Home بیروڕاهێرش بۆسەر پەناباران، قەیرانی حکومەتی بەریتانیا چارەسەر ناکات!

هێرش بۆسەر پەناباران، قەیرانی حکومەتی بەریتانیا چارەسەر ناکات!

by admin
0 کۆمێنتەکان 54 بینینەکان

نوری بەرشیر:   
سیاسەتی نوێی راستی بۆرژوازی لە حکومەت و ئۆپۆزسیۆنداو هێرشی توندڕەوانەیان بۆسەر پەنابەران بەشێوەی جۆراجۆر و پڕوپاگەندەی دژی خاریجی، گۆشەیەکی دیاری سیاسەتی ئەم دەورەیەیە کە فەزایەکی جیهانی بەخۆوە گرتووە، ئەم هێرشە سیاسی و ئابوریە، راسیستی و فاشیستیانەیە رەنگدانەوەی هەلومەرجی دنیای چەندجەمسەری سەرمایەداری ئەزمەگرتوو و حزبە بۆرژوازی و حکومەتەکانیانە، لە هەر وڵاتەدا دەسەڵاتی حاکم بەشێوەی جۆراوجۆر پەنابەران دەکاتە کایەی پڕوپاگەندەکانی خۆی و ئیبرازکردنی کەیسی هەمەڕەنگ بۆ هەڵخراندنی فەزای کۆمەڵگە بۆ کۆنەپەرستی و شاردنەوەی قەیرانێکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی کە یەخەی گرتوون، ئەمانە نموونەکانی بەئاشکرا لە ئەمریکا، بەریتانیاو تا دەگاتە سوید دیارن، وە هەریەکەیان لەهەوڵی دەرکردنی یاسای جیاوازی دژی پەنابەریدان، کە نەک تەنیا پاشەکشەیە بە مافە جیهاندانگرەکانی مرۆڤ، بەڵکو هەوڵی سەپاندنی هەلومەرجی کۆنەپەرستانەو سەرکوتگەری و هەژاریە بەسەر کۆمەڵگەدا.
ئەوەندەی بە بەریتانیا دەگەڕێتەوە، فەزای دژی پەنابەران و هێرش بۆسەریان و دەرکردنی یاسای دژی پەنابەری هاوکاتە لەگەڵ هێرشە هەمەلایەنەکان بۆسەر کۆمەڵگە، بۆیە ئەم هێرشانەی سەر پەنابەران کۆمەڵگەی بەریتانیای چەندجەمسەری کردۆتەوە، لەلایەک حزبی دەسەڵات (حکومەتی لەیبەر پارتی) و ریفۆرم پارتی لە ئۆپۆزسیۆندا لە خاڵی دژی پەنابەراندا یەکیانگرتۆتەوە.
لەیبەر پارتی وەک حزبی دەسەڵات لەرێگای وەزیری ناوخۆوە؛ شەبانا مەحمود و سەرۆک وەزیران؛ کییەر ستارمەرەوە، نەک بەتەنیا یاسای دژی ئینسانی دژ بەپەناپەران دەردەکەن، بەڵکو بە ئاشکرا لە میدیاکانیانەوە ژەهری دژی خارجی و فەزای کۆنەپەرستی و راسسیستی دەڕێژن، ئەمەش دەرگای بەڕووی راسیست و فاشیستەکانی وەک پارتی چاکسازی(ریفۆرم پارتی) و سەرۆکەکەی نایجل فاراج و هەروەها تۆمی رۆبنسونی چالاکوانی ڕاسیست و دژە پەنابەر کردۆتەوە کە رۆژانە هێرش بکەنە سەر پەنابەران و ڕاسیست و فاشیستە بەڵیەجیەکان بنێرنەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی پەنابەران!
خاڵی هاوبەشی ئەم دوو هێزە بۆرژوازیەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەبەریتانیا بۆ زاڵکردنی فەزای قەومپەرستیە کە ترامپ هەنگاوێکی بێشەرمانەی ناوە لەژێر ناوی ئەمریکا یەکەمە، کە حکومەتەکەی ترەمپ لە ئەمریکا بەجیا لە هێرش بۆسەر خاریجیان، ئەمریکای سەرمایەدارانەو باقی کرێکاران و کەمدەرامەتی کۆمەڵگا لەوپەڕی هەژاری و برسێتیدا راگرتووە. بۆ بەریتانیاش کە ئێستا حزبی لیبەر پارتی ئەوەی پارتی پارێزگاران نەیتوانی بیکات ئەم دەستی بۆبردوەو دەیەوێت بیکات، نەک ئەوەش بەڵکو کێبڕکێ لەگەڵ حزبی راسیست و فاشیستی ریفۆرم دەکات لەدژایەتی پەنابەران و خاریجیاندا، بەتایبەت کە دۆخی لەیبەر پارتی زۆر خراپ و لە قەیراندایە بەهۆی ئەوەی کە پشتیوانی جەماوەری بەڕادەیەکی دراماتیکی دابەزیوە بەهۆی ئەوەی کە نەیتوانی هیچ چاکسازیەك بکات بەقازانجی جەماوەری کەمدەرامەتی بەریتانیا کە دژ بە دەسەڵات و حکومەتی پارتی پاریزگاران، دەنگیان بە پارتی لەیبەر دا! بۆیە ئێستا حزبی ریفۆرم یەکێکە رکابەرە سەرەکیەکانی بۆ دەسەڵات.
کۆمەڵگەی بەریتانیا وەک یەكێک لە وڵاتە سەرمایەدارە گەورەکان، کە قەیرانێکی سیاسی و ئابوری گەورە یەخەی گرتووە، هەر ئەو جەمسەرە راسیست و فاشیستە نیە بەدژی پەنابەران و هێرش بۆ ئاستی گوزەرانی خەڵک، بەڵکو جەمسەرێکی ئازادیخواز، چەپ، سۆشیالیست، یەکێتیە کرێکاری و رێکخراوە مرۆڤدۆستەکانیشی تێدایە بەپێچەوانەی ئەوانەوە لەپاڵ خواست و داواکاریەکانی خەڵك و بەرگری لە پەنابەران و کۆچبەران و خاریجیان دەکەن و وەک هێزێکی راوەستاو بەدژی بزوتنەوەی راسیستی و فاشیستی کۆمەڵگەو سیاسەتی برسیکردن و لێگرتنەوەی حکومەتی لەیبەر پارتی راوەستاون.
بەمشێوەیە کێشەی پەنابەران بەشێکە لە كێشەی کۆمەڵگەی بەریتانیا، لەبەرئەوەی پەنابەرانیش بۆخۆیان بەشێکن لە خەڵكی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگەی بەریتانیا، هەروەک چۆن چارەسەری کێشەکانیان بەستراوە بە راوەستاوی ئەو بەرە ئازادیخواز و چەپ و کرێکاریەوە، هەروەها زەرورە کە پەنابەرانیش لەپاڵ ئەم بزوتنەوەیەدا بن و خۆیان بە بەشێک لەو بزوتنەوە فراوانەی کۆمەڵگە بزانن و بەهێزی بکەن.

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە