Home بیروڕاڕێکەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ…. هەوڵێکی بێ ئاکام!

ڕێکەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ…. هەوڵێکی بێ ئاکام!

by admin
0 کۆمێنتەکان 26 بینینەکان

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود:   
دوای چەندین کۆبونەوە لەنێوان یەکێتی و نەوەی نوێدا، بە رەشنوسی ڕیکەوتنێک گەیشتوون، کە دەیانەوێت وەکو بلۆکێک لە بەرامبەر بە پارتی دەربکەون. ئامانجی یەکێتی و نەوەی نوێ لەو ڕێکەوتنەی نێوانیان، گوشار هێنانە بۆ پارتی لەژێرناوی راستکردنەوەی رێرەوی حکومڕانی و گێرانەوەی باڵانسی ‌هێز لە هەرێمدا.
دیارە ئەوە راستیەکە کە پارتی زوربەی هەرە زۆری جومگەکانی دەسەڵاتدارێتی لە هەرێمدا لەدەستی خۆیدا قۆرغ کردووەو بریاری سیاسی بەکردەوە چ لە پەیوەند بە بەغداو چ لە ئاستی ناوچەکەو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەدەست خۆیەتی، بەڵام هاوکات ئەوەش راستییەکە کە یەکێتی نیشتیمانی خاوەنی قەڵەمرەوی خۆیەتی لە زۆنی سەوزدا و کاریگەری بریار و دەسەڵاتی پارتی بەسەر زۆنی سەوزدا، لاوازەو لە ئاستی نەبووندایە، هەروەک چۆن رۆڵی یەکێتیش لە زۆنی زەردا لاواز و لە ئاستی سفردایە.
یەکێتی دەیەوێت لە پەیوەند بەدەسەڵاتی سیاسی لە بەغدا و لەپەیوەند بە وڵاتانی ناوچەکەو کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی جێگەوڕێگەیەکی باشتری پێ بدرێت و پەراوێز نەخرێت. ئەوەش بەوە دەزانێت، کە ئەگەر لە حکومەتی دیکۆردا، دەستی لەچەند پۆستی باڵادا جێگیر بێت وەکو سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی هەرێم، وەزارەتی ناوخۆ… ئەوا دەتوانێت تا ڕادەیەکی زۆر ئامادەیی لە ئاستی عێراق و ناوچەکەو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، پەیدا بکات و خۆیشی وەکو هاوبەش لە دەسەڵاتی هەریمدا بخاتەروو.
یەکێک لە گرفتە سەرەکیەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتی بەدوای ٣١ ئابی ساڵی ١٩٩٦ وە، هەر ئەوەیە کە دەیەوێت باڵانسی هیزی خۆی بگرێتەوە بۆ پێش ٣١ ئاب و خاوەنی نیوە بڕیار بێت لە هەرێمدا، بۆ ئەو مەبەستەشی کەڵک لە قەڵەمرەوەی دەسەڵاتی بەسەر زۆنی سەوز و پێگەی سیاسی و رابردووی خۆی وەردەگرێت و ئامادە نییە، بەپێی ئاکامەکانی هەڵبژاردن!! و ژمارەی کورسی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
لەو ململانێی دەسەڵاتەدا یەکێتی چەند جاری تر پرسی نزیکبوونەوە و هاوپەیمانیەتی لەگەڵ هێزی تر هێناوەتە گۆڕێ بۆ گوشار خستنە سەر پارتی، لەوانە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام لەلایەکەوە بەو هۆیەوە مەیدان و پێگەی ئەو هێزانە زۆتر زۆنی سەوز بووە و لەلایەکی تریش هەڵگری ئەلگۆ و فۆرمێکی جیاوازی دەسەڵات لە پارتی نەبوون، ناکام ماونەتەوە. لەئێستاشدا کە نەوەی نوێ خاوەنی ١٥ کورسی پەرلەمانە!! دەیەوێت بە ڕیکەوتن لەگەڵیدا گوشار لە پارتی بکات بۆئەوەی هەندێک لە مەرجەکانی خۆی بەسەریدا بسەپێنێت و دەستی بە پۆستی باڵا لە حکومەتی!! داهاتووی هەرێمدا بگات.
یەکێتی دەزانێت کە پرسی پێکهێنانی حکومەت” بەهەر ناوەرۆکێکەوە” زۆرتر ویستی پارتییە. پارتی بەوپێیەی خۆی بە پرسی کورد و بریاری سیاسی لەناوخۆ و ململانێی لەگەڵ بەغدا و مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەو هەرێم دەزانێت و هەڵواسیووە، زۆتر خۆی لە ژێر گوشاری بۆشایی ئیداری و حکومەتداریدا!! دەبینێتەوە و دەیەوێت ئەوە نیشان بدات کە بەدوای پیکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان و گێرانەوەی شەرعیەتە بۆ دەسەڵاتی هەرێم. لەو دۆخەدا یەکێتی دەیەوێت کەڵک لەو گوشارە لەسەر پارتی وەربگرێت، بەڵام ئەمە بەتەنها بە یەكیتی مەیسەر نابێت، بۆیە دەیەوێت لە رێگای هاوپەیمانیەتی لەگەڵ نەوەی نوێ و بە پێوانەی نزیکبوونەوەی کورسیەکانی لەگەڵ پارتی، ویستی خۆی دابسەپێنێت. بۆ نەوەی نوێش کە هێزێکە زۆرتر پانتایی هەڵسورانی لە زۆنی سەوزەو دەرگیرە لە گوشارەکانی یەکێتی لە پەیوەند بەچەندین پرسی یاسایی و سیاسی، بە نزیکبوونەوە لەگەڵ یەکێتی و هاوپەیمانیەتی بەستن، ناکۆکیەکان و ئەو دۆسیانەی لەسەر سەرۆکی نەوەی نوێ هەیە، سفر بکاتەوە، و لەپاڵ یەکێتیدا وەکو هێزی دەسەڵات بەدەستی زۆنی سەوز لە خێرو بەرەکەتی کابینەی دەهەمیش بەهرەمەند بێت. یەکێتی لەم ڕێکەوتنەیدا دەیەوێت کەڵک لە نەوەی نوێ و کورسیەکانی وەربگرێت و لەوەش زیاتر جڵەوی جموجۆڵ و ئاستی چالاکیەکانی نەوەی نوێ لەژیر سایەی دەسەڵاتەکەیدا بکات.
ئەوەی کە شانس نادات بەو هاوپەیمانیەتیەی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ، هەروەکو شانسی نەدا بە گۆران و یەکێتی و ڕێکەوتنی نێوانیان، ئەوەیە ئەو هیزانە قەڵەمرەوی دەسەڵاتیان سنوردار و لەیەک زۆندایە و ناتوانێت باڵانسی هیز بگۆرێت، لەوەش زیاتر ئەزموونی دەسەڵاتیان لە زۆنی خۆیاندا، ئەزموونێکی شکستخواردووە.
باسی ڕاستکردنەوەی باڵانسی هێز، لەلایەن یەکێتی و نەوەی نوێ، هەوڵێکە بۆ بەشداری زیاتر لە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و پۆستەکانی داهاتووی کابینەی دەهەمدا، کە ئەوە دوور و نزیک پەیوەندی بەخواستەکانی خەڵکی کوردستانەوە نییەو ڕێگایەکیش نییە بۆئەوەی باڵادەستی پارتی بەسەر بریاری سیاسی هەرێمدا کەم بکاتەوە، چونکە لە بنەرەتدا دەسەڵات بەدەستی کابینەکان و حکومەت!! و پەرلەمانەوە!! نییە، بەڵکو پشتی بە هێزی چەکدار و ئەمنی و قورغی داهاتی زۆنەکان و قاچاخچێتی و خۆبەستنەوە بە جەمسەرە ناوچەییەکانەوە، بەستووە.
تا ئەو جێگایەش کە یەکێتی و نەوەی نوێ باسی راستکردنەوەی حکومرانی هەرێم تیکەڵ بە پرسی راستکردنەوەی باڵانس و هاوسەنگی هێز دەکەن، دەیانەوێت لەو ڕێگایەوە فریوکارییەکی ئاشکرا دەرخواردی کۆمەڵگە بدەن. حکومرانی هەرێم، حکومرانیەکی حزبی و بنەماڵەییی و میلیشیایییە، هیچ چاکسازیەک و گۆرانکارییەکی ئەرێنی هەڵناگرێت، بەڵکو پێویستی بە راماڵێنی تەواوی ئەو فۆرم و ئەلگۆیە لەدەسەڵات هەیە، کە بۆتە مۆتەکە بەسەر سەری خەڵکی کوردستان و کۆسپی بەردەم گۆرانکاری لە بەرژەوەندی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان.
بەکورتی رەشنووسی رێکەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ، ئەگەر بە ئاکامیش بگات و واژۆ بکرێت، هیچ لەو راستیە ناگۆرێت، کە ناتوانێت پایەداربێت و هیچ گۆرانکارییەک بەسەر دەسەڵاتی سیاسی هەرێمدا بهینێت، خودی هێزەکانی سیاسی بۆرژوازی لەهەرێمدا لە هەردوو زۆنەکە بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە کۆسپی بەردەم هەر گۆرانکارییەکی ئیجابین. جیا لەوانە حکومەتی دیکۆر و پەرلەمانی نمایشیش لە هەرێمدا، بەبێ پارتی و یەکێتی وەکو دوو هیزی خاوەن دەسەڵاتی دوو زۆنی لێکدابراو بەجێگایەک ناگات.

لێدوانێک بەجێ بهێلە