Home بیروڕادەسەڵاتی کوردایەتی، دومەڵێكی سەرەتانی!

دەسەڵاتی کوردایەتی، دومەڵێكی سەرەتانی!

by admin
0 کۆمێنتەکان 74 بینینەکان

موحسین کەریم:   
ساڵ تەواوبوو، تازە باسی هاتنی مووچەی مانگی(١٠) دەکرێ! نزیکەی (١١) ساڵە کرێکاران و کارمەندان و سەرجەم مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێم، لە مامۆستایان و خانەنشینان و….تاد. بەردەوام مووچەکانیان لەلایەن ئەم دەسەڵاتە مافیاییەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و دۆخێکی سەختی ژیان و گوزەرانیان بەسەریاندا داسەپاندوە! رێك وەکو ئاغاو خان لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا رەفتاردەکەن کە دەبێ وەکو رەعیەتی ئەوان کاربکەن و چاوەرێی لوتفی ئەوانیش بن بۆئەوەی نانێکی وشک بخەنە بەردەم خۆیان و مناڵەکان و خێزانەکانیان!
نزیکەی زیاتر لە یەك ملیۆن هاوڵاتی هەرێمی کوردستان مووچەخۆری حکومەتن. بێگومان ئەمانەش هاوسەرو مناڵیان هەیە کە لە بەخێوکردنیان بەرپرسیارن. ئەگەر وا دابنێین بەگشتی و تێکڕا هەر مووچەخۆرێك بەرپرس بێت لە ژیانی دوو کەسی دیکە، ئەوا نزیکەی سێ ملیۆن هاوڵاتی چاوەرێی ئەو مووچەیەن کە دەبێ لە حکومەتەوە مانگانە بگاتە دەستیان و ژیان و گوزەرانیان بەتەواوی بەو مووچەیەوە بەندە. بەڵام حکومەتی کوردایەتی هەرێم، ئەوە (١١)ساڵی ڕەبەقە یان بەتەواوی مووچەی چەندین مانگی نەداوە، یان چارەکە مووچەو نیومووچەی داوە. بەوجۆرە دەسەڵاتدارانی کوردایەتی بەئاشکراو بەبێ هیچ شەرمێك لەماوەی ئەو(١١) ساڵەدا نزیك بەنیوەی پارووی دەمی خێزانەکانی کوردستانیان تاڵانکردوە، ناوبەناویش بەرپرسەکانیان دێنە سەر شاشەی تەلەفزیۆن و دزی و تاڵانیەکانی خۆیان وەکو نیشتمانپەروەی و کوردپەروەری پێدەفرۆشنەوەو داوایان لێدەکەن کە دزینی پارووی دەمی خێزانەکانیان بەو ناوەوە لێقبوڵ بکەن و خۆڕاگربن و لەدژیان ڕانەپەڕن!
ئەم دەسەڵاتە تاڵانچیە، تائەوکاتەی حسابیان بۆ حکومەتی ناوەندی نەدەکرد و خۆیان دەستیان بەسەر تەواوی داهاتی کوردستاندا گرتبوو، بە قاچاخچێتیکردن بە نەوتیشەوە، و باسیان لە دامەزراندنی ئابوری سەربەخۆ دەکرد، چارەکە مووچەو نیومووچەیان دەدا بە مووچەخۆران و بگرە مووچەکانیان (لە خەزێنە خەیاڵیەکاندا) بۆ پاشەکەوت دەکردن! ئەوکاتە بیانوویان ئەوەبوو کە خەرجی شەڕی داعشیان لەسەرەو هەروەها حکومەتی ناوەندیان تۆمەتباردەکرد بەوەی بودجەی هەرێم نانێرێت! لەکاتێکدا بەشێکی زۆری خەرجی شەڕی داعش لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانەکانەوە دەکرا و هاوکات خۆشیان دەستیان بەسەر هەموو داهاتی کوردستاندا گرتبوو، بە داهاتی نەوتی و نانەوتیەوە، بەنەوتی کەرکویشەوە! بەوجۆرە نەناردنی بودجە لەلایەن حکومەتی ناوەندیەوە بیانوویەکی بێماناو پووچ بوو! هەر لەوکاتانەدا خۆیان چەندین ملیار دۆلاریان کۆکردەوە!
دوای ئەوەی دەستیان لە تاڵانکردنی داهاتی کوردستاندا کورتکرایەوە و وەهمی ئابوری سەربەخۆ لەسەر بەردی روداوەکانی دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەردا پووکایەوە، ئینجا بیانوەکەیان گۆڕی بۆئەوەی کە حکومەتی ناوەند دیسانەوە پابەند نیە بە ناردنی شایستە داراییەکان و بودجەی هەرێمەوە. بێگومان حکومەتی ناوەندی یاریەکی سیاسی قێزەون دەکات بۆ پەڕوباڵکردنی حکومەتی هەرێم لەسەر حسابی مافی یاسایی و پارووی دەمی مووچەخۆرانی کوردستان، بەڵام دیسانەوە ئەوەی کە بەشی سەرەکی بەردەکەوێ لەبەبارمتەرگرتنی خەڵکی کوردستان لەناو ئەم یاریە پووچ و دژی ئینسانیەدا، حکومەتی کوردایەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانی چەتەگەری بۆرژوازی کورد و حزبەکانیەتی. مەرجی حکومەتی ناوەند بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، ڕادەستکردنی داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم و ١٢٠ ملیار دینار داهاتی نانەوتیە! بەڵام ئەوەی ئامادەنیە ئەم مەرجە دەستبەربکات، حکومەتی بنەماڵەکانی کوردایەتیە، چونکە ئامادەنین لەو هەموو سامانەی کە دەیان ساڵە کۆیانکردۆتەوەو بەردەوامیشن لە کۆکردنەوەی، کە بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێنرێت، یەك دینار ڕادەست بکەن تا ناردنی ئەو بڕە پارەیە نەبێتە کێشەی هاوڵاتیانی کوردستان و سەدان ملیار دیناری مووچەخۆرانی کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە دەستی بەسەردا نەگیرێت!
لەسەر حسابی ئەو تاڵانیەی کە لە خەڵکی دەکەن، هەردوو حزبی دەسەڵاتدار هێزی دەیان هەزار چەکداری میلیشایی بەخێودەکەن، بە چەكی جۆرواجۆرەوە، کە تەنها کاریان یان شەڕی ناوخۆ و تەسفیە حسابی ناخۆییە، یان سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی زەحمەتكێش و کەمدەرامەت و مامۆستایان و مووچەخۆرانە. بەرپرسانی ئەو دووحزبە دەسەڵاتدارە بە فڕۆکەی تایبەت و ریزە ئوتومبێلی گرانبەهاوە هاتوچۆ و گەشت دەکەن! کۆشك و ڤێلاو باخەکانیان، رابواردنەکانیان، دەزگا میدیاییە زەبەلاحە پڕخەرجەکانیان بۆ جوانکردنی سیمای بەرپرسان و حزبەکان و دەسەڵاتە چەتەگەریەکەیان، بۆنەو ئاهەنگەکانیان و تاد. ئەمانە هەمووی ملیۆنەها دۆلار دەکەوێت لەسەر حسابی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان، بەڵام لەولاوە مووچەخۆران و خەڵکی کەمدەرامەت و خانەنشین و خاوەن پێدوایستی تایبەت و کرێکارانی ژینگەو …تاد. دەبێ بەرد لە سکیان ببەستن بۆئەوەی هەست بەبرسێتی نەکەن!
دەسەڵاتی کوردایەتی هەرێم، دەسەڵات و حکومەتی بۆرژوازی کوردە، دەسەڵاتێکی مافاییایی و چەگەرییە کە بەڕادەی سەرەدەرزیەك باکی بە ژیان و گوزەران و ئایندەی خەڵکی کوردستان نیە. خزمەتگوزاریەکان، سەلامەتی و تەندروستی خەڵکی کوردستانیان سپاردوە بە بازرگانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە. لەروانگەی ئەوانەوە خەڵکی کوردستان بۆیە هەیە بۆئەوەی خزمەتی ئەوان بکات! ئەم دەسەڵاتە هیچی هاوبەش نیە لەگەڵ کرێکارو زەحمەتکێش و خەڵکی کەمدەرامەتی کوردستاندا، تەنها هێنانی کارەسات و بێمافی و هەژاری و شکاندنی شکۆو کەرامەتی ئینسانیان نەبێ! ئەم دەسەڵاتە دومەڵێکی سەرەتانیە بەسەر جەستەی خەڵکی کوردستانەوەو دەبێ بە نەشتەرگەری شۆرشگێڕانە لاببرێت!

لێدوانێک بەجێ بهێلە