Home بیروڕاتۆ لەو کەسە دەگمەنانەی ئەو دنیایەی ئێمە بوویت

تۆ لەو کەسە دەگمەنانەی ئەو دنیایەی ئێمە بوویت

by admin
0 کۆمێنتەکان 16 بینینەکان

تۆ هەر زوو درک بەو راستییە تاڵە دەکەیت کە گەڕان بەدوای حەقیقەت و دادپەروەری تاقەتپڕوکێنە، بەتایبەت لە دنیایەک کە بە جەهلی کۆن و نوێ تەنرابێت؛ بەڵام هەتا سەر رێبوارێکی سەرسەختی ئەم رێگا دوور و درێژ و دژوارە دەمێنیتەوە…
تا ئەو رۆژەی بەبێدەنگی و تەنهایی ماڵئاویی یەکجارەکیمان لێ دەکەیت، خوێنی پاکی رژاوی سەردەشت لای تۆ وشکنابێتەوە. هەر ئاوڕدانەوەیەک لە داهێنانی فیکری و ئەدەبی و خەبات و کۆششی مەدەنیی تۆ لەپێناو ئازادی و دادپەروەریی بەبێ بەیادهێنانەوەی سەردەشت جێگەی پرسیار و گومانە….ئاخر تۆ لەو کەسە دەگمەنانەی ئەو دنیایەی ئێمە بوویت کە بەهیچ شێوەیەک نەدەتوانی هەزمی ئەو ستەمە گەورەیە بکەیت کە لە جوانیی بوون و ژیانی سەردەشت کرا؛ کە چۆن لە رۆژێک لە رۆژە تاریکە نەبڕاوەکانی نیشتیمان گەنجێتی و خەون و خەیاڵە قووڵ و رەنگاوڕەنگەکانی لەلایەن رۆحە دڵڕەقە و شەڕانگێزەکانەوە بۆ هەتا هەتایە دزرا…..تۆ زیاتر لە دەیەیەک رێبواری رێگای سەختی بەدەستهێنانەوەی خەون و خەیاڵە دزراوەکانی سەردەشت بوویت؛ لە خۆبوردووانە بەدوای یۆتۆپیای دادگایەکی دادپەروەرانە دەگەڕایت کە تێیدا لە دادگاییکردنی بکوژانی رۆحی باڵای سەردەشت تەواوی دڵڕەقی و ستەمکاریی لەم مەملەکەتە دادگایی بکرێت و بنێژرێت؛ لەم رێگا سەختە و دژوارە وەک دەڵێن بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن ئەوانەی لەگەڵ تۆدا هەتا سەر رێدەکەن، بەهزاد گیان؛ تۆ لە هەموومان دڵسۆزتر و لەخۆبووردوتر بوویت، بوێرانەتر بوویت، زۆرترین رەنجت دا، نزیکترین کەسی مام عوسمان ماویتەوە. تۆش لەو کەسە دەگمەنانەی ئەو مەملەکەتە وێرانە بوویت کە ویژدانی زیندووت هەرگیز رێگەی پێنەدای مەرگی سەردەشت عوسمان قبوڵ بکەیت و ئەو زوڵم و ستەمە گەورەیە لەبیر بکەیت کە ئەو دەسەڵاتە جاهیل و دڵڕەقە لە بەرامبەر سۆران و سەردەشت و کاوە و وەدات و تەواوی دەنگە ئازادەکانی دی ئەنجامیدا؛ دەسەڵاتێک ئەوەندە دڵڕەق و ناشیرین بێت کە بەرگەی فانتازیایەکی ئەدەبی و نووسینی گەنجێکی جوانی تازەپێڕاگەیشتووی یاخی و کوڕە هەژار و خوێندکارێکی زیرەکی دوا قۆناغی خوێندنی زانکۆ نەگرێت و خەڵتانی خوێنی بکات.
ئای هاوڕێ گیان…چۆن لەم چەند ساڵەی رابردوو هەوڵێکی زۆری بێ وچان و بێ هودەمان دا تاوەکو ویژدانە نووستوەکان، قەڵەمە مردووەکان لە ئاست ناشیرینی و دڵڕەقیەکانی ئەو دنیایەی تێیکەوتین بەئاگابهێنینەوە…ئەوەتا تۆ دەڕۆیت و چیدیکە بەرگەی ئەم دنیا ناشیرینە داسەپاوە ناگریت کە خۆت گوتەنی هەر رۆژەی بەشێکی رۆحمان لێ دەبات
ماڵئاوا هاوڕێ گیان….
ماڵئاوا….

دیار عەزیز شەریف
سەرچاوە فەیسبووکی نوسەر

لێدوانێک بەجێ بهێلە