Home بیروڕاروداوەکانی کوردستانی سوریا و پرسی کورد!

روداوەکانی کوردستانی سوریا و پرسی کورد!

by admin
0 کۆمێنتەکان 21 بینینەکان

موحسین کەریم:   

روداوەکانی رۆژەکانی کۆتایی مانگی ڕابردوو لەنێوان حکومەتی ئیسلامی- داعشی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع( محمد جولانی) و هێزەکانی هەسەدە کۆمەڵێك دەلالاتی سیاسی گرنگی لەئاستی سوریاو کوردستانی سوریا و مەسەلەی کورد دا خستەروو.
ئەمریکا کە لەدوای بەرەنگاری قارەمانانەی خەڵکی کۆبانی دژی هێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعش لەژێر سەرکردایەتی هێزەکانی پەیەدەدا، کە هاوکات لەلایەن جەماوەری ئازادیخوازی ناوچەکەو جیهانەوە پشتیوانی لێکرا، جێگاو رێگای پەیەدەی لە ستراتیژی خۆیدا لە سوریا و لە جەنگی بەناو دژی تیرۆردا بۆدەرکەوت، سەرباری ناڕەزایەتیەکانی تورکیا، هاوپەیمانی لەگەڵ پەیەدەدا ڕاگەیاند، سەرەڕای ئەوەی پەیەدەی بە درێژکراوەی پەکەکە لە سوریادا دەزانی و پەکەکەش لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە وەکو رێکخراوێکی تیرۆریستی تۆمارکراوە! هەر بە رێنمایی و بڕیاری ئەمریکا چوارچێوەیەکی سەربازی نوێیان بۆ ئەو بەرەیە دروستکرد لەژێر ناوی هێزەکانی سوریای دیموکرات( هەسەدە)دا.
ئێستا کە دەسەڵاتەکەی ئەحمەد شەرع، بەهەموو شێوەیەك ئامادەیە کە ببێتە بەشێك لە جێبەجێکاری ئەجندا سیاسیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و هاوکات هەموو جۆرە سازشێکی بۆ ئیسرائیل کردوە، ئیتر بۆ ئەمریکا، دەسەلاتێکی لەوجۆرە، با پاشخانی تیرۆریستی هەبێت و بگرە هێشتاش بە هەمان شێوازی تیرۆریستیەوە پەلاماری خەڵك بدات و سەرکوتیان بکات، مادام لەناو ئەڵقەی بەرژەوەندیە سیاسیەکانی ئەمریکادا جێگای بۆ خۆی گرتوە، مەقبولیەتێکی زیاتری هەیە وەک لە هەسەدە، کە مایەی نیگەرانی و گلەیی دەوڵەتێکی گرنگی خاوەن پێگەی ستراتیژی وەکو تورکیای هاوپەیمانی ئەمریکایە. بۆیە وەکو تۆم باراکی نێردەی ترامپ بۆ سوریا ڕایگەیاند :”ئەمریکا قەرزاری هەسەدە نیە! ئەوان لە شەڕی داعشدا هاوپەیمانی ئەمریکابوون و بەهەموو جۆرێك هاوکارییان کراوە! سەرەنجام لە کۆبونەوەی هەولێردا، بەروونی ئەو پەیامەیان بە مەزڵوم عەبدی ڕاگەیاند کە ئیتر دەوری ئەوان کۆتاییهاتوە و دەبێ بەپێی مەرجەکانی سوریا و تورکیا رازی بن بەوەی هێزەکانیان و دەسەڵاتی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆیان ڕادەستی دەوڵەتی ناوەندی سوریا بکەنەوە!
ئەوەی کە ئەو پیلانەی پووچەڵ کردەوە، ئەوەبوو کە سەرکردایەتی هەسەدە و یان دروستتر بڵێین هێزەکانی پەیەدەو یەپەژە، سەرباری ئامادەییان بۆ چۆڵکردنی ناوچەکانی ڕەققەو تەبقە و کشانەوەی هێزەکانیان بۆ ناوچەک کوردنشینەکان، بەڵام بڕیاری بەرەنگارییان دا دژی هێرشی سوپاکەی سوریا کە بەهەموو جۆرە چەکێکی پێشکەوتوو دژی هەسەدە تەیار کرابوون. بڕیاری بەرەنگاری هەسەدەو ئامادەیی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکان بە ژن و پیاوەوە بۆ وەستانەوە دژ بە هێرشی تیرۆریستانی شەرع، لەلایەك و ئەو هاوسۆزیەی کە لەلایەن هاوڵاتیانی کوردزمانەوە لە ئاستی ناوچەکەو جیهانیشدا بۆ بەرەنگاری خەڵکی کوردستان نیشان درا، سەرباری پشتیوانی بەشێكی بەرچاو ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستان و سۆشیالیستەکان، دەورێکی بەرچاوی هەبوو لە پووچەڵکردنەوەی ئەو پیلانە قێزەونە.
ئەم روداوە سیاسیە گرنگە ئەوەی سەلماند کە ئەگەرچی هەمیشە پرسی کورد وەکو کەرەستەیەک و فاکتەرێکی مامەڵەی سیاسی لەلایەن دەوڵەتە ئیمپریالیستیەکانەوە و بەتایبەتی ئەمریکا بەدەستەوە دەگیرێ، بەڵام بزوتنەوە سیاسیەکانی ناسیۆنالیزمی کورد هەمیشە دەبنەوە بەو هۆکارەی کە ئەم پرسە بەوجۆرە ساتوسەودای پێبکرێ بەبێئەوەی یەكجاریش دەرسی لێوەربگرن! وەکو بزوتنەوەی بارزانی ساڵی ١٩٧٥، کارەساتی ئاوارەبوونی ساڵی ١٩٩١ دوای ئەوەی ئەمریکا بەدوای رێکەوتنی سەفوان دەرفەتی دا بە هێزەکانی سەدام بۆ هیرشکردنە سەر شارەکانی خواروی عێراق و کوردستان، و دواتریش لەکاتی ریفراندۆمەکەی ساڵی ٢٠١٧ ئەمریکا بەڕاشکاوی ڕایگەیاند کە ئامادەنین بەرامبەر بە حکومەتی ناوەندی پشتیوانییان بکەن. تەنانەت ئەوەی لە کوردستانی سوریا رویدا، هەمان سیناریۆی کۆن بوو بەو جیاوازیەوە کە هەم خەڵکی کوردستانی سوریا ئامادەبوون بە گیان و ژیانی خۆیان پارێزگاری لە خۆیان و دەسکەوتەکانیان بکەن و هەم هەسەدە کە ئەو ئامادەییە جەماوەریەی لە پشتەوە بوو، ئامادە نەبوو هەموو هێلکەکانی بکاتە سەبەتەکەی ئەمریکاو تۆم باراکەوە.
مەسەلەیەکی زۆر گرنگ کە دەبێ ئاماژەی پێبکەین ئەوەیە کە روداوەکانی کوردستانی سوریا یەك راستی دیکەی نمایش کردەوە، ئەویش خاسیەتی ناوچەیی کێشەی کوردە. بوونی کێشەی کورد لە چوار ووڵاتی ناوچەکەدا وەکو مەنسوری حیکمەت دەڵێت:” خاسیەتێکی پێچیدەو ئاڵۆزی داوە بەم مەسەلەیە”! ئەو هاوسۆزیەی کە لە شارەکانی کوردستانی عێراقەوە بۆ خەڵکی کوردستانی سوریا نیشاندرا، ئەو هەست و شعورەیە بەرامبەر بەو ستەمە کە لە کورد دەکرێ. ئەگەرچی لە کوردستانی عێراقدا ئێستا ستەمێك بەناوی ستەمی نەتەوایەتیەوە لەسەر کورد نیە، بگرە خودی خەڵکی کورد لانی کەم لە هەرێمی کوردستان لەژێرسایەی دەسەڵاتی کوردایەتیدا سەرەتاییترین مافیان لێزەوت دەکرێ، تەنانەت بەشیكی بەرچاو لە خەڵك کە ناڕازین بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، واتە دەسەلاتی کوردایەتی و خوازیاری لەناوچوونین، بەڵام ئەو کارەساتەی کە روبەرووی کوردستانی سوریا بوەوە، دوبارە دەمەزەردی هەست و ئیحساساتی کوردایەتی کردەوە و یەکێتی و پارتیش وەکو دوو حزبی کوردایەتی لەونێوەدا ئیمتیازای سیاسیان بەدەستهێنا و بەرامبەر بە خەڵك پێشڕەویەکیان بۆخۆیان تۆمارکرد!
بۆیە ئەم ڕاستیە ئەوە دەسەلمێنێ کە تا کێشەی کورد بەشێوەیەکی ئینسانی و سیاسی چارەسەر نەکرێ، ئەویش بەوەی کە بڕیاری سیاسی بدرێتە دەستی خەڵکی کوردزمان لەو ووڵاتانەی کە کوردیان لێدەژی، کە بڕیار لەسەر چارەنوسی سیاسی خۆیان بدەن بۆ پێکەوە ژیان یان جیابوونەوەو پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ، هەمیشە دەرگا کراوەیە بۆئەوەی ناسیۆنالیزمی کورد، سەرباری بۆگەنبوون و دەرکەوتنی ماهیەتی بۆرژوازیانەو چەوسێنەرانەی بۆ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و کەمدەرامەت، خۆی وەکو نوێنەری مەزڵومیەتی خەڵکی کورد نیشان بدات و هەرجۆرە چارەسەرێکی نیوەناچڵی وەکو فیدراڵیزم و لامەرکەزی و …تاد. ناتوانێ ئەم فایلە بپێچێتەوەو دایبخات!

لێدوانێک بەجێ بهێلە