Home هەواڵباشور دڵی لای رؤژئاوایە

باشور دڵی لای رؤژئاوایە

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 38 بینینەکان

ئا: مەزهەر کەریم

باشوری کوردستان بەهەموو خەڵک‌و حزبەکانیەوە پشتیوانی خۆیان بۆ رۆژئاوای کوردستان دەردەبڕن کە روبەڕووی هێرشی هێزەکانی سەر بەحکومتی سوریا بوەتەوە، چاودێرێکی سیاسی دەبێت “وڵاتانی سوریاو تورکیاو ئێران دەبێت ئەوە بزانن ھەتا پرسی کورد چارەسەر نەکرێت ناتوانن لەروویی سیاسی‌و ئەمنیەوە سەقامگیر بن”.

فەتحوڵا حوسێنی، ئەندامی نوێنەراتی رۆژئاوا لەهەرێمی کوردستان دەربارەی ئەو خۆپیشاندانە پڕ لەجۆش‌و خرۆشەی چەند رۆژێکە هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە بۆ پشتیوانی لەرۆژئاوای وردستان، بەئاوێنەی وت “ئەوەی لەباشووری کوردستان کرا دژی ھێرشەکانی ئەحمەد شەرع بەرخۆدانێکی نیشتمانی بوو، بەڵام ھێزی کوردستانی دەتوانن زیاتر گوشار لە تورکیا بکەن لەڕوی سیاسی‌و دبلۆماسیەوە تا دەستوەردان نەکات لەسوریا، تا رێکەوتنی ١٠ی ئازار جێبەجێ بکرێت، ئەرکی پارتی‌و یەکێتیە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا دابنیشن‌و لێکتێگەیشتنیان ھەبێت، بەڵام ئەوەی بەدیدەکرێت تورکیا یەکگرتووی کوردی قبوڵ نیە”.

وتیشی “ئەوەی پێویستە لەداھاتوودا بکرێت بۆ رۆژئاوا بەرگرییە، چونکە متمانەمان بەو ھێزانە نیە کە وەک ھێزی رادیکاڵ سوریا بەرێوەدەبەن، پێویستە چارەسەری سیاسی پێتە پێشەوەو ناکرێت وەک کورد دیمەشق بۆ ئەحمەد شەرع بەجێبێڵن، دیمەشق پایتەختی وڵاتێکە کورد تێیدا بەشدارە”.

ئەمە لەکاتێکدایە کە یەک دەنگی کورد بۆ پشتیوانی لەڕۆژئاوا گڕو تینی بەزیندووکردنەوەی گیانی بەرگری‌و بەرخودان لەناو گەنجانی هەرێمی کوردستاندا بەخشیوە.

محەمەد ئەمین پێنجوێنی، چاودێری سیاسی بەئاوێنەی وت “یەک دەنگی ئەمجارەی کورد لەپارچەکانی باشوورو باکور بەرامبەر رۆژئاوا زۆر باش بوو، لایەنە سیاسیەکانی باشوور پێویستەو ھیوادارم لەسەر ئەو ھەڵوێستەیان بەردەوام بن لەھەر رێگەیەکەوە بۆیان دەکرێت‌و دەتوانن دەنگی نارەزایەتی خۆیان بگەیەنن بەدەوڵەتی ئێستای سوریاو تورکیا، چونکە کارەکە تورکیای لە پشت بوو”.

پێنجوێنی وتیشی “حیزبە ئیسلامیەکانی کوردستان و تورکیای ئەردۆغان یەک خەتی ئیخوانین، بۆیە پێویستە بەروونی ئەوە بەدەوڵەتی تورک بڵێن لەرووی ئاینی و سیاسی و نێودەوڵەتیشەوە ئیدانەکرنی مردوو، چاودەرھێنان‌و دڵ دەرھێنانی تاکی کورد لەکاری وەحشیگەریی دەچێت”.

چاودێرانی سیاسی جەغت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە لەپاڵ بەرخۆدان‌و بەرگریدا، کاربەدەستان‌و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان خەباتێکی دیبلۆماسی چڕ‌و پڕ بۆ پشتیوانی لەرۆژئاوا بکەن.

فایەق گوڵی، چاودێری سیاسی بەئاوێنەی وت “ئەو خۆپیشاندان‌و ناڕەزایانەی لەرۆژانی پێشوودا هەبووە، لە ئایندەشدا ھەبێت زۆر باشە، کە خەڵکی باشوری کوردستان دەتوانن پشتوانی لەدۆزی رەوایی کورد بکات لەرۆژئاوا. کەناڵەکانی راگەیاندن بەزمانێکی کوردی زۆر باش بەرگریان لەدۆزی رەوای میللەتی کورد کرد، بەڵام خۆزگە بەعەرەبیش ئەمە بکرایە، چونکە راگەیاندنە عەرەبیەکان زۆر لایەنداریان کرد بۆ سوریاو رژێمەکەی، ھەروەھا کورد پێویستە خەباتی سیاسی و دبلۆماسی بکرێت، پێویستە لەداھاتووشدا ھاوکاری خۆراک‌و تەندروستی بکرێت بەوشێوەیە دەتوانین رۆڵ ببینین”.

وتیشی “ھەردوو حیزبی دەسەڵات دەتوانن لەسەر پرسی کورد قسەبکەن، دەبێت وڵاتانی سوریاو تورکیاو ئێران ئەوە بزانن ھەتا پرسی کورد چارەسەر نەبێت ناتوانن لەروویی سیاسی و ئەمنیەوە سەقامگیر بن، دەبێت دبلۆماتکاریی کورد بەردەوام بدات بەگوێی  ئەو وڵاتانەدا کە کوردی تێدا دەژی لەڕۆژھەڵاتی ناوەراستدا، حیزبە ئیسلامیەکانیش کە پەیوەندیەکی ئایدۆلۆژیان لەگەل ئەحمەد شەرع ھەیەو پێویستە ھەوڵبدەن کە پێیان بڵێن کورد میللەتێکی موسڵمانەو مەزڵومە تا کێشەکانیان چارەسەر بکرێت”.

هاوکات هەموو لایەن سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش کۆکن لەسەر ئەوەی کە دەبێت مافەکانی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان پارێزراو بێت.

بەختیار حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی پارتی بەئاوێنەی وت “مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەسەرەتاوە لەسەر خەت بووە لەگەڵ ئەحمەد شەرع‌و تۆم باراک بۆ ھاوکاریی کوردانی رۆژئاوا، ئێستاش ھەوڵەکان گەشتونەتە ئەنجامێک”.

وتیشی “نەک رۆژئاوا، ھەر پارچەیەکی کوردستان پێویستی بەھاوکاری مرۆیی بێت، پارتی رێکخراوی بارزانی ھەیە ئامادەین بۆ ھاوکاری، بەڵام لەروویی سەربازیەوە کارێکی مەحاڵە، ئەوەی لەشەڕی داعشدا کراو پێشمەرگە چوون بۆ ھاوکاری بۆ کوبانی لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بووە”.

هەروەها محەمەد تەھا، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی یەکێتی بەئاوێنەی وت “خەڵکی کوردستان باش ئەوە دەزانن یەکێتی بەردەوام پشتی رۆژئاوای گرتووە لەرابردووداو ھیزو تیمی تەندروستی ناردووە،  یەکێتی ھاوکار بووە، ھەر شتێک گەر پێویست بێت بەھەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیار بدرێت یەکێتی ئامادەیە”.

وتیشی “بەداخەوە کەسانێکی ئایینی لێرەو لەوێ کوردانی رۆژئاوا بەبێباوەڕ دەزانن ئەمەش ناڕەوایەتیە، خۆشبەختانە ئەمڕۆ هەموو خەڵکی کوردستان یەک دەنگە، ھەر ئەوە بەسە بۆ کوردو کوردستان‌و لەھەموو شتێک گرنگترە بۆمان”.

هاوکات عوسمان کاروانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەئاوێنەی وت “ئێمە بێدەنگ نابین بەرامبەر ئەو غەدرەی لەکوردان دەکرێت لەرۆژئاوای کوردستان، ئێمە کەنالێکی ئاسمانیمان ھەیە بەردەوام روماڵی رووداوەکانی رۆژئاوای کردووە، بەو شێوەی کە ھەیە، مەکتەبی سیاسی بەیاننامەمان ھەبووە لەسەر رووداوەکان، ئەمینداری گشتی وتەی تایبەتی خۆی ھەبووە ھەڵوێستی حیزبی خستۆتە روو، بێدەنگ نەبووین‌و لەکاتی ئاوارەبوونی رۆژئاوادا رێکخراوەکانی نزیک لەئێمە ھەموو جۆرە ھاوکاریەکیان گەیاندوەتە رۆژئاوا، پێشمانوایە زمانی شەڕ چارەسەر نییە”.

وتیشی “ئێمە وەک باشوور کاتێک بارودۆخێکی نەخوازراو لەڕۆژئاوا روودەدات دەبێت لەھەر رێگەیەکەوە دەرفەت ھەبێت ھەمانگی لەگەڵ رۆژئاوا ھەبێت بۆ ئەوەی بارودۆخەکان نەگاتە ئاقارێک لەدەست دەربچێت‌و بەو شێوەی پێویستە چارە نەکرێت تا ئەو گۆڕانگاریانەی روودەدەن لەناوچەکەدا لەبەرژەوەندی کورد بێت‌و نەچێتە بەرژوەندی نەیارانی کوردەوە”.

سەرچاوە:ئاوێنە

لێدوانێک بەجێ بهێلە