Home بیروڕایاریەکانی ئەمریکا لە ئێران و ناوچەکەدا!

یاریەکانی ئەمریکا لە ئێران و ناوچەکەدا!

by admin
0 کۆمێنتەکان 51 بینینەکان

عوسمانی حاجی مارف:   
دوای هەشت مانگ لە شەڕی ١٢ ڕۆژە، کە ئەمریکا و ئیسرائیل بەناوی هەوڵدان بۆ لێدانی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکیەکانی ئێران بەرێیانخست، ئێستا واشنتۆن جارێکی تر لە لێواری شەڕ لەگەڵ تاران وەستاوەتەوە. وەستانی شەری ١٢ رۆژە مانای کۆتایی گرژیەکان و وەستانی نەخشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل نەبوو لە ناوچەکە بەگشتی و ئێران بە تایبەتی، هەربۆیە ئێستا دەبینین گەورەترین گردبونەوەی سەربازی ئەمریکا لەڕێگەی ئاسمانی و دەریاییەوە بۆ فشارخستنە سەر ئێران، بە ئاشکرا نمایشێکی مەترسیدارتر نیشان ئەدات.
بە ئاماژەدان بە ئاستی دڵەڕاوکێی ڕژێمی ئێران لەبەرامبەر کردەوەی سەربازی ئەمریکادا، کۆماری ئیسلامی ئامادەیی دانوستانیان نیشانداوە، بەبێئەوەی دیاربێت کە ئاستی دانوستانەکان بەچی دەگات و دواتر چی ڕووئەدات!
هەڵبەتە بەردەوام چاوەڕوانی ئەوە دەکرا که له مانگەکانی داهاتوودا خولێکی دیکەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەست پێبکاتەوە، وەها نیشان ئەدرێت ئامانجی ئیسرائیل زیاتر بۆ لاوازکردنی توانا موشەکیەکانی ئێران بێت. جگە لەوەش، چاوەڕوان دەکرا ئەگەری هەر لێدانێک بەهەوڵی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بێت، کە ئامانجی فراوانتری بەدواوەیە، بەتایبەتی بۆ ملکەچکردنی ئێران و ئاڵوگۆڕێک لەڕژێمی ئێڕان بە قازانجی ئەمریکا و ئیسرائیل تەواو ببێت، بەڵام وەک لە حوزەیرانی ٢٠٢٥دا، ترامپ ڕێگایەکی دیپلۆماسی بۆ دەربازبون خستەڕوو، بەهەمانشێوە ئەمریکا پێشنیاری ئەوە دەکات، تاران دەتوانێت خۆی لە لێدانەکان بەدوور بگرێت، ئەویش بەمەرجی قەبوڵکردنی تەواوی خواستەکانی ئەمریکا.
لە تەواوی ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، پەیوەندی دیپلۆماسی هەردوولایان، هەمیشە پڕ بووە لە ئاستەنگی و سەختیی ڕێکەوتن، ئەو پرسانەی کە لە کارنامەی دانوستانەکاندا هاتووە، وەک بەرگرتن بە بەرنامەی ئەتۆمی و بەرنامەی مووشەکی، سنوردارکردنی دەخالەتی ئێران لە ناوچەکە و پشتیوانیکردنی لە میلیشیاکان و گروپە تیرۆریستیەکان، بۆ دەیان ساڵە لە بەرنامەی کاردا ماونەتەوە و بە ئەنجامێکی عەمەلی نەگەیشتون. هەڵبەتە گومانی تیا نیە گەر ئێران لەوانەش زیاتر بخاتە بەرنامەی کاری سیاسیەوە، بە مەرجێک، پەیوەند بە پاراستنی دەور و نفوز، دەخالەت و باڵادەستی ئەمریکاوە جێبەجێیان بکات، بەمانایەک وەک هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەنگاوەکانی بنێت، بەدوور بوەستێت لە پەیوەندی بە بەرژەوەندیەکانی روسیا و چینەوە، هاوکێشەی سیاسی ناوچەکە دەوراێنكی تر لە باڵادەستی ئەمریکای بەسەر ناوچەکەدا بەرجەستەکرێتەوە، ئەوا ئەمریکا کێشەیەکی نابێت لەگەڵ ئێراندا.
بەمانایەک ئەو پرسانەی دەخرێتە ناو دانوستانەکانەوە بۆ ڕێکەوتن دەربارەی ئەتۆمی و موشەک و هەربابەتێکی تر، ناوەڕۆکی کێشەکانی ئەمریکا و ئێران نیە، دەکرێت ئەو پرسانە هەبن و هۆکارێک بن لە بارگرژی دانوستانەکانی ئێستا، بەڵام گەر ئێران وەرچەرخانێک بەرامبەر هاوپەیمانی لەگەڵ روسیا و چین نیشان بدات، وەک هاوپەیمانی ئەمریکا پێناسەی خۆی کاتەوە، تەواوی هاوکێشەکە گۆڕانی جدی بەسەردا دێت. ئەوەی شایانی باسە ئەم کێشمەکێشە کە مەسەلەیەکی بنەمایی و جدیە لە ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی لە خاڵەکانی نێو دانوستانەکاندا پێنەدراوە، یان ئاشکرا ناکرێت!، ئەتوانین بڵێین کێشەی بنەڕەتی ئەمریکا بەهەر شێوەیەک بۆی بگونجێت لێدانە لە دەورو نفوزی روسیا و چین لە ناوچەکەدا، کە ئێستا فۆکسی لەسەر ئێران داناوە.
گەر بڕوانینە ئەم دۆخەی ئێستای گەمارۆدانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، بەڕواڵەت دوو بژاردە بۆ ترەمپ لەئارادایە، “لێدانی سەربازی یان مامەڵەیەکی گەورە”، لە ڕاستیدا ئەم دوو بژاردەیە ناتوانێت نیگەرانیەکانی واشنتۆن چارەسەر بکات، بەتایبەتی کە جۆری پەرچەکرداری ئێران، توانیویەتی ئاستەنگی بۆ بژاردەکانی ترامپ پێکبهێنێت، بۆیە پێناچێت هیچ کام لەو دوو بژاردەیە یەکلایی کەرەوەبن و نەخەشەکانی ئەمریکا بە سەرکەوتن بگەیەنێت! ئیدارەی ئەمریکا بەتەواوی دڵنیا نیە لەوەی کە بە هێرشی ئاسمانی و هێرشی مووشەکی ئەتوانێت ئامانجەکانی بەدی بهێنێت، چونکە ئاسان نیە بەو ڕێگایە بتوانێت کۆنترۆڵی تەواو بەسەر ئێراندا بەدەست بهێنێت.
لەلایەکی ترەوە سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی، کە بەشێکی زۆری یۆرانیۆمی ئێران پیتێنراوە و لەژێر داروبەردا نێژراوە و بە سەلامەتی لە تونێلە قەڵادارەکاندا شاردراوەتەوە، بۆیە ئەمریکا پێویستی بە هێزی زەمینی، پشکنەر، یان لایەنی سێیەم دەبێت بۆ چوونە ناو ئەو شوێنانە، ئەمەش لەباری عەمەلیەوە مانای ئەوەیە کە پێوست دەکات ئەمریکا هێرشی سەرزەمینی و سەربازی بکات، هەڵبەتە کارێکی لەم چەشنە بۆ وڵاتێکی گەورەو بەرفراونی وەک ئێران، ئەو فرسەتە نادات بە ئەمریکا بتوانێت نەخەشەیەکی لەو چەشنە داڕێژێت، چونکە حەتمیە کە توشی شکستێکی گەورە دەبێت. جگە لەوەش، ئەمریکا ناتوانێت دڵنیابێت لەوەی چ جۆرە لێدانێکی سەربازی دیاری بکات، کە ئایندەی دەوڵەت و دۆخی سیاسی ناوخۆی ئێران، چیان بەسەر دێت و تاچەند هێرشە سەربازیەکانی سودی دەبێت بۆ نەخشەو سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا. ئەگەری ئەوەش هەیە، ئەو لێدانە ببێتە هۆی گۆڕینی ڕژێم و ئێران پارچە پارچە بکات، یان حکومەتێکی نوێ بەرهەم بهێنێت، بەڵام وەڵامدەرەوەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا نابێت، بۆیە ترەمپ زیاتر لەهەوڵی دانوستان و رێکەوتنێکدایە، بۆ ملکەچکردنی دەسەڵاتی ئێستای کۆماری ئیسلامی، کە دیار نیە نەخشەکانی ئەمریکا لە مەیدانی ئەم ململانێیەدا ئاراستەی دۆخەکە بەرەو کوێ دەبات.
لەهەمان کاتدا “سەودا و مامەڵەیەکی گەورە” ئەرکێکی زۆر قورسترە بۆ ئەمریکا، لە داواکردنی ئەوەی کە ڕژێمی ئێران دەستبەرداری توانا موشەکیەکانی و بەرنامە ئەتۆمیەکەی بێت، یان بە یەکجاری دەستبەرداری هاوپەیمانی روسیا و چین ببێت.
ئەگەری ئەوە هەیە سیاسەتی گۆڕینی ڕواڵەتی ڕژێمی ئێران گەر سەربگرێت، شوێنێک بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بکاتەوە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە لەم دۆخە ئاڵۆزەدا، ئایا بە دەخالەتی ئەمریکا و کاریگەریەکانی لەسەر ناوچەکە، دەتوانێت خزمەت بە بەرژەوەندیە درێژخایەنەکانی ئەمریکا بکات؟ بەبەبێ پلانێکی بژاردەیی بۆ بەرجەستەکردنەوەی “گۆڕینی ڕژێم”، بەبێ دابینکردنی ئەڵتەرنەتیفێکی بەتوانا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، سیاسەتێک دەبێت بۆ ئەمریکا و ترامپ، لە بەرامبەر ئەزمونێکی تر لە شکستەکانیان بەرەو ڕوو دەبنەوە و کارەساتی تر لە ناوچەکە بەرهەم دەهێنێتەوە.
ئەو سیناریۆ جۆراوجۆرانەی کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەمریکا پێشنیارکراون، یان لە چوارچێوەی سیاسەتی ئێستای ئەمریکادا خەریکە بەڕێوە دەبرێت، کە تیشک خستنە سەر لەشکرکێشیەکی تەواوە، گومانی تیا نیە ناواقیعیە، یان لەڕادەبەدەر کات بەفیڕۆدەر دەردەکەون، نمونەی فشاری ناسەربازی بۆ سەر ڕژێم و بانگەوازی ساختە بۆ پشتیوانی ڕاپەرینەکانی خەڵکی ناڕازی ئێران، کارەساتی کوشتنی بەکۆمەڵی لێکەوتەوە و دۆخەکەی ئاڵۆزترکرد.
ئەگەر ئەمریکا بەم شێوەیە بەدوای ئامانجی دیاریکراوی گۆڕینی ڕژێمەوە بەردەوام بێت، ئەنجامەکانی دەکرێت پێچەوانەی ئەوە دەرچێت کە ئەمریکا مەبەستیەتی. لەوانەیە ڕژیمی ئێران سەرکوتی خۆپیشاندەران و کوشتنی بە کۆمەڵ زیاترکات، مووشەک و بریکارەکانی بەهێزتر کات و تەنانەت ڕەنگە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا بگەڕێت بۆ ئەوەی لە لەناوچون خۆی بیپارێزێت.
لەکاتێکدا ترەمپ لەلایەک بە ئاشکرا ئەگەری “سڕینەوەی ئێران لەسەر ڕووی زەوی” دەخاتە ڕوو، ئەگەر ئێران پابەند نەبێت بە مەرجەکانی ئەمریکا، لەلایەکی تریشەوە دەرگاکە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە بۆ “مامەڵەیەک”، لە دانوستانێکەوە بۆ دانوستانێکی تر.
هەڵبەتە ئەم هەوڵە سەربازیە مەبەست لێی هێرشێکی خێرا نییە، بەڵکو بۆ دامەزراندنی واقیعێکی سەربازی درێژخایەن و زۆرەملێیە کە ئامانج لێی ناچارکردنی ئێرانە مەرجەکانی واشنتۆن لە پێگەی لاوازییەوە قەبوڵ بکات.
پێشبینیەکان وەها نیشان ئەدەن، ئێران لەبەردەم ئەگەری هەڵمەتێکی فشاری سەربازی گشتگیردایە، کە درێژخایەنتر و فراونترە لە ڕووی پانتاییەوە و بە توانایەکی تەواو بەرزی ئەمریکاوە بەڕێدەکەوێت، گەر لە کۆتایدا مامەڵەکەیان شکستی هێنا.
ئەم گۆڕانکاریە ئاڵۆزتر دەبێت بەهۆی جێگیرکردنی بەرفراوانی هێزی دەریاییەوە، کۆکردنەوەی ئەم هێزەش کە لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ دەستیپێکرد، ئاسمان و دەریای بەیەکەوە گرێداوە، لە دوای جەنگی کەنداوەوە، ئەمە گەورەترین شانۆی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا. ئەم یاریکردنە بە ئایندەی ناوچەکە، ڕێرەوی بەردەوامی ئەو کارەساتانەیە کە چەندین دەیەیە دانشتوانی ناوچەکە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، لەمەش قێزەوەنتر، دەوری ئەو هێزو لایەنە سیاسیانەیە کە بەرژەوەندی سیاسی و پێگەی خۆیان بەتەواوی گرێداوە بە ئاکامەکانی ئەم یاریانەوە.

لێدوانێک بەجێ بهێلە