قه‌ڵاى هه‌ولێر بوو، تۆزێك مه‌زنتر
مناره‌ى چۆلى بوو، تۆزێك به‌رزتر
له‌شارێكى داخراوى بێ په‌نجه‌ره كڵاوڕۆژنه بوو، تیشكێكى زێڕ‌ینى نه‌رم و نیانمان ده‌بینى
له‌سه‌رده‌مى له‌ده‌ستدانى هه‌قیقه‌ت ئه‌و فه‌رهه‌نگى هه‌قیقه‌ت بوو
شنه‌باى سپێده‌بوو، بایه‌كى دڵڕفێن و هێور و دڵۆڤان، گه‌ڵاى ڕۆحمانى ده‌بووژانده‌وه
متمانه‌یه‌كى ڕه‌گداكوتراو بوو خۆڕ‌اگرى له‌ناخماندا ده‌چاند
دوونیاى فه‌رامۆشكرد، به‌ڵام مه‌سه‌له‌ى ویژدان نا
ماندووبوو و نیشتمانیش له‌و ماندووتر
ماندوو بوو، پێش ئه‌وه‌ى بچێته خه‌وێكى ئه‌به‌دییه‌وه
هه‌رچى هه‌یبوو ته‌خشان و په‌خشانى كرد
چى نه‌ما نه‌یكا!
ده‌سته‌كانى دا به‌دادگا تا ته‌رازوو لار وله‌نگه‌كه‌ى پێ ڕاست بكه‌نه‌وه
زه‌رده‌خه‌نه‌كه‌ى به‌خشییه ئه‌وانه‌ى نیشانه‌ى ده‌رده‌سه‌رى به ڕووخساریانه‌وه دیاربوو
زمانى دا به‌ده‌م به‌ستراوه‌كان تا بانگى هه‌ق بڵێنه‌وه
چاوه‌كانى دا به‌كوێرێك، ماڵى به‌خته‌وه‌رى لێ بزرببوو
هه‌نگاوه‌كانى دا به‌كه‌مئه‌ندامێكى سه‌نگه‌ر، تا له‌كاروانى ژیان جێ نه‌مێنێ
چى نه‌ما نه‌یكا
گوێچكه‌كانى دا به‌دایكێك، كوڕه‌كه‌ى له‌شه‌ڕى ناوخۆ بێ سه‌روسۆراغ بوو
قاچه‌كانى دا به‌كۆڵبه‌رێك، به‌فر قاچى لێ سه‌ندبووەوە
پرچه‌كه‌ى دا بەنه‌خۆشێكى (نانه‌كه‌لى) تافێرى به‌خشنده‌یی ببێ
پێكه‌نینه‌كه‌ى دا به‌ده‌رچووێكى زانكۆ، هیچ كارێكى ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت
چى نه‌ما نه‌یكا
خه‌ونه‌كانى دا به گه‌نجێكى سه‌رهه‌ڵگرتوو، پێى گوت نامه‌وێته‌وه و گه‌ردنت ئازا
كورسیه‌كه‌ى دا به‌خانه‌نشینێك له سڕه‌ى بانق، تاخۆشه‌ویستى جێگاى ڕق بگرێته‌وه
شوشه‌یه‌ك هه‌نگوینى دا به‌پێشمه‌رگه‌یه‌كى دێرین و پێى گوت: ئه‌وه‌نده باسى تاڵى ژیان مه‌كه
ئیمانه‌كه‌ى دا به‌ئه‌هریمه‌ن و پێى گوت وه‌ره تۆبه‌بكه مادام مرۆڤه‌كان تۆبه ناكه‌ن
چى نه‌ما نه‌یكا
میهره‌بانییه‌كه‌ى دا به‌چه‌كدارێكى حیزب، بێ شه‌رمانه ڕه‌تیكرده‌وه و گوتى به‌كه‌ڵكى من نایه‌ت
ترمزێكى دابه‌دره‌ختێك و پێى گوت گه‌رووت فێنككه‌وه ئه‌وگه‌رمایه ناخ پڕوكێنه زۆر ده‌خایه‌نێ
قاپێك ئاوى ڕوونى دا به‌شاعیره ترسنۆكه‌كان و پێى گوتن چڵكاو خواردنه‌وه زیانبه‌خشه,
چى تف هه‌بوو له ده‌مى! دای به‌پیرێژنێكى پاشماوه‌ى ئه‌نفال و پێى گوت: تف بارانیانبكه ,دوژمنه‌كان نا, دۆسته درۆزنه‌كان
چى نه‌ما نه‌یكا
ڕه‌نگه جوانه‌كه‌ى ڕووى خۆى دا به‌گوڵه‌كان، هه‌موو هه‌ناسه‌یان هاته‌وه به‌ر
دیوانێكى شیعرى دا به‌كاكه‌مه‌م و پێى گووت داماو بڕۆ خاتووزین ئاشتكه‌وه
قه‌ڵه‌مه‌كه‌ى دابه(په‌شێو) و پێى گوت
ده‌مه‌وێ یارمه‌تیت بده‌م، مێژووى خیانه‌ت لێره كۆتایی نایه‌ت،
هه‌تره‌شمان چووبوو له بته‌كان، ئه‌و هه‌م بته‌كانى شكاند هه‌م ترسى ئێمه
چى نه‌ما نه‌یكا
هه‌موو كاره‌كانى جێ به‌جێ کرد و ئینجا خه‌وت
ئێواره‌یه‌كى زستانى باراناوى سارد و سڕه
ئێواره‌یه‌كى غه‌ریبه، به‌ته‌نیا پیاسه ده‌كه‌م و كه‌س نابینم
بێده‌نگى باڵى به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا كێشاوه
هه‌واڵێك ته‌زاندوومى و خه‌م لێم جیانابێته‌وه و وه‌ك تارمایی له دوامه‌وه‌یه
ئاگرێك له ناخ و ده‌روونم هه‌ڵساوه، ئاگرێك ساڵه‌هاى ساڵه وێنه‌ى نه‌بووه
تاریكستانێك خه‌ریكه قووتم ده‌دا
له‌به‌رخۆم قسه‌ده‌كه‌م و دووباره‌ى ده‌كه‌مه‌وه
بۆ ئه‌وه‌نده دره‌نگ هاتى كه‌پێویستمان پێت بوو
بۆ ئه‌وه‌نده زوو ڕۆیشتى كه زۆر پێویستمان پێت بوو
نم نم فرمێسك ده‌بارێنم و ده‌ڵێم
هه‌ولێر چه‌ند چۆڵه بێ تۆ
ئاى به‌هزاد گیان هه‌ولێر چه‌ند چۆڵه بێ تۆ.
( عوسمان هۆرمزیار ) 2026/2/7
ئێواره‌یه‌كى تر له ئێواره هه‌ره‌غه‌مگینه‌كانى نیشتمان
