Home بیروڕائێران .. راپەڕینی گەل بەرەو ئازادی

ئێران .. راپەڕینی گەل بەرەو ئازادی

خاڵی وەرچەرخانی نەگەڕانەوە بەرەو دواوە

by admin
0 کۆمێنتەکان 45 بینینەکان

عەبدولڕەحمان گەورکی: 
ئێران لە یەکێک لە هەستیارترین و هەروەها هیوابەخشترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخی خۆیدایە. دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی، وەک ئەوەی پێشتر، واتا دیکتاتۆری شا بە دەستی خەڵک رووخێنرا، ئێستا لە بەرامبەر ئیرادەی ئاسنین و تووڕەیی کەڵەکەکراوی گەلی ئەم وڵاتەدا لە سەروبەندی رووخاندایە. راپەڕینی گشتی کە لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵ دەستی پێکرد، چیتر شەپۆلێکی بۆماوەیی لە ناڕەزایەتییەکان نییە. ئەمە سەرهەڵدانێکی رادیکاڵ و رێکخراوە و گەڕانەوەی بۆ نیە. دوائامانجی راپەڕینەکەش ئەوەیە هەموو جۆرێک لە دیکتاتۆرییەت لەم وڵاتە کۆتایی پێبهێنرێت.
هەندێک چاویان بڕیوەتە سەر خەڵکی ئێران و هەندێکیتریش سەر یارمەتییە دەرەکییەکان. هەندێک دڵخۆشن و هەندێکیش نیگەرانن. ئەوەی پێویستە بە دڵنیایەوە بووترێت، سووربوون و ئیرادەی قایمی گەلە بۆ هەنگاونان بەرەو رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران. خەڵکی ئێران لە بەرامبەر دیکتاتۆرییەت، لە «قۆناغی شکست»ەوە چوونەتە ناو «قۆناغی سەرکەوتن». چیتر هیچ هێزێک توانای وەستاندنی گەلی نییە.
مێژوو نیشان داوە کە هیچ سیستەمێکی دیکتاتۆری بە ئاسانی خۆی بە دەستەوە نەداوە کە بڕووخێت و بەرگە بگرێت. هەمیشە لە دواساتەکانی لەسەر پێ مانەوەیدا هەوڵ دەدات بە دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ، نانەوەی دووبەرەکی، بڵاوکردنەوەی درۆ و تێکەڵکردنی شتی لاوەکی، خەڵک لە گەیشتن بە ئازادیی راستەقینە بووەستێنێت و گەل بەرەو جۆرێکیتری دیکتاتۆرییەت راکێش بکات کە ئەمجارەیان بە روخسارێکی دیموکراتی و چاکسازییانەوە. پرسیاری سەرەکیی ئەمڕۆ ئەوەیە: ئایا ئەمجارەش ئەم سناریۆیە دووبارە دەبێتەوە؟ ئایا راپەڕینی خەڵکی ئێران سەرکوت دەکرێت یان بە سەرکەوتنی کۆتایی دەگات؟
وەڵامی ئەم پرسیارگەلە لەسەر شەقامەکانی ئێران و لە ناو هاوارگەلی گەنجان و لە مانگرتنە گشتییەکاندا و لە خوێنی شەهیداندایە. مێژوو بەرەودواوە ناگەڕێتەوە. خەڵکی ئێران، دوای دەیان ساڵ ئەزموونی تاڵی ستەمی ئایینی، چیتر ئامادە نییە لەگەڵ هیچ شێوەیەک لە دیکتاتۆرییەت سازش بکات. ئەوان لە رژێمە دیکتاتۆرەکان وەزاڵە هاتوون و نرخێکی زۆر قورسیان بۆ ئازادی داوە. نرخییەک کە رۆژ لە دوای رۆژ، بە شەهیدبوونی رۆڵەکانی ئەم گەلە قورس‌تر بووە بە ئێستایشەوە.
ڕادیکاڵبوون؛ تایبەتمەندیی سەرەکیی قۆناغی ئێستاکە
ئەوەی ئەم راپەڕینە لە ناڕەزایەتییەکانی پێشوو جیا دەکاتەوە، رادیکاڵبوونییەتی بە تەواوی. سەردەمی هیوابەستن بە چاکسازی لە ناودەسەڵات، دیالۆگ، چالاکیی مەدەنی و چاوەڕوانیکردنی گۆڕانکاریی وردەوردەیی دەسەڵات تێپەڕیوە. ئەمڕۆ، دروشمی سەرەکی لە کۆڵان و زانکۆکاندا ئەمەیە: «یان ئازادی، یان مردن». گەنجانی ئێران، کە زۆرترین نرخیان داوە، بە روونی رادەگەیەنن کە هیچ شتێکیان نییە بۆ لەدەستدان. چونکە دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی هەموو شتێکی لێ ستاندوون. داهاتوو، ئاسایش و سەلامەتی، سەروەری، ژیان‌وبژێوی و تەنانەت مافی ژیان.
پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان بۆ سەرووی (190) شار، تێکهەڵچوونە بەردەوامەکان لە سەدان شوێن، بەرخۆدان لە بەرامبەر یەکە تایبەتەکان و هێزە چەکدارەکانی رژێم، بە دەستی بەتاڵ و مانگرتنە بەربڵاوەکانی لە ١٢ پارێزگا، لە کوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاواوە تا شوێنەکانیتر، نیشانەی راستییەکی حاشاهەڵنەگرە. سەرکوتکردن چیتر کاریگەریی نەماوە و بووە بە هاندەری سەرەکیی بەرەو هەنگاونان روو لە دۆخی شۆڕش بە تەواوی.
هەر فیشەکی کۆتایی کە لە جەستەی ناڕازییان دەدرێت، هەر دەستبەسەرکردنێکی شەوانە و هەر هەواڵی شەهیدکردنێک، نەک ترس، بەڵکو تووڕەیی و سووربوونی زیاتر لە ناو خەڵک، بە تایبەتی گەنجان، دروست دەکات. واتە ئەم چەرخە پێچەوانەی سەرکوت، بە تەواوی لە دواقۆناغی شۆڕشی گەورەدا روودەدات. رژێم نەک تەنها ناتوانێت ناڕەزایەتی کۆنترۆڵ بکات، بەڵکو بە هەر کردارێکی توندی خۆی، قەبارە و قووڵایی راپەڕین فراوان‌تر دەکات.
مانگرتنی گشتی هاوکات لەگەڵ رادیکاڵبوونی شۆڕش
مانگرتنەکانی ئەمدواییە، لە سەرووی ناڕەزایەتییەکی سینفی و ئیداری، بەشێکی جیانەکراوەی ستراتیژییەکی شۆڕشگێڕانە و رادیکاڵبوونە. کاتێک شۆفێرەکانی بارهەڵگرەکان، مامۆستایان، کرێکاران، خوێندکاران و تەنانەت هەندێک لە کار و پیشە باوەکانی کۆمەڵگا، لە یەک کاتدا مان دەگرن، رەوایەتی ئابووریی رژێم، کە ساڵانێکی زۆرە بە سەرکوتکردن و رێکلام سەپێنرابوو، بۆ هەمیشە لە ناو دەچێت. ئەم مانگرتنانە، کاتێک تێکەڵ بە ئامادەبوونی سەر شەقام و بەرخۆدانی بەردەوام دەکرێت، چیتر ئامرازێکی گوشارخستنە سەر دەسەڵات نین. بەڵکو زەبروەشاندنێکی کۆتاییە لە بڕبڕەی پشتیی ئابووری و سیاسیی رژێم.
وانەی مێژوو، بەبێ رادیکاڵیزم، دیکتاتۆرییەت دەمێنێتەوە
ڕاپەڕینی ساڵی 1979 کاتێک سەرکەوت کە بە قۆناغی داواکارییە سنووردارەکاندا تێپەڕی و گەیشتە خاڵی رادیکاڵبوونی تەواو. ئەگەر ئەو راپەڕینە لە خاڵی دەربڕینی ناڕەزایەتیی یان چاکسازیدا مابوایە، لەوانەیە دیکتاتۆرییەتی پاشایەتی هێشتا بەردەوام بووبایە. ئەمڕۆش یاساکە هەمانە. دیکتاتۆری تەنها لە بەرامبەر تووڕەییەکی یەکگرتوو، رێکخراو و رادیکاڵی گەلدا دەڕووخێت.
ئایندە بۆ گەلە
خەڵکی ئێران دژ بە دیکتاتۆرییەت لە وڵاتەکەیاندا راپەڕیون. داواکاریی بنەڕەتیی گەل، (کۆماری دیموکراتیک)ە لەسەر بنەمای ئازادی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت و سەروەریی راستەقینەی گەل. هەر هێز و لایەنێک، دوای ئەم رووخاندنە هەوڵ بدات شێوەیەکیتر لە ستەم دوبارە بسەپێنێتەوە، لە رووی ستراتیژیکەوە دۆڕاو دەبێت و قبووڵنەکراوە. داهاتووی ئێران روونە. داهاتوویەک کە تیایدا ئازادی چیتر تەنها ئارزوو نییە، بەڵکو راستییەکی دەستپێڕاگەیشتووە. واتا گەل بە سەروەری و سەربەستی گەیشتووە.
سەلاو و رێز بۆ شەهیدانی رێگای ئازادی، کچان و کوڕانی ئەو ئاو و خاکە، کە بە خوێنی خۆیان نووسیویانە دیکتاتۆرییەت کۆتایی دێت. رووڕەشی بۆ هەر دەوڵەت و دەزگا و میدیایەک کە چاوی لە تاوانەکانی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی داخستووە یان دڵی بە مانەوەی دیکتاتۆرییەت خوش کردووە.
ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران بەردەوامە و ئەمجارە، بە رادیکاڵیزمێکی شۆڕشگێڕانە، گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە گەڕانەوە بەرەو دواوە مەحاڵە. رزگاری بەڕێوەیە و ئەم رێگایە، رێگای سەرکەوتنی کۆتاییی خەڵکی ئێرانە.

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

لێدوانێک بەجێ بهێلە