مەحمود ئەحمەد(حەلاق): 
مەشهەدی یەکەم _ حکومەت و دەسەڵات
لافاوی وێرانکەر لەشارو شارۆچکەکانی کوردستاندا بۆ جاری چەندەیەم دووبارە دەبێتەوە بەقیمەتی زەرەرو زیانێکی مەرگبار بۆ گیانی ئەو خەڵکەی کەبەچنکەکڕێ و کرێکاری و زەحمەت توانیویانە سەرپەنایەک پێکەوە بنێن.. لافاوی ئەمجارەو بەتایبەتی لەسەر شارۆچکەی چەمچەماڵ، خەسارەتێکی ماددی گەورەو بەداخەوە بەقیمەتی گیانلەدەستدانی چەندین کەس هێنایە پێشەوە کەئەگەر هاوکاری و کۆمەکی خەڵک نەبوایە لەسەر ئاستی کوردستاندا بەوشێوە گەورە ئینسانیە، ئەوا ئەستەمبوو کە ماڵە کەمدەرامەت و زەحمەتکێشەکان بیانتوانیایە جارێکی تر بەئاسانی ژیانیان وەکو پێشتر بەهەزارو یەکداماوییەوە لەئەنجامی بێکاری و نەبوونی کارێکەوە بخستایەتەوە سەرپێ..
ئەم لافاوە ئەگەرچی بەهۆی بارانێکی سروشتی تۆقێنەرانەوە بوو، بەڵام ڕاستەوخۆ بەرەنجامی نالێپرسراوێتی لەپێشەوەی حکومەتەو ڕیشەیی گەندەڵی و داڕمانی سیستەمی خزمەتگوزاری و سێکتەرە خزمەتگوزارییەکانە.. لابردنی چەندین لێپرسراوی شارۆچکەکە نیشانەیەکی ئاشکرای ئەم گەندەڵێێەبوو تالەڕێگای لابردنی ئەمانەوە ڕووسوری بۆخۆیان بگێڕنەوەو خەتای گەورە بخەنە ملی ئەوان و خۆیان بێبەری بکەن.. ئەوان دەیانتوانی ڕێگا لەم خەتەرە گەورەیە بگرن یان کەمتری بکەنەوە، بەڵام لەپێناوی بازاڕسازی و کەڵەکەی سەرمایەی ملیارد دۆلاری لەپڕۆژە زەبەللاحەکانی بیناسازیداو بەم هۆیەشەوە بەبێگوێــــپـــێدان بەسیستەمێکی ستانداردو پلانێکی تۆکمە لەماستەرپلانێکدا بۆ جێبەجێکردنی نەخشەی پڕۆژەکانیان، هەروا ئاسان ژیان خەڵکی ئەم ووڵاتەیان لەبەردەم مەرگ و وێرانکاریدا ڕاگرتووە..
لەسایەی ئەوانەوە هیچ جێگاو شوێنێک نەماوە پاوانخوازی تێدا نەکرابێت و نەکرابێت بەبازاڕی سەرمایە لەپێناوی کەڵەکەی سەرمایەی خۆیاندا کەجگە لەدەرچەیەکی هەرە بچووک ئیتر هیچیان نەهێشـــتۆتەوە بۆ زیندوومانەوەو ژیانێکی مەمرەو مەژی بۆ خەڵکی بەشمەینەت و کرێکارانی کوردستان.. ئەوان ڕاستەخۆ لێـــپرسراوی ئەم ڕووداوانەن کەئیتر لەکارەساتی سروشتی دەرچووە بەهۆی بێباکی و نابەرپرسیارێتی حکومەت و دەسەڵاتی حزبەکانیەوە لەبەتایبەتکردن وکۆمپانیاکردنی سەرلەبەری سێکتەرەکان بەسێکتەری خزمەتگوزاریشەوە.. ئەم مالوێرانیەی ئەمجارەیان بەهۆی ئەوان و لافاوەوە لەزنجیرەی هەموو ئەو نەهامەتیانەدایە کەبەنسیبی خەڵکی کوردستان کراوە بەدرێژایی مێژووی بزووتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی..
مەشهەدی دووەم -ژوڕنالیزمی کۆنەپەرست و ئەجێندای حزبی
زەرەرو زیانە ماددی و مرۆییەکانی لافاوەکەی ئەمجارەو بەتایبەت لەچەمچەماڵ،خەڵکی کوردستان و دەرەوەشی هەژاند جگەلە حکومەتی کوردی نەبێت. سەرۆکی حکومەت لەپێناوی شاردنەوەی نالێـــپرسراوێتی و بێباکیەکانی دەرحەق بەو تراژیدیایە، ناچاربوون لەتویتێکی فەرمی خۆیاندا سەرەخۆشی خۆیان ڕابگەیەنن و بێـــپەروا بڵێن شوکرانە بژێرین کەلافاوەکە زەرەرو زیانەکانی شتێکی ئەوتۆ نەبوون!!.. وەک بڵـــێیت لافاوبردن وخنکاندنی چەندین کەس و ماڵوێرانیەکان هیچ نەبن مادام مردنەکان سەدان کەسی تێنەپەڕاندبێت وهەزاران خانووشی بەسەر خەڵکدا نەڕووخاندبیت..
ژوڕنالیزمی کوردایەتی هەرزوو هاتنە سەرخەت بۆئەوەی ئاراستەی ڕای گشتی بگۆڕن تا وایپیــــــشان بدەن کەتەنها ئەوبەرە ئەتوانێت خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات! لەم پێناوەشدا هەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەکو هەڵخڕاندنی جەماوەری کوردستان دەستی پێکرد بۆپەیوەستبوون بەکامپەینەکانیانەوە.. هەوڵی جددیانداو سەرکەوتووش بوون لەکۆکردنەوەی دەیان ملیار دیناری تا فەزڵفرۆشی سەرمایەداران خاوەنکارو کۆمپانیا بدەن بەسەر کرێکاران و خەڵکی نەدارو زەحمەتکێش کەئەوە سەرمایەداری نیشتیمانین ئاوا لەپێناوی پاراستن و کۆمەک بەوان هاتونەتە پێشەوە بەکۆمەکی ملیۆن وملیارد دینارییەوە.. بۆئەوەی پیشان بدەن کە ئەگەر سەرمایەداران نەبن، کرێکاران و زەحمەتکێشان هەمیشە لەناو داماوی و نەهامەتیدا دەژین نەک بەپێـــچەوانەوە.. کەئەگەر کرێکاران نەبن سەرمایەداران ناتوانن هەروا ئاسان سەفەقات و کەڵەکەی سەرمایە پێکەوە بنێن..
هەوڵێکی تری ئەوان شاردنەوەو بیبایەخکردنەوەی کامپەینی جەماوەری کوردستان بو لەسەرتاسەری کوردستان. سیاسەتی پشتی ژوڕنالیزمی کوردایەتی، ئیعازیدا کەهەوڵی جددی بدرێت ئەم جوڵانەوە واقیعیە مەیدانیەی خەڵک نەهێڵـــرێت چەکەرە بکات و گەورە ببێتەوە بۆئەوەی نەبێتە خەتەریات بۆداهاتووی ئەوان.. ئەوان کاردەکەن بۆ دورخستنەوەەی جەماوەر لەتەدەخولکردن لەژیانی خۆیداو نایانەوێت کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەمدیدە لەدەوری یەکتری کۆببنەووەەو هێزو پێزیان ڕێک بخەن کەئەم ڕووداوی لافاوە خەڵکی لەخۆی کۆکردەوەو گیانی هاوکاری و بەدەمیەکەوە چوونی پتەوو قایم ڕاگرت.. ئەوان هەوڵیاندا تا لەمڕیگایەوە بتوانێت بەرەی خەڵکی کوردستان کەبەڕیزی سەدان هەزارکەسیەوە هاتە مەیدانەوە بۆ کۆمەک و هاوکاری خەڵکی لێقەوماوو لەپاڵیەکدا وەستان، هەم بێبایەخ و ناکام بکاتەوەو لەناو سیاسەتی خۆیاندا کەئەجێندای حزبەکانیان بوو نقوم بکات و هەم حکومەت و دەسەڵاتیش دووربخاتەوە لە ڕقئەستوری خەڵک لەناوچەواشاکاری ڕاگەیاندنەکانیانەوە..
لە سەرێکی دیکەوە، یەکێك لە لەئیتیکی ڕۆژنامەگەری،پاراستنی حورمەت و کەرامەتی مرۆڤە، بەڵام ئەوان کەرامەتی مرۆڤیان پێشێلکردو هاتن لەپێناوی کۆکردنەوەی ئیحساساتی کوێرانەو دەنگ کۆکردنەوە بۆ داهاتووی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و حزبەکانیان، لێقەوماوانیان هێنایە سەرشاشەی تیڤیەکان و سۆشیال میدیایان بەفرمێسکی سەدان کەس لەوان نمایشکردو هەندێکیشیان مووچەی مانگێکیان بەخشی بەلێـــقەوماوان کەلەدەرەوەی پیشەی ڕۆژنامەگەریدایە..
ئەوان بیانەوێت یان نا، بەشێکن لەم تراژیدیایەو مێژووی تراژیدیاکانی خەڵکی کوردستان کەبەهۆی حزبەکانی کوردایەتیەوە دووچاریان کراوەتەوە.. ئەم تراژیدیایە بۆئەوان کارتێک بوو بەدەستیانەوە بۆ دوورخســــتنەوەی هەرچی زیاتر ڕقی ئەستورو نەفرەتی قوڵی خەڵک لەم حکومەت و حزبانە کەزیاتر لەسی ساڵە خەڵکیان لەناو سەدان کارەساتدا نقومکردووەو ژیان و زیندوو مانەوەشیان لەلێواری خەتەردا ڕاگرتووە.. ئامانجی ڕیشەیی ئەم دەزگا زەبەللاح و ووردو درشتانە کەبەڕواڵەت ڕاوەستانە لەپاڵ خەڵکدا، لەڕیشەوە چەواشەکردنی خەڵکی کوردستانە بەقازانجی دەسەڵاتداران… سیاسەتی ئاشکرای ڕاگەیاندنی کوردی بەخۆی وسۆشیال میدیاو پەیجەکانیانەوە، دەستئەنقەستانە چاوپۆشی لەو هەموو خروقات و سەرکوت و وێرانکردنەوی ژیانی خەڵک ئەکەن کەلەسایەی حزبەکانیانەوە دووچاریکراوەتەوە.. جارێک نەمانـــبــینی کامپەینێک بکەن لەسەر دزی و تاڵانی حزبەکانیان، لەسەر موچەبڕین و برسیکردنی خەڵک، لەسەر بەکۆمپانیاکردنی سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان..لەسەر بۆردومانکردنی کوردستان لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەکەوە…لەسەر کوشتن و قەتڵ وعامی ژنان و ئیــهانەکردنیان لەلایەن کۆنەپەرستانەوە..
مەشهەدی سێـــیەم- دیمەنە ناوازەکانی لافاوەکە
دیمەنە ناوازەکانی ناو ئەم مەرگەساتە، کۆمەکی گشتگیرو هەمەجۆرەی خەڵک بوو لەبەهاناوەچوونی لێــقەوماوان پێش دەسەڵاتداران و دەستوپێوەندەکانیان.. بێداری ونەخەووتن، ڕزگارکردنی نەخۆش و پیروپەککەوتەو منداڵان، خواردن ئامادەکردن لەکوچەوکۆڵاندا، پاککردنەوەو دروستکردنی بەپەلەی تیمەکانی فریاگوزاری، هاتنەسەرخەتی دەیان وەستا بۆ لەئەستۆگرتنی چاککردنەوەی ئەو ئوتوموبیلانەی کە زەرەرمەندبوون، ئامادەکردنی شوێن و هێنانی شتومەکی خەوو خۆراک، کۆمەککردن و هاوکاری و لەلایەن خەڵکێکەوە کەنانی رۆژیان بەزەحمەت چنگ ئەکەوێت، وێنای جوانی دەغیلە هەڵپچڕینەکان لەلایەن منداڵانەوە خۆیانەوە بۆکۆمەک و هاوکاری دەستە خوشک و برابچکۆلەکانیان، تێکەڵبوونی ژن و پیاو لەکاری هەرەوەزی وبەهاناوەچوون لەپاککردنەوەی گەڕەک و کۆڵانەکان، هاودەمی و ئامادەسازی هاوکاری بەپەلە لەشارو گوندو شارۆچکەکانی کوردستانەوە بەپارەو مەوادی خۆراکی و پێداویستیەکانی ناوماڵ..دروستکردنی تیمی پاککردنەوە، تیمی کۆمەکی مالی وەرگرتن، تیمی کۆگاکردنی شتومەکەکان، تیمی بەشداری دەیان خاوەن شۆڤڵ و ئۆتۆمۆبیل بەخۆبەخشانە تەنها بۆهاوکاری، سەردانی کۆمەککاران، خۆبەخشان لەشارو شارۆچکەکانەوە بەو کۆمەکەی کەکۆیاندەکردەوە بۆ خەڵکی لێــقەوماو، دانانی ناوەندێک لەلایەن دەستەیەک لەگەنجانی خۆبەخش لەکوڕان و کچان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک کەبەردەوام شەووڕۆژیان خستبووە سەریەک لەپێناوی ڕزگارکردنی خەڵکدا..هەموو ئەوانەو سەدان گۆشەی تریش بەشێک بوون لەجۆرێک لەکاری شورایی خەڵک کەچۆن پێکەوە هاوئاهەنگ بەفریای یەکتری دەکەوون لەکاتە سەختەکاندا.. ئەوان نمونەیەکیان لەشێوەکاری شورایی پیشاندا، ئیتر ئەوە ئەرکی ئێمەیە کەچۆن ئەم ئالگۆیە بەئاسۆو ئامانجێکی ئینسانیانە ئارایشت بدەین لەپێناوی خەڵکی کوردستان خۆیاندا بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لەژیان و چارەنوسێکی باشتر بۆخۆیاندا..
