایی پەرلەمان داخراوە”.

وتیشی “یەکێتی ئامادەباشی تێدابێت لەماوەی ٤٨ کاتژمێری داھاتوو بانگەشەی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکرێت‌و دەتوانین پەرلەمان کارابکەینەوە”.

بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە پێش کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، رێککەوتنی سیاسی لەنێوان پارتی‌و یەکێتی بکرێت سەبارەت بەدابەشکردنی پۆستەکانی پەرلەمان‌و حکومەت.

شلێر غەفور، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی یەکێتی بەئاوێنەی وت “دەبوو رێکەوتنی سیاسی بکرایە بۆ کاراکرنەوەی پەرلەمان، ماوەی سێ ساڵ دەبێت بۆشایی یاسایی ھەیە پەرلەمان نەماوەو حکومەتیش حکومەتی کاربەڕێکەرە، ئەوەی دەبینرێت بێباکیەکی زۆر ھەیە لەلایەن ئەو لایەنەی دەڵێت من زۆرینەم، ئەمەش زۆرینە نیە کە نەیتوانیوە نیسابی یاسایی پەرلەمان تەواو بکات‌و حکومەت پێکبھێنێت، بۆ ئەمەش پێویستی بەیەکێتی نیشتمانی کوردستانە بۆ پێکھێنانی حکومەت، یەکێتیش نایەوێت بچێتە حکومەتێکەوە کە بەشداری‌و شەریکی راستەقینە نەبێت‌”.

یەکگرتووی ئیسلامیش ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوەی لەدەستیان هاتبێت بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان درێغییان نەکردووەو وەرگرتنی نۆ مووچەکەشیان بەیاسا رێکخراوە.

مستەفا عەبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی یەکگرتوو بەئاوێنەی وت “لەسەر کارانەکرنەوەی پەرلەمان سێ جار لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان کۆنفرانسی رۆژنامەنوسیمان ئەنجامداوە، داوامان کردوە ئەوەی بەرامبەر پەرلەمان دەکرێت بێ ھەیبەت کردنی پەرلەمانەو پارتی‌و یەکێتی لێی بەرپرسن”.

وتیشی “لەو کاتەوەی لەیەکەم دانیشتی پەرلەمان سوێندی یاسایی خوراوە، ھیچ تایبەتمەندیەک بۆ پەرلەمانتاران رەچاو نەکراوە، وەک شۆفێری پەرلەمانتارو  پاسەوان‌و تایبەتمەندیەکانی دیکە، تا ئێستا تەنیا نۆ موچەمان وەرگرتووە کە بۆ ھەر مانگێک بڕی حەوت ملیۆن‌و چوار سەد ھەزار دینارە، ئەمەش بە یاسا رێکخراوە، تاوان لەئێمە نیە کە نایەڵن دەرگایی پەرلەمان بکرێتەوە، بۆ ئاسوودەکردنی ویژدانی خۆمان بەئەرکی خۆمان ھەڵدەستین کە رۆژانە سەردانی ئۆفیسی پەرلەمان دەکەین”.
سەرچاوە:ئاوێنە

لێدوانێک بەجێ بهێلە