کەزیی هۆنینەوە بە بەشێکی دانەبڕاو لە مێژوو و کەلتووری ژنی کورد دادەندرێت، کەزی ژنانی کورد کە هێمای پەیمان و سوێند و بەڵێنە، لە ئەمڕۆدا بووەتە شۆڕشێکی نوێ لە دژی تاریکپەرستیی چەتەکانی جۆلانی.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەتەیەکی ئەحمەد شەرع دەرکەوت، کە کەزی کچە شەڕڤانێکی لە دەستە، بەپێی قسەکانی خۆی، ژنە شەڕڤانێکی کورد خۆی بەدەستەوە نەداوە و بەرانبەر پەیمان و گرێی کەزییەکەی، تا دوا دڵۆپی خوێن بەرخۆدانی کردووە. پاش شەهیدبوونی ئەوجا ئەم چەتەیە بوێری کردووە لە تەرمەکەی نزیک بێتەوە و کەزییەکەی، کە هێمای بەڵێن و سوێندە بۆ بەجێهێنانی ئەرکی شۆڕشگێڕی تا کۆتایی، بە شێوەیەکی دڕندانە ببڕێت.
بەپێی نەریتی کۆنی کوردەواریی کاتێک کارەساتێکی گەورە ڕوو دەدات، باسی «کەزی بڕین» دەکرێت، بڕینی کەزی لەلایەن ژنانی کوردەوە نیشانەی کارەسات و خەمێکی قووڵ و ئەبەدییە، هەر بۆیە لە دژی ئەم دەستدرێژی و تاوانە ژنانی کورد شۆڕشێکیان هەڵگیرساند
کەزی چییە؟
پێش هەموو شتێک، با بیرتان بخەینەوە، کە کوردان هەمیشە لە دۆخە سەختەکاندا سوێندیان بە کەزی دایکان خواردووە، بۆ نموونە لە سۆرانیدا دەڵێن: “بە پرچی دایکم قەسەم” لە کورمانجیشدا دەڵێن: “بە کەزی سۆند” کوردانی کەڵهوڕیش دەڵێن: “بە گیس داڵگم”.
ئەمانە و چەندین دەستەواژەی تر لە نێو کەلتووری کوردییدا بۆ پیرۆزیی کەزی دایک و ڕێزگرتنی پرچی هۆنراوەی ژنان لە نێو کورددا ئاماژەن بۆ کەلتوورێکی پیرۆز و دەوڵەمەند.
زۆرێک لە لێکۆڵەران پێیان وایە، پەلک و کەزی هاوشووناسییەکی لەگەڵ گوڵەگەنم هەیە و ئەمەش بۆ ڕۆڵی باڵا و بەرزی دایکانی کورد دەگەڕێننەوە لە سەرهەڵدان کشتوکاڵ و داچاندن لەسەر خاکی کوردستان.
لە کەلتووری کوردییدا کەزی گرێدان، هێمای پەیمان و بەڵێنە بۆ وەفاداریی یان پێداگریی لەسەر بەجێهێنانی ئەرکێک.
هەرچەندە کەزی دیاردەیەکی جیهانییە و لە شارستانییەتە کۆنەکانی وەک ئەفریقا و میسریشدا هەبووە، بەڵام “کەزیی کوردیی” بە بەشێکی دانەبڕاو لە جوانیی ژنان دادەندرێت و پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە ناسنامە، کەلتوور و مێژوو و شکۆیانەوە هەیە.
شێوازی کەزی لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر گۆڕانی بەسەردا هاتووە و مانای جیاوازی هەڵگرتووە، لە ناوچەکانی بادینان و هەورامان، بایەخێکی زۆر بە “چل کەزی” دراوە و قژەکە بە شێوەیەکی زۆر وورد هۆنراوەتەوە، کە نیشانەی هونەری بەرزی ژنان دەردەخات، لە ناوچەکانی موکریان و ئەردەڵان، کەزییەکان ئەستوورترن و زیاتر بە مووروی مەرجان دەڕازێندرێتەوە.
گرنگی کەزی لەنێو پێگەی کۆمەڵایەتیدا
پڕۆسەی هۆنینەوەی کەزی لەناو خێزانی کوردیدا، کارێکی پیرۆز بووە، کۆبونەوەی ژنان بۆ هۆنینەوەی قژی یەکتری، بووەتە ناوەندێکی گواستنەوەی ئەزموون و گێڕانەوەی چیرۆکەکان، لەوێدا دایکان مێژووییان بۆ کچەکانیان گێڕاوەتەوە.
کەزی و هێمای شۆڕش
شاعیرانی شۆڕشگێڕی کورد وەک، شێرکۆ بێکەس، پەشێو و قانیع کەزییان وەک هێمایەک بۆ خاکی کوردستان بەکارهێناوە، کوردستان وەک ژنێکی “کەزی ڕەش” پێناسە کراوە، کە داگیرکەر دەیەوێت کەزییەکانی ببڕێت، یان کەزی چووێنراوە بە “تەلی دڕکاوی” سەر سنوورەکان و “پەتی سێدارە”ـی ئازادیخوازان.
لە مێژووی نوێدا و لە بزووتنەوەکانی ژنانی کورددا، بڕینی کەزی بووەتە هێمایەک بۆ یاخیبون لە ستەم، ئەمە نیشانی دەدات، کە کەزی تەنها بۆ جوانی نییە، بەڵکو کاتێک دەبڕدرێت، دەبێتە تۆڵە و هاوار.
بڕینی کەزی شەڕڤانێکی ژن، لەلایەن چەتەیەکی جۆلانییەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەگەر لەلایەک پەردەی لەسەر دڕندەیی و بێکەلتووری هێزە تاریکەکانى سووریا هەڵدابێتەوە، ئەوا لەلایەکی تر پێناسەی ئازایەتى و گیانبازانەى شەڕڤانانی ژن دەردەخات، کە بووە هێمای سەرکەوتنی ئەم شۆڕشەی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان.
