Home بیروڕاسەرمایەداری لە ژووری نوستنەکەی ئێبستیندا:

سەرمایەداری لە ژووری نوستنەکەی ئێبستیندا:

by admin
0 کۆمێنتەکان 25 بینینەکان

زمناکۆ عزیز:     
ڕووی ڕاستەقینەی شارستانیەتی بۆرجوازی و پەردە هەڵماڵین لەسەر زەلکاوەکە
سەرەنجام دادگای فیدڕاڵی ئەمریکا بەشێک لە بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە دۆسیەی (جێفری ئێبستین)ی ئاشکرا کرد. لەم بەڵگەنامانەدا ناوی دەیان سەرۆک، شازادە، ملیاردێر و ئەستێرەی جیهانی هاتووە. لە بیل کلینتۆن و دۆناڵد ترەمپەوە تا شازادە ئەندرۆ.
ئەمە تەنها لیستی کڕیارانی سێکس نییە؛ ئەمە لیستی “نوخبەی دەسەڵاتداری جیهان”ـە. ئەمە لیستی ئەو کەسانەیە کە ڕۆژانە لە میدیاکانەوە وانەی ئەخلاق، دیموکراسی و مافی مرۆڤ بە ئێمە دەڵێنەوە، بەڵام لە شەوانی دورگە تایبەتەکاندا، دڕندەترین شێوەی ئیستغلالکردنی مرۆڤ (کڕین و فرۆشتنی منداڵان) پیادە دەکەن.
١. ئێبستین “دیاردە” نییە، ئێبستین “سیستەم”ـە
لیبڕاڵەکان و میدیای ئەمریکا و ڕۆژئاوا بەگشتی، هەوڵ دەدەن ئێبستین وەک “سێوێکی گەنیو” نیشان بدەن کە گوایا هەڵەیەکی تاکەکەسییە لەناو سیستەمێکی باشدا. بەڵام ئەمە درۆیەکی گەورەیە.
ئێبستین بەرهەمی سروشتیی سەرمایەدارییە. لە سیستەمێکدا کە هەموو شتێک دەبێتە “کاڵا” (لە هێزی بازووی کرێکارەوە تا کەرامەت و جەستەی ژن و منداڵ)، بوونی کەسێکی وەک ئێبستین کە “دەڵاڵی جەستە” بێت بۆ دەوڵەمەندەکان، پێویستییەکی بازاڕە. سەرمایەداری کاتێک دەگاتە قۆناغی ئیمپریالیزم و قۆرخکاری، چینی دەسەڵاتدار هەست دەکات “خودا”یە و هیچ یاسایەک نایگرێتەوە.
٢. یەکێتیی پیرۆزی “دیموکرات و کۆماری”
ئەم بەڵگەنامانە باشترین بەڵگەن بۆ ئەوەی بە کرێکاران بڵێین: سەیری ئەمریکا بکەن! جیاوازی نێوان (کلینتۆنی دیموکرات) و (ترەمپی کۆماری) چییە؟ هیچ.
هەردوکیان دۆستی ئێبستین بوون. هەردوکیان بەشێکن لە یەک یانەی چینایەتی. کاتێک دەچنە سەر کورسی دەسەڵات، شەڕی یەکتر دەکەن بۆ فریودانی خەڵک، بەڵام لە دورگەکەی ئێبستیندا، هەموویان هاوبەشن لە تاواندا. ئەمە دەیسەلمێنێت کە دیموکراسیی پەرلەمانی تەنها شانۆیەکە بۆ شاردنەوەی دیکتاتۆریەتی کەمینەیەکی دەوڵەمەند و بەدڕەوشت.
٣. عەدالەتی بۆرجوازی: گاڵتەجاڕییەکی مێژوویی
بۆچی ئێبستین لە زیندان “خۆی کوشت” (یان کوژرا)؟ بۆ ئەوەی نهێنییەکان نەدرکێنێت.
بۆچی تا ئێستا هیچ یەکێک لەو “گەورە پیاوانە”ی ناو لیستەکە دەستگیر نەکراون؟
ئەمە وەڵامە بۆ ئەوانەی هێشتا باوەڕیان بە “سەروەریی یاسا” هەیە لە ڕۆژئاوا. یاسا تەنها بۆ کرێکارێکە کە نانێک دەدزێت، یان بۆ ڕەشپێستێکە کە جگەرەیەکی وویت دەکێشێت. بەڵام بۆ ئەوانەی کە دەستدرێژی دەکەنە سەر منداڵان و بازرگانییان پێوە دەکەن، یاسا بوونی نییە، چونکە دادوەر و تاوانبار هەردوکیان لە یەک “کۆشک” دەخۆنەوە.
٤. ژن و منداڵ وەک “کاڵای ڕووت”
فێمێنیزمە لیبڕاڵەکان کوان؟ ئەوانەی باسی “تموحی ژن” دەکەن لە ناو کۆمپانیاکاندا؟
دۆسیەی ئێبستین ڕووی ڕاستەقینەی سەرمایەداری بەرامبەر ژن نیشان دەدات. لای سەرمایەداری، ژن ئینسان نییە، کاڵایەکە بۆ چێژی خاوەن سەرمایە. تا ئەم سیستەمە مابێت، بازرگانی بە جەستەی ژنان و منداڵانەوە هەر دەمێنێت، چونکە “قازانج” پیرۆزترە لە “شەرەفی مرۆڤ”.
هەر بۆیە چاوەڕێ مەکەن دادگای ئەمریکا سزای کلینتۆن یان شازادەکان بدات. ئەوان یەکتر دەپارێزن.
تاکە ڕێگا بۆ سڕینەوەی ئەم پیسییە، ڕووخاندنی ئەو سیستەمەیە کە دەسەڵات دەداتە دەست کۆمەڵێک “مافیا”ی قات لەبەر. دۆسیەی ئێبستین پێمان دەڵێت: ئەم جیهانە بە دەست کۆمەڵێک نەخۆش و تاوانبارەوە بەڕێوە دەچێت، کاتی ئەوەیە مرۆڤایەتی ئەم پەتایە لە کۆڵ خۆی بکاتەوە.

لێدوانێک بەجێ بهێلە