Home بیروڕاعەلی قەرەداغی: کاتێک ئایین دەبێتە پەردەیەک بۆ شاردنەوەی تاوان

عەلی قەرەداغی: کاتێک ئایین دەبێتە پەردەیەک بۆ شاردنەوەی تاوان

by admin
0 کۆمێنتەکان 47 بینینەکان

توانا محەمەد نوری:   

١. ئایین وەک کەرەستەیەک بۆ دەسەڵات:
دکتۆر عەلی، تۆ تەمەنی خۆت بۆ خزمەتی “ئایین” تەرخان نەکردووە، بەڵکو ئایینت کردووەتە خزمەتکاری پڕۆژە سیاسییەکانت. لای تۆ و هاوبیرەکانت، ئایین تەنها هۆکارێکە بۆ ئەوەی خەڵکی پێ گێل بکەن و بە ناوی “پیرۆزییەوە” مێشکیان پڕ بکەن. ئەگەر ئایین ڕەوشت و مرۆڤایەتی فێری تۆ بکردایە، هەرگیز نەدەبوویتە پارێزەر و پشتیوانی بکوژێکی وەک “ئەحمەد شەرع”. ئەم هەڵوێستەت بە ڕوونی دەیسەلمێنێت کە ئایین لای تۆ تەنها پاساوێکە بۆ ئەوەی دەست بخەیتە ناو دەستی توندڕەوترین و خوێنڕێژترین گروپەکان بۆ گەیشتن بە مەرامەکانت.

٢. چەکی “کافرکردن” کۆن بووە:
هەرکەسێک ڕەخنەت لێ بگرێت، یەکسەر ناوی دەنێیت “مولحیدی توندڕەو”. ئەمە نیشانەی بێدەسەڵاتی و دواکەوتووییە. ئێوە کاتێک هیچ بەڵگەیەکتان پێ نییە، پەنا دەبەن بۆ ترساندنی خەڵک بە ناوی “خوا” و “دین”. سووتانی وێنەکەت پەیوەندی بە بێدینییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە خەڵک لەو گێلکردنە تێگەیشتوون کە ئێوە بە ناوی ئایینەوە دەیکەن. پەیامەکەی تۆ جارێکی تر سەلماندی کە پیاوی ئایینی ناتوانێت ئاشتیخواز بێت؛ تۆ لە جیاتی داواکردنی ئاشتی، نزا بۆ سەرکەوتنی گروپە توندڕەوەکان دەکەیت. ئەمەیە ئەو “پەیامە ڕاستەقینەیەی” باسی دەکەیت؟ پەیامێک کە تەنها وێرانکاری و دووبەرەکی لێ شین دەبێت. جیهان کاتێک ئارام دەبێت کە ئایین و پیاوەکانی لە ناوەندەکانی بڕیاردان و ژیانی سیاسی وەدەر بنرێن.

٣. ئایین و ناسیۆنالیزم؛ دوو بەڵای وێرانکەر:
سەیری ئەو “ئەحمەد شەرعە” بکە کە تۆ بە “پارێزراوی خوا” دەیناسێنیت؛ ئەو بۆ قەڵاچۆکردنی خەڵکی کوردستان، هەردوو چەکی ئایین و ناسیۆنالیزم پێکەوە بەکاردەهێنیت. لە لایەک بە ناوی ئایینەوە خەڵک بە “کافر” ناو دەبات و لە لایەکی ترەوە بە ناوی ناسیۆنالیزم و عەرەبچێتییەوە بە “جوداخواز” تۆمەتباریان دەکات. ئەمەیە حەقیقەتی ئێوە؛ تێکەڵکردنی دوو ژەهری وێرانکەر بۆ سڕینەوەی خەڵکانی تر. ئایین و ناسیۆنالیزم دوو بەڵان کە مێشکی مرۆڤەکان دەشۆنەوە و وایان لێ دەکەن لە پێناو “پیرۆزییەکی خەیاڵی” یان “نەتەوەیەک” خوێنی یەکتر بڕێژن. جیهان کاتێک ئارام دەبێت کە مرۆڤ لە کۆت و زنجیری ئایین و ناسیۆنالیزم پێکەوە ڕزگاری بێت.

٤. بەرژەوەندی نەک عەقیدە:
تۆ لە کوێوە بوویتە پارێزەری حکومەتەکان و گروپە چەکدارەکان؟ وەڵامەکە دیارە: هەر کوێیەک پارە و دەسەڵاتی لێ بێت، عەقیدەکەی تۆش لەوێیە. واز لەم شانۆگەرییە بێنە؛ تۆ نوێنەری هیچ هێزێکی ئاسمانی نیت، تۆ تەنها کارەکتەرێکی سیاسییت کە ئایین بەکاردەهێنیت بۆ ئەوەی جەماوەرێکی ساویلکە لە دەورت کۆبکەیتەوە و شەرعیەت بدەیت بە تاوانەکان.

دکتۆر، مرۆڤایەتی پێویستی بە زانست و عەقڵە بۆ ئەوەی لەم قەیرانانە ڕزگاری بێت، نەک بەو دەقە کۆن و وشکانەی کە تۆ دەتەوێت بە زۆر بەسەر جیهاندا بسەپێنیت.

٢٠/١/٢٠٢٦

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە