Home هەواڵلافاوەکەی چەمچەماڵ: هەموو شتێک بەهۆی هەژارییەوەیە

لافاوەکەی چەمچەماڵ: هەموو شتێک بەهۆی هەژارییەوەیە

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 92 بینینەکان

ئا: محەمەد هاوژین

خەڵکی چەمچەماڵ دەڵێن “لافاو تەنها کارەساتێکی سروشتی نییە، بەڵکو کارەساتێکی کۆمەڵایەتیشە کە پەردەی لەسەر دابەشبوونی چینایەتی‌و نادادی کۆمەڵایەت لادا”.

بەرهەم لەبەردەم ئەو ماڵانەی کە رۆژی  ٩ی ئەم مانگە لەچەمچەماڵ بەر لافاو کەوت‌‌و دوو کەس گیانیان لەدەست دا، بەنیگەرانییەوە سەیری ماڵە شێواوو هەژارانە بۆیاخ نەکراوەکەی خۆی کرد، کە هێشتا نوسراوی “هذا من فضل ربي”  بەسەر دەرگا کۆنەکەیەوە ماوەو وتی “هەموو شتێک بەهۆی هەژارییەوەیە”.

ئەم پیاوە تەمەن ٣٨ ساڵە کە کرێکارەو شەرواڵ‌و قەمسەڵەیەکی رەنگ کاڵەوەبووی لەبەردایە، باس لەوە دەکات لافاو، وەک کارەساتێکی سروشتی، نایەکسانی کۆمەڵایەتی‌و ئابووری ئاشکرا کردووە، بەو پێیەی گەڕەکە هەژارەکان، کە ژێرخانێکی لاوازترو نیشتەجێبوونی ناتەواویان هەیە، زۆرترین زیانیان پێدەگات، لەکاتێکدا دەوڵەمەندەکان، کە ماڵەکانیان تۆکمەو بەهێزترە، لافاویش روویان تێبکات ڕزگاریان دەبێت، ئەو بەئاوێنەی وت “زۆرجار کەسانی کەم داهات لەگەڕەکە پەراوێزخراوەکان دەژین، لەو خانووانەی کە کوالیتییان نزمەو بەرگەی رەشەبایەکی توند یان بارانێکی بەخوڕ ناگرن”.

وتیشی “دەوڵەمەندەکان جگە لەوەی شوێنی نیشتەجێ بوونیان‌و ماڵ‌و شوقەو خانووەکانیان سەلامەترە، لافاویش روویان تێبکات‌و زیانیشیان پێبگات بەخیرایی دەتوانن ماڵەکانیان چاک بکەنەوە، بەڵام ئەو هەژارانەی کە زیانیان بەرکەوتووە لەبەرئەوەی داهاتی رۆژانەیان بەهەزار حاڵ تەنها بەشی دابینکردنی بژێویی ژیانیان دەکات، مەگەر چاوەڕوانی خێرو سەدەقە بن”.

ئەم دیاردەیە لەزۆرێک لەلافاوو کارەساتە سروشتییەکانی کوردستاندا بەدیکراوە، لافاو یان ئاگرکەوتنەوە یاخود کەمئاویی لەوەرزەکانی گەرمادا، زیاتر لەناوچە هەژارو گەڕەکە پەراوێزەکانی شار کارەساتبارن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە رێوشوێنی خۆپارێزیی‌و ئامادەیی بەرامبەر بەکارەساتی سروشتی بەشێوەیەکی نایەکسان دابەشکراوە.

لافاو تەنها کارەساتێکی سروشتی نییە، بەڵکو کارەساتێکی کۆمەڵایەتیشە کە پەردە لەسەر دابەشبوونی چینایەتی‌و نادادی کۆمەڵایەت لادەدات، وەک ئەوەی لەچەمچەماڵ‌و شۆڕش‌و شۆڕش‌و تەکیە بینرا. ئەو ماڵانەی لافاو بردنی، هەموویان خانووی کۆن‌و بێ کوالێتین، هەژاریی بەدارو بەردو ناو ماڵ‌و جلوبەگ‌و روخساری زۆربەی هەرە زۆریانەوە دیارە.

بەیان غەریب، کە ماڵیان لەناحیەی شۆڕشە، پاش تێپەڕینی چەند رۆژێک بەسەر کارەساتی لافاوەکەی چەمچەماڵدا، هێشتا لەسایەی دیمەنە ناخ هەژێن‌و خەمبارەکانی ئەو رۆژەدا دەژی کە لافاوەکە روویدا، ئەو وتی “هاوسەرەکەم پێشمەرگەیە، ئەو رۆژە خۆم‌و سێ منداڵم لەماڵەوە بووین، کاتێک زانیمان بارانێکی بەخوڕ دایکرد، بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر بەردەوام بوو، لەژیانمدا دیمەنی وام نەبینیوە، لافاو هەستاو کۆڵان‌و شەقام‌و زۆربەی ماڵەکانی گرتەوەو ئاو بەخوڕ هاتە ناو ماڵەکانمانەوە، ماڵێ ئێمە لەبەرئەوەی کەوتوەتە چاڵاییەوە، هەر فریای ئەوە کەوتین رابکەینە سەربان‌و خۆمان بگەیەنینە ماڵەکانی پشتەوەمان، لافاو هەموو ناو ماڵەکەی بردین، هیچمان بۆ دەرنەچوو، نوێن‌و پۆشاک‌و خۆراک‌و ڕاخەرو هەموو ناو ماڵەکەمان لەناوچوون”.

وتیشی “ماڵ‌و حاڵمان لێتێکچوو، چەند رۆژێک سەرگەردان بووین، هەر رۆژەو لەماڵی خزم‌و کەسوکارێکماندا بووین، تا کەسانی خێرەومەند هاوکارییان کردین‌و گەڕاینەوە ماڵی خۆمان ئێستاش بەکەڵکی ژیان نایەت”.

ڕۆژی ٩ی ١٢ی ٢٠٢٥، بارانبارینێکی تووند ڕووی لەناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کرد، لەقەزای چەمچەماڵ‌و ناحیەی سۆڕش‌و تەکیە لافاو دروستبوو، سەرەڕای گیان لەدەستدانی ٢ هاوڵاتی‌و برینداربوونی ١٢ هاوڵاتی، بەهۆیەوە زیاتر لە ٢ هەزار ماڵ‌و ٧٠٠ ئۆتۆمبێل زیانیان پێگەیشت، سەدان ماڵ بەتەواوی کەلوپەلەکانیان لەدەستدا، سەدان دوکان زیانیان پێگەیشت‌و بەشێک لەشەقامەکان رۆچوون‌و دەیان فەرمانگەی حکومیش زیانیان پێگەیشت.

قەزای چەمچەماڵ‌، کە لەنێوان شارەکانی سلێمانی‌و کەرکوکدا هەڵکەوتووە، سەڕەرای ئەوەی سامانێکی زۆری سروشتی لەخۆدەگرێت، بەڵام بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی ئاستی گوزەران‌و ژیانیان لەدۆخێکی خراپدایە، بەشێکی زۆریان پاشاموەی ئەنفالن‌و زۆربەی هەرە زۆریشیان پیشەی سەرەکییان چەکداریی‌و کرێکارییە.

یەکێک لەو خاڵانەی مشتومڕی لەسەر دەکرێت، هۆکاری سەرەکیی لافاوەکەی چەمچەماڵە، بەشێک پێیانوایە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چڕیی بارانبارین‌و سرووشتی جوگرافیای ناوچەکەو نەبوونی بەربەست‌و بەنداوی گلدانەوەی ئاو، بەشێکیش پێیانوایە هۆکارەکەی دەستکاریی کردنی سروشتی دەوروبەری چەمچەماڵ‌‌و شۆڕش بووە لەپێناو دروستکردنی پڕۆژەیەکی بازرگانیدا.

ئه‌ندازیار وریا عه‌بدولخالق، ئاماژە بەوە دەکات کە خەندەق‌و بەربەست بەڕوی ڕێڕەوی سروشتی ئاودا دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای بەڕێزەوە کە پڕۆژەی نیشتەجێ بوونی چەرموو سیتی لەچەمجەما‌ڵ‌ دروستکردووە، ئەو بەئاوێنەی وت “وەبەرهێنەرێک ٩٠٠ مەتر خەندەق‌و بەربەستی دروست کردوە، لەکۆی چوار شیوی سروشتی دەوری چەمچەماڵ‌و شۆڕش کۆتایی بە سێ شیو هێناوەو زیادەڕۆیی‌و پڕکردنەوەی ڕێڕەوی ئاو کارەساتەکەی گەورەتر کرد، هۆکاری لافاوەکە شێواندنی سروشت‌و تێکدانی ڕێڕەوی سروشتی ئاو بوو، بۆ یەکەمجار لافاو پێچەوانەی واقیع‌و  سروشت سێ بەرزترین گەڕەکی چەمچەماڵی گرتەوەو ئاوی هاتوو بۆ ئەو گەڕەکانە لەسەرەوە نەهاتووە بەڵکو لەلاوە هاتووە”.

وتیشی “ئەو دۆڵە سەرەکیەی کە بەنداوی مەقانی لەسەر دروستکراوەو ماوەی چەندین ساڵە بەهۆی دەرهێنانی تێکەڵە لەسەروی بەنداوەکەو دروستکردنی باخ و خانوو لەتەنیشت‌و خوار بەنداوەکە پڕ دەکرێتەوە بەجۆرێک هەر خۆڵ‌و کۆنکرێت‌و پاشماوەی ڕوخاندنی هەر بینایەک لەچەمچەماڵ هەبێت دەبرێت بۆ ئەو دۆڵەو ڕێڕەوی دۆڵەکەی پێ پڕ دەکرێتەوەو دەکرێتە زەوی‌و دەکرێتە باخ‌و خانوو، هۆکاری ئەم کارەساتە پڕکردنەوەی ئەم شیوانەن”.

بەڵام، کۆمپانیای بەڕێز، لەروونکردنەوەیەکدا کە کۆپییەکی ئاڕاستەی “ئاوێنە” کراوە، بەتوندی ئەوە رەتدەکاتەوە هۆکاری روودانی لافاوەکەی چەمچەماڵ بووێتن‌و “وتەو تۆمەتەكانى وریا عەبدولخالق” بە”دوور لەڕاستی” ناودەبات.

کۆمپانیای بەڕێز لەروونکردنەوەکەیدا دەڵێت “پڕۆژەی چەرموو سیتی، لەسەر بنەمای توێژینەوەی وردو بەگوێرەی پێوەرە ئەندازیارییەكان جێبەجێ كراوە، هەموو ڕێوشوێنێكی پێویستی تێدا گیراوەتەبەر بۆ دڵنیابوون لەوەی كە هیچ كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر ژینگەو سیستەمی ئاوەڕۆو سروشتی ناوچەكە نەبێت، هەموو قۆناغەكانی پڕۆژەكەش لەژێر چاودێری وردی ئەندازیارانی شارەزاو لایەنە پەیوەندیدارەكاندا بووە”.

دەشڵێت “كۆمپانیاكەمان پرۆژەى چەرموو سیتى جێبەجێكردووە بەپێی سایت پلانی پەسەندكراو لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكان، كە تیایدا رەچاوى لایەنى ئەندازیارى‌و هونەرى‌و ئاوو ئاوەڕۆ بەگشتى كراوە لەهەموو روویەكەوە، كۆمپانیاكەمان هیچ بڕگەیەكى جێبەجێ نەكردووە بەبێ وەرگرتنى ڕەزامەندى لایەنە پەیوەندیدارەكانى ناوچەكە”.

هاوکات بەشێکی دیکە لەڕەخنەگران پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم‌و بەڕێوەبەرانی قەزای چەمچەماڵ دەکەن کە کەمتەرخەم بوون لەوەی پێشوەخت ئامادەکارییان نەکردووە بۆ ئەوەی رێگریی لەو کارەساتە بکەن تا هاوڵاتیانی هەژارو داماو تیانەچن.

د. غالب محەمەد، پەرلەمانتاری رەوتی هەڵوێست لەپەرلەمانی عێراق، کە خۆی لەدوای روودانی لافاوەکە سەردانی چەمچەماڵی کردووە، ئاماژە بەوە دەکات هەر بەوەندە دەست هەڵناگرن کە بەڕێوەبەرانی یەکە ئیدارییەکانی چەمچەماڵ لاببرێن، بەڵکو پێداگری لەسەر ئەوەش دەکەن قائیمقام‌و سه‌رۆكی شاره‌وانی چه‌مچه‌ماڵ ده‌ده‌نه‌ دادگا، ئەو بەئاوینەی وت “لافاو کارەساتێکی سروشتییە، لەسەرجەم وڵاتانی جیهان روودەدات، بەڵام ساڵانە دووبارەبوونەوەی لافاو لەناوچە جیاوازەكانی هەرێمی کوردستان هۆکارەکەی ئەوەیە کە دیزاینی شار گۆڕاوە، لەسەردەمی بەعسدا شارەکان کە دروست دەکرا ڕێرەوی ئاوی هەبوو، چەم‌و دۆڵ هەبوو، بەڵام ئێستا لەسەردەمی حکومەتی هەرێمدا هەموو ئەو چەم‌و دۆڵانە دراوەتە کۆمپانیاو ئیشی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن، دەکرێتە بیناو پرۆژەی نیشتەجێبون، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێگە لەڕێرەوی ئاو بگیرێت”.

وتیشی “بەداخەوە حکومەتی هەرێم هیچ پلانێکی نیە جگە لەوە نەبێت زەوی لەناو شارەکان‌و دەرەوەی شار بداتە وەبەرهێنەران‌و بکرێتە پرۆژەی نیشتەجێبون، لەمدیوو یەکێتی سودمەند دەبێت‌و لەولاش پارتی، ئەمەش بۆتە هۆکاری لافاوو زەرەرمەندبوونی هاوڵاتیان”.

لێدوانێک بەجێ بهێلە