سامان کەریم: 
لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا، دوو چین هەیە: بورژوایی و پڕۆلیتاریا. کۆمۆنیزم بزوتنەوەی یەکگرتوو ڕێکخراوی پڕۆلیتاریایە بۆ داڕمانی سستەمی سەرمایەداریو بنیاتنانی سۆشیالیزم. ڕاستوچەپ بزووتنەوەو ئەحزابو ڕێکخراوە سیاسیەکانی چینی بورژواین. چەپو ڕاست هاوچینو بەم پێیە هاوئامانجن، جیاوازییان لە بەڕێوەبردنی سستەمی سەرمایەدایە. چەپ مردووە، بەڵام هەمیشە دەخوێنینەوەو دەبیستین کە ” چەبو کۆمۆنیزم”وەک دوانەیەکی چینایەتی بەکاردەبرێن لە حالێکدا دژ بەیەکن. ئەم تێڕوانینە لە نێو چەپەکانی هەموو دونیا دەبینین، و بەشێکیزۆری کۆمۆنیستەکانیش ئەو خۆشباوەڕییەیان هەیە. چەپمردووە زیندوو نابێتەوە، بەڵام پێویستە ڕۆشنبێت کە چەپ هەمان ڕاستە لە بەرگی ڕادیکاڵو هەڵخەڵەتاندنی پرۆلیتاریادا. بورژوایچەپ ڕیگرێکی گەورەی بەردەم خەباتی پڕۆلیتاریا بووە لەماوەی لە١٢٥ساڵی ڕابووردوودا.
بە کورت، چەپو ڕاستی پێشزاین!
پێشزاینو تا دوای شۆڕشی فەرەنسا چەپوو ڕاست دوو چەمکی سیاسینەبوون. یەکسانخوازیو ئازادی خواستێکی دێرینەو بەپێی ئەو خواستە ڕاستو چەپ لە مێژووی چینایەتی دێرینەوە ئاماژەی پێکراوە، نەک وەک ئاڕاستەی سیاسی بەڵکو وەک ئاماژەو میتافۆرمێک بە دوولایەنی-دوالیزم – جیاواز ولەهەمانکاتدا پێکەوە بەستراو، وەک شێروخەتی دراوێک: خێرو شەڕ، شەو ڕۆژ، ژیانو مردن، تاریکیو ڕووناکی، نیرڤانا “بەختەوەری ڕەها”و ئازارو ناخۆشی ” Suffering “/ ژن و پیاو کە پیاو ڕاستو ژن چەپە، یان دەستی ڕاستو چەپ، لایڕاستی سوڵتانەکان هەمیشە پێگەی بەرزتربووە لە لایچەپ. لەمبارەوە”کریس ماکمانۆس “دەنوسێت:”دابەشبوونی ڕاستو چەپ لە جەستەوە دەستیپێکرد، پاشان لەنێو ئاینو ئەفسانەدا سەرهەڵدەداو دواتر لە سیاسەتدا بەکارهێنرا”( Right Hand, Left Hand/2002 ). لێرەدا ئەمباسەم وەک پاشخانێکی مێژوویی باسکردووە بۆ ئەوەی تێبگەین کە دانیشتنی لای چەپو ڕاستی ئەنجومەنی نیشتمانی فەرەنسا لە دوای شۆرشەوە لایەنیکەم مێژوویەکی هەبووە ئەگەرچی زارەکیبێت.
وتمان تا شۆرشی فەرەنسا ڕاستو چەپ وەک هوشیاری زارەکی بەکارهاتووە. دواتر لە شۆڕشەوە تا کۆتایی سەدەی نۆزدە، ڕاستوچەپ دەبێتە شەبەنگێکی فراوانی سیاسیو دواتر جیهانی. دوو بەڵگەی نەنوسراو لە ئەزموونەکانی مێژوو دەبینین، یەکەم:ڕاستو چەپ لە دامەزراوەیەکدا تێکەڵدەبنوو دتوێنەوە، سەرەڕای جیاوازیان یەکتری تەواودەکەنوو بێیەکترنابن، دامەزراوەی چینی چەوسێنەرن. ڕاست بێچەپ نابێت، بە پێچەوانەشەوە ڕاستە. لە یۆیانی کۆنو ئاینە تاکخودایەکاندا هەر وابووە. لە ئیسلامدا ڕاستواتە: ڕێگای ڕاستو چاکەو بەرەکەت، و چەپواتە: ڕێچکەی ناڕاستو هەڵە. ڕاستو چەپ لە مێژووی دێرینەوە دوو باڵی جیاوازی نێو چینی چەوسێنەر بوون، خاوەن کۆیلە و زەویوزارو دەسەڵاتیان لە بەرانبەر کۆیلە و جوتیارو کرێکاراندا. ئێستاش چەپوو ڕاستی سەرمایەداری دژی پڕۆلیتاریا. دووەم: وەک ئەمسەردەمە هەمیشە باڵی چەپ، ئاراستەیەکی قێزوەنوو ناڕاستو هەڵە بووە لە ڕوانگەی چینی دەسەڵاتدارەوە. لەمبارەوە ماکمانۆس دەنوسێت:”لە هەر سەردەمێکی مێژوویدا مرۆڤ سەیری هەر کیشوەرو کلتورێک بکات ڕاستو چەپ هێمای تایبەت بەخۆیان هەیە، ڕاست هەمیشە باشەو چەپ خراپە”.(هەمان سەرچاوە)
وەک ئەزمونێکی مێژوویی دەتوانین ڕیفۆرمەکانی”ئۆرۆکاجینا” بە چەپ پێناسە بکەین”دەسەڵاتداری شاری لەکش/سۆمەر/ لەساڵی ٢٣٥٠ پ-ز / لەکش لە شاری ناسریەی ئێراقەوە ٤٨کم دورەو ئێستا ناوی –تل هبة-یە “. لەمشارەدا ململانێو خەباتی هەژارو جوتیارو کرێکارو کۆیلەکان دژبەسستەمی ئابوریکۆشک”قەسر/پاڵاس-Palace Economy “سەریهەڵداوە، بەپێی دەقە نوسراوەکان بۆ یەکمجار لە مێژوودا بزوتنەوەیەکی ڕیفۆرمیستی دەردەکەوێت. هەژارەکانی ئەو ناڕەزایەتییە ئورۆکاجینا- Uru-inim-gina- ” پارێزگاری ئەم سەردەمە” ڕابەریاندەبێت. ئەم بزوتنەوە چەپە” لەبەرانبەر دەسەڵاتی دەوڵەتدا وەستاوەو داوای لابردنی باجو کەمکردنەوەی چەوساندنەوەیانکردووە کە پەرستگا سەپاندویەتی بەسەر بێوەژنو منداڵانی بێسەرپەرشتدا(من الواح سومر/ صاموئیل کریمر/و: طە باقر/لا:١٠٥/بەدەستکاریەوە). بەهەمان شێوە لە یۆنانی کۆندا لە یاساکانی سۆلۆن – Lois de Solon-شاعیرو حەکیمی ئەو سەردەمەی ئەسینا(594 – 572 پ.ز) هەنگاوێکی ڕیفۆرمیستی فراوان پیادەدەکرێت. دەبینین ئەم چەپە میتافۆرمە لە نێو چینی دەسەڵاتداردا دەرکەوتووە، سەرەڕای ئەوەی کە بزووتنەوەو هەنگاوەکان بناغەیەکی چینایەتیان بووە، واتە خواستی فراوانی هەژارانو پڕۆلیتاریای ئەو سەردەمە بووە، بەڵام باڵی “چەپی” دەسەڵاتدار توانیویەتی خواستی بزوتنەوەکە لە ئاڕاستەیخۆیدا ڕێکبخاتەوە.
ئەو پێشەکییە، پاشخانی مێژوویی دابەشبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانی فەرەنسایە بەسەر لایچەپو ڕاستی مەلیکدا، لە کۆبوونەوەکانی ساڵی ١٧٨٩ی دوای سەرکەوتنی شۆرشی بورژوایی. لایڕاست قەشەکانو خاوەنزەویوزارە گەورەکانبوون، خواستی مانەوەی پاشایەتیانبووە، لایچەپ شۆڕشگێرەکانو ئەوانەی خوازیاری ئاڵوگۆڕی زیاتر بوون. ئەگەر سەرنجبدەین لێرەشدا چەپو ڕاست، کۆنو نوێ، شۆرشگێر و کۆنەپارێز لە چوارچێوەی چینی دەسەڵاتداردابوون، واتە شۆرشگێرەکانی بورژوایی کە سەرکەوتوون بەسەر سیستەمی فیودالیدا، لەگەڵ چینە کۆنەکەی پێشوو کە هەوڵیانداوە مانەوەی خۆیانبە جۆرێک بپارێزن. لە دوایهاتنەمەیدانی چینی پرۆلیتاریا وەک چینێکی شۆرشگێر و یەکگرتوو بەتایبەت دوای شۆڕشی کۆمۆنارەکان، بورژوایی لە ئەوروپا بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەیو وەڵامدانەوە بە کۆمەڵگا پێویستیبە ڕیفۆرمبووە، چەپی بورژوایی وەڵامبە خواستی چینەکەی دەداتەوە وئامانجی پڕۆلیتاریا لە چوارچێوەی کۆمەڵگای بورژوای دادەڕێژێتەوە. دواتر لە ئاستی چەمکو بزوتنەوەو ڕێکخراو ئەحزابو مانشێتی جیاوازی ڕیفۆرمخوایی و کۆمۆنیزم و سۆشیالدیموکراسی و دواتر دژی ئیمپریالیو هەروەها نیشمانپەروەریو مافی چارەیخۆنوسینو دەزگای جیهانی جیاوازدا، خۆی نمایشدەکاتو دەیەوێت نیشانیبدات سەرمایەداری لایەنگرو پارێزەری خۆشبژیەتیو مافەکانی مرۆڤی پڕۆلیتاریایە. لەمنێوەدا ئینتەرناسیونالی دووەمو دواتر شۆرشی ئۆکتۆبەرو ئاکامەکانیو ئینتەرناسیوناڵی سێ، کاریگەری جیهانی گەورەیان بووە بۆ بەهێزکردنی ئەو ئاڕاستەیە، کە تا ئێستا کۆمۆنیزم گیرۆدەیە بەدەستیانەوە.
چەپ: هێزێکی گەورەو فراوانی جیهانی
بزوتنەوەی چەپ، دەبێتە هێزێکی گەورەی سیاسی، بەسەدان ئەحزابو ڕێکخراوەو دەزگاو سەندیکاو یەکێتیکرێکاری لۆکەڵیو جیهانی جیاواز و بە دیدیجیاوازەوە پێکدەهێنن، بەتایبەت دوای شۆرشی ئۆکتۆبەر وسەرکەوتنی حزبی بەلشەفیو پێکهێنانی ئینتەرناسیوناڵیسێ لەلایەن لینینەوە. لەدوای سەرکەوتنی شۆرشو پێکهێنانی حکومەتی بەلشەفیەکان، کۆمەڵێک ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی گەورە کرا بە قازانجی پڕۆلیتاریاو هەژارەکانی یەکێتیسۆڤیەت، لە هەمانکاتدا لە 15نوفمبر 1917 ڕاگەیاندنی مافی چارەیخۆنوسین لە ڕوسیادا ڕاگەیەنرا و دوای دوومانگ ڕاگەیاندنی ١٤خاڵەی ویلسۆن سەرۆکیئەوکاتی ئەمریکا لە 8يناير1918بڵاوکرایەوە، خالێکی مافی چارەیخۆنوسینبوو. پاراستنی ئەو بزووتنەوانەی کە خواستی جیابونەوەو پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەییان هەبوو لە یەککاتدا بووە سیاسەتی یەکێتیسۆڤیەتو ئەمریکا، پاشان لە سالێ ١٩١٩، دوای پێکهێنانی “کۆمێنترن” ئەمداوایە پایەیەک دەبێت لە سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیسۆڤیەت. سیاسەتی ئەمریکیوسۆڤێتی ڕووی لە ئامانجێکبوو، کەمکردنەوەی نفوزو پێگەی وڵاتانی سەرمایەداری داگیرکەری ئەوسەردەمە کە زۆربەی وڵاتانی گۆیزەویان داگیرکردبوو. خواستی چارەیخۆنوسین لەئاستی جیهاندا بەتایبەت دوای جەنگی جیهانیدووەم، وەک پێداویستیەکی دەستبەجێی سەرمایەو لابردنی بەربەستەکانی بەردەم گەشەو فراوانبوونەوەو زاڵبونی تەواوی بەسەر گۆیزەویدا، بوو بەبزوتنەوەیەکی فراوانی جیهانی. پێشکەوتنخوازیو ئازادیخوازی بووە میلوانکەی ملی بزووتنەوەی ” بورژوایی نیشتمانی!!” و ناونران” بزوتنەوە ڕزگاریخوازەکان”. بەمپێیە وەک ڕادیکالترین باڵی چەپیبورژوایی مۆری خۆیان لە مێژوودا، لە هەمانکاتیشدا بەشێک لەم هێزە نەتەوەییانە کە لە پێناو ” سەرمایەی نیشتمانیدا” دەجەنگان لەوەش زیاتر مۆری کۆمۆنیستیان هەڵواسی بە ئاڵاو دروشمەکانیانەوە.
ڕیفۆرمە ئابورییەکانی یەکێتی سوڤیەت بە ڕابەری لینین، ئەگەرچی لەو سەردەمەدا وەک دەستکەوتێکی گەورە بۆ پڕۆلیتاریای سۆڤیەت دەبینرا، بەڵام پڕۆلیتاریای داماڵی لە ئامانجو هیوایەک کە بووی بە ئایندەی شۆرشەکەی، لە جیاتی ئامانجێک کە پڕۆلیتاریا بووی لە پێکهێنانی بەڕێوەبەری هەرەوەزیو کۆمۆنی، دەوڵەتێکی سەنتڕالی بەهێزی ڕاگەیاند کە پێشهەر ئامانجێک ڕادەستکردنی پڕۆلیتاریا بوو بە بورژوایی لە ڕێگەی ڕیفۆرمی ئابوریەوە. دوایجەنگی جیهانی دووەمو دووبارە دابەشکردنەوەی جیهان، ئەم ئاڕاستەیە دەبێتە ئاڕاستەیەکی جیهانی. وڵاتانی “نیشتمانی!” وەک قارچک بەناوی نەتەوە یان کۆمۆنیزمو سۆشیالیزمی جیاوازەوە سەردەردەهێنن لە ئاسیاوە تا ئەفریکاو ئەمریکای باشور. سۆشیالدیموکراتەکان لە ئەوروپا کورسیەکانی پەرلەمان داگیر دەکەنو دەوڵەتی خۆشگوزەران پێکدەهێنن، یەکێتیە کرێکارییەکان دەبنە پایەی ئەم هێزە بورژواییە چەپو ڕیفۆرمیستانە. ڕیفۆرمی دەوڵەتی ناسیونالیست جێگای کۆمۆنیزم دەگرێتەوە لە ئاستی ڕایگشتی جیهانی و سەنتەرەکانی خوێندنو پەروەردەو لێکۆلینەوە فکریو سیاسیەکاندا، کە تائێستا پڕۆلیتاریا بەدەستیەوە دەناڵێنێ. ئەم” کۆمۆنیزمە!!”و ئەمجۆرە لە بەڕێوەبردنی سەرمایە(چەپ) لە ساڵی ١٩٩٠ دادەڕمێتو بەرگەی ململانێی بازاڕ ناگرێت، لە گەڵیدا باڵی چەپی بورژوایی پایەی ئابوری مانەوەی خۆی لە دەستدەدات.
ئاوابوونی چەپ پایەکەی ئابورییە!
ئەنتۆنی گیدنز دەڵی: “گلۆبالیزم دەستەواژەی ڕاست و چەپی بەتاڵکردووە”. بێگومان سەرمایەداری هەمیشە گلۆباڵبووە، بەڵام ئەم نوسەرە خاوەنی ڕێگایسێهەمە واتە لە نێوان ڕاستو چەپی بورژوایدا( بەقەولی ئەوان لە نێوان سۆشیالیزم و سەرمایەداریدا)نێوەندگیریدەکەن. لیبرالیزمینوێ چەمکی ئابوریسیاسیە، چڕبوونەوەو سەنترەلکردنو کەڵەکەی فراوانی سەرمایە، بەهۆی گەشەو پێشکەوتنی هێزەکانی بەرهەمهێنانەوە، پایەی ئەو ئاڵوگۆڕانەیە. لیبرالیزمینوێ هەر کۆنەکەیە، بەڵام لە هەلومەرجی مێژووی جیاوازدا پیادە دەکرێت. هەلومەرجێک کەتیایدا بناغەی ئابوری هێزە بەرهەمهێنەرەکان ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی بەسەردا هاتووە، لە جیهانێکەوە کە پیشەسازی کلاسیک نیشەجێی بازاڕە ناوخۆیەکانبوو، لە هەر ڕشتەیەکی پیشەسازی وەک: کانزاو ئامێرو میتاڵەکانو و نەوتوگازو ئۆتۆمبێلسازیو جلوبەرگوچنینو ئامێرەکانی نێوماڵدا…دەیان هەزار کرێکار کاریانتێدادەکرد و لە یەکێتیە کرێکاریەکانو دەوڵەتێکی خۆشگوزەران –بەجیا لە دابەشبوونی بورژواییانەی دیکتاتۆریو دیموکراسی- بەهرەمەندبوون، بۆ جیهانێکی تەواو تازە لە کاری ڕۆبۆتو هۆشمەندیدەستکردو گەشەی لە ڕادەبەدەری هێزەکان بەرهەمهێنان تا ئاستی ئەوەی باسلەوەدەکرێت کە سەرمایە پێویستی بە هێزیکاری پڕۆلیتاریا نەماوە !!. ئەمە بناغەی سەرەکی نەمانی یان ئاوابوونی بورژوایی چەپە لە ململانێی کۆمەڵگادا. ئەمریکا ڕابەری سەرمایەداری جیهانی تەنانەت چاوەڕێی پێگەیشتنی ئەو شۆرشە زانستیەی نەکرد، بەڵكو بە هاوشانی ئەو پێشکەوتنەو لە ماوەی ٣٦ ساڵی ڕابووردوودا، هەنگاوی گەورەی گرتە بەربۆ جێخستنی ئەلگۆی لیبرالیخۆی لە ئاستیجیهاندا وەک: پریڤایتکردن-بەتایبەتیکردن-، نەهێشتنی دەوڵەتی خۆشگوزەران، ئازادکردنی بازاڕیکار، ئازادکردنی نرخی دراوەکان، دورکەوتنەوە لە یەکێتیە کرێکارییەکان، فرۆشتنی تەواوی موڵکی گشتی بە سەرمایەدارانی تایبەت(کارگەکان، زەویەکان و سامانەکانی ژێر زەوی، دەزگا خزمەتگوزاریەکان، زیندانەکانو پۆلیسو سوپای تایبەت…) ئەم هەنگاوانە لەدەورووبەری ساڵی ١٩٨٠وە دەستپێدەکاو ئێستا بەکۆتایی خۆیگەیشتووە. پایەی کۆمەڵایەتی هەموو چەپی دونیا سەرمایەداری دەوڵەتبوو، ئەوەی ئەوروپا ناوی دەوڵەتی خۆشگوزەرانبوو بە کۆمەڵێک ئیمتیازاتی سیاسیو دیموکراسیەوە، ئەوەی ڕۆژهەڵات دەوڵەتی سەنتراڵبوون-دیکتاتۆر!!- لە ناسیونالیزمی عەرەب-سۆشیالیزمی عەرەب- وە بگرە تا چەپی لاتینی و ئاسیایی.
بەپراتیک دەرهێنانی ئەم سیاسەتە ئابورییەی ئەمریکا بە ئابلوقەی ئابوری و جەنگە گەورەکانو تیرۆری مۆدێرنو شۆرشی پرتەقاڵیو بەهاریعەرەبیو ڕژێم چەینجەکان پیادەکران. بەمپێیە چەپ پایەئابوریەکەی لەدەستدا. وەکناو ماوە، نمونەی سوشیال دیموکراسی ئەوروپا بەڵام لە ڕاستەکان ڕاسترنو وبەرنامەی ئەوان جێبەجێدەکەن. دواین هەوڵی ڕادیکاڵترین چەپ (پارتی هاوپەیمانی چەپی ڕادیکاڵی یۆنانی “سیریزا”)ساڵی ٢٠١٥ بوو لە یۆنان کە پاشبردنەوەی بە شکستێکی گەورە دەسەڵاتەکەیان کۆتایهات. ئەوەی جێرمی کۆربن لە بەریتانیا “حزبەکەت” ی پێکهێنا لە نۆڤمبەری ٢٠٢٥دا، ئەگەر لە دەنگدانیش بیباتەوە!!، بڵقێکی تەقیووە. چەپە کوردەکانی پەیەدە و هەسەدە، پێشئەوەی تامی ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سوریا بکەن هەموو بەرنامەی بەڕیوەبەری خۆسەریو ناوچەیەکی زۆریان لەدەستدا، جگە لە پەیڕەوی حکومەتی جۆلانی و ئۆتۆنۆمیویەکی بەرتەسک نەبێت، هیچیدیکەیان پێنەبڕاوە. سەدەها نوسەریچەپ پێماندەڵێن چەپ مردووە، بەڵام ئەلتەرناتیڤێک نادەنبەدەستەوە، نوسەرێکی هیندی دەنوسێت:”لەڕاستیدا چەپ وەک قەوارەیەکی رێکخراو و دامەزراوەیەکی ڕۆشنبیری و سیاسی، مردووە.”( Yogendra Yadav )بەڵام دوایی بەچەندین ڕێگای بێبناغە دەگەڕینەوە بۆی.
بورژواییچەپ بناغەکەی داڕوخاوەو پایەی ئابوری نەماوە، ژیانئاوایکردووە لە ململانێکانی کۆمەڵگا.ئەم هەلومەرجە دەروازەیەکی ڕۆشنترو ئەرێنیتری ئاوەڵاکردووە بۆ بزوتنەوەی پڕۆلیتاریا وەک هێزێکی ڕێکخراوو یەکگرتوو؛ کۆمۆنیزم.
لە کۆتایدا: کۆمۆنیزم بزوتنەوەی ڕێکخراوو یەکگرتووی چینی پڕۆلیتاریایە. ئامانجی کۆمۆنیزم کۆمەڵگایەکی سۆشیالستییە. کۆمۆنیزم ناتوانێت لۆکەڵی دابمەزرێت، بەڵکو جیهانیە، ئەوە ئەزموونی مێژووە. کۆمۆنیزمو چەپ دووبزوتنەوەی چینایەتی تەواو جیاوازن. لێرەدا باسەکە باسی دوو چینی کۆمەڵایەتیە نەک وردەکارییەکانی خەباتی ڕۆژانە. پڕۆلیتاریا بەردەوام هەنگاو دەنێت بۆ دابینکردنی هەلومەرجەکانی یەکگرتووبوونی خۆی، بۆ کۆمۆنیزم. چەپ مردووە، بەڵام خەباتی چینایەتی بەهێزێکی جیهانی گەورەوە بەردەوامە، ئەوە مەیدانی کۆمۆنیزمە.
١٥ی فێبریوەری ٢٠٢٥
