*ڕێبوار ئەحمەد: 
هاوڕێیان بۆئەوەی چوارچێوەی باسەکە دیار و کۆنکریت بێت، ئەم باسە تەنها دەربارەی هەڵسەنگاندنی تاکتیکی حزبە بۆ بەشداری لە هەلبژاردنی پەرلەمانی عیراق کە لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥ ئەنجام درا. وەکو ئاگادارن ئەم باسە سەرەتا لە مەکتەبی سیاسی بەرلە پلینۆمی ٣١ باسکرا، دواتر لە پلینۆمی ٣١ باسکرایەوە و لەسەر ئەوە بڕاینەوە کە لە هەلومەرجی گونجاودا بە هەموو مانایەکی گونجاو، دەکرێت حزب بەشداری لە هەلبژاردنی پەرلەمانیدا بکات. پاشان کە مەسەلەی هەلبژاردنی نوڤەمبەری ٢٠٢٥ هاتەپێشەوە، لە مەکتەبی سیاسی دیسان بەدیاریکراوی قسە لەم مەسەلەیە کراو بریاری بەشداری درا. ئیستا سەرەتا دەمەوێ بە کورتی بڵێم لەم بارەیەوە چی و چۆن کرا و چی رویدا!؟
لەو هەڵبژاردنەدا ئێمە تاکتیکی بەشداریمان گرتەبەر و وتمان بەشداری دەکەین، بەڵام بەکردەوە بە هۆکاری قانونی نەماتوانی بەشداری بکەین. پاشان بەیانێکمان دەرکرد روو بە ئەحزاب و لایەنەکان. لەوێ سەرخەتی پلاتفۆرمی خۆمان خستەڕوو وە وتمان هەر لایەنێک ئامادە بێت ئەم پلاتفۆرمە بکات بە بەرنامەی خۆی لە پەرلەماندا، ئیمە پشتیوانی لێدەکەین. لەم بارەیەوە کادرێکی حزبی شیوعی کە بەشێوەی سەربەخۆ خۆی کاندید کردبوو، ئامادەیی خۆی بۆ تەبەنیکردنی پلاتفۆرمەکەی حزب نیشاندا، حزبیش پستیوانی بۆ ئەو کاندیدە دەربڕی. واتە حزب لەو هەڵبژاردنە بەشداری نەکرد، بەڵام پشتیوانی لە کاندیدێک کرد کە پلاتفۆرمی حزبی پەسەند کردبوو. ئەم پشتیوانیەلەکۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا راگەیەندرا.جگە لەمە لە شارە جیاجیاکاندا لە چەند کۆبونەوەی گشتی گەورە و بچوکدا قسەمان بۆ خەڵک کرد. هەروەها میدیای حزب لەم چوارچێوەیەدا تەبلیغی کرد. ئەمە کورتەی ڕێڕەوی عەمەلی ئەو مەسەلەیە بوو.
سەرەتا ئەوە بلێم کە لەم کۆبەندیەدا، بیگومان بە چاوێکی رەخنەگرانەوە لەو مەسەلەیە دەڕوانم و دەمەوێ لایەنە هەڵە و لاوازەکانی دەستنیشان بکەم و رەخنەی لێبگرم، بەڵام مەبەستم رەخنەیە لە کارکرد و ئەزمونێك نەک رەخنەیەك بێت لە کەس یان کەسانێک. هەڵسەنگاندن و رەخنەی من لە هەڵە و گرفتەکانی رێڕەوی عەمەلی یەک تاکتیکە. بێگومان هەرکەس ئەگەر ئەم رەخنەیەی قبول بێت دەتوانێبەشی خۆی لەو رەخنەیەو لەو پرۆسە عەمەلیە دیاری بکات، بەڵام ئەوەی بۆ من گرنگەهەڵسەنگاندنی ئەم تاکتیکە و رەخنەیە لە هەڵە و ئەشکالاتەکانی بۆ ئەوەی ببێتە وانەیەك بۆ ئایندەمان، بۆئەوەیە بلیم لە روانگەی منەوە ئەگەر لە ئایندەدا جاریکی تر چوینە پای ئەم تاکتیکە، کام هەڵە و ئەشکالاتێك هەیە کە ئاگامان لێ بێت دوبارە نەبنەوە. هەڵبەت دەزانم لەم بارەیەوە ڕەنگە جیاوازی بۆچوونمان هەبێت، ئەمەش مەسەلەیەکی ئاساییە و لەکۆتایدا دەکرێ بۆچونە جیاوازەکان بەراورد بکەین و سەنتێزێکی بێتە دەستمانبۆ کاری داهاتومان.
بیگومان ئیمە دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ بایکۆت ئەمە یەکەمجارم بوو کە بۆ کۆمەلگای رابگەیەنیین لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بەشداری دەکەین و بە عەمەلی هەرچەند ناراستەوخۆ چوینە پای، بەڵام بەگشتی کارەکە بۆ ئێمە تازە بوو. بیگومان ئەزمونی تازە هەڵە و نەشارەزایی و بێدیقەتی دەهێنیتە ئاراوە. ئەمە لەم مەسەلەیەدا کاریگەری هەبوو.
لە بەرگری لە تاکتیکی بەشداری
من لەپێشدا دەمەوێ لە بەرگری لە تاکتیکی بەشداری ئەوە بڵێم کە خودی تاکتیکی بەشداریکردن دروست وبەجێ و تەکانێک بوو بە ئاراستەی خەتێکی سیاسی دەخەلەتگەرانە و رۆچون بۆ مەیدانی کێشمەکێشی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەرامبەرکێی ڕووبەڕوو لەگەڵ بزوتنەوە و ئەحزابی بورژوازیدا. هەروەها دەرهێنانی شانی خۆمان بوو لەژێر قورسایی نەریتەکانی چەپی سوننەتی. بێگومان هێشتاش ئەو نەرێتانە گەلێک سەنگینی دەکەن لەسەر کاری ئێمە و بەم هەنگاوانە کۆتاییان نایەت و تێناپەڕێنرێن. ئەمە تەنها هەنگاوێکە لەو ئاراستەیەدا و دەبێ ئەم ئاراستەیە بەردەوام بێت. ئەوەش تەکید دەکەم کە مەرج نیە هەموو رەخنەیەک لە بەشداری یان هەموجۆرە مخالەفەتێک لەگەڵ بەشداری،بکەوێتە چوارچێوەی چەپی سونەتیەوە. ئەمە تاکتیکێکە دەکرێت لە چەپەوە رەخنەی لێبگیرێت، دەکرێت لە راستەوە رەخنەی لێبگیرێت و دەکرێت لە روانگەی کۆمۆنیستیەوە رەخنەی لێبگیریت. هەرئێستا من خەریکم بەجۆریک ئەوکارە دەکەم.
لەروانگەی منەوە لەچاو رەفتاری تائیستای بزوتنەوەی ئیمە لەگەڵ هەلبژاردنی پەرلەمانیدا، ئەمە هەنگاویک بوو لە رەوتی دوورکەتنەوە لە چەپی سوننەتی، کە ئەم بەشداریەی بە تابۆ زانیوە و لەپێشەوە ئەوەی بڕاندوەتەوە کە کۆمۆنیستەکان دەبێ بایکۆتی بکەن، پاشان ئەگەڕێ بۆئەوەی چ هۆکارێک بهۆنێتەوە بۆ بایکۆت. بۆیە یەکسەر کە ئەم تاکتیکەمان راگەیاند بەر لە هەموو لایەنێک، وە لە راستیدا تەنها چەپی سوننەتی کردی بەهەرا! ئەها!! حککک وازی لە شۆڕش هێنا، شۆڕشی بایکۆت کرد و لەگەل رەوتی پەرلەمانتاریزم رۆیشت و بەرەو راست وەرچەرخا و دنیا خراپ بوو! ئەو حزبە دەستی لە کۆمۆنیزم و شۆڕشی کرێکاری هەڵگرت و هەڵپەی ئەوەیەتی لە ڕێگای پەرلەمانەوە سوچێکی دەسەڵاتی دەسکەوێت! لەم بارەیەوە ئیتر هیچ لایەنێکی دیکەی باسەکانی ئێمەی بۆ گرنگ نەبوو. هەربۆیە ئێمە لە بەرگری لەم تاکتیکە بەناچاری وەلامی پروپاگەندەی چەپمان دایەوە. لەگەڵ چەپ کەوتینە جەدەلێک کە ئەوان دەستیان پێکردبوو. هەر لێرەدا ئەوە بڵێم کە بەڕای من پاساوەکانی چەپ بۆ بایکۆت هەرچیەک بێت،کێشەی ئەسڵی ئەو لەگەل ئەم مەسەلەیە ئەوەیە کە متمانەی بە خۆی نیە. جەسارەتی شەڕ و جەدەلی رووبەرووی نیە لەگەل بورژوازی و نوێنەرانیدا. ئامادەی ئەوە نیە رووبەروو لەگەل بورژوازیدا شەڕ بکات و لە ئۆرگانەکانی قودرەت بەمانا گشتیەکەی بەشداری بکات. چەپ راهاتوە لەسەر ئۆپۆزیسیۆن بوون و مانەوە لە پەراوێزی کۆمەڵگا و کێشمەکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا. بۆ ئەمەش پاساوی بێکۆتایی هەیە.
ئەو پروپاگەندانە لەکاتێکدا دژی ئێمە بەڕێخران کە ئەوە زۆر رۆشن و بەرجەستە و جەختی لەسەر کرابوو کە سیاسەت و هەڵوێستی کۆمۆنیستی ئیمە بەرامبەر پەرلەمان و پەرلەمانتاریزم هیچ گۆرانیکی بەسەر نەهاتوە. جەخت لەوە کرابوو کە ئیمە پەرلەمان بە دامەزراوەیەکی نیزامی سەرمایەداری دەزانیین کە دەیەوێ کۆمەلگای چینایەتی سەرمایەداری جۆرێک ئیدارە بکات کە هیزی کار بۆ قازانجی کەلەکەی سەرمایە بچەوسێنیتەوە. جەختمان لەسەر ئەوە کردبوو کە فەلسەفەی حزبی ئێمە رێکخستن و رابەریکردنی شۆڕشی کرێکاری و روخانی نیزامی سەرمایەداریە بە پەرلەمان و پەرلەمانتاریزمەوە. جەخت لەوە کرابوو کە ئامانجی ئێمە دامەزراندنی سۆسیالیزمە و بەدیلی ئیمە بۆ هەموو شێوەکانی سیستەمی سیاسی بورژوازی سیستەمی شوراییە. ئەم تەئکیداتە لە هەموو قسەکانماندا روون و بەرجەستە بوو. بەڵام چەپی حاشیەیی ئەمانەی بۆ گرنگ نیە. لەروانگەی ئەوەوە ناکرێت هەم روخانی سیستەمی پەرلەمانیت بوێت و هەم هەتا بۆ ئەم مەبەستە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەشداری بکەی. ئەوان تەنانەت نەهاتن دەقی قسەکانی ئێمە و ئەو تاکتیکە بەوجۆرەی گەڵاڵە کراوە رەخنە لێبگرن. یانی بۆنمونە باسی بایکۆتی شۆرش لە کوێوە دەرهاتوە؟! کام قسەی ئیمە دەکرێ مانای بایکۆتی شۆڕشی لێ دەربێت؟! بۆیە من ئەم قسانە بە پروپاگەندە دەزانم نەک رەخنەی سیاسی و زانستی.
ئیمە بە پێداگری توند لەسەر بنەما و پرەنسیپەکانی کۆمۆنیزم و شۆڕشی کرێکاری و بەدیاریکراویش لەسەر هەڵپێچانی پەرلەمانتاریزم، تاکتیکی بەشداریمان هەڵبژارد. ڕەخنەگرانی ئیمە کەوتنە پروپاگەندەی ئەوەی کە ئیمە دەستمان لە شۆڕش هەڵگرتوە، لەکاتیکدا شۆڕشێک لە ئارادا نەبوە و نیە تا ئیمە بایکۆتی بکەین یان دەستی لێبەردەین. ئێوە سەرنجی ئەمە بدەن! پیموایە شیکردنەوەی ئەم مەسەلەیە دەتوانێ مەسەلەکە رۆشن بکاتەوە. باسەکە ئەمەیە کە دروست لەکاتیکدا شۆڕش یان هەلومەرجێکی شۆڕشگێڕانە لە ئارادایە، تاکتیکی کۆمۆنیستی بەرامبەر هەڵبژاردن، نەک بایکۆت، بەلکو هەلپێچانی گشت دەورودوکانی هەڵبژاردن و پەرلەمانتاریزمە. ئەمە رۆشنە. بەڵام پرسیارەکە لیرەدا بەرجەستە دەبێتەوە کە ئەگەر لە دەورەی شۆڕشگیرانەدا ئەم تاکتیکە دروستە، لە دەورەی ناشۆڕشگێرانە و لەوکاتەدا کە تەنانەت بزوتنەوەیەکی سیاسی کریکاری و جەماوەری سەراسەری لە مەیدان نیە کە بەرامبەر دەسەلاتی گرتبێت و دەسەلاتی خستبێتە ژێر گوشارەوە، کە بکرێت لەجیاتی تاکتیکی بەشداری لە هەلبژاردن، تاکتیکی پەرەپیدانی ئەم بزوتنەوەیە و توندکردنەوەی فشار لەسەر دەسەلات هەلبژێری، ئەگەر ئەمە نەبیت لەم هەلومەرجەدا تاکتیکی دروست بەرامبەر هەلبژاردن چیە؟
تەماشاکەن، پرسیارەکە ئەمەیە:-لەکاتیکدا لەجەرگەی هەلومەرجێکی سیاسی دیاریکراوی بەوجۆرەی باسم کرد، هەڵبژاردن دێتەبەرەوە، مەرج و پێوانەکانی ئەو هەڵبژاردنە بواری بۆ بەشداری کۆمۆنیزم کردوەتەوە و هیچ شەرت وشروتیێکی ئەوتۆ لە ئارادا نیە کە سازشێکی مەبدەئی بەسەر کۆمۆنیزمدا فەرز بکات، لە هەلومەرجیکدا کە کۆمۆنیزم لەڕوی سیاسی و عەمەلیەوە توانای بەشداری هەبێت، لە هەلومەرجیکدا کە لەسەر بنەمای لیکدانەوەی وەزعەکە هۆکاریکی تایبەتی بۆ بایکۆت نەبێت، لەم کاتەدا ئەگەر بەشداری ناکەی بەدیلی تاکتیکیت چیە؟ ڕەخنەگرانی چەپی ئیمە دەڵێن بایکۆت و بە هەڵوێستێکی شۆرشگێرانەشی دەزانن. بەڵام بەراستی بایکۆت ئەگەر سەری بە سیاسەتێکی چالاک و روولەپێش نەبێت، تاکتیک نیە. بایکۆت بەتەنها بەبێ ئەوەی لەگەڵ کردەوەیەکی تاکتیکی چالاک و روولەپێش گرێ بخوات، پاسیفیزمە. خەباتی کۆمۆنیستی بەبێ تاکتیکی کارساز و عەمەلی پاسیفیزم و یەکێک لە باوترین ئەو گرفتانەیە کە یەخەی چەپ و کۆمۆنیزم دەگرێت. ئەگەر بەراوردی بکەی بە دەورانی شۆڕشگێڕانە مەسەلەکە رونتر دەبێتەوە. لەوێ لەجیاتی بەشداری دەڵێی شۆرش، دەڵێ راپەرین و رامالینی هەموو سیستەمەکە بە پەرلەمانەکەیەوە، یان دەڵێی تاودان بە بزوتنەوەی جەماوەری و توندکردنەوەی گوشار یان هەر شتێکی لەم بابەتە، واتە هەریەک لەم تاکتیکانە رۆشنە و دەخالەتگەرانە و کاریگەرە. باشە هاوتای ئەم دەخالەتگەریە لە دەورانی ناشۆڕشگێڕانەدا، لەو دەورانە کە هەتا بزوتنەوەیەکی بەهێز لە ئارادا نیە، چەپ بەشداریش رەت دەکاتەوە، کەوایە لەجیاتی بەشداری دەڵێی چی؟ ئاخر بایکۆت بەتەنها خۆی هیچ ئەکتێکی شۆڕشگێڕانەی تیا نیە تا ئەوانەی گوایە شۆڕشگێڕن مەترەحی بکەن و سنگی پێدەرپەڕێنن!
دەعوەتی خەلک بۆ دانیشتن لە ماڵەوە وەکو ئەوەی کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە چەپ دەیکات، چ شۆڕشگێڕیەکی تیایە؟! یان هەتا باسی ئەوەی کە چالاکانە بانگەوازی خەڵک بکەین نەچن بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن. پەرەلەمانتاریزم بەمە کۆتایی نایات و تێپەر ناکرێت، بەم ئاسانیە خۆشباوەڕی خەڵک بە پەرلەمانتاریزم ناڕەوێتەوە. یان باسی پەرەدان بە ناڕەزایەتی دەکەن. بێگومان لەو هەلومەرجە و هەمیشە هەر دەبێ پیداگری لە پەرەدان بە خەبات و ناڕەزایەتی بکرێت، ئەمە قسەی تیا نیە، بەشداری خۆی لە خۆیدا ناکۆکی نیە لەگەڵ پەرەپیدان بە ناڕەزایەتی، بگرە دەکرێت ئەو ناڕەزایەتیە بەهێز بکات و ڕێگای بۆ هەموار بکات. دەبێ لە فەزای کەمپینی هەلبژاردن کاربکرێت بۆ رونترکردنەوەی بەرچاوی خەڵک لە خەباتی شۆڕشگێڕانەدا و پێداگری لەسەر پەرەدان بە ناڕەزایەتی و یەکێتی و ڕێکخراوبون و پەردەهەڵماڵین لەسەر بورژوازیبکرێت، بەڵام باسی من باسی تاکتیکێکە لەپەیوەند بە خودی هەڵبژاردن و لەجیاتی بەشداریکردن دەبێ بخرێتەڕوو، ئەو تاکتیکە چیە؟!
هەڵبژاردن هەبێت یان نەبێت دەبێ کار لەسەر رێکخراوکردن و پەرەدان بە ناڕەزایەتی بکرێت. بەڵام باسەکە دەربارەی تاکتیکە بەرامبەر هەڵبژاردن، دەبێ تاکتیکیکی بەدیل هەروەکو سەردەمی شۆڕشگێڕانە رۆشن و دەخالەتگەرانە و کارا بگیرێتەبەر. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە چەپ دەڵێ تاکتیکی من هەر شۆڕشە، حکومەتی کرێکاریە و سیستەمی شوراییە و شیعاراتی لەم بابەتە. ئاخر باسەکە ئەوەیە کە هەلومەرج شۆڕشگیرانە نیە، شۆرشیک لە ئارادا نیە، تەنانەت بزوتنەوەیەکی سیاسی جەماوەری بەهێز لە مەیدان نیە، چۆن شۆڕش دەکەی بە تاکتیک؟! ئەمە تەنها دەبێ بە شیعاراتی زهنی و بێناوەرۆک. ئەگەر هەلومەرج شۆڕشگیرانە نەبیت، شۆرش ئەویش شۆرشی سۆسیالیستی ناتوانێ بەوینەی تاکتیک مەترح بێت، مەگەر ئەوەی هەموو جۆرە نارەزایەتیەک ناوبنێی شۆرشی سۆسیالیستی. ئیمە دووریەکی زۆرمان هەیە لەگەل ئەو جۆرە شۆرشە سۆشیالیستیە.
شۆرش بە ئیرادەی ئەحزاب دروست نابیت، قەت روینەداوە ئەحزاب خولقێنەری هەلومەرجی شۆڕشگیرانە و شۆرش بن، تا بیکەی بە تاکتیک لەبەرامبەر هەر خولیکی هەلبژاردندا. شۆڕش لە ناکۆکیە ناوەکیەکانی نیزامی سەرمایەداریەوە سەر هەلدەدات. لەئاکامی ئەوەدا دەورەیەک لە ئەزمەی شۆڕشگێرانە سەرهەڵدەدات و لەناکاو کۆنترۆلی بارودۆخ لەدەستی هەمووکەس دەردەچێت و دەتەقێتەوە، ئەحزاب ناتوانن ئەم ناکۆکیانە دروست بکەن یان بتەقێننەوە. دەورەی شۆڕشگێڕانە یانی بە دیاریکراوی لەو حالەتەی کە دەسەلات لەژیر گوشارێکی تونددا قەراری گرتوە وەکو وتراوە (سەرەوە ناتوانی بەوجۆرە حوکمرانی بکات و خوارەوەش واتە جەماوەری کریکار و زەحمەتکێش ئامادە نین ئەو جۆرە لە حوکمرانی تەحەمول بکەن). لێرەوە دەورانی شۆرشگیرانە دێتەئاراوە، دوای ئەوە رۆلی ئەحزاب دەست پێدەکات بۆ ئەوەی ئاسۆی شۆرشگیرانە بەسەر رەوتی ئەو تەقینەوە جەماوەریە سوار بکەن و بە ئاراستەیەکی دروستدا بەرەوپێشەوە رێکیبخەن و رابەری بکەن.
بەهەرحال من وا دەزانم ئەو ئاراستەو بۆچوونەی کە هەمیشە شورش دەکاتە بەدیلی بەشداریکردن، فڕی بەسەر کۆمۆنیزم و شۆڕشگێڕی کۆمۆنیستیەوە نیە. زهنیگەراییەکی پووچە و تەنانەت داشکاندنی شۆڕشی کرێکاریە تا ئاستی هەرجۆرە نارەزایەتیەک دژی دەسەلات نەک دژی نیزامی سەرمایەداریش!
دژایەتی بەشداری لەسەر بنەمای کۆنەپەرستی پەرلەمان
بەشێکی تری ڕەخنەگرانی ئێمە ئەو ئاراستەیان گرت کە ئەوەی لە عێراق و کوردستان هەیە بە ناوی پەرلەمان نوێنەرایەتی خەڵک ناکات، زۆر کۆنەپەرستانەیە، سەرتاپای قەومی و دینی و تائیفی و میلیشیاییە، هەڵبژاردنەکەی واقعی نیە و تەزویر و کەڵەک و سیناریۆیە. من ئەوەشی بۆ زیاد دەکەم کە پیسە و چەپەڵە و ئاخوندە و زەلکاوە. بەڵام لەم روانگەیەوە ڕەخنەگرتن لە پەرلەمان تەنها ئەتوانێ ئەو ئەنجامەی لێبگیرێت کە پەرلەمانەکانی دیکەی ئەوروپایی پێشکەوتنخواز و مودێرن و نوێنەری واقعی خەڵکن! یان رەخنەی ئەوەیان لێگرتین کە ئێمە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی رژێمێکدا بەشداری دەکەین کە رژێمەکەی هاوردەی ئەمریکا و بەرهەمی رژێم چێنجە و سەر بە ئەمریکا و وابەستەی ئیرانە. لەمەش ئەکرێ ئەو ئەنجامگیریەی لێبکرێتکە پەرلەمانی واقعی دەبێ رژێمەکەی ڕەسەن و ئەصلی و نیشتمانی و سەربەخۆ بێت. لەمانە ئەو ئەنجامە دەگیرێ کە ئەگەر بەیانی رژێمێک هاتەسەرکار کە بەرهەمی رژێم چێنج و هاوردەی ئەمریکا نەبوو، پاشکۆ و وابەستەی ئیران نەبوو، رەسەن و نیشتمانی بوو، ئیتر پەسەند و نوێنەری خەڵکە. من دەڵێم بەراستی خودی ئەم بۆچوونانە ڕاسترەویەکی زۆر ئاشکرایە بەرامبەر بە نیزامی پەرلەمانی. ئەمە هەر لە بنەڕەتەوە هەڵوێستێکی راسترەوانەیە بەرامبەر پەرلەمانتاریزم. مانای ئەوەیە کە پەرلەمان دابەش دەکەین بۆ کۆنەپەرست و پێشکەوتنخواز، رەسەن و نارەسەن، هاوردە و نیشتمانی و تا دوایی. لە کاتیکدا کە ئەم سیستەمە بە رەسەنترین و نیشتمانی ترین و مودێرنترین نمونەکانیەوە سەرتاپا دژی کریکاری و چەپەڵ و هەتا کۆنەپەرستە و هیچ کامیان و تەنانەت باشترینیان، بەوەی تەزویری تیا کراوە یان نەکراوە، بە هیچ جۆرێک نوێنەرایەتی خەڵکی کریکار و زەحمەتکێش و ئازادیخواز ناکات. خودی ئەسڵی سیستەم و یاسا و میکانیزمی رەسمی و تەنانەت بە فەرز ئەگەر لەسەداسەد هەڵبژاردنەکەی بێتەزویریش بێت، فلتەرەیشنێکی هەیە و جۆریک کار دەکات کە ڕێگا نادات نوێنەرانی واقعی ئەم خەڵکە بڕۆنە پەرلەمان، مەگەر زۆر بەدەگمەن. تازە ئەوەشی کە دەروات، سیستەمەکە هیچ زەمانەتێکی تیا نیە تا ئەگەر بە بەڵێنەکانیان پابەند نەبو، بگۆڕدرێت.وەکو سیستەمی شورایی نیە کە ئەگەر نوێنەران پابەندی بەڵێنەکاناین نەبوون، ئەو خەڵکەی دەنگی پیداون بتوانن بیانگۆڕن و کەسانی تر لە جیگایان دابنیین. بۆیە پەرلەمان ئەگەر هیچ تەزویریکیشی تیا نەکرێت، زۆر ئەسیڵ بێت، سەربەخۆ بێت…..ناتوانێ سیستەمی بەگڕخستنی ئیرادەی خەڵک بێت.
من ئینکاری لەوە ناکەم کە پەرلەمانی ئەوروپی و رۆژاواییجیاوازیەکی زۆریان لەگەل ئەمەی عێراق و کوردستاندا هەیە. بەڵام ئەو جیاوازیە کۆنەپەرستبونی مۆدێلە ئەوروپیەکەی رەتناکاتەوە. ئەگەر لە کارکردی پەرلەمانی ئەوروپی و رۆژهەلاتیدا جیاوازیەکی زۆر دەبینین، کە هەیە و واقعیە، هۆکارەکەی ئەوە نیە پەرلەمانی ئەوروپی لە ئەسڵدا خۆی رەسەن و پێشکەوتنخواز و سەربەخۆ و مودێڕنە، بەلکو کۆمەلگاکەی مودێڕنە، مێژویەک لە خەباتی بزوتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستی و پێشکەوتنخوازانە ئەوەی فەرزکردوە. شۆڕشی ئۆکتۆبەر زەختی لەسەریان داناوە. مێژوویەکی پێکەوەگرێدراو لە گۆڕانکاری ئەوانەی ناچارکردوە وابن. بەکورتی هەلومەرجەکە ناچاری کردوون کە کارکردێکی جیاوازیان هەبێت و یاسای زۆر جیاواز لەو یاسایانە پەسەند بکەن کە لە عیراق و کوردستان پەسەند دەکرێت.
پەرلەمان لە هەموو کۆمەلگایەکدا نیسبەت بە کۆمەلگاکەی و نیسبەت بە چاوەروانی خەلکەکەی و نیسبەت بە بزوتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستی و ئازادیخوازانە، کۆنەپەرستە. بیگومان پەرلەمان بەم خەسڵەتە کۆنەپەرستانەی خۆیەوە لەناو هەر هەلومەرجیک بێت، بە ناچاری کاریگەری ئەو هەلومەرجەی لەسەر دەبێت و ئەو کاریگەریەی پێوە دیاردەبێت. ئیمە لەکاتێکدا هەموو ئەمانەمان لاروونە، لە هەلبژاردندا بەشداری دەکەین بەبێئەوەی یەک تۆسقاڵخۆشباوەڕیمان بەرامبەر پەرلەمان هەبێت. ئیمە بۆ ریسواکردنی پەرلەمان بەشداری دەکەین، بەلام ئەوانەی پەرلەمان دابەش دەکەن بۆ باش و خراپ، بۆ رەسەن و هاوردەکراو، بۆ کۆنەپەرست و پێشکەوتنخواز، دەکەونە هەلویستیکی راسترەوانەوە بەرامبەر پەرلەماناتاریزم. دروست وەکو ئەوانەی بەدوای بورژوازی میلی و پێشکەوتنخوازدا دەگەڕان. تەنانەت بۆ ئەوانەی کە جیاوازی نێوان پەرلەمان لە رۆژاوا و لەم ولاتانەیان بۆ مەسەلە و گرنگە، ئەوە دەبێ پەرلەمانتاریزم لەم ولاتانە بخرێتە ژێر گوشارێکی توندی ئەوتۆوە کە لەژێر کاریگەری ئەم گوشارەدا لایەنە هەرە قێزەون و کۆنەپەرست و زەلکاویەکانی گۆڕانی بەسەردا بێت. بەشداری دەتوانێ کاریگەریەکی بەمجۆرەی هەبێت نەک بایکۆت.
من لە بەرامبەر گشت ئەو پاساوانەی کە چەپی حاشیەیی دژی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەیهێننەوە، تەئکید لەوە دەکەم، کە ئەگەر دەسەڵات و بە گشتی بورژوازی ڕێگری بۆ بەشداری ئیمە دروست نەکەن، نابێ خۆمان بە دەلیلی ماهیەتی کۆنەپەرستانەی پەرلەمان ڕێگری بۆ خۆمان دروست بکەین. بەپێچەوانە، تەنانەت ئەگەر دەسەڵات ڕێگریمان بۆ دروست بکات، دەبێ شەڕ بکەین لەسەر ئەوەی بەشداری بکەین. ئێمە هیچ خۆشباوەڕیەکیشمان لەوەدا نیە کە ئەگەر بەشداریش بکەین، ڕەنگە لەنیوەی ڕێگا ڕێگریمان بۆ دروست بکەن، بەتایبەت ئەگەر سەنگێکی بەهێزمان هەبێت و ببین بە گرفت بۆیان، لەوکاتەدا بێگومان دەکەوینە شەڕ و کێشمەکێش لەگەلیان و هەرچی پێویست بێت دەیکەین. بەڵام نابێ خۆمان ڕێگری بۆ خۆمان دروست بکەین.
پەرلەمان کۆڵەکەیەکی نیزامی سەرمایەداریە
من وادەزانم پەرلەمان و دیموکراسی پەرلەمانی یەکێک لە کۆلەکە گرنگەکانی نیزامی سەرمایەداری هاوچەرخە. رەنگە ئەوەندەی دین خۆشباوەری و نارۆشنی هەبیت لەسەر دیموکراسی پەرلەمانی لەناو جەماوەری خەلکدا.دامودەزگای تەبلیغاتی زەبەلاحی بورژوازی بەشانازیەوە ئەم سیستەمە پیرۆز دەکات. شانازی بەوەوە دەکات کە گوایە ئازادی بەرقەرارە، گوایە تەنها سیستەمە کە پلۆرالیزم فەراهەم دەکات. گوایە رای خەلک ڕۆڵی هەیە. گوایە بە دەنگی خەلک و بەشداری خەڵک حکومەت دادەمەزرێت. گوایە خەلک بەشداری دەکات لە دەسەلات و بە هەزارو یەک شێوەی تر دەیڕازێنێتەوە. بەمجۆرە لەگەڵ هەموو شێوەکانی تری دیکتاتۆریدا ئاوی تەبەروکی بەسەردا دەکەن، وەکو سیستەمێکی ئازاد و پێشکەوتنخوازی واقعی دەرخواردی خەڵکی دەدەن. بەکورتی ئیدعای ئەوە دەکەن کە دیموکراسی پەرلەمانی هەم نیزامیکی واقعی و مەلموسە و دەستەبەرە، هەم دیموکراسی و ئازادی هەڵسوڕانی ئەحزاب دابین دەکات و بە دەنگی خەلک حوکمرانی دەکات.
ئەوە گرنگ نیە کە ئەمانە هەموویان پووچن و ئیمە دەزانین کە سیستەمی پەرلەمانی نەک هەر لە عێراق و کوردستان، بەڵکو لە ئەوروپاش، لە سویدی لانکی دیموکراسیش، یەک زەڕە نەیکردوە بە بەشداری خەڵک لە دەسەڵاتدا، خەڵکیکی زۆرهەرجارەی دەنگ بە حزبیک دەدەن هەر بۆئەوەی ئالوگۆریک بێت، بەلکو وەزعەکەیان بۆ باشتر بکات، بەسەر حزبەکاندا دەسوڕێنەوە و هەر یەک دەورە دوودەورە دەنگ بە یەکیکیان دەدەن، هەموویان تەجروبە کردوە، بەلام نەک هەرهیچ باشبونێک ڕونادات، بگرە لە دەیان ساڵی رابردوداتا هاتوە، لەوکاتەوە فشاری سۆسیالیزمیان لەسەر کەم بوەتەوە، دۆخی خەڵک خراپتر بووە. بیگومان لیرە لە عیراق و کوردستان باسی نوینەرایەتی خەڵک و بەشداری خەڵک سەدجار پووچترە، بەڵام بەداخەوە ئەم راستیە بۆ خەڵک دیار و بەرجەستە نیە.هێشتا خەڵک لەئاستێکی فراواندا وەکو باشترین و نەرمونیانترین شێوەی دەسەڵاتداریتی واقعی چاو لە پەرلەمانتاریزم دەکەن. جگە لەم سیستەمە ئەوەی دێتە بەرچاویان دەولەتی سەرکوتگەری لەبابەتی رژیمی سەدام و ستالین و هیتلەر، پینوشه و خومەینی و ئەوانی ترە. بەشێکی زۆر فراوانی خەڵک وا دەزانن تەنها دوو بژاردە هەیە؛ یان رژێمی لەبابەت ئەوەی سەدام، یان دیموکراسی پەرلەمانی. بۆیە بێگومان ئەو خەڵکەی بەمجۆرە دەڕوانێ، لەنێوان ئەم دوو بژاردەیەدا پەرلەمانتاریزم هەڵدەبژێرن. ئیمە ناتوانیین لەروانگەی خۆمانەوە کە ئەم سیستەمە بە پووچ و دارزیو دەزانیین، ئیتر بڵێین کاری تەواو بوە و بەسەرچوە و رۆلی نەماوە و ڕیسوایە و….تاد. ناچارین بۆ رەواندنەوەی ئەو خۆشباوەڕیە زۆرەی هەیە و بۆ ڕیسواکردنی هەوڵبدەین. بۆیە یەکیک لە دەرسە گرنگەکانی لینیینلە تاکتیکی بەشداریدا، هەوڵدانە بۆ نیشاندانی ناوەرۆکی پووچ و کۆنەپەرستانە و دژی کرێکاری و دژی خەڵکی ئەم سیستەمە.
بەم پێیە ئەو مەسەلەیەی کە من دەمەوێ جەختی لێبکەم، وە لەکۆتاییدا ئەنجامگیری عەمەلی لەم مەسەلەیە بکەم و زۆرم بۆ گرنگ و ئەساسیە، ئەوەیە کە لایەنیکی بنەڕەتی لە بەشداری لە هەلبژاردنی پەرلەمانیدا بریتیە لە لابردنی پەردە لەسەر ناوەرۆکی کۆنەپەرستانە و دژی خەڵکی پەرلەمان و سیستەمی پەرلەمانی. ئەمە لایەنێکی زۆر بنەڕەتیی ئەو تاکتیکەیە، ناڵێم تاکە بنەمایە، بەلام یەکیک لە بنەما سەرەکیەکانیەتی. لە هەموو باسەکانی لنیین دەربارەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا تەئکید لەسەر ئەم لایەنە دەکات و زۆریش بەرجەستەی دەکات. دەڵێ ئیمە بەکردەوە تەجروبەمان کرد کە تاکتیکی بەشداری، بێگومان لەوکاتەی کە گونجاوە، نەک هەر سودمەند بوو، بەڵکو زەروری بوو بۆ ریسواکردنی پەرلەمان، زەمینە خۆشکەر بوو بۆ تەفروتوناکردن و لەناوبردنی پەرلەمان. لەسەر ئەم بنەمایە من دواتر باسی دەکەم ئەگەر بەشداری بەجۆرێک ئەم مەبەستە زامن نەکات، یەکیک لە فاکتۆرە هەر گرنگەکانی رەوایەتی خۆی لە دەست دەدات. واتە ئەگەر بەشداری کۆمەک نەکات بەرەوینەوەی خۆشباوەری بە پەرلەمان، فاکتەرێکی سەرەکی بۆ بەشداری مەوزوعیەتی نامێنێ.
دو شێوەی سەرەکی بۆ ڕیسواکردنی پەرلەمان
دوو شێوەی سەرەکی هەیە بۆ کار لەسەر ئەم مەسەلەیە: یەکیکیان تەبلیغات و رەخنەی بەردەوامە، ئەگەر هەڵبژاردن هەبیت یان نەبێت، دەبێ بەردەوام پەرلەمان و سیستەمەکەی بکوتین و ماهیەتی بناسێنیین و پەردە لەسەر ناوەرۆکە راستەقینە و چینایەتیەکەی هەڵماڵین! بیگومان لەکاتی کەمپینی هەلبژاردندا فەزای گوێگرتن بۆ ئەمە زۆرتر دەبێت و دەبێ تەرکیزی لەسەر بکەین. بەرای من گفتدان دەربارەی ئەوەی لە پەرلەماندا ئالوگۆر بە قازانجی خەڵک دروست دەکەین، دەقیق نیە، چونکە ئەو ئیمکانە نزیکە لە مەحالەوە. گریمان ئێمە چەند کورسی پەرلەمانیشمان بەدەستهینا و بووین بە فراکسیۆنیک بەرامبەر چەندین فراکسیۆنی کۆنەپەرستی تر. بێگومان دەتوانیین بەهەر ئەندازەیەک بێت فەزاکە بگۆڕین، بەڵام ئەو ئەگەرە زۆر دوورە بتوانیین پرۆژە یاسا لە قازانجی کرێکار و خەلک و ژن و ئازادی و مەدەنیەت بە ئەنجام بگەیەنین، نەک پەسەندکردن تەنانەت ئەستەمە بتوانیین بیخەینە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە بۆئەوەی خوێندنەوەی بۆ بکرێت. بۆیە دروست ئەوەیە جەخت بکەین لەسەر ئەوەی لە پەرلەماندا شەر دەکەین لەسەر ئەم مەسەلانە، نەک گفتی ئەوەی ئالوگۆر دروست دەکەین کە نەک هەر سەختە بگرە ئەستەمە. بۆیە دەبی ئاگامان لەوە بێت کە باسی باشکردنی وەزعی خەڵک لەریگای پەرلەمانەوە، کەموکورت کەوتوەتە ناو تەبلیغاتی ئیمەوە و ئەوە دروست نیە. ئێمە دەبێ تەنها ئەو گفتە بدەین و ئەوە بەرجەستە بکەین کە ئەگەر برۆینە پەرلەمان شەر لەسەر مافەکانی خەڵک دەکەین.
بۆ شێوەی دووەمی لیدان لە خۆشباوەڕی بە پەرلەمان، بوون لە پەرلەماندا گرنگی زۆری هەیە، ئەگەر لەوێ بین و ڕووبەڕوو شەر بکەین لەسەر بەرژەوەندیەکانی خەڵک و شەرەکەمان بۆ خەلک گوزارش بکەین، برۆین پرۆژە یاسا بەرین و فراکسیۆنە بورژوازیەکان بخەینە بەردەم ئەمری واقع کە ئەوان دژایەتی ئەو بەرژەوەندیە بکەن و ئەو راستیانە بۆ خەڵک باس بکەین، لە مایکرۆفۆنی پەرلەمان کەلک وەرگرین بۆ شەر لەسەر مافی خەڵک، وە لەوەش گرنگتر ئەگەر ئیمە دوای چەند جارێک شەر و دەعوا و تەجروبەکردنی ئەو کێشمەکێشە، سەرئەنجام ئەگەر لە جیگایەک بلێین ئیمە رۆیشتین و شەری خۆمان کرد، بەلام سوودی نیە، پەرلەمان دژی هەموو مافیکی خەلکە و نایەتە پای ئەو مافانە، بۆیە مانەوە لەم پەرلەمانە بێسودە و ئیمە لە پەرلەمان دەکشێینەوە، ئەمە بە ئەندازەی چەند ساڵ تەبلیغاتی جدی کاریگەری هەیە بۆ لیدان لە وەهمی خەڵک بە پەرلەمان،بە شەرتێک شەری واقعی خۆمان کردبێت!
بەشداری بۆچی؟
پێشتر باسم کرد کە هۆکارێکی سەرەکی بەشداری بۆ لێدانە لە خۆشباوەڕی بەرامبەر پەرلەمان. مانای میحوەرێکی سەرەکی لە کەمپینی تەبلیغاتی ئیمە بۆ هەڵبژاردن، پێداگریە لەسەر پەردە هەڵماڵین لەسەر ماهیەتی پەرلەمان و پەرلەمانتاریزم و ئەوەی کە پەرلەمانتاریزم باشترین سیستەمە و نوێنەرایەتی خەڵک و بەشداری خەڵک لە دەسەڵات دەستەبەر دەکات. مەسەلەیەکی زۆر گرنگ و میحوەری دیکە لە تاکتیکی بەشداریدا کەلک وەرگرتنی چڕ و پڕە لە کەمپینی هەڵبژاردن بۆ ناساندنی حزب و سیاسەت و پەیام و پلاتفۆرم و کەسایەتی و رابەرانی حزب وە هەروەها جەدەل لەگەل رەوتە بورژوازیەکان، پەردە هەلمالین لەسەر ماهیەتیان و تاد.. ئەمەش تا ئەو جیگایە گرنگ و بنەڕەتیە کە ئەگەر بە دروستی کەلکی لێ وەرنەگیرێ، ئەگەر بەشداری کۆمەک نەکات بەوەی حزب و سیاسەتەکانی و کەسایەتیەکانی بناسێنرێت، ئەگەر نەبێتە مایەی گەیشتنی دەنگی حزب بە کۆمەڵگا، ئەگەر نەبێتە مایەی بەهیزکردنی پەیوەندی حزب لەگەل خەڵکدا، ئەگەر پێی حزب رانەکێشێت بۆ ناو جەدەل و کێشمەکێشی ڕوبەڕو لەگەل رەوت و بزوتنەوە بورژوازیەکان، دیسان فاکتەرێکی دیکەی بەشداری مەیسەر نابێت و بەم رادەیەش بەشداری مەوزوعیەتی نامێنێ. بۆیە تەکید لەوە دەکەم کە ئەگەر تاکتیکی بەشداری ئەم دووفاکتەرە؛ واتە هەوڵدان بۆ پەردەهەلمالین لەسەر ماهیەتی پەرلەمان لەگەڵگەیاندنی دەنگی حزب بەکۆمەڵگا و جەدەلی ڕوبەڕو لەگەل بورژوازی مەیسەر نەکات، ئیتر تاکتیکی بەشداری مەعنایەکی نامێنێ.
بۆیە من لە شەرحی ئیسپاتی ئەم تاکتیکەدا لە بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەردا باسی ئەوەم کردوە کە ئەم تاکتیکە بەوجۆرە راستە کە حزب بە بەهێزترین کەسایەتیەکانی وەکو کاندید بەشداربیت، هەموو حزب ئەو مانگە لە ئامادەباشیدا بێت، سەر بە هەموو کون وکەلەبەریکدا بکرێت، ئەوەی ووتاربێژە وتار بدات، ئەوەی دەتوانێ کۆڕ و سیمینار بگرێ، کۆڕ و سیمینار بگرێت، ئەوەی پەیوەندی کۆمەلایەتی هەیە سەردانی خەڵک بکات، ئەوەی هونەرمەندە هونەرەکەی بنوێنێ و تا هەر کەس بە رۆلی خۆی دەرکەوێ. ئەگەر ئەم کارەمان پێناکرێت، ئەگەر کاندیدی بەهێزمان نیە یان ئامادە نین کاندید بن، ئەگەر بەمجۆرە کەلک لەو دەرفەتە وەرناگرین یان ناتوانین وەریگرین، بێگومان بەمجۆرە هیچ شانسێکی ئەوەشمان نابێت کە دەنگ بهێنیین. ئیتر بەشداری مەوزوعیەتی نامێنێ وە من خودی خۆم لەوحاڵەدا لەگەلیدا نابم. راستە دەنگهێنان ئەسڵ نیە، بەڵام گرنگی زۆریشی هەیە. ئێمە گفت بە خەڵک دەدەین ئەگەر چوینە پەرلەمان لەگەڵ نوێنەرانی بورژوازی شەر دەکەین لەسەر مافەکانی ئێوە، کەوایە دەبێ کەسانێک بنێرینە پەرلەمان کە توانای ئەو شەڕە و پەیداکردنی دەستی باڵایان لەو شەڕەدا هەبێت.
هەڵسەنگاندنی رەوتی تاکتیکی خۆمان
ئەگەر بێین لەم روانگەیەوە پشتیوانی ئەمجارەمان لەو کاندیدە سەربەخۆیە هەلسەنگێنین، ئیتر لایەن و خالە لاوازەکانی ئاشکرا و روونە. ئەم هەڵوێستە هیچ کۆمەکی نەکرد بە دەستەبەرکردنی هۆکارە سەرەکیەکانی کۆمۆنیزم بۆ بەشداری. من لەروانگەی باسەکانی خۆمەوە سەبارەت بە بەشداری و باسەکانی خۆم لە ئۆکتۆبەردا لەم مەسەلەیە دەڕوانم. لە جەدەلیش لەگەل نەیارانی تاکتیکی بەشداری، بەرگریم لەم پشتیوانیە نەکرد، چونکە بەدروستم نەزانی. بەهەرحال دەزانم ئەم تاکتیکە لەروی سیاسیەوە بە دەرەجەیەک ناوی حزبی مەترەح کرد. دەزانم لەرووی دابران لە نەریتی چەپی حاشیەیی گرنگی هەبوو. دەزانم حزب لە حیساباتی خەڵکدا جێگایەکی پەیداکردوە،..و…بەهەرحاڵ و بێگومان هەرکارێک لەکۆتاییدا لایەنی ئیجابی هەر هەیە. بەڵام ئیتر ناکرێت دروستی تاکتیکێک بەم ئیجابیاتە سادە و لاوەکیانە بپێورێت. ئەو دەسکەوتە بچوکانە رەوایی نادەن بەم تاکتیکە. دەبێ بەو مەبەستانە پێوانە بکرێت کە لەپیناویاندا تاکتیکەکە گیراوەتەبەر.
یەک مەسەلە دەبێ راشکاوانە تەئکیدی لەسەر بکەین، ئێمە وتومانە هەر حزب و لایەنێک تەبەنی پلاتفۆرمی ئیمە بکات پشتیوانی لێدەکەین. بەرای من ئەمە هەڵە بوو. رەخنەی نیوبەند فایدەی نیە. پێویستە روون و راشکاو و پەیگرانە بڵێین ئەم بەشەی ئەو تاکتیکە هەڵە بوو. من لە باسەکانی خۆم لە ئۆکتۆبەردا نەچومە سەر ئەم لایەنانە و بەرگریم لەم مەسەلەیەش نەکرد، چونکە ئەگەر قسەم بکردایە دەبوو رەخنەی لێبگرم. ئەمەش بۆ من گونجاو نەبوو وەکو ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی، بەڵام بەرای من ئەو هەنگاوەمان هەڵە بوو، چونکە هیچ یەک لە مەبەستەکانی کۆمۆنیزم بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن مەیسەر ناکات. من بۆیە پێشتر باسی ئەوەم کرد کە ریسواکردنی پەرلەمان سەرەکیە لەروانگەی لینیینیزمدا، وە هەروەها بۆیە باسی ئەوەم کرد کە چاوەروانی لەوەی لەریگای پەرلەمانەوە ئالوگۆری جدی بکرێت بە قازانجی خەڵک نزیکە لە مەحالەوە، تا ئەو ئەنجامە بێتە دەستمان کە پشتیوانی لە ئەحزابی تر لەسەر بنەمای تەبەنیکردنی پلاتفۆرمی ئیمە، بە هیچ جۆرێک ناتوانێ ڕێگایەک بێت بۆ ریسواکردنی پەرلەمان، چونکە هیچ لایەنێکی تر تەنانەت ئەگەر بە جدیش تەبەنی پلاتفۆرمی ئیمە بکات،تەنانەت ووشەیەک لەسەر پووچی پەرلەمان و پەرلەمانتاریزم ناڵێت.ئاشکرایە لای ئەوان پەرلەمان سیستەمێکە بۆ نوینەرایەتیکردنی خەڵک لە حوکمرانیدا، پەرلەمان لەڕوانگەی هەموو لایەنەکانی ترەوە جگە لە خۆمان، ڕەنگە باشترین سیستەم بێت بۆ حوکمرانی، تەنانەت رەنگە پیرۆزی بکەن. کەوایە چۆن دەکرێت چاوەڕوانی ئەوەمان لە لایەنێکی تر هەبێت کە خۆشباوەڕی بە پەرلەمان بڕەوێنێتەوە لەکاتێکدا کە خۆی نەک دژی خۆشباوەری بە پەرلەمان نیە، بەلکو رەنگە تەقدیسی پەرلەمان بکات.؟! تەنانەت ئەوپەرەکەی ئەگەر بەراستی و بە جدیش بەرگریان لە پلاتفۆرمی ئیمە کرد، کە ئەکید هیچ کاندیدێکی غەیرە کۆمۆنیست بەرگری پەیگیرانە لە پلاتفۆرمی کۆمۆنیزم ناکات، بەڵام گریمان کردیان، وەکو باسمان کرد، تەنانەت ئەگەر خۆشمان برۆینە ناو پەرلەمانەوە هێشتا ئەوە دەروازەیەکی زۆر تەنگ و بچوکە کە لەریگای پەرلەمانەوە ئالوگۆڕ بە قازانجی خەلک پێکبهێنیین. تازە ئەگەر ئەمەش کرا، واتە وەکو فەرز گریمان جدی و پەیگیر بەرگریان لە پلاتفۆرمی ئیمە کرد و گریمان ئەم بەرگریە پەیگیرە سودێکیشی هەبێت بۆ خەڵک، کە بیگومان ئەمە ئەگەر رووبدات بایەخی خۆی هەیە و من نامەوێ نادیدەی بگرم، بەلام ئەوەی کە لایەنیکی تر، تەنانەت لەسەر بنەمای تەبەنیکردنی پلاتفۆرمی ئیمە قازانجیک بە خەڵک بگەیەنێت، هەمان شت نیە کە ئەگەر حزبی خۆمان ئەوکارە بکات؟! قازانجەکەی بۆ خەڵک باشە بەڵام چاوەڕوانی ئەوەمان نەبیت بەوە پێگەی حزب بەهێز بێت. ئەگەر پێگەی حزبێکی پێ بەهێز بێت، هەر ئەو حزبەیە کە بەرگریەکە دەکات.
تازە خۆتان دەزانن کە مەجرای عەمەلی ئەم تاکتیکەی ئیمە ئەرز و ئاسمان فەرقی بوو لەگەل ئەم فەرزانەی باسم کرد، بۆیە رەخنەکەی من لەوە ئەولاترە کە رێکەوتنەکەمان لەگەل حزبی شیوعی و تەبەنیکردنی ئەوان بۆ پلاتفۆرمەکەی ئیمە، چەندە رووبەکۆمەڵگا جدی بوو وە جدی وەرگیرا. یان کاندیدەکەمان چ پەیگیریەکی لەخۆی نیشاندا بۆ تەبەنیکردنی پلاتفۆرمی ئێمە و تەبلیغ کردن بۆ ئەو پلاتفۆڕمە و یان چ خاڵێکی لاوازی تری لە خۆی نیشاندا، چونکە ڕەنگە ئەوە بمانخاتە ناو رەخنەی پینەوپەرۆوە، رەنگە وەڵامەکەی بکات بەوەی کە هیچ کاندیدێك و بژاردەیەکی ترمان نەبوو. لە وەڵامدا منیش دەڵێم بریار نەبوو بەهەر نرخێک بەشداری بکەین. من لەم بارەیەوە تەنها دەمەوێ وەکو دەرس وەرگرتنێک لەم ئەزمونە تەئکیدێکیش لەوە بکەم، کە لە مامەڵەمان لەگەل ئەحزابی بورژوازیدا، بە هەموو باڵ و رەوتەکانیەوە، دەبێ زۆر دەقیق و حیساب و کیتابمان زۆر مەحکەم و بە بەڵگە بێت. دەمەوێ جەخت لەوە بکەم کە حزبی ئێمە بە هەموو مێژووی خۆی حزبێکی جدی و پەیگیرو لێبڕاو و موعتەبەرە، دەبێ هەر بەوجۆرە رایگرین. یەکیتی و پارتی ٣٠ ساڵ، نە بە فشاری سیاسی و سەربازی و نە بە گفتی ئیمتیاز نەیانتوانیوە یەکجار یەک بەڵێ لە ئیمە بۆ هیچ کار و تاکتیک و سیاسەتێکیان بەدەست بهێنن. لە دەورانی شەڕی ناوخۆدا چەندینجار یەکیتی و پارتی ١٠-١٥حزبیان کۆ دەکردەوە کە کاغەزی سپیان پێ ئیمزا دەکردن، تەنها نوێنەرانی ئیمە بوون، واتە هەر ئەم هاوڕێیانەی لێرە دانیشتون لەگەڵ هاوڕێیانیکی تری وەکو تاهیر حەسەن و ناسک ئەحمەد و شاپو عەبدولقادر و…و… دەچوونە ئەو کۆبونەوانەوە و حزبەکانی تر سەریان سوڕدەما لە پێداگری و مەبدەئیبونی حزبی ئێمە. دەبێ ئەم لێبڕاوی و پەیگری و مەبدەئیبوونەمان تەنانەت لەگەڵ ئەحزابی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیشدا، هەتا لەو حاڵەتانەشدا کە رەنگە کارێکی دیاریکراوی هاوبەش بکەوێتە نێوانمانەوە، لەجیگای خۆی بێت. حیساب و کیتابمان رۆشن و راشکاو و بەڵگەدار بێت. لەم بارەیەوە ئەمجارە لە مامەڵەمان لەگەل حزبی شیوعی عێراق و کوردستاندا بێدیقەتی و ئەشکالاتیک دەبینم کە بێگومان دەبێ وەلابنرێن.
ئێمە بانگەواز ناکەین بۆ بەشداری لە دەنگدان!
هاوڕێیان! یەک مەسەلەی تر هەیە کە دەمەوێ سەرنجی ئێوەی بۆ ڕاکێشم، ئێمە خەڵک هان نادەین و بانگەوازیان ناکەین کە بەگشتی بڕۆن بەشداری دەنگدان بکەن! بریا خەڵک خۆشباوەڕی بە پەرلەمان و پەرلەمانتاریزم نەبوایە و ئێمە بەبێ ئەوەی ناچاربین بەشداری هەڵبژاردن بکەین بۆ ڕیسواکردنی پەرلەمان، بمانتوانیایە هێزێکی بەرینی کۆمەڵایەتی بهێنینە مەیدان بۆ پەکخستنی هەڵبژاردن و پەرلەمانتاریزم. ئەمە کاری ئیمەی ئاسانتر دەکرد، واتە ئەگەر رۆڵی پەرلەمان و خۆشباوەڕی بە پەرلەمان برەوێتەوە ودەوری پەرلەمان بەواقعی بەسەربچوایە،ئەوکات سەنگەر و قەڵایەکی بورژوازی لەبەردەم شۆرشی کرێکاریدا هەرەسی دەهێنا، ڕەوتی شۆڕشی کریکاریی هەموارتر و کراوەتردەبوو. بۆیە ئێمە بەپێچەوانەی لایەنە بورژوازیەکانەوە کە جگە لە پروپاگەندەکردن بۆ خۆیان، بەگشتی بانگەوازی خەڵک دەکەن بۆئەوەی بڕۆن بەشداری دەنگدان بکەن و ڕێژەیبەشداری خەڵک لە هەڵبژاردندابەرنە سەرەوە و ئەمە بە سەرکەوتنی پرۆسەکەیان دەزانن.لەسەر ئەم بنەمایەزۆرجار دەڵێن: خەڵکینە ئەگەر دەنگ بە ئێمەش نادەن، هەر برۆن بەشداری بکەن و دەنگ بدەن بەو لایەنەی دەتانەوێ!ئێمە نەک بانگەوازی خەڵک ناکەین کە بەشێوەیەکی گشتی بەشداری دەنگدان بکەن، بەڵکو دەمانەوێ خۆشباوەڕی خەڵک بەم پرۆسەیە بڕەوێنینەوە. ئێمە بۆ ئەوە هەوڵدەدەین کە کرێکاران و خەڵک بە هوشیاریەکی سیاسی و چینایەتیەوە بەرامبەر ماهیەت و ناوەڕۆکی پەرلەمان، تەنهاو بە تەنها بۆ دەنگدان بە ئێمە بەشداری دەنگدان بکەن. بۆیە ئەم تەئکیدە دەکەم، کە نەک لە تەبلیغاتی ڕەسمی حزب، بەڵکو پۆستی هاوڕێیانێک دەکەوتە بەرچاوم کە جۆریک باسی رێژەی باڵای بەشداری خەڵکیان دەکرد، کە دەتوانێ بچێتە خانەی هاندانی خەڵک بەگشتی بۆ بەشداری لە دەنگدان. یان دڵخۆشی بە ڕێژەی باڵای بەشداری خەڵک!بۆرژوازی بەگشتی ئەم کارە دەکات بۆ بەهیزکردنی مەشروعیەتی پرۆسەی دەنگدان و سیستەمی پەرلەمانی، ئیمە بەپێچەوانەوە دەمانەوێ ئەم سیستەمە بیروکرات و گەندەڵ و کۆنەپەرست و ستەمکارە، ریسوا و نا مەشروع بکەین. دەمانەوێ خەڵک نەک لە ئەنجامی نائومێدی و لاموبالاتی، بەڵکو بە هوشیاریەکی سیاسی و چینایەتیەوە دژی ئەم سیستەمە بوەستنەوە و تەنانەت بەو هوشیاریەوە بەشداری بکەن و دەنگ بە ئێمە بدەن، بۆ ئەوەی بتوانیین پەرلەمان ڕیسوا بکەین.
دەمەوێ قسەکانم بەوە تەواو بکەم کە دەبێ دەرسی جدی لەم ئەزمونە وەرگرین، مەسەلەی بەشداری لە هەڵبژاردن جدی بگرین، تەرتیباتیک بکەین کە بەردەوام نەک تەنها لەکاتی هەڵبژاردندا، بەردەوام کار لەسەر ئامادەکاری هەموو لایەنەکانی بکات، مەرجە قانونیەکانی دابین بکات، دەنگدەرانی ئیمە هاندات بۆئەوەی کارتی دەنگدانیان هەبێت، کاندیدەکانمان ئامادە بکات، بە بەرنامە و پلانەوە بیان ناسێنین، ئیمکانیەتی مالی بۆ دابین بکات. بێگومان ئەمە مانای ئەوە نیە لە هەموو هەڵبژاردنێک بەبێ هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی هەلومەرج بەشداری دەکەین، بڕیارەکە هەڵدەگرین بۆ لێکدانەوەی موشەخەس بۆ هەلومەرجی موشەخەس، بەڵام دەبێ خۆمان هەمیشە ئامادەبین. ئێمە بۆ مەسەلەی بەشداری بەستەڵەکیکمان لەبەردەم خۆمان تواندوەتەوە، تازە پاشەوپاش ناگەڕێینەوە، بەڵام مانای ئەوە نیە لە پێشەوە بریارماندابێت لە هەموو هەلومەرجێک و لە هەموو هەڵبژاردنێک بەشداری دەکەین. کۆتا قسەشم ئەوەیە کە ئەگەر ناتوانین ئەم جۆرە بەشداریە زامن بکەین؛ واتە کاندیدی باش و بەهێز چ لەناو حزب و چ لەدەرەوەی حزب، سوودی گەورە لە کەمپینی تەبلیغاتی بەوجۆرەی باسمان کرد هەم بۆ لیدان لە خۆشباوەری بە پەرلەمان، هەم جیدالی سیاسی و جدی لەگەل بەدیلە بورژوازیەکاندا، هەم گەیاندنی پەیامی حزب بە کۆمەڵگا و هەم ناساندنی کەسایەتی و رابەرانی حزب بە خەڵک. ئەگەر ئەمەمان بۆ ناکرێت، من کە زۆر ساغ و بڕاوەم لەسەر ئەم تاکتیکە، ئەوکات لایەنگری بەشداریکردن نیم. ئەمە ئاخر قسەمە.
*”ئەم باسە لەلایەن ڕێبوار ئەحمەدەوە پێشکەش بە پلینۆمی ٣٢ی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان کراو و لەلایەن پلینۆمەوە پشتیوانی لێکرا و بریاردرا بڵاوبکریتەوە”
