چەتەگەری و تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکا
بەیاننامەی هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق وکوردستان سەبارەت بە ڕووداوەکانی ڤەنزوێلا
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٣ی کانونی دووەم/ جەنیوەری، دوای چەندین مانگ هەڕەشە و گەمارۆی سەربازی و لەژێر پاساوی تیرۆر و بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە بۆ ناو ئەمریکا، دەوڵەتی ئیمپریالیستی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی سەرۆکە بەڵتەجی و چەتە و مافیاکەی، ترامپ، لە کردەوەیەکی مافیا و چەتەئاسادا، شاری کاراکاسی پایتەختی ڤەنزەوێلای دایە بەر پەلاماری ئاسمانی. هاوکات لە کردەوەیەکی مرۆڤدزین و مافیاییدا سەرۆکی ئەو وڵاتە، مادۆرۆ و هاوسەرەکەی ڕفێنران و بەرەو ئەمەریکا گوێزرانەوە.
ترامپ، دوای ئەنجامدانی ئەو کردەوەی ڕفاندنە، بەشانازیەوە باسی لەو تاوانە قێزەونە کرد و وەکو نمونەی توانای بێوێنەی ئەمریکا بۆ ملهوڕی و چەتەگەری و ئینسان ڕفاندن وەسفی کرد. هاوکات ئەوەی ڕاگەیاند کە مادۆرۆ لە دادگاکانی ئەمریکادا بە تاوانی پشتیوانی تیرۆر و قاچاخچێتی بە بازرگانی مادەی هۆشبەر ڕووبەڕووی دادگاییکردن دەبێتەوە و تا ئەو کاتەی حکومەتێک دادەمەزرێت کە بتوانێ دۆخی سیاسی هێوربکاتەوە، ئەمریکا خۆی ڤەنزەوێلا بەڕێوەدەبات!
ئەم ملهوڕی و شەقاوەچێتیەی ترامپ و دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا، بەرامبەر بە وڵاتێكی تر جگەلەوەی لێدانی دوایین شەقە لە یاسا باوە نێودەوڵەتیەکان، هاوکات درۆی “سەروەری دەوڵەتانی دیموکراسی” لەقاو دەدات. ئەمە لە کاتێکدایە کە مادۆرۆ و حکومەتەکەی لە هەڵبژاردنێكدا و بەپێی بنەماکانی دیموکراسی بۆرژوایی و بەبەرچاوی ئەو دەزگایانەوە کە گوایە
پارێزەری “دیموکراسی و ئاسایشی جیهانی”ن دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتووە.
لەڕاستیدا ئەوەی بۆ سەر ڤەنزەوێلا بەڕێخرا نیشانەی دەستپێکردنی قۆناغێکی ترسناکە. قۆناغێک کە تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکا و نەریتی چەتەگەری و ئینسان ڕفاندن، لەپاڵ لەشکرکێشی و سەپاندنی جەنگ و داگیرکاریدا دەکاتە کردەیەکی ڕەسمی دەوڵەتانی ئیمپریالستی بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی لەپێناو دوبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکانی نفوز و کۆنترۆڵی جیهان و بازاڕ و سەرچاوە ئابوریەکاندا بەئاڕاستەی سازدانەوەی سەرمایەداری بەوجۆرەی کە چینی بۆرژوازی و دەوڵەتانی دەیخوازن.
ڕووداوی ڕفاندنی سەرۆکی وڵاتێك لەلایەن ئەمریکاوە هیچ پاساوێکی نییە! ئەمریکا یەکەم وڵاتی دنیایە کە دەزگا بەدناوەکەی (سی ئای ئەی) لەسەراسەری دنیادا کردەوەی تیرۆریستی و ڕفاندن و پیلانگێڕی دژی دەوڵەتانی نەیاری خۆی بەڕێوەبردووە. یەکەم دەوڵەتی دنیایە کە پشتیوانی لە دیکتاتۆرەکان و باندە ئینسانکوژەکان کردووە، کە دوا نمونەی تاڵبان لە ئەفغانستان و ئەحمەد شەرعە لە سوریا. ئەمەش نەک هەر بووەتە هۆی مایەی سەپاندنی دەستەوتاقمی تیرۆریست و ئینسانکوژ بەسەر چارەنوسی کۆمەڵگاکاندا، بەڵکو هێندەی تر ڕاکێشانی جیهانە بۆ ناو تونێلێکی تاریک.
ترامپ و ئەمریکا مافی ئەوەیان نییە خۆیان بکەنە کوێخای خەڵکی ڤەنزەوێلا، لەکاتێکدا پاشخانی خۆیان هەمووی تاوان و کوشتارە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی. هاوکات سیاسەتی گۆڕینی ڕژێمەکان لەلایەن ئەمریکاوە بەناوی گواستنەوەی دیموکراسی و دژایەتیکردنی دیکتاتۆرەکان، نەك هەر قسە و بانگەشەیەکی پووچە، بەڵکو خەڵکی عێراق و ئەفغانستان و سوریا و… بە قیمەتی کاولبوونی کۆمەڵگاکان و کوشتاری سەدان هەزار کەس تەجروبەیان کردووە. ترامپ بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە دەیانەوێ دەستبگرن بەسەر نەوتی ڤەنزەوێلادا و ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ئەمریکا خۆی ڕاستەوخۆ ڤەنزەوێلا بەڕێوەدەبات، بەڵگەیەکی ڕاشکاوە بۆ داگیرکاری و ئەم چەتەگەری و تاڵانچێتیە. ئیمپریالیزمی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ترامپ، دەیەوێ لە نیوەگۆی ڕۆژئاوای زەوی، کە بە باخچەی پشتەوە و زەوی بەپیتی بەرهەمهێنانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمریکای دادەنێت، نفوزی ڕوسیا و چین، وەکو دوو جەمسەری ڕکابەری ئیمپریالیستی لاواز بکات. داگیرکردنی ڤەنزەوێلا هەنگاوێکە بەو ئاڕاستەیەدا و ئەگەری ئەوەی کە وڵاتانێکی دیکەی ئەمریکای لاتین کە ئامادەنین سەریان بۆ ئەمریکا دابنەوێنن، ڕووبەڕووی هەمان شەقاوەچێتی و ملهوڕی ببنەوە، مەسەلەیەکی دوور نییە. بەڵتەجیەتی ئەمریکا دژی خەڵکی ڤەنزەوێلا نیشانەی ئەوەیە کە جیهان لەژێرسایەی ئەم بلۆکە ئیمپریالیستیانەدا و بەتایبەتی ئەمریکا و سەرۆکە شەقاوەکەیدا ئایندەیەکی تاریکی دەبێ ئەگەر چینی کرێکاری جیهانی نەیەتە مەیدان بۆ پێشگرتن بەم چەتەگەری و مافیا ڕەسمی و دەوڵەتیەی ئەمریکا!
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٣/١/٢٠٢٦
