Home بیروڕائێران.. مافی مرۆڤ!

ئێران.. مافی مرۆڤ!

by admin
0 کۆمێنتەکان 76 بینینەکان

عەبدولڕەحمان گەورکی:     
ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ رۆژێکە بۆ رێزگرتنی کردەیی لە کەرامەتی مرۆڤ و مافە بنەڕەتییەکانی هەموو مرۆڤەکان. هەر جۆرە بێ رێزیکردنێک بەو مافانە، چ لەلایەن تاکەکانەوە بێت یان حکومەتەکان، پێشێلکردنی روون و ئاشکرای بنەما مرۆییەکانە. ئەم رۆژە هی کەسانێکە چیتر نایانەوێت ئەشکەنجە و لەسێدارەدان و خنکاندن و سانسۆر، چارەنووسیان دیاری بکات. لە مێژووی ئێراندا، شەهیدان هاواریان دەکرد و دەیاننووسی: “ئێمە مێژووی مافەکانی مرۆڤ بە خوێنی خۆمان دەنووسینەوە”. ئەم قسانە نەک تەنیا هێمای بەرخۆدان، بەڵکو وەبیرهێنانەوەی تاڵ و بە ئازاری بەردەوامی خەڵکی ئێرانە.
لە ئێران
لە ئێرانی ئەمڕۆکەدا، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بووەتە رووداوێکی رۆژانە. دەسەڵاتدارانی ئێران رۆژانە مافی مرۆڤی گەل پێشێل دەکەن. بەپێی راپۆرتە باوەڕپێکراوەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تەنیا لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥دا زیاتر لە ٣٣٥ زیندانی لە سێدارە دراون – کە یەکێکە لە بەرزترین ئامارەکانی مانگانە لە دەیەکانی رابردوودا. زۆرجار ئەم لەسێدارەدانانە بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە و بە ئامانجی چاندنی ترس لە کۆمەڵگادا ئەنجام دەدرێن. هەروەها دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ بەردەوامە. ساڵانە سەدان هەزار کەس بە هۆکاری سیاسی یان کۆمەڵایەتی دەستبەسەر دەکرێن و زۆربەیان تووشی ئەشکەنجە دەبن. تەنانەت گۆڕی زیندانیانی سیاسی کە لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا کوژراون، لەناو دەچن. هەروەک دوکتور مای ساتۆ، راپۆرتدەری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، جەختی کردووەتەوە: “وێرانکردنی ئەمجۆرە شوێنانە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و ئازارەکانی بنەماڵەی قوربانییەکان قووڵتر دەکاتەوە.” ئەم کردەوانە نەک تەنها یادەوەریی بەکۆمەڵ دەکەنە ئامانج، بەڵکو هەوڵێکن بۆ سڕینەوەی بەڵگەکانی تاوانەکانی رابردوو.
رژێمی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکان!
رژێمی ئێران سەرکوتکردنی بۆ دەرەوەی سنوورەکانیش پەرەپێداوە. ژمارەی دامودەزگا سەرکوتکەرەکان لە ناوخۆی وڵاتدا سەرسوڕهێنەرە، بەڵام (خامنەیی) بەوەوەش ناوەستێت و تیرۆر هەناردە دەکات. نەک هەر نەیارانی ئێرانی، بەڵکو لایەنگرانیان لە دەرەوەی وڵاتیش بۆ تیرۆرکردن دەکرێنە ئامانج. نموونەیەکی سەرەکی، هەوڵی تیرۆرکردنی پرۆفیسۆر ئەلیخۆ ڤیدال کوادراس، جێگری سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئەوروپایە لە ناو شاری (مەدرید) پێتەختی ئیسپانیا لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣. ئەم هێرشە کە بە فەرمانی بریکارەکانی رژێمی ئێران ئەنجامدرا، رادەی چالاکییە تیرۆریستییەکانی تاران نیشان دەدات. هەروەها دەسەڵاتدارانی فەرەنسا هۆشدارییان داوە لەوەی کە رژێمی ئێران تۆڕەکانی پەیوەست بە تاوانی رێکخراو بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی بە وەکالەت لە دژی نەیارانی کەڵک وەردەگرێت. حاڵەتی هاوشێوە لە وڵاتانی دیکەی ئورووپایی و تەنانەت ئەمریکاشدا تۆمار کراوە کە نەیارانی ئەو رژێمە کراونەتە ئامانج.
خاتوو مریەم رەجەوی لە کۆنفرانسی ئەوروپا
خانمی مریەم رەجەوی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی نیشتمانیی بەرخۆدانی ئێران، لە کۆنفرانسی پەرلەمانی ئەوروپا بە بۆنەی رۆژی جیهانی مافی مرۆڤ لە مانگی دیسەمبەری ٢٠٢٥ وتارێکی گرنگی پێشکەش کرد و وتی “هیچ کاتێک وەک ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی ئیران پێویستیان بە چڕکردنەوەی سەرکوتکردن نەبووە. چونکە پێشتر ئەوەندە هەستیان بە نزیکبوونی رووخاندنی رژێمەکەیان نەکردووە. ئەم رژیمە لە بەرامبەر راپەڕینی گەل و بەرخۆدانی رێکخراو لە چەقبەستووییەکی تەواودایە. بە فراوانکردنی چالاکییەکانیان، ناوەندەکانی شۆڕش، خواستی گەلی ئێرانیان نیشانداوە بۆ کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆرییەتی ئایینی و دامەزراندنی کۆمارێکی دێموکراتیک. خەڵکی ئێران هەردوو دیکتاتۆرییەت رەتدەکەنەوە”. دیکتاتۆرییەتی شا و دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی”.
تایبەت بە ئێران، هەمووان بەرپرسیارن
شاعیری ئێرانی بە ناوی “سەعدی” لە شیعرە بەناوبانگەکەیدا دەڵێ “مرۆڤەکان ئەندام جەستەی یەکترن، کە لە ئافراندندا خاوەن یەک جەوهەرن، کاتێک زەمەن ئازار بۆ ئەندامێک دەهێنێت، ئارامی لە ئەندامانتر دەسەندرێتەوە”. بەم پێیە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا راستییەکی حاشا هەڵنەگرە. لە سەرەتای شۆڕشەوە، زیاتر لە 120 هەزار کەس بە هۆکاری سیاسی لە سێدارە دراون. بە پێی ئامارێک بە پشتبەستن بە راپۆرتەکانی رێکخراوە بەناوبانگەکانی مافی مرۆڤ خەمڵێندراوە، ژمارەی ئەوانەی دەستگیرکراون و ئەشکەنجە دراون و بە گشتی، قوربانیانی سەرکوت زۆر زیاترە. بە جۆرێک کە ئەمڕۆ ئێران بووەتە زیندانێکی گەورە بۆ هاووڵاتیانی خۆی. جیهان بەرپرسە لەو تاوانانە. بەرخۆدانی ئێران بۆ ئازادی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ راپەڕیوە لە پێناو حکومەتێکی جەماوەری و کۆماری لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ئازاد و پلۆڕالیستی و فرەیی. کۆمارێک کە قسەکردن و حیزب و مەجلیس و رۆژنامەگەری و فەزای ئەلیکترۆنی ئازاد بێت.
خاتوو رەجەوی زۆر جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئایندەی ئێران کۆمارێک دەبێت کە لەسەر بنەمای دابڕانی ئایین و دەوڵەت دامەزرابێت، کە ئازادی و مافە تاکەکەسییەکان و کۆمەڵایەتییەکان بە پێی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ دەستەبەر دەکرێن. بەرخۆدانی ئێران پێداگری لەسەر کۆتایی هێنان بە سانسۆر و دادگایی کردنی ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژی زیندانیانی سیاسی و قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان دەکات. ئێمە بەدوای دەسەڵاتێکی دادوەری سەربەخۆدا دەگەڕێین کە لەسەر بنەمای پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بێت، بە پرەنسیپی بێتاوانبوون، تا ئەو کاتەی تاوانەکە بسەلمێنرێت. هەروەها مافی بەرگریکردن و دادخوازی و هەڵوەشاندنەوەی یاسای سەپێنراوی شەریعەت.
هەنگاوی پێویست
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم رژێمە، هەنگاوەکان پەلە و پێویستن. پێویستە باڵیۆزخانە و داو و ودەزگاکانی سەر بە رژێم لە وڵاتانی رۆژئاوا دابخرێن. چونکە ئەو ناوەندانە ئامرازی تیرۆر و سەرکوتکردنن. ناوزەدکردنی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات وەک رێکخراوی تیرۆریستی، پێویستییەکە کە ناتوانرێت دوابخرێت. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێ دەنگی خەڵکی ئێران ببیستێت و پشتیوانی بەرخۆدانیان بکات. هاواری ئێران لە پێناو ئازادی و دادپەروەری هێشتا وەڵامێکی شایستەی وەرنەگرتووەتەوە. بەڵام مێژوو نیشانی داوە کە سەرکوت ئەبەدی نییە. رۆژێک دێت کە ئەم دیکتاتۆرییەتە برووخێنرێت و مافی مرۆڤ دەبێتە راستییەکی رۆژانە لە ئێراندا.

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

لێدوانێک بەجێ بهێلە