Home بیروڕاکەرامەتی مرۆڤ یان نمایشی میدیایی کاتێک فرمێسک دەکرێتە کاڵا

کەرامەتی مرۆڤ یان نمایشی میدیایی کاتێک فرمێسک دەکرێتە کاڵا

by admin
0 کۆمێنتەکان 76 بینینەکان

ڕۆزا حەمە ساڵح:   
بەڕاستی جێگەی داخێکی قووڵە کە دەسەڵات و میدیای سێبەر (کەناڵی ڕووداو)، بۆ کۆکردنەوەی لایک و بینەر، کەرامەتی تاکی کورد بەم شێوەیە وردوخاش دەکەن.
هێنانە سەر شاشەی باوکێکی جەرگسووتاو و نمایشکردنی گریان و پاڕانەوەی بۆ هاوکاری، نەک هەر “مرۆڤایەتی” نییە، بەڵکو لوتکەی بێویژدانی و بێئەخلاقیی پیشەییە.
لێرەدا پێویستە چەند ڕاستییەک هەمووان بیزانن:
١. تێکدانی شیرازەی خێزانی: گریانی ئەو باوکە لەبەردەم کامێراکان، تەنها دەربڕینی هەژاری نییە، بەڵکو سوکایەتییەکی ڕاستەوخۆیە بە شکۆی منداڵەکانی. ئەم نمایشە، جگە لەوەی ئازارێکی دەروونی درێژخایەن بۆ خێزانەکە جێدەهێڵێت، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ژیانی ئەو دوو کچەی هەیە کە هاوسەرگیرییان کردووە؛ ڕەنگە ببێتە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی و تێکچوونی خێزانەکانیان.
٢. پلانی “بیشکێنە و خێر پێ بکە”: سیناریۆکە زۆر ڕوونە؛ سەرەتا میدیای دەسەڵات مرۆڤەکە دەشکێنێت و دەیکاتە سوژەی گریان، پاشان دەزگایەکی وەک “ڕوانکە” کە هی کوڕی سەرۆکی حکومەتە، یان هەر دزگایەکی تری خێرخوازیی سەر بە خۆیان، کە بە پارەی نەوتی دزراوی ئەم میللەتە بەڕێوە دەچن و سەدەها کەسی سەر بە خۆیان لە خێر و بێری دەخۆن، دێت و وەک “فریادڕەس” دەردەکەوێت و دەیکەن بە هێمایەکی جوان و پیرۆز. ئامانجەکە دروستکردنی نەوەیەکی “کۆیلە و سوپاسگوزارە” کە هەمیشە چاوی لە دەستی کوڕی بەرپرسەکان بێت، نەک داوای مافی خۆی بکات.
٣. “ماف” یان “سەدەقە”؟: ئێوە کە خاوەنی داهاتێکی بێشومارن، ئەگەر مەبەستتان هاوکاری بێت، دەتوانن بەبێ بریندارکردنی ڕۆحی مرۆڤەکان و بەبێ کامێرا یارمەتییان بدەن. بەڵام ئامانجی ئێوە یارمەتیدان نییە، بەڵکو چەسپاندنی وێنەی تاکی کوردە وەک مرۆڤێکی “شکستخواردوو و دەستپانکەرەوە”.
کۆتا وتە:
ئەوەی ئێوە دەیکەن خێرخوازی نییە، بەڵکو “تیرۆرکردنی کەسایەتی” مرۆڤە لە پێناو بەرژەوەندیی سیاسی و میدیاییدا. تاکی کورد پێویستی بە دادپەروەری و دابەشکردنی یەکسانی سامانی نیشتمانی هەیە، نەک ئەو “خێرە ناشرینەی” کە کەرامەتی پێ دەشکێنن.

سەرچاوە: فەیسبووکی نووسەر