ئا: محەمەد هاوژین
نەبوونی هەلی کار، گەورەترین کێشەی گەنجانی هەرێمی کوردستانە، بەتایبەتی بۆ دەرچووانی زانکۆو پەیمانگاکان، بەشێک لەوانەی دەرچووی زانکۆن، بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان خەریکی “مقەبا کۆکردنەوەو کاری سیکۆرێتیو کرێکاریین”.
رێژوان ئیسماعیل، دوای چوار ساڵ لەتەواوکردنی زانکۆ، ئێستا لەبەردەم یەکێک لەهۆتێلەکانی سلێمانیدا راوەستاوەو کاری سیکۆرێتی دەکات، باس لەوە دەکات کە بەشێک لەو ئۆتۆمبێلە کەشخەو گرانبەهایانەی دێن بۆ ریستۆرانتو باری هۆتێلەکە، هی کەسانێکن کە لەهەرزەکاریدا هاوپۆلی ئەم بوون، لەقۆناغی ناوەندیدا وازیان لەخوێندن هێناوەو ئێستا خاوەنی بزنسو پارەی زۆرو ماڵو ئوتومبێلی گرانبەهانو ئەمیش دوای ١٦ ساڵ خوێندن تازە بەتازە لەبەردەم هۆتێلێکدا کارێکی دەستکەوتووەو سیکۆرێتی ئەوانە دەکات کە خوێندنیان تەواو نەکردووە یان بەپارە بڕوانامەیان بەدەستهێناوە، ئەو وتی “بەشێک لەوانەی بەیەکەوە زانکۆمان تەواو کرد، لەتاو بێکاری روویان کردە دەرەوە وڵاتو سەری خۆیان هەڵگرتو رۆشتن، هەندێکیشیان چوونە سلکی سەربازییەوەو زۆربەشیان تا ئێستا کاریان دەستنەکەوتووە”.
رێژوان باس لەوە دەکات کە گەیشتوەتە ئەو بڕوایەی ئەوەی بخوێنێو زانکۆ تهواو بکات، پاشەڕۆژی دەفەوتێت، ئەو وتی “کاتی خۆی وامدەزانی دنیا هەروا نابێو دوای تەواوکردنی زانکۆو بەدەستهێنانی بڕوانامە، دادەمەزرێم لەکەرتی گشتی یان کارێکی گونجاوم دەسدەکەوێتو دهبمه خاوهن خێزانو دەحەسێمەوە، بهڵام ئێستا دەڵێم بریا ههر نهمخوێندایه”.
ئەمە خەمی هەزاران کوڕو کچی دەرچووی زانکۆ لەهەرێمی کوردستان، کە دوای ئەوەی خوێندن تەواو دەکەن نەکاریان دەستدەکەوێتو نەدەتوانن بژێوی ژیانی خۆیانی دابین بکەن، بۆیە بەناچار پەنا دەبەنە بەر کاری قورسو ژیانێکی ناخۆشو سەخت بەڕێدەکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە لەساڵی ٢٠١٣ەوە حکومەتی هەرێم دەرگای دامەزراندنی داخستووەو هیچ پلانێکیشی نیە بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو پرۆسەیە.
بەشێک لەدەرچووانی زانکۆو پەیمانگاکان کە هیچ کارێکیان دەستناکەوێت، لەریزی سێ یەکەمەکاندان، بۆیە بەردەوام ناڕەزایی دەردەبڕنو خوازیاری ئەوەن کە حکومەتی هەرێم دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ بڕەخسێنێت، بۆ ئەوەی لەپەتای بێکاری رزگاریان بێت.
کـاروان عـەلـی، نوێنەری گشتی دەرچووە سێ یەکەمەکانی زانکۆو پەیمانگا حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، کە ساڵی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٨ خوێندنی لەزانکۆی سەلاحەدین تەواو کردووەو لەئاستی کۆلیژەکەیدا یەکەم بووەو تا ئێستاش دانەمەزراوە، ئاماژە بەوە دەکات ژمارەی دەرچوانی سێ یەکەمەکانی زانکۆو پەیمانگا حکومییەکان لەساڵی ٢٠١٧ەوە تا ئێستا ئەوەی بایۆمەتری پێکراوە نزیکەی ١٠ هەزار کەسن، ئەو بەئاوێنەی وت “ئەم ژمارەیە هەموو ئەوانەن کە یەکەمو دووەمو سێهەم بوون لەسەر ئاستی نەشەکانی زانکۆو پەیمانگاکانی کوردستان، زیاتر لە ٣٦ جار خۆپیشاندانی هێمنانەمان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانو لەشارو شارۆچکەکانی کوردستان ئەنجامداوە بۆ ئەوەی دابمەزرێین، هەمیشە بەڵێنی ئەوەمان پێدراوە کە دامەزراندنی ئێمە ئەولەویەتە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم بەڵێنانە هیچیان نەچونەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە”.
کاروان ئاماژە بەوە دەکات کە رۆژانە چەندین کوڕو کچی دەرچووی زانکۆ پەیمانگاکان لەسێ یەکەمەکان تەلەفونی بۆ دەکەنو دەڵێن کوڕو کچی هەژارن هەموو فۆکسیان لەسەر خوێندنەکەیان بووە، خێزانەکەیان قەرزیان بۆ کردوون تا خوێندنیان تەواو کردووەو شەونخونییان کێشاوەو چاویان لەسەر هێنانی ئەو ئەنجامانە داناوە، ئێستا دایکو باوکیان نەخۆشنو حەوت ساڵە چاوەڕوانی دامەزراندننو یەک دینار لەگیرفانیاندا نییە ئاوا پاداشتیان دەدرێتەوە، ئەو وتی “هەیە لەسێ یەکەمەکان لەداخا سەری خۆی هەڵگرتووە بەنیازی گەیشتن بەئەوروپاو لەتورکیا گیانی لەدەستداوە، کەیسی وامان لایە ژان بەدڵ دەگەیەنێ، هەیە لەسێ یەکەمی زانکۆو پەیمانگاکان ئێستا خەریکی کرێکارییە، هەمانە خەریکی بارکردنو داگرتنی فەردە ئاردە، هەمانە یەکەمە کاری سیکۆرێتیو پاسەوانی دەکات، هەشمانە دەچێت بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی مقەبا کۆدەکاتەوە، ئەمە بێ بایەخ کردنی خوێندنو زانکۆ نەبێت چییە؟”.
بهپێی چهند ئامارێك كه لەوەزارەتی خوێندنی باڵاوە دراوەتە ئاوێنە، ئێستا لەهەرێمى کوردستاندا ٢٠ زانکۆى حکومى هەیە، هەروەها ١٧ زانکۆو ١٢ پەیمانگا لەلایەن کەرتی تایبەتەوە لەشارەکانى کوردستان کراونەتەوەو ساڵانە ٣٠ بۆ ٣٥ هەزار خوێندکار لەزانکۆو پەیمانگاکان دەردەچنو زۆربەیان هەلی کاریان دەستناکەوێت.
د.ئیبراهیم نەجمەدین، مامۆستای زانکۆ ئاماژە بەوە دەکات کە بەشێکی نەڕەخساندنی هەلی کار ددەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی زانکۆکان قوتابیان بۆ پێویستییەکانی بازاڕی کار ئامادە ناکەن، ئەو وتی “تا ئێستاش بەشێکی زۆری کۆلیژەکانی زانکۆکانی کوردستان زیاتر بەشەکانی وێژەیین، لەکاتێکدا زۆربەی ئەوانەی هەلی کاریان دەستدەکەوێ دەرچووی بەشە زانستە پەتیەکانی وەک پزیشکیو ئای تیو کۆمپیوتەرو ئەندازیاریو ئینگلیزین، لەگەڵ بەشی یاسا کە دەبنە پارێزەر، لەبەرامبەریشدا دەرچووانی بەشەکانی وەکو مێژوو، جوگرافیا، کوردی، عەرەبی، ئابوری، کۆمەڵناسی، فەلسەفە، کشتوکاڵ لەو بەشانەن کە خاوەنی بڕوانامەکە هەم لەکەرتی گشتیو هەم لەبازاڕی کارو کەرتی تایبەتدا زۆر بەزەحمەت کاریان دەستدەکەوێتو زۆرینەیان بێکار ماونەتەوە”.
وتیشی “زانکۆکانی کوردستان هێستا بەو سیستەمە کۆنە کار دەکەن کە وەختی خۆی بەو مەبەستە کراونەتەوە مامۆستا یان فەرمانبەر بۆ حکومەت پێبگەیەنن، بەڵام ئێستا کە دامەزراندن نەماوەو کەرتی تایبەتیش نایانەوێ، پێویستیاب بەچاوپێخشاندنەوەی جدییەو ئەو سێکترانە پێویست ناکات خوێندکار وەربگرنو پاشەڕۆژیان بفەوتێت”.
بەشێک لەئابوریناسانیش باس لەوە دەکەن کە نەک هەر دەرچووانی زانکۆو پەیمانگاکان، بەڵکو زۆرێک لەگەنجان بەگشتیو کچانو ژنان بەتایبەتی کەهەرێمی کوردستاندا بەدەست پەتای بێکارییەوە گیرۆدەن.
سانا عەبدولکەریم، کە هەلگری بڕوانامەی ماستەرە لەبواری ئابوریدا، باس لەوە دەکات کە بێکاران، ھەر کەسێک بن، خاوەنی ھیچ موچەیەک نین، بەم ھۆیەوە، بەخێوکردنیان دەکەوێتە ئەستۆی خێزانەکانیان، ئەو بەئاوێنەی وت “کار دۆزینەوە خەمی ھەموو تاکەکانی کۆمەڵگەیە، هەموو ئەوانەی توانای کاریان ھەیەو لەتەمەنی کارکردندان، گرفتی ھەرە گرنگیان دۆزینەوەی هەلی کارە، ئەگەر کەسێک کار نەکات بەرھەمی نابێتو کۆمەڵگا بەشێوەیەکی گشتی بێبەش دەبێت لەتواناو داھێنانەکانی، لەڕووی بەرژەوەندی تاکەکەسیشەوە، کەسەکە خۆیشی ئابوری سەربەخۆی نابێو لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە، دەرئەنجامەکانی بێکاری زۆرن، بۆ نمونە بێکاری دەبێتە مایەی ھەژاریو ھەژاریش دەرئەنجامی نەخوازیاری زۆری ھەیە، بێکاری پەیوەندی بەھێزی ھەیە لەگەڵ زۆر بوونی نەخۆشیە کۆمەڵایەتیەکاندا. لەوانە، زۆر بوونی ڕووداوەکانی تاوانکاری، بڵاوبوونەوەی نەخۆشیە دەروونیەکان، لەخۆ بێزاربوون، لەدەستدانی کارامەییو دابەزینی ئاستی زانستی تاکەکەس”.
وتیشی “لەهەرێمی کوردستانیش بێکاری وەک ھەموو وڵاتانی جیھان زیاتر تووشی ڕەگەزی مێینە دەبێت وەک نێرینە، لەھەمانکاتدا، گەنجان زیاتر بێکاری دەیانگرێتەوە، کارەساتیش ئەوەیە ئاماریکی باوەڕپێکراومان نییە سەبارەت بەڕێژەی بێکاری لەهەرێمی کوردستان، نەک وەزارەتی پلاندانان ئامارێکی وردی لایەو نەدەزگایەکی بێکاری فەرمیمان لەکوردستاندا هەیە ھەتا بێکاران ناوی خۆیانی تێدا تۆمارکەنو نەحکومەتیش بەشێوەیەکی فەرمی بیمەی بێکاری دەدات بەبێکاران تا ژمارەی بێکاری تێیدا دەربکەوێت، بۆیە زۆربەی ئابوریناسان ڕێژەی بێکاری بەزۆر لەوە زیاتر دەخەمڵێنن کە رادەگەیەنرێت”.
