Home بیروڕاپاشای ڕووت و وێنە لێڵەکە؛ بۆچی پارتی لە “پێکسڵ”ێک دەترسێت؟

پاشای ڕووت و وێنە لێڵەکە؛ بۆچی پارتی لە “پێکسڵ”ێک دەترسێت؟

by admin
0 کۆمێنتەکان 35 بینینەکان

زمناکۆ عزیز:   
چیرۆکێکی بەناوبانگی “هانس کریستیان ئەندەرسن” هەیە کە ناوی چیرۆکی “جلە نوێیەکانی پادشا”یە. لە چیرۆکەکەدا، دوو بەرگدرووی فێڵباز بە پادشا دەڵێن: “ئێمە جلێکت بۆ دەدرووین کە لە ماددەیەکی ئەفسوناوی دروستکراوە، تەنها کەسانی ژیر و حەڵاڵزادە دەیبینن، ئەوەی گەمژە و زۆڵ بێت نایبینێت.”
پادشا، جلە “وەهـمی”یەکە لەبەر دەکات و دێتە ناو خەڵک. هەموو وەزیرو گزیر و خەڵکەکە، لە ترسی ئەوەی پێیان نەوترێت “گەمژە” یان “زۆڵ”، دەست دەکەن بە چەپڵە لێدان و وەسفکردنی جلەکان: “ئای کە جلێکی جوانە! ئای کە شکۆدارە!”. درۆکە بەردەوام دەبێت هەتا منداڵێک (کە هێشتا فێری دووڕوویی نەبووە) هاوار دەکات: “بەڵام پادشا ڕووتە! هیچ جلی لەبەردا نییە!” ئەوەی NRT کردی، هاواری ئەو منداڵە بوو.
با ڕووداوەکەی هەولێر و دهۆک لەگەڵ ئەم چیرۆکە بەراورد بکەین. پارتی دیموکراتی کوردستان ساڵانێکە “ڕووتیی” خۆی (گەندەڵی، نادادی، خیانەتی ٣١ی ئاب، شکست لە حوکمڕانی) بە جلێکی ئەفسوناوی داپۆشیوە، ئەو جلە بریتییە لە: “وێنەی پیرۆزی مەلا مستەفا”.
ئەوان بە خەڵک دەڵێن: “ئەم وێنەیە هەموو شتێکە. هەرکەسێک ئەم وێنەیە بە ڕوونی و بە پیرۆزی نەبینێت، ئەوە کورد نییە، ئەوە خیانەتکارە، ئەوە زۆڵە.”
خەڵکێکی زۆر لە ترسی “نانبڕین” یان “زیندان”، ساڵانێکە وەک خەڵکی ناو چیرۆکەکە چەپڵە بۆ جلەکان لێ دەدەن، لە کاتێکدا دەبینن پاشا (دەسەڵات) ڕووتە و هیچ خزمەتگوزارییەکی پێ نییە.
کاتێک NRT وێنەکەی “لێڵ” کرد، ئەوان نەیانوت پاشا ڕووتە، بەڵکو تەنها ڕەتیان کردەوە بەشداری لەو شانۆگەرییە “وەسفکردنی جلەکان”دا بکەن. بەڵام بۆ پارتی، ئەم “لێڵکردنە” یەکسان بوو بە هاواری منداڵەکە.
پارتی تێگەیشت کە ئەگەر ڕێگە بدات وێنەکە “لێڵ” بێت، خەڵک چاوی دەچێتە سەر “ئەو شتەی لە پشت وێنەکەوەیە”. لە پشت وێنەکەوە چی هەیە؟ ڕووتیی دەسەڵاتێک هەیە کە نەوت دەدزێت، دەسەڵاتێک کە گەنجانی بادینان زیندانی دەکات. هەر بۆیە پارتی شێت بوو! هێزی نارد و دەرگاکانی داخست. داخستنەکە بۆ ئەوە نەبوو NRT سزابدەن، بەڵکو بۆ ئەوە بوو “ڕێگە بگرن لەوەی خەڵک ببینێت کە پادشا ڕووتە.”
تەوتەمچێتی (Totemism)؛ ئایینی شاردنەوەی ڕاستی
دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان کاتێک “واقع” دەدۆڕێنن (واتە نان و ئازادی نامێنێت)، پەنا دەبەن بۆ دروستکردنی “تەوتەم” (وێنەی سەرکردە، ئاڵای پیرۆز، گۆڕی شەهید). ئەوان ئەم تەوتەمانە دەکەنە “قەڵغان”. پارتی دێت پێمان دەڵێت: “تۆ بۆت نییە باسی دزییەکانی من بکەیت، چونکە من کوڕی ئەو وێنە پیرۆزەم”. کەواتە وێنەکە هیچ پیرۆزییەکی نییە، بەڵکو ئامرازی بەرگرییە لە خود.
داخستنی NRT سەلماندی کە پارتی باوەڕی بە خۆی نییە. ئەگەر پادشا دڵنیا بێت جلی لەبەرە، لە هاواری منداڵێک ناترسێت. بەڵام چونکە خۆی دەزانێت ڕووتە، وشەیەک یان وێنەیەکی لێڵ کۆشکەکەی دەهەژێنێت. ئەو هێزەی نێردرا، بۆ داپۆشینی ڕووتییەکە بوو.
سەیرکەن چەندە کۆمیدی و تراژیدییە!
هێزێکی چەکدار، بە ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە، دەچنە سەر بینایەک. بۆچی؟ بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە “لێڵبوونی وێنەیەک”.
ئەمە مانای وایە ئەو دەسەڵاتە گەیشتۆتە قۆناغی “پارانۆیای Paranoia سیاسی”، ئەمەش ئەو حاڵەتەیە کە دەسەڵاتدار وا دەزانێت هەموو دونیا دژیەتی، هەموو جوڵەیەک پیلانە بۆ لەناوبردنی، تەنانەت لە سێبەری خۆیشی دەترسێت. ئەوان وا هەست دەکەن هەموو جوڵەیەک، هەموو وشەیەک، هەموو پێکەنینێک، پیلانێکە بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکە. ڕاستییەکەش ئەوەیە: “ئەم حیزبە جگە لەو وێنەیە، هیچ شەرعییەتێکی تری نەماوە.” بۆیە هەرکەس دەست بۆ وێنەکە بەرێت، وەک ئەوە وایە ئۆکسجینی لێ بڕیبێت.
داخستنی چاوەکان حەقیقەت ناگۆڕێت
پارتی دەتوانێت ئۆفیسی NRT دابخات، دەتوانێت ڕۆژنامەنووس بگرێت، دەتوانێت هەموو دیوارەکانی شار پڕ بکات لە وێنەی HD و بریقەدار. بەڵام ناتوانێت کۆتاییی چیرۆکەکە بگۆڕێت.
لە چیرۆکەکەدا، دوای ئەوەی منداڵەکە هاواری کرد “پادشا ڕووتە”، ئیتر جادووەکە بەتاڵ بووەوە. خەڵکەکە هەمووی دەستیان کرد بە مقۆ مقۆ و پێکەنین. ئەمڕۆش، داخستنی NRT ئەو چرپانەی گەورەتر کرد. ئێستا هەموو خەڵک دەزانن کە:
“ئەو دەسەڵاتەی کە بە لێڵکردنی وێنەیەک دەشڵەژێت و پایەکانی دێتە لەرزین، دەسەڵاتێکە کە خۆی دەزانێت ڕووتە و هیچ جلێکی لەبەردا نییە.”
دەرگاکان بکەنەوە یان دایخەن، چیتر گرنگ نییە… تازە خەڵک “ڕووتی”یەکەتانی بینی.

لێدوانێک بەجێ بهێلە