وتەبێژی کۆمیتەی ئازادیی زیندانییانی سیاسیی ڕایگەیاند، لە زیندانەکانی ئێراندا دەرزی گوماناویی لە دەستبەسەرکراوە بریندارەکان دەدرێت، دەشڵێت: بنەماڵەی زیندانییان لەژێر گوشارێکی زۆردان بۆ ئەوەی زانیارییەکان بڵاو نەکەنەوە.
شیوا مەحبووبی زیندانیی سیاسیی پێشووی کورد و هاوکات وتەبێژی کۆمیتەی ئازادیی زیندانییانی سیاسیی دەربارەی بارودۆخی دەستبەسەرکراوەکانی کورد و ئێران لە زیندانەکانی سەر بە ئێران ڕایگەیاند، دەستبەسەرکراوەکانی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە زیندانەکاندا کە بریندارن لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکان بێبەشکراون و دەرزی گوماناوییان لێی دەدرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ڕێگرییەکانی دەسەڵات، هیچ ڕێکخراوێکی سەربەخۆ ناتوانێت لێکۆڵینەوەی پزیشکی یان پشکنین بۆ قوربانییان بکات.
باسی لەوەش کرد، بنەماڵەی زیندانییان لەژێر گوشارێکی زۆردان بۆ ئەوەی زانیارییەکان بۆ میدیاکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرا نەکەن، ئەم پێشێلکارییانە تەنها حاڵەتی تاکەکەسی نین، بەڵکو لە دژی دەنگە ناڕازییەکان بەکاردێن.
