Home بیروڕائێران.. راپەڕینی گەل بەرەو سەرکەوتن

ئێران.. راپەڕینی گەل بەرەو سەرکەوتن

دوا فێڵەکانی دیکتاتۆری لە لێواری کەوتندا

by admin
0 کۆمێنتەکان 17 بینینەکان

عەبدولڕەحمان گەورکی:   

لە سەروبەندی پێشهاتە چارەنووسسازەکانی ئێران، نیشانەکانی رووخانی رژێمی ویلایەتی فەقیهی لە هەموو کاتێک زیاتر دەرکەوتووە. شەپۆلێکی نوێی راپەڕینی جەماوەری، شار و چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگای گرتەوە و بەرەوڕووی پێکهاتەی داڕزیوی رژێم بووەتەوە. لە وەها هەلومەرجێکدا، چالاکبوونی لەناکاوی کرێگرتەکانی دیکتاتۆری پێشووی (پەهلەوی) پرسیار و گومانی جددی دەوروژێنێت. ئەم چالاکبوونە بێ هۆ نیە، بەڵکو بەشێکن لە دوایین فێڵەکانی رژێمی داڕزیوی ئیران و لایەنگرانی دەرەکیی، بۆ بە لاڕێدابردنی مەسێر و رێبازی شۆڕشی گەلانی ئێران.

رژێمی ویلایەتی فەقیهی بە هێنانە ئاڕای ئەم کرێگرتانە هەوڵ دەدات راپەڕینی جەماوەری لە رێبازە سەرەکییەکەی لابدات و بەرەو ململانێیەکی ناوخۆیی یان دووبەرەکی نانەوەی “لە نێوان ڕابردوو و ئێستاکەدا” ببات. ئامانجی سەرەکی، دروستکردنی شڵەژان و دابەشبوونە لە ریزەکانی گەلدا و لە کۆتاییدا، رێگریکردنە لە داڕمانی حەتمیی خۆی. بەڵام ئەزمونی مێژوویی دەریخستووە کە ئەمجۆرە نومایشکردنانە هەرچەندە ژاوەژاو بن، ناتوانن ئیرادەی گەلی ئێران بشکێنن کە دەیان ساڵە سەرکوت و فێڵ و توندوتیژیی بەسەردا هاتووە. گەلی ئێران ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر هۆشیارن کە بەم یاریکردنە دووبارەبووانە فریو بدرێن.

لایەنە هاوبەشەکەی دوو دیکتاتۆرییەت: لەسەر پێ هێشتنەوەی دیکتاتۆری

سەرەڕای جیاوازییە رواڵەتییەکانیان، دیکتاتۆری ئایینی دەسەڵاتدار و پاشماوەکانی دیکتاتۆریی پاشایەتی (پەهلەوی) یەک خاڵی بنەڕەتی هاوبەشیان هەیە، ئەویش پاراستنی ستەمکارییە بە هەر شێوەیەک کە بتوانرێت. دەسەڵاتی ئێستا دەزانێت تاکە رێگای مانەوە بە لاڕێدابردنی راپەڕین و ماندووکردنی هێزی شۆڕشگێڕانەی گەلە. لە لایەکی دیکەوە کرێگرتەکانی سەر بە رژێمی پێشووش بە هەنگاوی پڕوپاگەندەیی و رۆڵی پەراوێزخستن، هەوڵی رزگاربوونبوونی خۆیان دەدەن لە لێپرسینەوە و بەرپرسیارێتی مێژوویی لە بەرامبەر تاوانەکانی رابردوویاندا.

بەڵام گەڕانەوە بۆ رابردوو نە مومکینە و نە خوازراوە. هەروەک چۆن دیکتاتۆرییەکی ئایینی مەحکومە بە شکست و رووخان، دیکتاتۆرییەکی پاشایەتیش لە داهاتووی ئێراندا جێگەی نابێتەوە و هەردووکیان دەخرێنە زبڵدانی مێژووەوە و (دادپەروەری) نەک تەنها ئەنجامدەرانی سەرکوتکردنی رژێمی ئێستاکە، بەڵکو تاوانبارانی ناوخۆیی رژێمی پاشایەتیش دەگرێتەوە. ئەم دادپەروەرییە، داواکارییەکە کە رەگ و ریشەی لە ویژدان و ناخی کۆمەڵگای خەڵکی ئێراندایە.

ئەزموونی مێژوویی و رۆڵی شانەکانی شۆڕش

خەڵکی ئێران لە سەدەی رابردوودا باجی قورسیان داوە لە پێناو ئازاددا. ئەزموونی دوو دیکتاتۆری (یەکێکیان وابەستەی کۆلۆنیالیزم و ئەوی دیکەیان سەرکوتکەر و بەرگێکی ئایدیۆلۆژی و ئیسلامی) یادەوەری مێژوویی کۆمەڵگای لە قاڵب داوە. راپەڕینەکانی رابردوو بە تایبەت راپەڕینی ساڵی ١٤٠١ خاڵی وەرچەرخان بوون لەسەر ئەم رێگایە. لەو کاتەدا رژیم هەوڵیدا بە رێگەی بە لاڕێدابردنی راپەڕینی 1401 و وروژاندنی شتی لاوەکی، ویستی بزووتنەوەی خەڵک بوەستێنێت، بەڵام شکستی هێنا.

ئەمڕۆ فاکتەری دیاریکەر بۆ بەردەوامبوون و قووڵبوونەوەی راپەڕین، پشتبەستنی خەڵکە بە بەرخۆدانێکی رێکخراو، بەتایبەتی (شانەکانی شۆڕش). ئەم شانە و ناوەندانە، وەک خانەیەکی بچووک بەڵام کاریگەر لە بەرخۆدان، لە گەڕەک و شارەکاندا چالاکن. ناڕەزایەتی رێکدەخەن و کەشی ترس دەشکێنن و رژێم لاواز دەکەن. کردەوەی داهێنەرانە و دروشمی دژە دیکتاتۆرییەت و ئامادەیی بەردەوامیان، نیشان دەدات کە راپەڕین لە قۆناغی ناڕەزایەتی پەرشوبڵاو تێپەڕیوە و چووەتە قۆناغێکی هۆشیارترەوە.

ئەمەش بەرەنگاربوونەوەکە بەرەو سەرکەوتن

موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادوەریی رژێم، لەمدواییانەدا وتی: (ئەوانەی دێنە سەر شەقام و ئەوانەی سەرکردایەتیی راپەڕێن دەکەن، من بە دادگا و داواکاری گشتیم وتووە کە ئێستا کاتی بەخشین و سازان نیە). فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئینتیزامی، پاسدار (رادان)یش وتی: (پرسی ناڕەزایەتی جیاوازە لە ئاژاوەگێڕی، هاوشانی دەسەڵاتی دادوەری تا کۆتایی و دوایین کەس بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و جددی مامەڵە لەگەڵ ئاژاوەگێڕان دەکەین) (ئاژانسی هەواڵی میزان سەر بە ڕژێم، ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٤). ئامانجی رژێم روونە. (سەرکوتکردنی راپەڕین!) بەڵام لە بەرامبەردا لاوانی شۆڕشگێڕی کۆمەڵگای ئێران لە بەرامبەر هەڕەشەکانی رژێمدا وەستاون و دەڵێن: (وەرنە پێشەوە با شەڕ بکەین، ئێمە تا دوا کەس و دوا رۆژ شەڕ دەکەین. بەڵام باشترە رژێمی ویلایەتی فەقیهی زووتر لە چارەنووسی شا وانە وەربگرێت و لەبیری نەچێت کە گڕکانی تووڕەیی جەماوەری خەڵکی ئێران، چاوەڕێیەتی).

دوامەنزڵی گەل: کۆماری دیموکراتیک

ڕاپەڕینی ئێستا دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی ئەزموون و هۆشیاری کۆمەڵایەتییە و لە رووی چۆنایەتییەوە جیاوازە لە راپەڕینەکانی پێشوو. خەڵک چیتر سازش لەگەڵ کۆنەپەرستی ناکەن و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی وابەستەیی قبوڵ ناکەن. ئامانجەکەیان روونە: لەناوبردن و راماڵینی دیکتاتۆرییەت بە هەموو کوتلە و باند و فێڵەکانییەوە و گەڕاندەنەوەی ئێران بۆ گەلەکەی. ئاسۆی ئەم خەبات و شۆڕشە، دامەزراندنی (کۆمارێکی دیموکراتیک)ە لەسەر بنەمای ئازادی رادەربڕین، هەڵبژاردنی ئازاد، جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، مافی یەکسان بۆ ژنان و کەمینە چەوساوەکان و نەتەوەکان و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و سەرکوتکردن.

لە درێژەی ئەم رێگایەدا، هێزە ئازادیخوازەکان و بەرخۆدانی رێکخراو، لەوانەش ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران، بە خستنەڕووی بەرنامە و دیدگای روون، رۆڵێکی گرنگیان لە یەکگرتنی نەتەوەیی گێڕاوە. ئەم بەرنامانە وێنەیەکی بەرجەستە لە ئێرانی داهاتوو دەخەنە روو کە دەتوانێ بنەمای یەکخستنی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بێت.

دەرئەنجامە ناوچەییەکانی رووخاندنی دیکتاتۆرییەت

دەرەنجامی رووخاندنی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی نەک هەر پەرەسەندنێکی ناوخۆیی نابێت، بەڵکو کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت. رژێمی ئێران ساڵانێکە سەرچاوەی ناسەقامگیری و تیرۆر و شەڕی بە وەکالەت بووە لە ناوچەکەدا. بە داڕمان و رووخاندنی، رێگایەکی نوێ بۆ ئاسایش و سەقامگیری و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە دەکرێتەوە و وڵاتانی ناوچەکە لە دەستێوەردان و گرژییە سەپێنراوەکان رزگاریان دەبێت.

هەروەها پێویستە بگوترێ خوێنی شەهیدانی گەل بەفیڕۆ نەچووە. ئەوان ئیلهامبەخشن بۆ نەوەیەک کە بە وریایی و رێکخستن و قوربانیدان بەرەو داهاتوویەکی گەش دەڕوات. سەرکەوتنی بەرخۆدانی گەل، نەک هەر ئازادی لەم وڵاتە دەستەبەر دەکات، بەڵکو زنجیرەی ستەمکاری لە سەرانسەری ناوچەکەدا دەهەژێنێت و ئێران دەگەڕێنێتەوە بۆ شوێنی شیاوی خۆی.

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

 

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە