Home هەواڵلە ساڵیادی شەهید سورکێودا داوای دادگاییکردنی بکوژان و سەربەخۆیی دادگاکان دەکرێت

لە ساڵیادی شەهید سورکێودا داوای دادگاییکردنی بکوژان و سەربەخۆیی دادگاکان دەکرێت

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 24 بینینەکان

لە سلێمانی ساڵیادی شەهید سورکێو بەرز ڕاگیرا و تیایدا چالاکوانان و کەسوکاری شەهیدان وتاریان پێشکەش کرد و جەختیان لەسەر بەردەوامیی داواکارییەکانیان کردەوە و داوای دادگاییکردنی تەقەکەران و سەربەخۆیی دادگاکانیان کردەوە.

رۆژی هەینی(٢٠\٢\٢٠٢٦) لە مەراسیمێکی شایستەدا لە گۆڕستانی “سەیوانی یەک”لە شاری سلێمانی، یادی ١٥ ساڵەی شەهیدکردنی سورکێو زاهیر یەکێک لە شەهیدانی ١٧ی شوبات بەرز ڕاگیرا.

لە مەراسیمەکەدا، زەردەشت شێخ زاید، برای شەهید سورکێو، ڕایگەیاند کە سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٥ ساڵ بەسەر شەهیدبوونی سورکێو و هاوڕێکانیدا، هێشتا داواکارییەکانی خەڵک جێبەجێ نەکراون، وتیشی: “ئێمە وەک کەسوکاری شەهیدان تا گەیشتن بە مافەکانمان لە خەبات و دەنگ هەڵبڕین بەردەوام دەبین.”

هەروەها سازگار فەریق، هاوسەری شەهید ئومێد، ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو گەنجانەی ڕژانە سەر شەقامەکان، تەنها داوای بە نیشتمانیکردنی دامودەزگاکانی حکومەتیان دەکرد، بەڵام بەداخەوە بە خوێنڕشتن وەڵامی داواکارییەکانیان درایەوە و کۆمەڵێک گەنج شەهید کران، جەختیشی کردەوە کە وەک کەسوکاری شەهیدانی ١٧ی شوبات، بەردەوام دەبن لە بەرزکردنەوەی دەنگیان بۆ سەربەخۆبوونی دادگاکان و ڕادەستکردنی تەقەکەران و بکوژان بە دادگا.

لە بەردەوامی مەراسیمەکەدا جوانڕۆ محەمەد وتەیەکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر ئەو گەندەڵییەی کە بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی ١٧ی شوبات و وتی: ئەو کات دەبوو گوێ لەو گەنجانە بگیرایە نەک بە فیشەک وەڵام بدرێنەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو گەندەڵی و نائیدارەیی و تاکڕەوییەی کە شەهیدان لە پێناویدا دەنگیان هەڵبڕی، ئێستا بووەتە گرێیەکی گەورە لە حکومڕانیی هەرێمی کوردستاندا و گەندەڵیەکان قوڵتر بوونەتەوە.

لێدوانێک بەجێ بهێلە