عەبدولڕەحمان گەورکی: 
داننان بە بوونی بەدیلێکی دێموکراتیک بۆ نیزامی دەسەڵاتدار لە ئێران، بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەی ئامانجدار، کارێکی قورس نییە. ئەم راستیە، زیاتر لەوەی پێویستی بە شیکاری ئاڵۆز هەبێت، پێویستی بە تێڕوانینێکی راستگۆیانەیە لە گۆڕەپانی راپەڕینی گەلی ئێراندا. بەرخۆدانی ئێران تا ئێستا ناوی هەزاران شەهیدی راپەڕینی مانگی بەفرانباری ئەمساڵی بڵاوکردۆتەوە. ئامارێک کە بە لەبەرچاوگرتنی سانسۆر و سەرکوت و کەش و هەوای توندی ئەمنی، بێ گومان تەنیا بەشێکی کەمە لە راستییەکان.
بەڵگەنامە حاشا هەڵنەگرەکانی راپەڕینی خەڵکی ئێران
ئامارە راگەیەندراوەکان بە تەنیا ئاماژەن بۆ رەهەندە بەرفراوانەکانی راپەڕین. کۆکردنەوەی ناو و ئادرێس و ناسنامەی شەهیدانی راپەڕین، بەبێ رێکخراوێکی یەکگرتوو و چالاک، بەتایبەتی لەناو وڵاتدا مەحاڵە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە راپەڕینی خەڵکی ئێران بزووتنەوەیەکی کاتی و بێنەما نەبووە و نییە. بەڵکو دەرئەنجامی رێکخستن و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئامادەکاری پێشوەختە بووە. بە واتایەکیتر، ئاماژەیە بۆ بوونی هێزێکی رێکخراو لە چوارچێوەی راپەڕیندا.
وێنەیەکی راستەقینەی ئێرانی ئەمڕۆ
چاوخشاندنێکی ورد بە پێکهاتەی شەهیدانی راپەڕین، وێنەیەکی روون لە سروشتی راپەڕینەکە دەردەخات. شەهیدانی راپەڕین بە تەمەنی جیاواز، رەگەزی جیاواز و ئایین و نەتەوەی جیاوازەوە و لە هەموو جوگرافیای ئێرانەوە هاتبوون. ئەم فرەچەشنییە باشترین وەڵامە بۆ ئەوانەی هەوڵدەدەن راپەڕین لە چین و ناوچەیەکی دیاریکراودا سنووردار بکەن. وێنەیەکی روونی ئێرانێکی هەمەچەشن و یەکگرتوو دەخاتە روو. ئێرانێک کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا خوازیاری کۆتایی هاتنی دیکتاتۆریی ئایینین. ئەوان بەرخۆدانێکیان هەیە کە دەیەوێت ببێتە “دەنگی راپەڕینکاران”.
نوێنەرایەتیکردنی ئێرانێکی دێموکراتیک
پێکهاتەی شەهیدانی راپەڕین، هێمای ئێرانێکی ئازاد، دێموکراتیک و هەمەچەشنە. ئەوان نوێنەری ئەو خەڵکەن کە سەرەڕای جیاوازییەکانیان، لە خواستێکی هاوبەشدا یەکڕیزییان بەدەستهێناوە. هەر لەبەر ئەمەشە کە شەهیدانی ئەم راپەڕینە، بە وتەی خانمی مریەم رەجەوی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران، بە “زیندووترینی زیندووەکان” ناوزەد کراوە. چونکە هەبوون و کاریگەرییان، تەنیا لە تەمەنیاندا سنووردار نییە و خوێنیان بووەتە هێزی بزوێنەر بۆ بەردەوامیی خەبات و راپەڕێن.
گەنجانی ئێرانی، هێزی پێشەنگی راپەڕینی گەل
لە نێو ئەمانەدا رۆڵی لاوانی ئێران دیار و یەکلاییکەرەوەیە. زۆرینەی شەهیدانی راپەڕین گەنجن. نەوەیەک کە چیتر سووکایەتیکردن و چەوساندنەوە و بێ ئاسۆیی قبووڵ ناکات. ئەم نەوەیە دیکتاتۆرییەتی ئایینی نە بە شەرعی دەزانێت و نە بە چاکسازی. گەنجانی ئێران هۆشیارن، ئەزموونی مێژوویی دەناسن و بە بەڵێنی پووچەوە فریو نادرێن. شتی ساختە قبووڵ ناکەن و داهاتووی خۆیان بە ئازادییەوە بەستۆتەوە.
شکستی پڕۆژەی دیکتاتۆرییەت
دەیان ساڵە رژێمی دەسەڵاتدار لە رێگەی سانسۆر و شێواندنی مێژوو و سەرکوتی رێکخراوەوە، هەوڵی داوە گەنجان لە راستییەکانی رابردوو و ئێستای ئێران دوور بخاتەوە. بەڵام ئەم پڕۆژەیە شکستی هێناوە. لاوانی ئەمڕۆی ئێران نەک هەر بە هۆشیاریی سیاسی گەیشتوون، بەڵکو بە پشتبەستن بە رێکخراوێکی رێک و پێک و سازماندراو و رێبەرایەتیکردنێکی روون، بوونەتە هێزێکی یەکلاییکەرەوە لە پێشهاتەکانی وڵاتدا. ئەوان لە ریزی پێشەوەدان و نوێنەرایەتی هیوای کۆمەڵگا دەکەن.
لێدوانی بەرپرسانی فەرمیی رژێمیش نەخوازراو، ئەم راستییە پشتڕاست دەکەنەوە. دانپێدانان بەوەی کە ناڕەزایەتییەکان رێکخراون و لە یەک کاتدا لە شارە جیاوازەکاندا روودەدەن و ناڕەزایەتییەکان چووەتە قۆناغی “مەترسیدار”ەوە، ئەوە نیشان دەدات کە راپەڕینی خەڵکی ئێران لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەت دەرچووە. ئەم دانپێدانانە هەڵوێستە فەرمییەکانی رژێم لە متمانە دەخەن سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکی “سنووردار” و “پەرشوبڵاو”.
ڕاپەڕینی مانگی بەفرانبار، وەرچەرخانێکی مێژوویی
ڕاپەڕینی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ رووداوێکی کاتی نەبوو. بەڵکو بە وەرچەرخانێک لە مێژووی خەباتەکانی خەڵکی ئێران دادەنرێت. ئەم راپەڕینە نیشانی دا کە کۆمەڵگای ئێران چووەتە قۆناغێکی نوێوە. واتا ئەو قۆناغەی کە خەڵک نەک هەر گۆڕانکاری دەوێت، بەڵکو ئامادەیە باجی بۆ بدات. ئەم راستییە، پێش هەموو شتێک، ئاماژەیە بۆ هەبوونی بەدیلێکی راستەقینە و دیموکراتیک لە بەرامبەر دەسەڵاتی دیکتاتۆری.
ئەم راپەڕینە نیشانی دا کە دۆخەکە ناگەڕێتەوە بۆ رابردوو. بەرەی گەل لە جاران زیاتر “یەکگرتوو”ترە، راپەڕینەکەیان “ڕادیکاڵە” و ئەوەی دەیانەوێت بەدەستی دەهێنن.
ئەو رەوتانەی راستیی دیمەنی راپەڕینی خەڵكی ئێران بە شێوەی جۆراوجۆر ساختە دەکەن، ناتوانن بەدیلێکی دێموکراتیک بن بۆ رژێمی دیکتاتۆری. کۆکردنەوەی ناو و نیشانی شەهیدان و رووداوەکانی راپەڕینی گەل، پێش هەموو شتێک، رێکخستنی دەوێت. پێش رێکخستنیش، پێویستی بە هێزی سەر شەقام هەیە. هەمووان دەزانن کە ژمارەیەکی بەرچاو لە شەهیدانی راپەڕێن، ئەندامی “ناوەندەکانەی شۆڕش”ی پێوەندیدار بوون بە موقاومەتی ئێرانەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخەی لە ئاڕادایە، بە دڵنیاییەوە راستییەکان زۆر لەوە زیاتر و گەورەترن کە راگەیەندراوە.
***
ئێران .. روانگەیەکیتر تایبەت بە بەدیلی رژێم
38
