شاباز محمود: 
ئەو باڵەخانە بەرزانەی وەک “شکۆمەندیی ئاوەدانی” دەخرێنە ڕوو، لە ڕاستیدا مۆنۆمێنتێکن کە لەسەر ئێسک و پروسکی چینی چەوساوە بونیاد نراون. گیانلەدەستدانی کرێکاران لە شوێنی کاردا، نە ڕووداوێکی لەناکاوی بێمانایە و نە “قەدەرێکی حەتمی”، بەڵکو دەرەنجامی ڕاستەوخۆی بێباکی سیستەمێکی چەوسێنەرە کە قازانجی دارایی لە سەرووی کەرامەت و سەلامەتیی مرۆڤەوە دادەنێت.
بەپێی داتا جێگەی متمانەکانی “بەشی ئاماری دەنگی کرێکار” بۆ ساڵی ٢٠٢٥، دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستی کارەساتێکی مرۆیی:
٧٧ مرۆڤی بەرهەمهێنەر لە کاتی کارکردندا بوونەتە قوربانی.
٥٧ قوربانی لە ناو جەرگەی “ئاوەدانییە” ساختەکەی هەرێمی کوردستان.
٢٠ قوربانی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
ئەم ژمارانە بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن لەسەر ئەوەی کە چینی باڵادەستی سەرمایەدار، کرێکار وەک “ئامرازێکی بەرهەمهێنانی هەرزان” دەبینێت نەک وەک مرۆڤ. نەبوونی ژێرخانێکی سەلامەتیی پیشەیی، بێباکی کۆمپانیاکان لە دابینکردنی پێداویستییە پارێزەرەکان، و غیابی یاسایەکی کار کە پارێزگاری لە مافی ژیانی کرێکار بکات، هەموویان ئاماژەن بۆ “کوشتارێکی سیستماتیک” کە لە ژێر پەردەی گەشەی ئابووریدا ئەنجام دەدرێت.
بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە، پێویستە جەماوەری کرێکار و هێزە پێشکەوتوخوازەکان لەوە تێبگەن کە دەسەڵاتدارانی ئێستا، بەهۆی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان لەگەڵ خاوەن سەرمایەکان، هەرگیز نابنە پارێزەری ژیانی ئەوان. ڕێگەی ڕزگاری تەنها لە خۆڕێکخستنی مەدەنی و تێکۆشانی چینایەتیی کرێکاراندایە بۆ سەپاندنی بیمەی ژیان و مەرجە توندەکانی سەلامەتی.
سڵاو بۆ ئیرادەی کرێکاران و یادەوەریی هەموو ئەوانەی لە پێناو نان و ژیاندا، بوونە قوربانیی چاوچنۆکیی سەرمایەداری.
کۆتای ٢٠٢٥
