Home بیروڕاپشتیوانی خەڵکی کوردستان لە ئەزموونی ڕۆژئاوا، بزوتنەوەیەکی ناکۆک بە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی!

پشتیوانی خەڵکی کوردستان لە ئەزموونی ڕۆژئاوا، بزوتنەوەیەکی ناکۆک بە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی!

by admin
0 کۆمێنتەکان 23 بینینەکان

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود:   
بەدوای هیرشی سوپای سوریا، بە هاوکاری تورکیا و هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا، بۆسەر ناوچە کوردنشینەکانی سوریا و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری… بزوتنەوەیەکی فراوانی جەماوەری لە دژێ لەشکرکێشی و بۆ بەرگری لە خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا، لە سەراسەری کوردستان بەڕیکەوت و لە ئاستی جیهانێشدا هاوسۆزی بۆ بەرگری لە ئەزموونی کوردستانی سوریا، خۆی نیشاندا.
چ هیرش بۆسەر ناوچە کوردنشیەنەکان و چ ئەم هاتنە مەیدانە جەماوەرییە فراوانە، لەکاتێکدا بوو، کە ئەمریکا و وتەبێژەکەی دوای رێکەوتنی پارس رایانگەیاند، کە هاوکارییان لەگەڵ هەسەدە کۆتاییهاتووە، دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع بۆتە بەشیک لە هاوپەیمانیەتی لە دژی داعش!، بەڵام نە لێدوانی ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی هاوکارییەکانی ئەمریکا و نە هیرشی سوپای سوریا و هاوبەشەکانی بێوەڵام نەمایەوە.
“نا” وتنی هەسەدە بەسیاسەتی بەرژەوەندخوازانەی ئەمریکا و ڕیکەوتنی لەگەڵ رژێمی سوریای تازەی داعشی بە یاساییکراو! و پشت بەخۆ بەستن و خۆجوتکردن لەگەڵ ئیرادەی سیاسی و خۆراگری خەڵکی کوردستانی سوریا، لەلایەکەوە نیشانیدا، کە چارەنووسی بزوتنەوە سیاسیەکان تەنها بەدەست ئەمریکا و غەرب و هاوکارەکانیان نییە، بەڵکو بە پشتبەستن بەبریاری سیاسی و ئیرادەی لەخوارەوەی جەماوەرەی، دەکرێت هەژموون و بڕیاری سیاسی ئەم زلهێز و جەمسەرە ناوچەییانە، مایەپوچ بکات و لەلایەکی تریشەوە راوەستاویی و تەسلیم نەبوون، بووە مایەی ئیرادەبەخشین بە خەڵکی بەشەکانی تری کوردستان، کە بێنە سەر شەقامەکان و پشتیوانی لە بەرگری و خۆراگری جەماوەرێک بکەن کە پێشتر لمۆزی داعشی تێکشکاندووەو ئیستاش ،نایەوێت مل بەدەسەڵاتێکی داعش ئاسای تازەی ژێر سایەی جۆلانی بدات.
هاتنەمەیدانی فراوان و جەماوەری خەڵکی بەشەکانی تری کوردستان و هاوسۆزی جیهانی لەگەڵ خەڵکی کوردستانی سوریا، لە بنەرەتدا بەرگریی بوو لەو ئەزموونەو لەو ماف و ئازادییانەی جیگیرکراون، لەگەڵ وەستانەوە بەرووی دەسەڵاتێکی شێوە داعشی نوێ، کە موبارەکەی ئەمریکا و غەربی لەپشتە.
ئەگەر کوردبوون مایەی جوڵاندنی هەستی نەتەوایەتی لە ئاستی بەشەکانی تری کوردستان بێت و ئەم نارەزایەتییە فراوانە جەماوەرییەی هاتە سەرشەقامەکان، رەنگدانەوەی بەرجەستەوەبوونی پرسی کورد بێت لە ئاستی ناوچەکەدا، هاوکات پرسی وەستانەوە بەرووی دەسەڵاتێکی قەومی و ئیسلامی و شێوە داعشی شەرع، بەرژەوەندخوازی ئەمریکا و غەرب، بەرگری لە ئەزموونێک بە ئەلگۆیەکی نوێ، لە رەتکردنەوەی دەسەڵاتی دین و کۆنەپەرستی، بەرگری لە مافی ژنان و دەرکردنی بەڵگەنامەی یەکسانی ژن و پیاو، بەرگری لە مافە فەردی و مەدەنیەکان لایەنێکی تری هاتنە مەیدانی جەماوەری خەڵکی کوردستان و سەرچاوەی راکیشانی هاۆسۆزی و هاوپشتی لە ئاستی جیهانیدایە.
ئەم ئەزموونە سەرباری هەموو لاوازیی و کەم و کورتییەکانی، خەریکە لە ئەزموونێک واوەتر دەروات و دەبێتە ئەمری واقعێکی دانپیانراو، کە تیایدا چیتر ناتوانرێت پرسی کورد لەسوریادا وەکو ٨٠ ساڵی رابردوو حاشای لێ بکرێت و ستەمی سەر خەڵکی کورد زمان، بەشیوەی پێشوو بەردەوام بێت. بەرەسمی ناسینی پرسی کورد، وەکو واقعیەتێیکی حاشاهەڵنەگر لەسوریادا، بەفەرمی ناسینی مافی خوێندن و داننان بە بەمافی هاوڵاتی بوونی یەکسان! داننان بە مافە کەلتورییەکان… کە لە دواین ڕیکەوتنی نیوان دەسەڵاتی سوریا و هەسەدا… هاتووە، ئاڵوگۆرێکی ئەرێنی و گەرانەوەی بۆ دواوە سەختە.
بەرگری خەڵکی کوردستانی سوریا لە ئەزموونی سیاسی خۆیان و ئەو شیوە لە بەڕیوەبەرێتی و دەستگیر بوون لە زۆرێك لە مافی فەردی و مەدەنی ئازدیخوازانە، کە قابیلی بەراورد بە دەسەڵاتی نەگریسی ئەسەدی لە گۆڕنراو و داعشی ئەحمەد شەرع نییە، تا دەگاتە پیداگریان لەسەر رەوایەتی جەنگ لەدژی داعش و هاوشیوکانی، بووە مایەی هیز بەخشین و پشت نەچەمانەوە لە گەمەی بەرژەوەند خوازی زلهێزەکان و جەمسەرە ناوچەیی و دەوڵەتە ملهورەکان.
ئەزموونی رۆژئاوا بە پێچەوانەی ئەزموونی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد لە عێراقدا، ئەزموونێکی جیاوازە و جەماوەری ناوچە کوردنشینەکان، ئەو ئاستە لە بوونی پەراوێزەکانی ئازادی و ماف و خۆبەڕێوەبەری، بەرەنگاری، بە دەستکەوتی خۆیانی دەزانن بۆیە هیندەی دەتوانن ئامادەن بەرگری لێبکەن و دەستکەوتەکانیان بپارێزن.
ئەو جەماوەرە بەرین و فراوانەی لە بەشەکانی تری کوردستان و لە ئاستی جیهانیدا بۆ پشتیوانی لە ئەزموونی رۆژئاوا هاتنە مەیدان، تا ڕادەیەکی زۆر خۆشباوەییان بە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی رەویوەتەوە و بەسەرچاوەی دوبەرەکی، برسێتی، بێموچەیی، نۆکەر پیشە، سەرکوتگەر، دواکەوتووی، دژی دژە ژن و ئازادی، دژی مافی هاوڵاتی بوون…تاد، دەزانن. ناسیونالیزمی کورد لە عێراقدا خاوەن ئەزموونێکی یەکجار نەنگینە و هەرچەند هەوڵ بدات ناتوانێت، خۆی لەگەڵ بزوتنەوەی ئازادیخوازنەو ئینساندۆستی جەماوەری بگونجێنێت کە بەرگری لە ئەزموونی رۆژئاوا، لە بەرامبەر دەسەڵاتی داعشی ئەحمەد شەرع دەکەن. تەنانەت ئەو جەماوەرە ئازادیخوازە نەک ئامادەی بەرگری لە دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد لە عێراق نین، بەڵکو لە سێ دەهەی رابردوودا، بە هاتنە مەیدان و لە بزوتنەوە نارەزایەتیەکانیاندا نیشانیان داوە، کە دەیانەوێت رایبماڵن و کۆتایی بەدەسەڵاتیان بهێنن.
ناسیونالیزمی کورد لە عێراقدا، دەیانەوێت خۆیان بەو بزوتنەوە جەماوەرییە ئازادیخوازەوە هەڵبواسن و مێدالیای بەرگری لە ئەزموونی رۆژئاوا لە بەرۆکی خۆیان بدەن، لەکاتێکدا لەبەرامبەر بەو جەماوەرەدا کە بۆ نان و موچە و خزمەتگوزارییەکان و ئازادییەکان، هاتوونەتە مەیدان بە چەک و خوێنرشتن وەڵامی داوەتەوە، دەستی ناوەتە ناو دەستی کۆنەپەرسترین هیز و رەوتی ئیسلامی و داعشی، نۆکەرپیشەیی کردووە بە عادەت. خۆبەستنەوەی بە سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاو غەرب کردۆتە بەردەبازی بەدەسەڵات گەیشتن و مانەوەی خۆی، فۆرم و ئەلگۆی دەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەیی وەکو میراتێکی پڕتوکاوی ماوە بەسەرچوو، دەمەزەرد کردۆتەوە. بۆ بەرگری لەم فۆرم و دەسەڵاتەش لەلایەکەوە دەستی بردوە بۆ قوتی هاوڵاتیان و داهاتی گشتی کۆمەڵگەو لەلایەکی تریشەوە، میلیشیای حزبی بۆ سەرکوتی بزوتنەوەی نارەزایەتی و جەماوەری سازداوە. هەرێمی کوردستانی کردۆتە دوو بەشی لێکجیاواز و دوو جغرافیایی لێک دابڕاو لەسەر بنەمای قەڵەمرەوی حزبی.
بزوتنەوەی فراوانی جەماوەری خەڵکی کوردستانی عێراق کە بۆ پشتیوانی لە ئەزموونی رۆژئاوا هاتنە مەیدان، هەر دەرفەتێکی بۆ بێتە پێش بۆ راماڵینی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی کەڵکی لێوەردەگرێت و دەیەوێت ئەو مۆتەکەیە لەسەر ژیان و گوزەرانی وەلابنێت. هەرچەشنە ئاڵوگۆرێکی بەرجەستە لە دۆخ و ژیانی و گوزەرانی خەڵک و هەر ئایندەیەکی باشتر بۆ دۆخی سیاسی کوردستان و ئاییندەی پرسی کورد، لە گرەوی راماڵینی ئەو دەسەڵاتە حزبۆکراتی و میلیشیایی و بنەماڵەیەدایە.

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە