توانا محەمەد نوری: 
ئەوەی ئەمڕۆ لە دەریای کاریبی و بەرامبەر بە کەنارئاوەکانی ڤەنزوێلا دەگوزەرێت، تەنها ململانێیەکی سیاسیی ئاسایی نییە، بەڵکو پەردە لەسەر ڕوخساری ڕاستەقینە و دڕندانەی ئیمپریالیزم لە سەدەی بیست و یەکەمدا لادەدات. جوڵاندنی گەورەترین هێزی دەریایی ئەمریکا بەرەو کەناراوەکانی ڤەنزوێلا، بە بیانووی جۆراوجۆر و دژبەیەک، نیشانەی قۆناغێکی نوێیە لە ململانێی زلهێزەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکان و دابەشکردنەوەی جیهان.
دۆناڵد ترەمپ، بە گۆڕینی بەردەوامی “پاساوەکانی” بۆ گەمارۆدانی ڤەنزوێلا، سەلماندی کە دەسەڵاتی ئیمپریالیستی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، پێویستی بە هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی یان یاسایی نییە. سەرەتا، تۆمەتی “بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان” کرایە بیانوو بۆ ناردنی گەورەترین هێزی دەریایی لە دوای داگیرکردنی پەنەما لە ساڵی ١٩٨٩. بەڵام کاتێک ئەم سیناریۆیە نەیتوانی ڕای گشتیی جیهانی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، ترەمپ پەنای بردە بەر باسی “نەوت و داراییە دزراوەکان” و “گەڕاندنەوەی دیموکراسی”.
ئەم تاکتیکە، شیکارییەکانی هاوڕێمەنسوور حیکمەت دێنێتەوە یاد کە لە کۆی بەرهەمەکانیدا، بەتایبەت لە شیکردنەوەکانی بۆ “نەزمی نوێی جیهانی”، جەختی لەوە دەکردەوە کە ئەمریکا بۆ چەسپاندنی هەژموونی خۆی، هەمیشە پێویستی بە دروستکردنی دوژمنی وەهمی و سیناریۆی ترسناک هەیە تا دەستوەردانە خوێناوییەکانی بشارێتەوە. لە عێراق، بیانووی چەکی کۆمەڵکوژ بەکارهێنرا، لە ئەفغانستان بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، و ئەمڕۆش لە ڤەنزوێلا، سیناریۆی ماددەی هۆشبەر و دیموکراسی بووەتە پەردەیەک بۆ داپۆشینی ئامانجە ڕاستەقینەکە: کۆنترۆڵکردنی گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهان.
دوای جەنگی جیهانیی دووەم و بەتایبەتی دوای ڕووخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات، جیهان بە جۆرێک دابەش کرا کە هەژموونی ئابووری، سیاسی و سەربازیی ئەمریکا تیایدا باڵادەست بوو. بەڵام ئێستا ئەو هاوسەنگییە تێکچووە. سەرهەڵدانی هێزی ئابووریی گەورەی وەک چین و بوژانەوەی هێزی سەربازیی ڕووسیا، سیستەمی یەک جەمسەریی ئەمریکای خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
هاوڕێ لینین سەدەیەک لەمەوبەر لە کتێبی “ئیمپریالیزم، دوا قۆناغی سەرمایەداری”دا نووسیویەتی: “ئیمپریالیزم واتە دابەشکردنەوەی جیهان لەنێوان زلهێزەکاندا، نەک دابەشکردنی خاکە بێ خاوەنەکان.” ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین، بەرجەستەبوونی ئەم تیۆرییەیە. ململانێکان چیتر لەسەر داگیرکردنی خاکێکی نەناسراو نییە، بەڵکو لەسەر سەندنەوەی ناوچەکانی ژێر هەژموونی یەکترە. ڤەنزوێلا، بەهۆی سامانی نەوتیبێشومار و پێگە جوگرافییە ستراتیژییەکەی لە ئەمریکای لاتین، کەوتووەتە چەقی ئەم کێبڕکێ نوێیە. چین گەورەترین قەرزدەری ڤەنزوێللایە و ڕووسیاش هاوپەیمانێکی سەربازیی گرنگیەتی؛ ئەمەش وایکردووە کە ململانێکە لەنێوان ئەمریکا و حکومەتی مادۆرۆدا قەتیس نەمێنێت، بەڵکو ببێتە ڕووبەڕووبوونەوەی بلۆکە ئیمپریالیستییەکان.
ئەمڕۆ، هەموو زلهێزەکان خەریکی بەهێزکردنی جبەخانەی سەربازیی خۆیانن. بودجەی سەربازیی ئەمریکا، چین، ڕووسیا و یەکێتیی ئەوروپا ساڵ بە ساڵ لە هەڵکشاندایە. ئەم دیاردەیە قسەکانی ڕۆزا لۆکسمبۆرگ پشتڕاست دەکاتەوە کە دەیگوت: “سەرمایەداری بۆ ئەوەی بژی، پێویستی بەوەیە بەردەوام ناوچە و گەلانی تر قوت بدات و میلیتاریزم ئامرازی سەرەکییەتی.” هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ گەمارۆدانی تەواوەتیی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و ڕێگرتن لە گەیشتنیان بە ڤەنزوێلا، ڕاگەیاندنی فەرمی “یاسای جەنگەڵ” و گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی چەتەگەریی دەریایی کە تیایدا هێز ماف دەسەپێنێت، نەک یاسا نێودەوڵەتییەکان.
ململانێی سەر ڤەنزوێلا تەنها ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان واشنتۆن و کاراکاس نییە، بەڵکو گۆڕەپانێکی سەرەکیی کێبڕکێی نێوان ئەمریکا و ڕکابەرە جیهانییەکانیەتی، بەتایبەتی چین و ڕووسیا. چین، لە ڕێگەی سیاسەتی “قەرز بەرامبەر بە نەوت”، بووەتە گەورەترین خاوەن قەرز لەسەر ڤەنزوێلا و بە ملیاران دۆلاری لە ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتەدا وەبەرهێناوە. ئەمەش وایکردووە کە پەکین بەرژەوەندییەکی ستراتیژیی گەورەی لە مانەوەی حکومەتێکی هاوپەیمان لە ڤەنزوێلا هەبێت بۆ مسۆگەرکردنی گەڕانەوەی قەرزەکانی و پاراستنی وەبەرهێنانەکانی. لەلایەکی ترەوە، ڕووسیا پەیوەندییەکانی لە بواری سەربازی و وزەدا قووڵتر کردووەتەوە؛ نەک هەر چەکی پێشکەوتووی بە ڤەنزوێلا فرۆشتووە، بەڵکو کۆمپانیاکانی وزەی ڕووسیا (وەک ڕۆزنەفت) بوونەتە یاریزانی سەرەکی لە کەرتی نەوتی ئەو وڵاتەدا، بەتایبەت دوای کشانەوەی کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان. بوونی ئەم دوو زلهێزە لە ناوچەیەکدا کە ئەمریکا بە شێوەیەکی نەریتی بە پانتایی ستراتیژیی خۆی زانیوە، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەو سیاسەتە مێژووییەی واشنتۆن کە هەمیشە هەوڵیداوە ڕێگری لە دەستوەردانی هێزە دەرەکییەکان لە کیشوەری ئەمریکادا بکات. لەم ڕوانگەیەوە، بەرگریکردنی چین و ڕووسیا لە حکومەتی مادۆرۆ تەنها پشتیوانییەکی سیاسیی کاتی نییە، بەڵکو بەشێکە لە ستراتیژییە گەورەکەیان بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئەمریکا و دامەزراندنی سیستەمێکی جیهانیی فرەجەمسەر.
هاوڕێمەنسوور حیکمەت، لە کۆی شیکارییەکانیدا بۆ دۆخی جیهان دوای جەنگی سارد، بەردەوام هۆشداریی دەدا و جەختی لەوە دەکردەوە کە ‘ئەگەر چینی کرێکار و ئازادیخوازان نەبنە جەمسەرێکی بەهێز و سەربەخۆ، جیهان لەنێوان بەرداشی چەتەگەریی زلهێزەکاندا وردوخاش دەبێت’. ئەوەی لە ڤەنزوێلا ڕوودەدات، تەنها قەیرانێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو زەنگێکی ئاگادارکەرەوەیە بۆ هەموو جیهان. ئەمە سەرەتای گەردەلوولێکی گەورەترە کە هەڕەشە لە ئاسایشی جیهانی دەکات و مرۆڤایەتی دەخاتە ناو تاقیکردنەوەیەکی خوێناوییەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی کەمینەیەکی سەرمایەدار.
لە کۆتاییدا، چارەنووسی ڤەنزوێلا و ئەو ووڵاتانەی کە چەقۆی دابەشکاری ئیمپریالیستی هەڕەشەی لێدەکات، جیهان بەستراوەتەوە بە توانای چینی کرێکاری جیهانی و هێزە پێشکەوتنخواز و ئازادیخوازەکانەوە بۆ دروستکردنی بەرەیەکی جیهانی دژی ئیمپریالیزم و میلیتاریزم. ئەگەرنا، سەدەی بیست و یەکەم دەبێتە شایەتحاڵی دابەشکردنەوەیەکی خوێناویی تری جیهان، کە تیایدا چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش دەبنە قوربانیی سەرەکی.
٢٢/١٢/٢٠٢٥
