Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانیپێویستە دەستبەجێ پەلامار و پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی خەڵکی کورد لە سوریا ڕابگیرێ

پێویستە دەستبەجێ پەلامار و پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی خەڵکی کورد لە سوریا ڕابگیرێ

by admin
0 کۆمێنتەکان 44 بینینەکان

هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئەلشەرع لە دوێنێوە، بە پشتیوانی سەربازی تورکیا و بە پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ژمارەیەك دەوڵەتی عەرەبی ناوچەکە، هێرشێکی فراوانیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە لە کوردستانی سوریا دەست پێکردووە. وەزارەتی بەرگری سوریا لەڕێگای ڕاگەیاندنی فەرمیەوە فتوای پاکسازی و کوشتاری خەڵکی ئەو ناوچانەی ڕاگەیاندووە. ئامانجی ڕاستەوخۆی حکومەتی سوریا گێڕانەوەی دەسەڵاتی سیاسی- سەربازی- ئەمنی خۆیەتی بۆ تەواوی ئەو ناوچانە و کۆتاییهێنانە بە بوونی دەسەڵاتی هەسەدە و بەڕێوەبەری زاتی لەو ناوچەیە.
ئەم هێرشە سەربازیەی چەکدارانی ئەلشەرع بۆ سەر ئەو ناوچانە دوای ئەوە هات کە بە فشاری ئەمریکا و لەسەر داوای تورکیا، لە کۆبونەوەی هەولێردا کە تۆم باراك نێردەی ترامپ بۆ سوریا و مەسعود بارزانی و مەزڵوم عەبدی تێدا ئامادەبوون، داوا لە مەزوڵم عەبدی کرابوو کە هێزەکانیان لە پارێزگاکانی ڕەقەو تەبقە، واتە ئەو ناوچانەی کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی عەرەبن، بکشێنەوە. بەڵام سەرباری جێبەجێکردنی ئەو داوایە لەلایەن هەسەدەوە، پیلانە ڕاستەقینەکە دەستی پێکرد.
لەئاکامی کردەوە سەربازیەکانی چەکدارانی ئەلشەرعەوە سەدان تیرۆریستی داعش کە لە زیندانەکاندا ڕاگیرابوون دەرگایان بۆ خرایە سەر پشت و ئازادکران. هاوکات شەڕێکی سەراپاگیر بەسەر خەڵکی کوردی سوریادا داسەپێنراوە و مەترسی کۆمەڵکوژی لەلایەن تیرۆریستانی سوپای ئەلشەرعەوە لەسەر خەڵکی کورد ڕووی لەزیادبوونە، هەروەکو چۆن کۆمەڵکوژی عەلەوی و دروزیەکانیان کرد.
ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بەتەواوی توانامانەوە پشتیوانی لە بەرگری ڕەوای خەڵکی کوردستانی سوریا دەکەین دژ بە دڕندە ئینسانکوژەکانی ڕژێمی داعشئاسای سوریا بەسەرۆکایەتی ئەحمەد ئەلشەرعی گەورە تیرۆریست. هاوکات بانگەوازی سەرجەم خەڵکی ئازادیخواز لە کوردستان و لە هەر جێگایەکی دنیا دەکەین کە دژی ئەم پیلانگێڕیە دژی خەڵکی کوردی سوریا و بۆ پشتیوانی لەو خەڵکە بەهەرجۆرێك دەتوانن ناڕەزایەتی دەرببڕن. دەبێ فشارێکی گەورە لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و جیهانی دروستبکرێ بۆئەوەی تیرۆریستانی دەسەڵاتداری دیمەشق لەسەر جێگای خۆیان دابنرێنەوە. خەڵکی کوردی سوریا مافی خۆیانە کە لە ناوچەکانی خۆیاندا بە ئازادی بژین و خۆیان ئیدارەی سیاسی ناوچەکانی خۆیان بکەن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٠ی کانونی دووەم/ جانیوەری ٢٠٢٦

لێدوانێک بەجێ بهێلە