Home بیروڕاکۆیلەکردن بە نان: ڕۆڵی ژەهراویی دەزگای بارزانی و ئیسلامییەکان لە ڕۆژئاڤا

کۆیلەکردن بە نان: ڕۆڵی ژەهراویی دەزگای بارزانی و ئیسلامییەکان لە ڕۆژئاڤا

by admin
0 کۆمێنتەکان 39 بینینەکان

زمناکۆ عەزیز: 
ڕۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و تۆڕە ئیسلامییەکان لە- لەباربردنی لەسەرخۆ- ی ئەزموونی ڕۆژئاڤا.
ڕۆژئاڤا تەنها بە تۆپ و فڕۆکەی تورکیا و گرووپە چەکدارەکان گەمارۆ نەدراوە؛ ئەمە دیوە سەربازییە ئاشکراکەی شەڕەکەیە. بەڵام شەڕێکی مەترسیدارتر لە ناوەوە بەڕێوە دەچێت، شەڕێک کە بە بێدەنگی و لەژێر ناوی “مرۆڤدۆستی”دا خەریکە کۆڵەکەکانی کۆمەڵگای ڕۆژئاڤا دەخوات. پاڵەوانی ئەم شەڕە نەرمە، تۆڕێک لە ڕێکخراوی بەناو “خێرخوازی”ن (بە دیاریکراوی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوە ئیسلامییەکان) کە ئەرکێکی سیاسی و ئەمنیی دیاریکراویان هەیە: وێرانکردنی دەستکەوتە سێکۆلار، یەکسانیخواز و شۆڕشگێڕەکانە لە ڕێگەی چەکی “نان”ەوە. ئەمانە فریاگوزار نین، ئەمانە “ستوونی پێنجەم-طابور الخامس”ی دژە-شۆڕشن.
١. دەزگای خێرخوازیی بارزانی (BCF): پۆلیسی سیاسیی سنورەکان
لە ڕۆژئاڤادا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک باڵی نەرمی پارتی و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ وەک ئامرازێکی فشار بۆ بەرژەوەندییەکانی تورکیا کار دەکات.
• چەکی دەروازەکان: هەموومان دەزانین کلیلەکانی دەروازەی “سێمالکا/فیشخابوور” لە گیرفانی پارتیدایە. پارتی ئەم دەروازەیە بە ڕووی دەرمان، شیر و پێداویستیی بازرگانیدا دەگرێت تا قەیران دروست بێت، بەڵام بە ڕووی “لۆرییەکانی دەزگای بارزانی”دا دەیکاتەوە! پەیامە سیاسییەکەو ئامانج ئەوەیە بە خەڵکی ڕۆژئاڤا بڵێن: “ئیدارەی خۆسەر و پەیەدە ناتوانێت بەخێوتان بکات و تەنها قات و قڕیتان بۆ دێنێت، بەڵام ئەوە بارزانییە کە فریادڕەسی ئێوەیە.” ئەمە شکاندنی شکۆی ئیدارەی خۆسەر و دروستکردنی پردی دەروونییە بۆ ملکەچبوون بۆ پارتی.
• زیندووکردنەوەی ئەنەکەسە (ENKS): ئەم دەزگایە لە ناو کەمپەکان و گوندەکاندا تەنها یارمەتی نادات، بەڵکو وەک تۆڕێکی ڕێکخستن کار دەکات بۆ ڕۆحکردنەبەری لاشەی مردووی “ئەنەکەسە”. ئەوان دەیانەوێت لە ڕێگەی یارمەتییەوە، خەڵک لە دژی سیستەمی کۆمۆن و ئەنجومەنەکان هان بدەن و بیانکەنە لایەنگری سیاسەتی تورکیا-بارزانی. بە کورتی: “نان دەدەین، بە مەرجێک دژی پەیەدە و پەکەکە بیت.”
٢. ڕێکخراوە ئیسلامییەکان: “داعشی سپی”
مەترسیی ڕێکخراوە ئیسلامییەکان (کە زۆربەیان لەژێر ناوی ڕێکخراوی مرۆیی بێلایەن لە کەمپەکان و ناوچە عەرەبییەکانیش کار دەکەن) لەوەدایە کە هەوڵی “ڕیسێکۆلارکردن” (De-secularization)ی کۆمەڵگا دەدەن تاڕادەی بە قەندەهارکردن.
• بەئامانجگرتنی ژنان: یەکێک لە گەورەترین دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاڤا، یاسای ژنان و لابردنی حیجابی زۆرەملێ بوو. ئەم ڕێکخراوانە (کە زۆربەیان پارەی کەنداو یان تورکیا وەردەگرن) دەچنە ناو کەمپەکان (بە تایبەت کەمپی هۆل و ناوچەکانی دێرەزوور) و لە ڕێگەی پارە و خۆراکەوە، دووبارە حیجاب و نقاب بەسەر ژناندا دەسەپێننەوە. ئەوان خەریکی دروستکردنەوەی ژێرخانی کۆمەڵایەتیی داعشن، بەڵام بەبێ چەک و بە ناوی “هاوکاریی کۆمەڵایەتی”.
• پەروەردەی دژە-ڕۆژئاڤا: لەو قوتابخانە و خولانەی کە ئەم ڕێکخراوانە دەیکەنەوە بۆ “هەتیوەکان”، منداڵان فێری “پێکەوەژیانی گەلان” ناکرێن، بەڵکو فێری “شەریعەت” و جیاکاریی ڕەگەزی و ڕقی مەزهەبی دەکرێن. ئەوان نەوەیەک پەروەردە دەکەن کە سبەی دەبنە بۆمبی تەوقیتکراو لە دژی ئیدارەی سێکۆلاری ڕۆژئاڤا. زۆرێکیش لەم ڕێکخراوانە هەن کە وەک پەردەیەک کار دەکەن بۆ سپیکردنەوەی پارە و تەمویلکردنی گرووپە چەکدارەکان یان حزبە سیاسییە کۆنەپەرستەکان.
٣. شەڕی “ئارد” و “ئیرادە”
ئەم دوو هێزە، بارزانی و ئیسلامییەکان وەک دوو لایەنی مەقەستێک کار دەکەن بۆ بڕینی (حبل الشوکی) شۆڕشەکە. دەزگای بارزانی کار لەسەر لێدانی هەستی شۆڕشگێڕانە دەکات و دەیەوێت بیکاتە کوردایەتییەکی کۆنەپەرست و عەشیرەتی، کە وابەستەی تورکیایە. بەڵام ڕێکخراوە ئیسلامییەکان کار لەسەر لێدانی هەستی سێکۆلار و یەکسانیخوازی دەکەن و دەیانەوێت بیکەنە کۆمەڵگایەکی ئاینیی دواکەوتوو. هەردووکیان دەیانەوێت ڕۆژئاڤا لە ناوەڕۆکە مەترسیدارەکەی (کە دەسەڵاتی خەڵک، سێکۆلاریزم و ئازادیی ژنە) بەتاڵ بکەنەوە، تا ئەگەر سبەی تورکیاش داگیری نەکرد، خۆی لە ناوەوە ببێت بە لاشەیەکی مردوو.
ڕێگەی دروست بەرگریە لە “سفرە” و “سەنگەر”،
بوونی ئەم ڕێکخراوانە لە ڕۆژئاڤا دەرفەت نیین، بەڵکو بۆمبی چێنراون. وەڵامی شۆڕشگێڕانە نابێت ئەوە بێت کە دەرگایان بۆ واڵا بکرێت بە بیانووی دۆخی خراپی خەڵک. نابێت ڕێگە بەم دەزگایانە بدرێت وەک دەوڵەت لەناو دەوڵەت کار بکەن. دەبێت یارمەتییەکان دەستیان بەسەردا بگیرێن و لەژێر چاودێریی توندی ئەنجومەنە جەماوەرییەکاندا دابەش بکرێن، نەک لەلایەن کادیرانی پارتی یان مەلاو شێخەکانەوە. ڕێگەدان بە چالاکیی سیاسی و ئاینی لەژێر ناوی خێرخوازیدا، “خیانەت”ە لە خوێنی قوربانیانی ڕۆژاڤا. نانی ئەوان، تەڵەیەکە بۆ گرتنی ئازادیی کۆمەڵگا. چونکە ئەو نانەی ئەمڕۆ بە ناوی خێرخوازییەوە دەیخەنە بەردەم خەڵک، سبەی دەبێتە ئەو زنجیرەی کە دەکرێتە دەست و پێی ژنان و کرێکارانی ئەم وڵاتە. لەژێر هەر ناوێکدا ئەگەر ئەو کارە بکەن، ئەوان هەر بازرگانیی هەژارین.

لێدوانێک بەجێ بهێلە