بەهار مونزیر: 
کاتێک باسی دۆرگەی ئێپستاین دەکرێت بە وردەکارییەوە، بازاڕی سێکسی جیهان و دەستدرێژی و بازرگانی بە منداڵان و ژنانەوە، لە یەکەم ساتەوە شەنگالم بیرکەوتەوە. دڵتەنگی کردم و خستمەوە ئەو کاتەی کە داعش دەستی گرت بەسەر منداڵ و کچانی ئێزدیدا لە ٣/٨/٢٠١٤
ئەو کارەساتە نەك زۆر باش بیرمە، بەڵکو بە ناو دەمارەکانم و ویژدانمدا تا لە ژیاندا بم بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
بیرم دێتەوە کاتێک کچە منداڵەکانمان دەبینی، بەجۆرێک لاڵ دەبووین. هیچ هەستێکمان کاری نەدەکرد. هەرچەند کرمانجی شەنگاڵ سەخت بوو، بەڵام مەجبوربووین زمانێکی نوێ فێربین – زمانی هاوسۆزی، زمانی مرۆڤدۆستی، زمانی نەفرەت،زمانێک بتوانێت باری سەرشانیان کەمێک سوکبکات.
ئەو زمانە دەستەواژەی خۆی هەبوو، ووشە و ڕستەی جیاوازبوو ، چونکە ڕۆدەچووە ناو دڵ و ویژدانەوە. زمانێک بوو هەموو جیهان لێتێدەگەیشت و هیچ وەرگێڕانێکی نەدەویست..
چەند شەو ڕۆژ بە ووردی گوێ بیست و خوێنەری تاوانەکانی دۆرگەی ئێپستاین بووم. زۆر هاوبەشیم بینی لە نێوان قوربانیەکاندا. لەیەكجوون لە تەمەن، لە ئازار، لە برینداربوون، دەستبریندارکردن و هەتا ئاستی خۆکوشتن.
جار هەبوو دەکەوتمەوە بیری ئەو کچە ١٤ ساڵانەی کە لەناو قوتابخانەیەکی گەرمدا وەك ئاوارەی ناوخۆی بینیم، سەری هەڵنەدەبڕی، دونیا بۆ ئەو ڕەش بوو، ئەو هەر عەبا و ڕیشی دەبینی، هەستت دەکرد هیچ ڕەنگیكی دیکە لە جیهانی ئەودا بوونی نیە تەنها ڕەش نەبێت.
کاتێک لێدوانی قوربانیانی دۆرگەی ئێپستاینم گوێ لێدەگرت، بیرم چوو بۆ لای ئەو کچە منداڵانەی کە دوای دەستدرێژی خۆیان دەکوشت، بەرگەیان نەدەگرت. شەیمای تەمەن 17 ساڵم بیرهایەوە کە لە بەر خوێن بەربوون ڕزگاری نەبوو لەگەڵ نەمامێکدا لە خانکێ نێژرا..
زۆرم لەیەکچوون بینی. زۆر کەم جیاوازی هەبوو. تەنها جیاوازی شوێن بوو، جیاوازی کات بوو.
ئەو کچە منداڵانەی لە ئەمریکا قوربانی ئێپستاین بوون، و ئەو کچە منداڵانەی لە شەنگاڵ قوربانی داعش بوون – هەردووکیان هەمان ئازاریان چێژت، هەمان ترسیان بەسەرهات، هەمان نەفرەتیان دەکرد لەو ئاژەڵە دڕندانەی پەلاماریان دەدان. .
دوو شوێنی جیاواز بەڵام هەمان تاوان. یەکێکیان لە ناوی دەوڵەمەندی و سەرمایەداری، ئەویتریشیان لە ناو داعش و جیهادەوە، بەڵام لە کۆتاییدا، هەردووکیان هەمان کارەیان کرد – کچە منداڵانیان کردە قوربانی، بازرگانیان پێکردن، سوکایەتیان پێکردن.
ئەمە تەنها کێشەی شەنگاڵ نییە، تەنها کێشەی ئەمریکا نییە. ئەمە کێشەیەکی جیهانییە. کێشەی سیستمێکە کە ژنان و منداڵان تێیدا کاڵان، بەرهەمێکن بۆ کڕین و فرۆشتن….
ئێمە دەبێت دەنگمان بەرز بکەینەوە. دەبێت بوەستینەوە. دەبێت بڵێین نەخێر بۆ هەموو ئەو سیستمانەی کە ژنان و منداڵان تێیدا قوربانین.
جا بەناوی سەرمایەداری بێت، یان بە ناوی ئاین، یان لە ناوی هەر شتێکی تر – ئێمە ناچار نین ڕازی بین.
بۆ ئەو کچە منداڵانەی شەنگاڵ، بۆ ئەو کچە منداڵانەی ئەمریکا، بۆ ئەو کچە منداڵانەی هەموو جیهان – ئێمە دەبێت خەباتمان بەردەوام بێت. ئەم وێنەیە دوکانی دەست ڕەنگینی یەکێك لە کچە قوربانیەکانی شەنگالە لە کەمپی خانکێ کە ڕێکخراوی خەڵك بۆ گەشەپێدان پاڵپشتی بوو لە ناو کەمپی ئاوارەی خانکێ کە ئێستاش کەمپەکە شەنگالیەکانی تێدا دەژین و نەگەڕاوەتەوە بۆ شوێنی خۆیان لەو تاریکیەی تێدا ژیان پێکەوە ڕەنگاو ڕەنگمان کردەوە .
دورگەی ئێپستین و شەنگال!
32
