ئا: عەمار عزیز
سوپای تورکیا لەسنوری قەزای ئامێدی، هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەو پرۆسەی ئاشتییان بەدەرفەت زانیوە تا زیاتر بێنە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت لەسنووری قەزای ئامێدی، رێگای زیاتر دروستیان کردوە لەگەڵ زیاد کردنی بنکەکانیان .
پێش هەفتەیەک لەسنوری ناحیەی دێرەلوکی سەر بەقەزای ئامێدی لەپارێزگای دهۆک، سوپای تورکیا “گەلی ڕەشاڤە”یان تێکداوە لەپێناو دروستکردنی رێگایەکی تایبەت بەخۆیان، ئەوەش نیگەرانیو توڕەیی خەڵک لێکەوتووەتەوە .
ئەو شوێنەی لەگەلی رەشاڤە زیانی بەرکەوتووە دوو شوێنەوارن، یەکەمیان پێیدەڵێن “رێگای شوپ”، ئەوەی تر پێیدەڵێن “پردی دووشاو”، جگە لەمانە سوپای تورکیا لەماوەی رابوردوو زیانی گەیاندوە بەدەیان شوێنی شوێنەواری تر .
سەردار ھێتووتی، لێکوڵەرو شارەزای مێژووی قەزای ئامێدیو خەڵکی قەزاکە، بەئاوێنەی وت “داگیرکردنی کوردستان لەلایەن سوپای تورکیا بەردەوامە، پێش چەند رۆژێک سوپای تورکیا ھەڵساوە بەدروستکردنی رێگایەکی تایبەت بەخۆیان لەگەلی رەشاڤە لەکاتی دروستکردنی زیانی گەورە گەیاندووەتە دوو شوێنەواری (رێگای شوپ)و (پردی دووشاو).
وتیشی “کردنەوەی ئەو رێگایە ئاماژەیەکی ئاشکرایە کە سوپای تورکیا ھیچ نیازێکیان نییە بۆ چۆڵکردنی خاکی باشوری کوردستان، ئەمە لەکاتێکدایە پرۆسەی بەناو “ئاشتی” کە تورک پێیدەڵێن (نەھێشتنی تیرور) لەنێوان گەریلاکانی پەکەکەو سوپای تورکیا لەئارادایە، چەکەکان سوتێنرانو بێدەنگ کران، بەڵام تا ئێستاش سوپای تورکیا ناوچە بەناوچە دەستی بەسەردا دەگرێتو ھێزەکانی خۆیانی تێدا جێگیر دەکات”.
دانیشتوانی گوندەکانی سنوری قەزای ئامێدی دەڵێن ھێزەکانی تورکیا ھەر لەشوێنەکانی خۆیان ماون، ئەمەش گۆمانی لای ئەوان دروستکردوە کە جارێکی تر ناوچەکانیان بوردومان بکرێنەوە.
ئازاد ھەمزۆ، مۆختاری گوندی “مژێ”یە لەدەڤەری بەرێگارەی سەر بەقەزای ئامێدی، ئەو بەئاوێنەی وت “ھەر لەدوای ڕاگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی تاوەکۆ ئێستا ھێزەکانی تورکیا لەبنکەو خاڵە سەربازییەکانی خۆیان ماونەتەوە، مانەوەی ھێزەکانیان گەورەترین زیانی بۆ ئێمە ھەیە، ئەویش ئەوەیە کە رێگریمان لێدەکرێت بگەڕێینەوە ناو باخو زەویەکانی خۆمان تا دەست بەکاری چاندنو باخداری بکەین “.
وتیشی “ئێمە کە لەدەڤەری بەرێگارەینو لە ١٢ گوند پێکھاتووە، بژێوی ژیانمان لەسەر کشتوکاڵو باخدارییە، بەردەوام بە بەپرسانی ئیداری قەزای ئامێدیو بەرپرسانی سەربازی دەڵێین کە دەمانەوێت بچینەوە سەر باخو زەویەکان تا دووبارە ئیشبکەینەوە. بەڵام رێگە نادەن”.
لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥. عەبدوڵلا ئوجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان داوای لەچەکدارانی حزبەکەی کرد کە چەکەکانیان دابنێنو لە١١ی تەموزی رابردوودا ٣٠ گەریلا لەئەشکەوتی جاسەنە لەقەزای دوکان لەسلێمانی بەشێوەیەکی رەمزی چەکەکانیان سوتاند ، بەڵام هێشتا تورکیا لەناوچەکانی دەوروبەری ئامێدی هیچ هەنگاوێکی کردەکی نەناوە بۆ چەسپاندنی پرۆسەی ئاشتی.
رێگر ئیبراھیم، مامۆستایە لەناوەندی ناحیەی دێرەلوک سەر بەقەزای ئامێدی بەئاوێنەی وت “رۆژانە بەچاوی خۆمان دەبینین کە سوپای تورکیا رێگای زیاتر لەو شاخانەی دەوروبەری ئێمە دروست دەکات، هەفتەی رابوردوو ھەڵساوە بەدروستکردنی رێگایەکی تازە لەگەلی “رەشاڤە”، ھەم جوانیەکەی تێکداوەو هەم ترسی زیاتری بۆ خەڵک دروستکردوە، تا دێت لەمەودوا رێگا بۆخۆیان خۆش دەکەن بێنە ناو سەنتەری شارەکان کە پێشتر لەناو گوندو سەر شاخەکان بوون”.
وتیشی “ئێستا دەنگی تۆپو فڕۆکەکان نابیستین، بەڵام سوپای تورکیا پرۆسەی ئاشتییان بەدەرفەت زانیوە تا زیاتر رێگاکانی تایبەت بەخۆیان فراوانترو زیاد بکەن، ئەمە ئەوە دەردەخات تورکیا ھیچ نیەتێکی نیە خاکی ھەرێم چۆڵ بکات، بەپێچەوانەوە لەسەر بەرنامەکەی خۆیان بەردەوامنو بەدوریشی نازانین لەناکاو ھێرشەکانی خۆیان دەستپێبکەنەوە”.
رێکخراوی “سی پی تی” ئەمریکی کە لەبواری مافەکانی مرۆڤدا کار دەکات، راپۆرتێکی نوێیان ئامادە کردووە لەسەر جمۆجوڵی سوپای تورکیا لەدوای پرۆسەی ئاشتیو باس لەبەھێزکردنی بارەگاکانی سوپای تورکیا دەکەن .
کامەران عوسمان، بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لەرێکخراوی سی پی تی ئەمریکی بەئاوێنەی وت “بەوردی بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە دەکەین، بەدڵنیایی سوپای تورکیا لەماوەی رابوردوودا لەچەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستان بنکەکانیانی خۆیان بەھێزتر کردووە بەراورد بەپێشتر، ھاوکات تورکیا رێگا لەنێوان ھەموو بنکەکانی خۆیان دروست دەکاتو زیاتر رێگای سەربازی دەباتە ناو گوندەکان، کە ئەمەش پێشھاتێکی خراپە “.
شەڕی چەندین ساڵەی تورکیاو پەکەکە، زیانی بەسنورێکی بەرفراوان لەناوچەکانی باکوری کوردستان گەیاندووە، جگە لەزیانە گیانییەکان، ھەر باکور نییە، باشوری کوردستانیش بەھۆی شەڕەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە، لەچۆڵبوونی گوندە سنورییەکان تا گیان لەدەستدانی زیاتر لە ٧٠٠ ھاوڵاتی .
“تورکیا نزیکەی هەفتەیەکە دەستی کردوە بەکۆمەڵێک جموجۆڵی سەربازی لەسەر سنورەکان، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستمان کەوتووە جگە لەبەھێزکردن، ھاوکات بنکەکانی خۆیان فراوانترو گەورەتر کردوە، ھەموو ئەمانەو زانیاری وردتر لەراپۆرتەکانی خۆماندا بڵاودەکەینەوە”، بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لەرێکخراوی سی پی تی ئەمریکی وای وت.
